شەپۆلێكی توند چاوەڕوانی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا دەكات

شەپۆلێكی توند چاوەڕوانی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا دەكات

585 خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا ببوە دیوار و ڕێگرییەك بۆ پاراستنی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا، لەو سزایانەی كە كۆنگرێس بەهۆی كڕینی سیستەمی بەرگری "s400"ی روسی لەلایەن توركیاوە بە سەر ئەو وڵاتە سەپاندبووی، هەروەها ترامپ هاوكارێكی باشی ئەردۆگان بوو، كە بە ویستی خۆی دەستوەردان لە وڵاتانی عیراق و سوریا و لیبیا و كوردستان وەربدات،بەڵام ئەم پاراستنەی دۆناڵد ترامپ لە ڕۆژی 20ی كانوونی دووەم كۆتایی دێت و جۆبایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لەسەر كورسیەكەی ترامپ دادەنیشێت و سیاسەتێكی نوێ پەیرەو دەكات، كە لەوەیە سیاسەتەكەی لەبەرژەوەندی توركیا و پاوانخوازییەكانی ئەردۆگاندا یەك نەگرێتەوە.
ئایا بایدن وەك خۆی دەڵێت دەبێت ئەردۆگان باجی كارەكانی خۆی بدات، یان ئەو بایدنە نابێت كە كاندیدی سەرۆكایەتی بوو؟

ململانێ بەردەوامە:
جەنگ و ململانێی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا، بەشێوەیەكە كۆتایی نایەت، چونكە لەماوەی سەرۆكایەتیەكەی ترامپدا چەندین كێشەو قەیرانی دروست كردووە، كە بە هاتنی بایدن كۆتاییان نایەت، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت ئەم ململانێیە بەردەوامی هەبێت.
ئیدارەی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی بایدن، لەوەیە بگاتە ئەوەی كە توركیا وەك كەمتر لە هاوپەیمانێك سەیری بكات، تەنها وەك هاوبەش و جێبەجێكاری بەرژەوەندییە تایبەتیەكان لە نێو ململانێكانی ناوچەی قەوقاز و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست سەیری بكات.
بایدن كە چەند هەفتەیەكی ماوە پۆستی سەرۆكایەتی وەربگرێت، بە ئاشكرا ڕایگەیاند رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەم زوانە ئارامی بەخۆیەوە نابینێت،هۆكاری ئەم بۆچونەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هێشتا كێشەی كنە و پشكنینی توركیا كۆتایی نەهاتووە، هەروەها یەك گرتنەوەی قوبرس لە نێوان توركیا و یۆنان لە دارمان نزیك دەبێتەوە،چونكە توركیا داوا دەكات قوبرس بكرێتە دوو دەوڵەت، كە ئەمەش وەك ئەوە وایە زەیت بە ئاگردا بكرێت و ململانێكە بگێردرێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.
داگیركردنی بەشێكی زۆری ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن توركیا و هەروەها كشانەوەی بەشێكی هێزەكانی ئەمریكا، كە لەئەمریكا بە " خیانەت" لە كورد ناوزەند كرا، یەكێكی دیكە لەو كێشانەی كە بەئاسانی چارەسەر ناكرێت، بۆیە بەسەیر كردنی ئەو ڕووداوانەی ڕابردوو چاوەڕوان ناكرێت، ململانێكان كۆتایی بێت.


