پارەی نەوتی هەرێم لەکوێیە؟

پارەی نەوتی هەرێم لەکوێیە؟

1984 خوێندراوەتەوە

ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

لە پاش ڕیفراندۆمەکەی بارزانیی بۆ "سەربەخۆیی" و هاتنەوەی سوپای ناوەندیی بۆ ناوچەکانی دیالە و کەرکوک، سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمی عێراق حەیدەر ئەلعەبادی لە دادگای نێودەوڵەتیی دۆسیەیەکی لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی لەلایەن تورکیاوە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا جوڵاند. ستون و شیکارییە سیاسییەکانی نێو ڕۆژنامەکانی تورکیا ئەودەم هۆشداریی ئەوەیان دەدا کە تورکیا لەو دۆسیەدا دەدۆڕێت و دەبێت باجێکی قورسی سیاسیی و ئابووری بدات، چونکە تۆمەتەکە دەستوەردانبووە لە دۆخی ناوخۆیی وڵاتێکی دیکە بە بێ پرسی پایتەخت و حکومەتی ناوەند.

ئاگری ئەو داوایەی عەبادی دژی تورکیا و بەتایبەتی ئاردۆگان بە تەنها سەری ئاردۆگان ناخوات، بەڵکو هەموو ئەوانەی لەو ڕێککەوتنەدا هەن پێدەچێ باج بدەن و هاوشێوەی بارزانی باوک لە هاوکێشە نێونەتەوەییەکاندا حەزریان بخرێتە سەر و ڕۆڵیان کۆتایی پێبهێندرێت.

بەهۆی نزیکی لە سەرکردایەتی کورد و بە تایبەتییش پارتی پێشتر عادل عەبدولمەهدی لەژێر فشاری تورکیادا ئەو داوایەی عێراقی هەڵبەساردبوو چونکە بە یەکلایی بوونەوەی ئەو دۆسیەیە مەسەلەی نەوتی هەرێم و هاتنی داعش بۆ موسڵ و تاوانەکانی داعش دەرحەق بە ئێزیدییەکان زیاتر ڕوون دەبوونەوە و تورکیا بە ئەگەرێکی حەتمیی دەیدۆڕاند. ئێستا باس لەوە دەکرێت کە سەرلەنوێ ئەو داوایە ئاکتیڤ کراوەتەوە و یاریکەری سەرەکی پشت ئەم ئاکتیڤکردنەوەیەش ئامریکایە و گارەنتی بەکازمیی داوە. ئامریکا لە ڕێگەی کازمییەوە هەم دەستی ئێران کورتدەکاتەوە "نەک بیبڕێ" هەم گۆبەندێک بۆ ئاردۆگان دەنێتەوە کە زۆری ئیزعاج کردووە، هەمیش لەوانەیە تۆڵەی ڕیفراندۆم و سەرەڕۆییەکانی سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە دە ساڵی ڕابردوودا لە حکومەتەکەی بارزانیی کوڕ بکاتەوە و گۆزەکە لەسەری ئەودا بشکێنێت و داخی کەڵەکەبووی ساڵانی ڕابردووش بەو بڕژێت.

،،
دوێنێ پەرلەمانتاری عێراق عەبدولهادی سەعداوی ڕایگەیاند: "پارەیەکی زۆری فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەبانکەکانی تورکیادایە کە بەشێک لەو پارانە ڕادەستی حکومەتی هەرێم کراون و زۆرینەی ئەو پارەیە هێشتا لە هاڵک بانکی تورکیایە، لەبەرئەوەی تورکیا دەزانێت دادگایی‌و سکاڵای یاسایی بەهۆی ڕێگەدانی بەهەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگای خاکەکەی‌و به‌بێ ڕەزامەندی حکومەتی بەغدا قورس له‌سه‌رى ده‌كه‌وێت.


حکومەتی تورکیا هەوڵیداوە لەڕێگای ناوبژیوانییەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێکبکەوێت، بەشێوەیەک ئامادەیی دەربڕیوە بەرامبەر ڕاگرتنی ئەو سکاڵایە لەدادگا نێودەوڵەتییەکاندا كه‌ لەدژی بەرزکراوەتەوە، هەموو ئەو پارانەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لەبانکەکانی تورکیادان ڕەوانەی بەغدا بکات‌و سه‌رجه‌م داهاتی فرۆشتنی نەوتى بەندەری جەیهان "داهاتى نه‌وتى هه‌رێم" بۆ بەغدا بگەڕێنێتەوە".

