دوای كوشتنی زانا ئه‌تۆمیه‌كه‌  ئێران ده‌كوڵێت

دوای كوشتنی زانا ئه‌تۆمیه‌كه‌ ئێران ده‌كوڵێت

645 خوێندراوەتەوە

كۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە نەتەوە یەكگرتوەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە " ئیدانەی"ی تاوانی كوشتنی زان ئه‌تۆمیه‌كه‌ی بكه‌ن.

محمد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە " تیرۆری دەوڵەت" ناوزەندی كرد.

بەرپرسانی ئێرانی پەنجەی تۆمەت بە ئاشكرا و ڕاستەوخۆ بۆ ئیسرائیل درێژ دەكەن، ئەوان ئیسرائیل بە كوشتنی پێنج زانای ئەتۆمی تۆمەتبار دەكەن، كە لە ساڵی 2008ەوە ئەنجامی داوە.

بەرپرسێكی ئەمریكی و دوو بەرپرسی دیكە لە هەواڵگری ئەمریكی بە ڕۆژنامەی " نیویۆرك تایمز"یان ڕاگەیاندووە، كە" ئیسرائیللە پشت هێرشەكانی سەر زانا ئێرانیەكانەوەیە"، بەڵام ئاماژەیان بەوە نەكردووە، كە پێشتر واشنتن لەو هێرشانە ئاگادار كراونەتەوە یان نا؟!، بەڵام هەماهەنگی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل
لەسەر ئێران مێژووییەكی درێژی هەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیای ئێرانی، چەكداران بە درێژایی ڕێگا چاوەڕوانی فەخری زادەیان كردووە، ئەمە لە كاتێكدابوو كە ئۆتۆمبێلەكەی بە سەر ڕێگای شارۆچكەی ئابسەرد لە ناوچەی دەماوەندا دەڕۆیشت، بەهۆی تەقەی پاسەوانەكانی و بەكرێگیراوانی ئیسرائیلەوە فەخری زادە بە سەختی بریندار دەبێت، لە كۆتایشدا پزیشكەكان نەیانتوانی گیانی ئەو زانایەی ئێران ڕزگار بكەن.

،،

ئێران لە حاڵەتی كوڵاندایە لە پەیامێكی سەرەخۆشی و پرسەدا بۆ خەڵكی ئێران، حەسەن ڕوحانی سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند" شەهید بوونی فەخری زادە نابێتە ڕێگر لەبەردەم زانایانی ئێرانی لە بواری گەشەی خێرای زانستیاندایە" بەڵكو وایان لێدەكات" زیاتر بەپەرۆش بن بۆ گەیشتن بە ڕێگای شەهیدی خۆشەویست".


وتیشی:" جارێكی دیكە دەستی ستەمكاری جیهانی و شەڕخوازی و بەكرێگیراوانی كیانی جولەكە، دەستیان بە خوێنی رۆڵەیەكی شۆڕش و نیشتیمان تێكەڵ كرد،ئەمەش وای لە گەلی ئێرانی كرد كە خەمێكی قوڵ و ئازارێكی توند بە لەدەستدانی زانایەك بچێژن".
ڕوحانی لە پەیامەكەیدا باسی لەوەش كرد كە ئەمە بەهۆی پێشكەوتنی وڵاتەكەیەوەیەتی و لەوبارەیەوە وتی:" ئەم تاوانە بەهۆی ئەوەوەیە كە دوژمنانی گەلی ئێران دەستوەستان بوون لەبەردەم جوڵەی زانستی و سەركەوتنەكان لەو بوارەدا، هەروەها بەهۆی شكستە سیاسیەكانیەوەیە كە لە ناوچەكە توشی بوون".

لە كۆتایشدا رایگەیاند كە" تۆڵەی ئەو تاوانە دەكەنەوە، بەڵام لە كاتێكی گونجاودا".

لەلایەكی دیكەوە محمد باقری سەرۆكی دەستەی ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران لەسەر كوشتنی زانا ئەتۆمیەكەیان ڕایگەیاند" ئەو تاوانە لەلایەم ستەمكاری جیهانی و كیانی جولەكەی نەفرەتیەوە ئەنجامدراوە، دەبێت چاوەڕێی تۆڵەیەكی توند بن، هەروەها ئەو كەسانەشی فەرمانیان كردووە و بە تاوانەكە هەستاون و ئەوانەشی ئەنجامیان داوە".

هەروەها محمد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تویتێكیدا ڕایگەیاند" بەڵگەی نوێ دەستكەوتون كە باس لە ڕۆڵی ئیسرائیل دەكەن" ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەمە هەوڵێكی شكستخواردووە بۆ " هەڵگیرسانی جەنگ" لەلایەن تاوانبارانەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەت یەكێتی ئەوروپا ئەو كارە ئیدانە بكەن لەو بارەیەوە وتی:" پێویستی كۆتایی بە ئیزدواجی خۆیان بهێنن و ئەو كارە تیرۆرستیە ئیدانە بكەن، كە تیرۆری دەوڵەتە".

