وەک" کوردەکانی ئێمە" ئاقڵبن

وەک" کوردەکانی ئێمە" ئاقڵبن

778 خوێندراوەتەوە

نوسینی: پۆڵات جان
وەرگێڕانی لە عەرەبیەوە: نیاز حامید برایم

کۆمەڵە کەسێک وا خۆنیشاندەدەن کە هەڵگری نازناوی( ئەکادیمی، لێکۆڵەرەوە لە کاروباری شارەزای ستراتیژیی)ن، بەسەر دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتدا دابەش بوونە، لەگەڵ ئەوەی هەریەکەو لە شوێنێکن، لێ، تێگەیشتنە بۆگەنییەکانیان کۆیان دەکاتەوە.
زانست بە فرتوفێڵ تێکەڵدەکەن، مێژووی ساختە تێکەڵ بە سیاسەتی ئێستا دەکەن، لە سۆنگەی ئەقڵیەتی(من چەقم)(من تەنها تێدەگەم)(من گەورەم) ، خۆیان بە گەورەی گەلی کورد دادەنێن، کوردان بە (کوردەکانی ئێمە) و (کوردە خراپەکان) دابەش دەکەن.


دیارە کوردی خراپ بەلای ئەوانەوە هەموو کوردە، جگە لە (کوردی بە جەستە مردوو)، هەموو چالاکییەکانیان و لێکۆڵینەوەکانیان و تێگەیشتنەکانیان، تەنها بەرەو یەک هەوڵ دەڕوات کە بریتییە لە( کورد مافی خاوەندارێتی بۆ گرتنەدەستی کاروبارەکانی خۆیان نین، لە بناغەدا کورد بوونی نییەو کوردانیش هیچ مافێکیان نییە جگە لەوەی کۆیلەبن لای گەلانی دیکە) و، درێغی ناکەن لە بەھەڵگوتن بە شان و باڵی ئەو کەسە بێنرخانەکە بە درۆ حسابی کوردبوونیان بۆ دەکەن.
ئەوەش لەبیرناکەن ناوەناوەوە بیری کوردان دەهێننەوە کە گەلانیان بەخشندەبوونەو خاوەنی دەستی سپین بەوەی“ رۆژێک لە ڕۆژان پێشوازییان لە کوردانی قەفقاسیا کردووە، نەیانکوشتن راستەوخۆ، بەڵکو رێگایان داون هەناسە بدەن و زاوزێبکەن و خانوو بۆ خۆیان لە کەرکوک وهەولێر وعەفرین و ئۆرفاو مەراش و ئەنتاب و دهۆک وزاخۆ و ماردین، دورستبکەن.

،،

دواتر لەسەر کوردانە کە نابێت ئەو چاکە ئینکار بکەن و خیانەت لە پێکەوەژیان بکەن و گاز لەو دەستە بگرن کە بۆ هاوکارییان درێژکراو خیانەت لەو ماڵەش نەکەن کە لەخۆیی گرتن و لەسەرماو برسێتی ئەوانی پاراست، ناشبێت کورد هەرگیز خۆیان باڵاتر ببینن لەبەرامبەر حکومەتەکانی ئەو گەلە میهرەبانانە کە بەخشندە بوونە لە پێشوازییکردنیان لەسەر ئەو خاکەی کە خوا هەر لەدورستبوونی مرۆڤەوە، پێیبەخشیوون.


قەبارەی ساختەکاریی وفرتوفێڵ و چەواشەکاریی بۆ راستیەکان و پارچەکردنی زانیارییەکان، وا لەمرۆڤ دەکات قێزبکاتەوەو رەشبین بێت لە نغرۆبوون و کەوتنی ئەخلاقیی هەندێک لەوکەسانە کە خۆیان ناودەنێن (بژاردەو نوخببە) لە دەوڵەتە فاشیلەکانی ڕۆژهەڵات.


