کێ زانا ئەتۆمییەکەی ئێرانی کوشت؟

کێ زانا ئەتۆمییەکەی ئێرانی کوشت؟

1344 خوێندراوەتەوە

ڕێبوار ئەحمەد

ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٧ تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ زانایەکی دیکەی ئەتۆمیی ئێران لە تارانی پایتەخت لە هێرشێکی چەکدارییدا کوژرا، کە ڕاستەوخۆ بەرپرسانی ئێران ئیسرائیلیان بە ئەنجامدەری ئەو هێرشە زانی.

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەوالی کوژرانی موحسین فەخری زادە، میدیاکانی جیهان کردیانە مانشێتی سەرەکی هەواڵەکانیان، لەگەڵ ناوهێنانی فەخری زادە ناوی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل مۆسادیش دەهێنرێت، بەوپێیەی چەندین ساڵە داواکراوی ئەو دەزگایە بووە.

دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا، کە ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە پێش تەواوبوونی وادەی سەرۆکایەتییەکەی گورزێکی سەربازیی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بوەشێنێت، لە تویتەرەکەی هەواڵی کوژرانی فەخری زادەی لە تویتی ڕۆژنامەنووس شیکەرەوەیەکی ئیسرائیلییەوە تویت کردەوە.

رۆژنامەنووسە ئیسرائیلییەکە لە تویتەکەیدا هەواڵی کوژرانی فەخری زادەی داوەو بە بەرپرسی یەکەمی بەرنامە سەربازییە نهێنییەکانی ئێرانی وەسفکردووە کە چەندین ساڵە لەلایەن موسادەوە داواکراوە.


بڵاوکردنەوەی ئەم زانیاریانە لەلایەن تویتەری فەرمی سەرۆکی ئەمریکاوە بە جۆرێک دان نانی ناراستەخۆ هەژمار دەکرێت بەوەی ئیسرائیل ئەو کردەوەیەی ئەنجام داوە.


ئیسرائیل، بە بەراورد بەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانەی لە سووریا و عێراق و لوبانان پێشتر ئەنجامیداون زۆر بە کەمی ئۆپراسیۆنە هەواڵگرییەکانی دەگرێتە ئەستۆ، وەک ئەو بۆردوومانە بەردەوامانەی لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە دژی هێزەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لە سووریا ئەنجامیان دەدات کە لە سەرەتادا نکۆڵی لێ دەکردن، بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر دانیپێدان.


لەیەکەم کاردانەوەی بنیامین ناتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر کوژرانی فەخری زادە لە چەناڵی تایبەتی خۆی لە تیلیگرام نووسیویەتی، بەشێک لەو کارانەی ئەم هەفتەیە ئەنجامم داون ئەوەیە هەنگاوێکمان ناوە کە ئاڵۆزی زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێتە ئاراوە، کە بەشێک لە میدیا ئیسرائیلییەکان بەستوویانەتەوە بە پرسی کوژرانی فەخری زادەوە.


ئەم ڕووداوە چەند رۆژێک بە دوای دیداری هاوبەشی نێوان مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و شازادە بن سەلمان دێت، کە بەنهێنی لە ناوچەیەکی سعوودییە ئەنجامیان دابوو کە میدیاکان ئیسرائیل دیدارەکەیان ئاشکرا کرد.

جگەلەوە ناتەنیاهۆ هەر ساڵی ٢٠١٨ لە دیدارێکی گشتی دا باسی فەخری زادە دەکات و دەڵێت ناوی ئەم کەسەتان بیر بێت کە لەپشت بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوەیە.


پێشتریش نیۆیۆرک تایمز ئاشکرای کردبوو، لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە مانگی ئابی ئەمساڵدا لە ناو تاران دا کەسی دووەمی قاعیدە کوژراوە بەڵام ئێران ئەو زانیاریانەی رەتکردەوە.


دۆسیەی ئەتۆمی ئێران چەندیدن ساڵە مەترسی سەرەکی ئیسرائیل و ئەمریکایە بەوەی ترسی گەورەیان ئەوەیە ئەو وڵاتە دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، ئەوەش وایکردووە هەمیشە ببێتە گەرمترین دۆسیەکان، تەنانەت ئەمساڵ لەسەر ئەو پرسە هەڵگیرسانی جەنگێکی تەواو عەیار لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئان و سات دا بوو.


بەپێی ئاماری میدیا ئێرانییەکان تا ئێستا چەندین زانای ئەتۆمی ئێران لە ناو ئەو وڵاتە کوژراون، بە تایبەت لە ٢٠١٠ تا ٢٠١٢ چوار زانای ئەتۆمیی بەناوەکانی "مەسعود عەلی محەممەدی، مەجید شەهریاری، داریوش رێزائینجاد و مستەفا ئەحمەدی رۆشان" کوژران. هاوکات زانایەکی دیکەی ئێرانی بەناوی فەرەیدوون عەباسی لە هەوڵێکی کوشتن بە برینداری رزگاری بوو.


کوژرانی فەخری زادە لەم کاتەدا پێناچێت تەنها ئامانجی لەناو بردنی زانایەکی ئەتۆمی بووبێت وەک چەند بەرپرسێکی ئێرانی بە میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتەیان وتووە پەلکێشانی ئێران بۆ جەنگێکی هەمەلایەن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.