نائومێدییە نالۆجیکییەکانی تاکی کورد بەرامبەر خۆپیشاندان

نائومێدییە نالۆجیکییەکانی تاکی کورد بەرامبەر خۆپیشاندان

321 خوێندراوەتەوە

خۆپیشاندان دیارترین کایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هەمەلایەنەی هاوڵاتیە و بەزمانە ڤیبەریەکە ڕەفتاری دەستەجەمعی کۆمەڵایەتی خەڵکە وەک نەیاری دەسەڵات و بڕیارەکانی دەسەڵات. لەئێستا لەهەموو جیهاندا خۆپیشاندان پرسێکی زیندووە بەتایبەت لە جیهانی سێیەم و تایبەتتر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

خۆپیشاندان لەفەرهەنگی سیاسیدا دوو واتا لەخۆ دەگرێت یەکەمیان واتە بەشداری سیاسی خەڵک کە بەشێکە لەسیستەمە سیاسیەکەی دەوڵەت، دووەمیش جەوهەری خۆپیشاندان بریتیە لە پرسی ڕەت دانەوە جا ئەم ڕەت دانەوەیەش لەشێوازی داواکاری هەمەچەشن خۆی دەبینێتەوە، واتە داواکارییەکانی خۆپیشاندان تەنها لە یەک خاڵدا کۆنابێتەوە بەڵکو فرەچەشن و هەمەلایەنەیە هەر لە خۆپیشاندانی کۆمەڵێک کارێکاری کارگەیەک هەتاکو خۆپیشاندانی جەماوەری هاوڵاتی بۆ گۆڕینی ڕژێم و سیستەمی سیاسی و خاوەنی ڕژێمەکان، واتە لەونێوانەدا ئەکرێ بڵێین داواکاری بژێوی و نەبوونی مووچە و خراپی خزمەتگوزاریە گشتیەکان بوونیان هەیە.

خۆپیشاندان لە جاڕنامەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤدا وەک مافێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەشێوەی ئازادی ڕادەربڕیندا مافی پێدراوە، بەڵام زۆرێک لە وڵاتەکانی جیهانی سێیەم تەجاوز دەکەنە سەر ئەم مافە، ئەم سنوربەزاندنانەی دەسەڵاتی دەوڵەتە ئیستیبداتەکانیش لە چەند شێوەیەکدا خۆی دەبینێتەوە، وەک پێنەدانی مۆڵەتی خۆپیشاندان، توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندانەکان، دروستکردنی گێرەشێوێنی لەناو خۆپیشاندانەکان، تۆمەتەخستنەپاڵ خۆپیشاندەران، گوێنەگرتن و بەهەند وەرنەگرتنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران.... هتد.
ئەوەی گرنگە باس بکرێ ڕوئیا هەڵە و نائومێدکەرەکانی تاکی کوردە بۆ خۆپیشاندان و نەبوونی گیانێکی بەرەنگارانەی ئامادەیە بۆ خۆپیشاندانی مونەزەم و بێ ئیشکال.

هاوڵاتی کورد لەئێستادا بڕوای بە گۆڕانکاری نیە لەڕێگەی خۆپیشاندانەوە، ئەویش بە هۆکاری ئەوەی تاکو ئێستا چەندین خۆپیشاندان کراوە لە کوردستاندا بێ بەرهەم بووە ، لەم کاتەدا ئەبێ بپرسین ئیشکالیەت لە خۆپیشاندانەکاندا هەبووە یاخود ئەوە دێوەزمەی دەسەڵاتە کە خۆپیشاندان ناتوانێ بیگۆڕێت و کاریگەری لەسەری دابنێت؟! بێگومان سەرەتا ئەبێت بە دوای ئیشکالیەتەکانی خۆپیشاندانەکاندا بگەڕێن .
ئەوەی کە تائێستا کراوە لەم هەرێمەدا لەشێوەی خۆپیشاندا پێناسەیەکی جدی خۆپیشاندانی لەخۆیدا هەڵنەگرتووە، چونکە ئەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە قەبارەی ناڕێکی و گەندەڵی و خراپی سیستەمە سیاسیەکە چەندێک گەورە بێت پێویستە لەبەرامبەردا خۆپیشاندان و کاردانەوەکانی هاوڵاتیش هێندە گەورە و ڕێکخراو بێت ، ئێ لەم حاڵەتەدا قەبارەی خۆپیشاندانەکانی کوردستان بەهیچ جۆرێک هێندەی گەورەیی خراپی سیستەمی دەسەڵاتی کوردی و گەندەڵی و دیکتاتۆرییەتەکەی نەبووە. بۆیە لەم تەرازووی ململانێیەدا بێگومان دەسەڵات براوە دەبێت .
چەندین کێشە و ئیشکالی گەورە لە خۆپیشاندانەکانی کورستاندا هەن کە هۆکاری ئەوەن نەتوانرێ لەڕێگایەوە گۆڕانکاری دروست ببێت، لەخوارەوە ئاماژەیان پێ دەدەین.