ئەگەر بمانەوێت ریزبەندییەکی ئەو فرتوفێڵ وخورافاتانەو دواتێگەیشتنە هەپرەو بێواتایانە کە (زۆر ئەکادیمیستەکان) بڵاوی دەکەنەوە بکەین، دەتوانین وا ڕیزی بکەین:

نەتەوەیەکی یەکگرتوو بۆ کوردان بوونی نییە.
کورد بەدرێژایی مێژوویان قەوارەیەکی سیاسی یەکگرتوویان نەبووە، بۆیە هەرگیز تا هەتایە نابنە خاوەنی.
ئێزیدییەکان کورد نین، بەڵکو پاشماوەو جێهێڵراوی سریان وکلدان و ئەرمەن و ئارامیی عارەبانن.
زازاکان(دملیکی) کورد نین، بەڵکو نەتەوەیەکی ترن، رەنگە لە بناغەدا ئەرمەن بن.
زمانی کوردی بوون نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە زمانەکانی عارەبی، سریان، تورکی، ئەرمەنی و فارسی.
وڵاتی کوردان گردۆڵکەیەکی ئێرانە، هیچ پەیوەندیی بەو دەوڵەتە پیرۆزانە لە سوریا وعێراق و تورکیا نییە.
كوردستان، بریتییە لە ئەرمینیای رۆژئاوای گەورە،سوریای گەورە، عێراقی مەزن، ئاشوری مەزن.
کورد گەلێکی بارەو زێدەیە بەسەر ناوچەکەدا، بۆیە هیچ مافێک، یا تایبەتمەندییەک، یان داواکاریی نەتەوایەتی نییە، سەرباری ئەوەش مافی جوگرافیشی نییە.
داواکاریی کورد بۆ سەربەخۆیی و بەدەستخستنی مافە نەتەوایەتیەکانی، یاخود هەوڵدان بۆ دەستخستنی مافی چارەنوسی، زیان دەگەیەنێتە دەوڵەتەکانی ئیسلامی و دەبێتە هۆکاری پارچەبوونی ناوچەکە.
هەموو سەرکردە مێژوویەکانی کوردان لە ئەساسدا کورد نین، بەڵکو بوونەتە کوردو لەناو کوردان ژیاون، چونکە مەعقول نییە کورد چۆن سەرکردەی مەزنی لێهەڵدەکەوێت؟!.

،،

هەموو شارەکانی کوردان، هی کوردان نین، بەڵکو هی عارەبان، سریانی، ئاشوری، ئارامی، یۆنانی، ئەرمەنی و ،ئەکەدین. کوردان هی شار و شارستانی نین، بەڵکو بریتین لە رەوەندی فارس و هیچی دیکە.

کورد هیچ نین جگە لە بەکرێگیراو بۆ ئیمپریالیزم و زایۆنی و رۆژئاواو ئیسرائیل و ئەمەریکا.


لە راستیدا کوردان، هەر کورد نین، زۆرترو زۆرتر لەو چەواشەکاریی ودرۆو دەلەسانە، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، کە بۆنی بۆگەنیان لێدێت، بانگەشەیان بۆ دەکەن، ئەم ناوەندانە چەندەها لایەنی توندرۆ، کەخۆیان وەک مەدەنی و پێشکەوتنخواز دەناسێنن، پشتیوانیان لێدەکەن و شانازیی بەو چەواشەکار و هەڵخەڵەتێنەرانەوە دەکەن، وەک (ئەکادیمیست وئاقڵمەند) بانگەشە بۆخۆیان دەکەن، کەناڵ و گۆڤار و پێگەکانیان و کیسەی پارەیان بۆ دەکەنەوە، بۆ ئەوەی کەمێک راستگۆیی خۆیان نیشان دەن، دوو دڵ نابن، دێن میوانداری وەک بۆخۆیان دەڵێن، کوردانی( باش) کوردەکانی (خۆمان) دەکەن و، چیان بوێت، ئاوا پێیان دەڵێنەوەو شتێکیش نابێت ئەگەر لە پای ئەو خزمەتەیان خەڵاتیشیان بکەن، ئەمەش وەک ئەوەی بڵێن ئەی کورد، وەک ئەو( کوردانەی ئێمە)، بۆ خۆتان ئاقڵ بن.