پێدەچێت دەرچوونی بایدن وەک سەرۆکی ئامریکا لەبەرژەوەندی تورکیا نەبێت، چونکە پێشتر بایدن ڕایگەیاندبوو ئەگەر دەرچێت گوێی ئاردۆکان ڕادەکێشێت و پەروباڵی لەناوچەکەدا دەکات تا ئەوەی سنورێکی بۆ دادەنێت. هاوکات بەشی زۆری سیناتۆرە دیموکراتەکان ئاردۆگان وەک "دیکتاتۆر" وەسف دەکەن و فشار لە بایدن دەکەن ڕێگا بە پاوانخوازییەکانی ئەو"دیکتاتۆرە" لەسوریاو لیبیا و سۆماڵ و دەریای سپی ناوەڕاست و یۆنان دا نەدات.

چەند هەفتەیەک بەر لە ئێستا IMF سندوقی نەقدی دراوی نێودەوڵەتی ساڵی ۲۰۲۱ ی وەک ساڵی داڕوخانی ئابووری عێراق وەسف کرد. چەد ڕۆژێک دوای ئەو هەواڵە نیۆرک تایمز ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە کرابوو ئامریکا بە نیازە ۱٥۰ ملیارد دۆلاری بلۆککراوی عێراق وەک هاوکارییەک بگەڕێنێتەوە بۆ کازمی بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە "کارەسات"و دەستگیرۆیی کازمیی نزیک لە ئیدارەی ئەمریکیی. ئەمە لەکاتێکدایە ئیدارەکەی ترەمپ دوومانگ پێش ئێستا چەند تۆنێک بەڵگەنامەی هەواڵگریی سەردەمی سەددامی وەک سەپۆرتی هەواڵگریی دابوویە حکومەتەکەی کازمی بۆ ئەوەی وەک کارتێکی فشار دژی ملەجەڕێی سەرکردە سیاسییە عەرەب و کوردەکان بەکاریبهێنێت و لەکاتی خۆیدا دەنکدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

پێدەچێت یەکێکی دیکە لە هاوکارییەکانی ئامریکا بۆ کازمی گەڕاندنەوە پارەی نەوتی هەرێم بێت کە لە هالک بانک دەستی بەسەردا گیراوە و ماوەی دەساڵە کەڵەکە دەکرێت بۆ ئەوەی کازمی هەمان ئەو پارە بەکاربهێنێتەوە لە پێدانی شایستە داراییەکانی هەرێم بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر حکومەتەکەی، بەڵام کێشەیەک هەیە لە گواستنەوەی پارەکە لەو بانکە بۆ هەر بانکێکی دیکە چونکە هاڵک بانک لە ئێستادا لەژێر فشاری گەمارۆکانی ئەمریکادایە و بە هیچ کلۆجێک ناتوانێت ترانسفێری پارەبکات. ساڵی ڕابردوو ڕیچارد بیرمان دادوەری دادگای مەنهاتن داوایەکی دژی هاڵک بانک بەرزکردەوە و مەهمەت ئاتیللای سەرۆکی ئەو بانکەی بە تۆمەتی سپی کردنەوەی پارەی ئێران، لە نیۆرک دەستبەسەرکرد. بە حوکمی ئەوەی پارەی نەوتی هەرێم لە هاڵک بانکی تورکیا دانراوە تا پێش گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئەو بانکە، مەهمەت ئاتیلای سەرۆکی پێشووی هاڵک بانک کلیلی پارەی نەوتی هەرێم بووە. جۆن بۆڵتن لە کتێبەکەیدا باسی ئەو واستە و تەشەبووسانە دەکات کە ئاردۆگان خوی و بەراتی زاوای ئامینە ئاردۆگانی ژنی لای میلانیا کۆشنێر و تڕەمپ کردوویانە بۆ ئازادکردنی مەهمەت ئاتیلا.
ئێستا دیار نییە پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لەبری هاڵک بانک دەچێتە چ بانکێکەوە لە تورکیا و لەم قەیرانە قووڵەی نێوان عێراق و تورکیادا دا چارەنووسی داهاتووی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم چی لێدێت، ئایا کورد بەردەوام دەبێت لە فرۆشنی نەوت بە بۆری لەڕێگەی جەیهانەوە یان نا! سەروەختی خۆی ئاشتی هەورامیی ڕاستیکرد گە گوتی گەر نەوت ببێ بە سەد دۆلاریش کێشەی موچە هەرچارەسەر نابێت.