یەکەم : گەورەترین ئیشکالی خۆپیشاندانە کوردیەکان ژمارەی خۆپیشاندەرانە، لەهەمەموو ئەو خۆپیشاندانانەی کە کراوە ژمارەی پێویست لە خۆپیشاندەر وجودی نەبووە، کە زۆرترینەکەی لە سێ هەزار تا چوار هەزار کەس بۆ شارێکی گەورەی وەک سلێمانی بەنمونە بڵێین زیاتر تێنەپەڕیوە، ئێ ئەم ژمارەیە چۆن ئەتوانێت کاریگەری دروست بکات لەسەر دەسەڵاتێکی بێباک و ڕۆچوودا، یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکانی خۆپیشاندانەکانی بەهاری عەرەبی بریتی بوو لەو حەجمە گەورەی خۆپیشاندەران کە لە گۆڕەپانی تەحریر لە قاهیرە و ساحەی خەزرا لە لیبیا و گۆڕەپانی تەحریر لە سنعای یەمەن و گۆڕەپانی لوئلوئەی بەحرین گۆڕانکاری گەورەیان دروست کرد کە بە خۆپیشاندانی ملیۆنی ناسرابوو ، بەڵام لەمێژووی خۆپیشاندانی کوردیدا شتێک نەبووە بەناوی خۆپیشاندانی ملیۆنی . کاتێک ژمارەیەکی کەمتر لەپێویست لەسەر شەقامەکان هەبن ئەوا دەسەڵات هەم بە ئاسانی ئەتوانێت توندوتیژی بەکاربێنێت لەبەرامبەریان هەمیش ئەتوانێت لەڕێگەی بەکارهێنانی چەند گێرەشێوێنێکەوە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان بگۆڕێت و بیانوو بەدەست دەسەڵاتەوە بدات بۆ کۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانەکان.

دووەم: ئیشکالێکی تری گرنگی خۆپیشاندانە کوردیەکان نەبوونی ڕێکخستن و پلانەکانە کە ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەمەیان لەئەستۆدایە و تا ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو نەیانتوانیوە ئەو وزە گەورەیەی خەڵکی ناڕازی خۆپیشاندانی گەورەی لێ دروست بکەن، زۆرجار هاوڵاتیان هاتووەنەتە سەرشەقام نەیانزانیوە ئاخۆ تا چەندێک خۆپیشاندانەکە ئیدامە و بەردەوامی ئەبێت، ئەمە خۆی بۆ خۆی جۆرێک لە گومان و بێهیوایی دروست کردوە لای خۆپیشاندەران.


سێیەم: نەبوونی ئامانجێکی ڕوون و مەبدەئی بۆ خۆپیشاندانەکان. زۆرینەی ئامانجی خۆپیشاندانەکان تا ئێستا لەشێوازە جەوهەریەکەیەوە گۆڕاوە بۆ شێوازە هەنوکەییەکان، بۆ نمونە کاتێک بەشێێک لە فەرمانبەران دێنە سەرشەقام بە هۆی دواکەوتنی مووچەوە تا ئەوکاتە دەنگی ناڕازی سەرشەقامەکان دەبن کە مووچە دابەش دەکرێت ، پاش ئەوە دەڕۆنەوە ماڵەکانیان ، دیسانەوە ئەم حاڵەتە بە بەردەوامی ڕوویداوەتەوە لەکاتی دواکەوتنی مووچەی مانگەکانی تردا، ئێ لێرەدا دیارە کە هاتنە سەرشەقامەکەی خۆپیشاندەران تەنها بۆ مووچەی ئەو مانگە بووە نەک کۆتایی هێنان بە کێشەی پرسی مووچە بەشێوەیەکی هەمیشەیی، واتە ئەو ئامانجەی بۆی هاتنە سەرشەقام ئامانجێکی لاواز و هەنوکەیی بوو، کە ئەمە نابێتە خۆراکی خۆپیشاندانێکی بەهێز و کاریگەر.

چوارەم: کاریگەری خراپی دنیای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە تەمەڵکردنی هاوڵاتیان ، بە جۆرێک کە هەموو ئەو ناڕەزاییەتیانەی خەڵک هەیانە هەمووی لە سۆشیال میدیادا هەڵدەئڕێژن و هێور دەبنەوە و هیچ توڕەییەک ناهێڵنەوە بۆسەر شەقام، یاخود گۆڕینی شێوازی ناڕەزایەتیەکان لە شێوازی تراجیدی و توندئامێزەوە بۆ شێوازی کۆمیدیا و گاڵتە و نوکتە کە ئەمە خۆی ڕەهەندێکی دەرونشیکاری هەیە کە مرۆڤ لەیەک کاتدا ناتوانێت کاردانەوەکانی هەم بە کۆمیدیا دەرببڕێت و هەمیش بە تراجیدیا ، واتە کاتێک تاکێکی ناڕازی هەستە توند و ناڕازییەکەی لەڕێگای کۆمیدیا و نوکتەوە لەسۆشیال میدیادا دەردەبڕدرێت خاڵی دەبێتەوە لەوە کە جارێکی تر بتوانێت ئەم هەستە بە تراژیدی و تۆندی و قینەوە لە سەرشەقامەکان دەرببڕێت.

لێرەدا ئەوەی کە پێویستە بیڵێن بۆ چارەسەر کردنی ئەم ئیشکالیەتانە ئەوەیە کە گرنگ و پێویستە کۆمیتەیەکی بەهێز و ڕێکخراو بۆ خۆپیشاندانێکی گەورە ساز بکرێت .، ئەم کۆمیتەیە کار لەسەر ئامادەکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەر بکەن بە مێکانیزم و شێوازی جۆراجۆر، پاشان ئامانج و کات و شوێنەکان بەشێوازێکی پێشکەتووانە لەئەستۆ بگرن، لەپاڵ ئەوەشدا حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەرکی جدی لەم بابەتەدا لەئەستۆ بگرن و واز لە کردە و خیتابی پۆپۆلیستی بهێنن. کاتێک خۆپیشاندانێکی لەو شێوازە لە قەبارەی گەورەی خۆپیشاندەران و ڕێخستنێکی بەهێز تێیدا بێتە کایەوە ئەوکات دەسەڵات ناتوانێت توند و تیژی بەرامبەریان بەکاربهێنێت وە ناتوانێت لەبەرژەوەندی خۆی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان بگۆڕێت لەڕێگای بەکارهێنانی چەند گێرەشێوێنێکەوە.