حزبوڵڵا بەڵێنی تۆڵە سەندنەوە دەدات و ئیسرائیل دەكەوێتە ئامادەباشیەوە:
كاردانەوەكان تەنها لەلایەن بەرپرسانی ئێرانیەوە نەبوون، بەڵكو حزبوڵڵای لوبنانی لە پەیامێكی سەرەخۆشیدا بە توندی ئەو كارەی ئیدانە كرد و ڕایگەیاند" فەخری زادە بە ناحەق لەلایەن چەتەكانی كوشتن و تیرۆری جولەكە و نێودەوڵەتیەوە شەهید كرا".

هەروەها ڕایگەیاند كە بە " هێزەوە" لەپاڵ گەل و حكومەتی ئێران بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی هەڕەشە و پیلانە دەرەكیەكان دەوەستێت، بەتایبەت دوای بەستنی هاوپەیمانێتیەكی نوێ لەنێوان كیانی جولەكە و چەند دەوڵەتێكی ناوچەكە.
هەر لەسەر كاردانەوەكان، كەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، كە باڵیۆزخانەكانی وڵاتەكەی لەسەرانسەری جیهاندا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و ڕێكاری توندی ئەمنی دەگرنە بەر، بۆ خۆپاراستنیان لە هەر هەوڵێكی توڵە سەندنەوەی چاوەڕوانكراو.

چەندین زانای ئێرانی لە بواری ئەتۆمیدا كوژراون:
موحسین فەخری زادە یەكێك بوو لە هەر زانا بەناوبانگەكانی ئێران كە لە بواری ئەتۆمی وڵاتەكەیدا كاری دەكرد، دوێنی لە هێرشێكدا كوژرا، كوژرانی ئەو زانایە، ناوی ئەو زانایانەی بیر هێناینەوە كە پێشتر كوژراون، ئێمە لێرەدا بە كورتی ئاماژە بە ناوەكانیان دەكەینەوە:


مەسعود عەلی محمدی:
زانای ئەتۆمی ئێران، مەسعود عەلی محمدی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێك لە 12ی كانوونی دوەمی 2010 لە تاران كوژرا، ماڵپەرە ئۆپۆزسیۆنەكان لەو كاتەدا ئاشكرایان كرد، كە محمدی لە ساڵی 2009دا، پاڵپشتی میر حسێن موسەوی بۆ هەڵبژاردنەكان كردووە.

مەجید شەهریاری:
شەهریاری لە ڕۆژی 29ی 11ی2020 بەهۆی ئۆتۆمبێڵیكی مینرێژەوە لە تاران كوژرا، هەروەها هاوسەرەكەشی بریندار بوون، بەرپرسانی ئێرانی ڕایانگەیاند كە كردەوەكە بە سەرپەرشتی ئەمریكا و ئیسرائیل ئەنجامدراوە.

فەرەیدوون عەباسی دوانی:
ئەم زانایەش خۆی و هاوسەرەكەی لە هەمان ڕۆژی كوژرانی شەهریاری بوونە قوربانی.

نەتەوە یەكگرتوەكان سزای بەسەر عەباسی دوانی سەپاند، كە ئەو كات سەرۆكی بەشی فیزیای زانكۆی " ئیمام حوسێن" ی سەر بەسوپای پاسداران بوو، چونكە بەرپرسانی ڕۆژئاوایی پێیان وابوو ئەو یەكێكە لەو كەسانەی كە ڕۆڵی لە پێشخستنی بواری ئەتۆمی ئێراندا هەبووە.

داریۆش رەزایی:
چەكدارانی نەناسراو لە رۆژی 23ی تەموزی2011 لە رۆژهەلاتی تاران رەزایان دایە بەر دەسترێژی گوللە، كە ئەو كات تەمەنی سی و پێنج ساڵان بوو، ئەو زانایە مامۆستای زانكۆ بوو، هەروەها دكتۆرای لە بواری فیزیادا بەدەستهێنابوو، جێگری وەزیری ناوخۆ لەو كاتەدا ڕایگەیاند، كە كوشتنەكە پەیوەندی بە بەرنامەی ئەتۆمیەوە نیە.

مستەفا ئەحمەد رۆشن:
رۆشنی 32 ساڵ لە مانگی كانوونی دووەمی 2012دا بەهۆی بۆمبێكی موگناتیسیەوە كە بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە لكێنرابوو كوژرا، هەروەها سەرنشینك و پیادەیەكیش بەهۆی كردەوەكەوە گیانیان لەدەستدا، ئێران رایگەیاند كوژراوەكە زانایەكی ئەتۆمی بووە و سەرپەرشتی بەشی ئەتۆمی نەتەنزی كردووە، ئێران ئەمریكا و ئیسرائیلی بە كردەوەكە تۆمەتبار كرد.