تەپڵی یەکێتی

تەپڵی یەکێتی

494 خوێندراوەتەوە

سلێمان عەبدوڵا

تەپڵ کوتان وگەرمبونەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمان و ناکۆکی نێوان پەرلەمانتاران و سەرۆکایەتی پەرلەمان لە گشتدا باشە و مانای ئەوەیە ئەو دامەزراوەیە، وردە وردە گیانی بەبەردا دێتەوە.

ھەرچەندە جیاوازی نێوان پەرلەمانتاران و سەرۆکایەتی پەرلەمان، لەناو کۆبونەوەکانی پەرلەمان بەڕونی دەبینرێت، بەڵام دیسان دەبێت ئەوەش بزانین بابەتی موچە بوەتە عەیبەیەکی گشتی و سەرۆکی پەرلەمان وتەنی " کەس لەکەس دڵسۆزتر نیە" بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ھەڵوەستەی لەسەر بکرێت دەرکەوتنی جیاوازی بۆچونی نێوان سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی حزبەکەیەتی، لەم ڕوەوە ھەڵوێستی پەرلەمانتارانی یەکێتی باشە، بەڵام ئەوە خراپە وا نیشان بدرێت ، کەسەرۆکی پەرلەمان دابڕاوە لەخەمی خەڵک، لەکاتێکدا کتومت لە چوارچێوەی دیدگای گشتی یەکێتی دایە.

بێگومان پەرلەمانتارانی یەکێتی مافی خۆیانە بەرگری لەقوت و موچەی خەڵک بکەن و بەدڵگەرمی لەوبابەتەدا ببینرێن، چونکە بەڕاستی لەژێر گوشاری خەڵک و دەنگدەران و ڕای گشتی ناو حزبەکەیانن، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین سەرۆکی پەرلەمانی کە ئاوڕێک لەدۆخی خولی ڕابردوی پەرلەمان دەداتەوە و قەدەری دژواری ھاوتای ئەوسای خۆی دەبینێت و دەزانێت چۆن پارتی لە پردێ- وە پەرلەمانبەدەری کرد و دامەزراوەکەی پەکخست، ناچارە بەو شێوەیەی ئێستا و لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکی گشتی نیوەبەنیوەی ھاوسەنگدا مامەڵە بکات.

لێرەدا گرفتە ڕاستەقینەکە لای یەکێتی خۆیەتی، چونکە:
1- کاتێک ئەو حزبە کاندیدی خۆی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی دیاریکرد، پارتی لانیکەم 50 + 1 دەسەڵاتەکانی بەخشیبوە جێگرەکانی، کەواتە یەکێتی پشوەختە ڕەزامەند بوە پێگەیەک وەربگرێت کە نیوەی دەسەڵاتەکانی بەشینی خوراوە.


2- لە ئێستادا ڕاست نیە یەکێتی دۆخێک بخوڵقێنێ، کە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی بکەونە لایەک و سەرۆکی پەرلەمانی بکەوێتە لایەکی دیکە و وادەربکەوێت تەپڵ بۆ یەکتری دەکوتن، چونکە ئەوە بەرلەوەی دەربڕی دابەشی تیمی پەرلەمانی یەکێتی بێت، سەلمێنەری دابەشی دیدی یەکێتی خۆیەتی ، شتەگەلێک کەبڕیاڕبو لانیکەم لەدوای کۆنگرەی چوارەمەوە چیدی مایەی دڵەڕاوکێ نەبێت.