بەڕیش نییە بە ئیشە

بەڕیش نییە بە ئیشە

304 خوێندراوەتەوە

هیوا سەید سەلیم

لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە ڕیشێکی سپیەوە لە برا عەرەبەکان پاڕایەوە تا دەرفەتی چەند کاتژمێرێک بە فراکسیۆنە کوردستانیەکان بدەن، و پەلە نەکەن لە دەنگدان بۆ یاسای پرکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لە عێراق.


دەوترێت ئەوان لەبەر دوو هۆکار ئامادەنەبوون گوێ بەو داوایە بدەن، یەکەمیان متمانەیان بە کورد نەمابوو کە پابەندی بەڵێنەکان بێت سەبارەت بە ڕادەستکردنی نەوت بە حکومەتی ناوەند، هی دوومەمیش ئەوە بوو ئەگەر متمانەشیان هەبوایە لە ترسی ڕای شەقام نەدەوێران لەوە زیاتر ئەو یاسایە دوابخەن، کە کاریگەری لەسەر دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دەبوو.


ئەو یاسایە هەرچی تەفسیرێکی کوردانەی بۆ بکرێت، بەڵام دوای ئەوەی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوو ئەو پێشنیارەیان ڕەتکردەوە کە حکومەت دەست بۆ بڕینی مووچەی مووچەخوارانی عێراق ببات، ئەو جارەشیان باشترین خزمەتیان بە مووچەخۆرانی خۆیان کرد، کە لێنەگەڕان قەیرانی دواکەوتنی مووچە درێژە بکێشێت، لەوەشدا ئەو پەندە کوردیەیان جیبەجێکرد کە دەڵێت (کوڕی خۆم بە قوربانی کچی خەڵکی ناکەم)
دەوترێت مامۆستا بەر لەوەی ناچار بێت ئەو هەڵوێستە بنوینێت دەبوو پرسیارێک لە خۆی بکات بۆچی دۆخەکە بەو شوێنە گەیشت؟ لە هەمووشی گرنگتر ئەو پیاوێکی بە ئەزموونی سەر مینبەرە دەبوو بزانێت ئەو کارەی ئێستا دەیکات بە ئیشە نەک بەریش.

،،

ئیشی جدی کە دەبوو بۆ رێگری لەو یاسایە بکرێت ئەوە بوو کە نەدەبوو هەرێمی کوردستان کارێک بکات هەلوێستی نوینەراکانی لە پەرلەمان هێندە رەزیل و لاوازبکات، تەنانەت گەیشتە شوێنێک کە ئەو سەرۆکەی کە کورد پشتیوانی لە دانانی کردووە، تا وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت کە تەنانەت لە کاتی خۆیاندا لەنێو پێکهاتەی سووننەش کۆدەنگی لەسەر نەبوو، نەیوێرا بچێتە ژێر خواستی داخوازی کورد لە دواخستنی دەنگدان لەسەر یاساکە.


لەوە کۆبونەوەیەدا ئەگەرچی فڕاکسیۆنە کوردستانیەکان بەیەکڕیزی و بە یەکگرتووی رووبەڕووی هەوڵەکانی تێپەڕاندنی ئەو یاسایە بوونەوە، کە پشکی کوردستانی مەرجدارکردووە بە ڕادەستکردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ، بەڵام دەتوانین بڵێین یەکەمین جارە کە کورد لە نێو پەرلەمان هێندە بە لاوازی ببینرێت.
شایانی باسە پەرلەمانتارانی شیعە و سوونە کە بەرپرسانی هەرێم پێی وایە خەنجەریان لە پشتی کورد دایە، کاریان کرد بۆ تێپەڕاندنی قەیرانێکی گەورەی خۆیان، دەبوو کوردیش ئەو کارەی بکردایە بەتایبەت کە دەمێک بوو زەنگی ئەو مەترسیەی بۆ لێدرابوو، کە لە عێراقدا ڕایەک هەیە کە کورد دەیەوێت هی خۆی بخوات و هی ئەوانیش بخوات.


لە ئێستادا کە یاساکە لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە و بەغدا دەمودەست کاری پێدەکات، و بۆ قەرەبووی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران مووچەی دوو مانگ لەسەریەک دابەش دەکرێت، وا چاکە هەرێمی کوردستان واز لە کاردانەوەی عاتفیانە بێنێت و کار لەسەر وروژاندنی و نەتەوەپەرستی نەکات، بگرە بە دوای ڕێگاچارەیەک بگەڕێت کە زامنی پشکی هەرێمی کوردستان بکات.


دوو ئیشی جدی دەتوانێت هەرێم لەو قەیرانە دەرباز بکات، یان دەبێت لەگەل بەغدا ڕێکەوتن بکات و ناوەڕۆکی ئەو یاسایە جێبەجێ بکات، یان ئەوەتا متمانەی هاولاتیان بۆ خۆی بگێڕێتەوە، بەوەی چیتر داهاتی ناوخۆ بە ناڕوونی نەخرێتە خزمەتی ئەم و ئەو، بگرە لەو داهاتە کە زۆرە و کەمیش نیە مووچەی خەڵکی بەبێ لێبڕین و پاشکەوت دابین بکات، ئەوە نەکات هەموو مان ریشی خۆمان بگرین کەس فلسێک بە پاڕانەوەکەمان نادات، چونکە ئەو قەیرانە ئیشی دەوێت نەک ڕێش، ئەگەرچی هەنگاوی دووەم هێندە ئاسان نیە چونکە لە نێو گەمەکە یاریکەری دیکە بڕیار دەدات.