كۆشكی سەلام دژی بڕینی موچەی خەڵكی كوردستان بێدەنگی شكاند

مانۆڕەكانی سەرۆك كۆمار بۆ چارەسەری بودجەی هەرێم بەردەوامە

كۆشكی سەلام دژی بڕینی موچەی خەڵكی كوردستان بێدەنگی شكاند

704 خوێندراوەتەوە

هەرچەندە كۆشكی سەلام دامەزراوەیەكی باڵای دەوڵەتی بێلایەنە و سەرۆك كۆماریش نوێنەری هەموو پێكهاتەكانی عێراقە، بەڵام لە پرسی بڕینی موچەی كوردستاندا،سەرۆك كۆمار خۆی پێ‌ نەگیرا و لە بەرامبەر غەدركردن لە كورد هاتە وەڵام.


د.بەرهەم ساڵح،سەرۆك كۆماری عێراق،بەدەنگی بەرز دژی تێپەڕاندنی یاسای قەرز بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی داخوازیەكانی كورد وەستایەوە و تێپەڕاندنی یاساكەی لەلایەن زۆرینەی شیعە و سونەوە بە پێشهاتێكی مەترسیدار ناوبرد.

بەپێی زانیاریەكان،كۆشكی سەلام، لە نزیكەوە لەگەڵ پەڕلەمانتارانی كورد لە بەغدا لەسەر هێڵە و بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت كە دەرەچەیەك بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە و راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدۆزێتەوە.

،،

ماوەی دوو هەفتەیە د.بەرهەم ساڵح بەبێ‌ دەنگی كار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەكات،چونكە لایەنە كوردیەكان پێشتر داوای دوو هەفتە مۆڵەتیان كردبوو بۆ چارەسەری پرسەكە،بەو هیوایەی كە حكومەتی هەرێم وەڵامێكی ئیجابی هەبێت.

بەپێی زانیاریەكان لە دوو هەفتەی رابردوودا د.بەرهەم ساڵح چەندین پەڕلەمانتاری عەرەبی شیعە و سونەی بەتەنها و بە گروپ بانگ كردوە و داوای لێكردوون كە لەپرسەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا نەرمی بنوێنن.لەوەڵامدا ئەوان وتویانە كە ئەمە چەندەمین جارە حكومەتی هەرێم بەڵێنی ناردنی نەوتی بەبەغدا داوە و دواتر وەفای بە بەڵین و رێكەوتنەكانی نەكردوە و هیچ بڕە نەوتێكی نەناردووە.


هەروەها وتویانە ئێمەش لەبەردەم هەڵبژاردنداین و شەقام و دەنگدەرەكانمان لێمانی قبوڵ ناكەن و پشتگیری بێ‌ مەرجی هەرێم دەبێتە ئینتیحاری سیاسی بۆمان.
هەروەها هەندێك لە سەركردەی لایەنە شیعیەكان بە سەرۆك كۆماریان وتووە تۆ ئەتوانیت گرەنتی ناردنی نەوتی هەرێم بدەیت؟ تا ئێمە لەو پرسەدا نەرمی بنوێنین و ئیحراج نەبین؟


بە هەمان ئاراستە سەرۆك كۆمار چەندین جار سەركردایەتی سیاسی كوردی ئاگادار كردۆتەوە كە بەزویی لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا ڕێك بكەون و دەرفەت لەدەست نەدەن بۆ ئەوەی موچە و قوتی فەرمانبەرانی هەرێم نەكەوێتە قومارەوە.


پێشتریش دور لە چاوی میدیاكان سەرۆكایەتی كۆمار،حكومەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیرانی لەیەكتری نزیك كردەوە و قەناعەتی بە مستەفا كازمی كرد كە لە دۆسیەی نەوتی هەرێمدا نەرمی بنوێنێت.

،،

لە ئێستادا سەرۆك كۆمار لەگەڵ هەردوو لایەنی عێراق و هەرێم لەسەر هێڵە و دەیەوێت موچەخۆرانی هەرێم نەبن بە قوربانی ململانێ و ڕێك نەكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا.

پەڕلەمانتار،یوسف موحەمەد، رایگەیاندبوو، كە حكومەتی هەرێم خاوەنی نەوتی كوردستان نییە و توركیا خاوەنی راستەقینەی نەوتی كوردستانە,.بەو هۆیەشەوە حكومەتی هەرێم ڕێكەوتن و ڕێك نەكەوتنی لەدەستی خۆیدا نییە.چونكە ئیرادەكەی لە شوێنێكی دیكەیە.

بەپێی زانیاریەكانی دیبلۆماتیك یەكێك لە گرفتەكانی بەردەم حكومەتی هەرێم كە وای كردووە نەتوانێت لەگەڵ بەغدا ڕێك بكەوێت ئەوەیە كە نەوتەكەی پێش فرۆش كردووە بە نرخی پێشوەختەو بەو هۆیەشەوە ئیلتیزاماتی هەیە بەرامبەر كۆمپانیاكان و دەبێت پابەندی بێت.

هەتا ئێستا حكومەتی هەرێم چاوی لەوە بووە كە بەغدا چاوپۆشی لێ‌ بكات لە فرۆشتنی نەوت و شایستەی دارایشی بۆ بنێرێت بەبێ‌ پابەندبون بە ڕێكەوتانەكانەوە.


لایەنە عەرەبەكان دەڵێن هەتا ئێرە و بەس،چیتر ناتوانین چاوەڕێی دەستی دەستی حكومەتی هەرێم بین و ئەوە داوا جارە پارە بەبێ‌ بەرامبەر بگاتە هەرێم.