هەڵوێستەكان دەگۆڕدرێت:
لە ساڵی 1996دا كاتێك توركیا و یۆنان لەسەر دوورگەكانی ئیمیا لەباكوری روباری ئیجە نزیك بوو بكەونە جەنگەوە، بیل كلینتۆن سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا كەشتیەكی سەربازی ئەمریكی ناردە ناوچەكە، بۆ ئەوەی هەردوو دراوسێكە لە یەك دووربخەنەوە، بەڵام بەهاتنی دۆناڵد ترامپ رۆڵی ئەمریكا لەو كێشەیە تەواو لاواز بوو، بەشێوەیەك هیچ رۆڵێكی لە كێشەكانی نێوان توركیا و یۆناندا نەگێڕا، بەڵام وا دیارە جارێكی دیكە دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا دێتەوە، چونكە بایدن بە چەند مانگێك پێش هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئەمریكا لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ یۆنانی و ئەمریكیە بە ڕەگەز قوبروسیەكان، بە خۆی وتبوو" بایدنۆپۆڵۆس" هەروەها پشتگیری لە یۆنان دژی توركیا كردبوو.
ئەوەی ئەردۆگان لەسەردەمی ترامپدا ئەنجامی دا، هەمووی پەیوەست نەبوو، بە دۆستایەتی لەگەڵ ترامپدا، بەڵكو هەندێكی بۆ نەشارەزایی ترامپ لە جوگرافیای ناوچەكە دەگەڕێتەوە،بەڵام بایدن لە ماوەی ساڵانی 2009 بۆ 2017 كە جێگری سەرۆك بوو، چەندین جار سەردانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كردووە و ئاگاداری جوگرافیا و كێشەكانی ناوچەكەیە، لەو كاتەشدا پەیوەندییەكی گەرم و گوڕی لەگەڵ سەرۆكی توركیادا نەبوو،لەوەش زیاتر چەندین جار وەك دوژمنی ئەردۆگان دەردەكەوت و تەنانەت نازناوی " داپڵۆسێنەری" بۆ سەرۆكی توركیا بەكارهێناوە، هەموو ئەمانە ئاماژەن كە دۆخەكە جارێكی دیكە گۆرانكاری بەسەردا دێت و ململانێكان لەگەڵ توركیادا توند دەبنەوە.


پێگەی ستراتیژی توركیا بایدن دەگۆڕێت؟
توركیا ناوچەیەكی ستراتیژی گرنگی هەیە كە هێندە گرنگە پێی دەوترێت" دڵی جیهان"، ئەم پێگەیەلەوەیە وا لە بایدن بكات، هەمان ئەو بایدنە نەبێت كە لە هەڵبژاردنەكاندا بەدیمان دەكرد، چونكە پێگەی توركیا وا دەكات، كە ئەو وڵاتە ببێتە بەشدارێكی سەرەكی لەبەرژەوەندییەكانی ناوچەكە، خۆ ئەگەر دەربكرێت، ئەوا بەرژەوەندییەكان نەیەنەدی،بۆیە بۆ بایدن قورس دەبێت گرنگی بەم لایەنەی توركیا نەدات،یان بەشێوەیەك مامەڵەی لەگەڵ بكات، كە بیكاتە ڕێگر لەبەردەم بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا،كەواتە بایدن دەبێت حسابێكی بۆ ئەمە كردبێت، یان دەست و پەنجە لەگەڵ توركیا نەرم دەكات و بەرژەوەندی توركیاش لەبەرچاو دەگرێت و لە سنورێكدا هاوكاری ئەردۆگان دەبێت؟.


شەپۆلێكی نائارامی لە پەیوەندییەكان:
گۆڤاری " فۆرین پۆلیسی" ئەمریكی ئاماژە بەوە دەكات، كە چاوەڕێ دەكرێت دووبارە سیاسەتی دەرەكی خۆی ڕێك بخاتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو گۆڕانكارییەی كە لە كۆشكی سپی ڕوویداوە،بەڵام ئەم گۆڕینی سیاسەتە پێویستی بە دەیالۆگێكی توند هەیە، چونكە پێویستە ئەمریكا و توركیا لەسەر چەندین پرسی گرنگ گفتوگۆ بكەن، كە لای هەردوو لا زۆر هەستیارە، وەك جەنگی سوریا و دۆسیەی كورد و سیستەمی بەرگری "S400"ی ڕوسی و هەڕەشەكانی واشنتن بە سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا.
بەسەیر كردنی ئەو ناكۆكیانە كە لە زۆرینەی دۆسیەكاندا بەدی دەكرێت، هەروەها ڕێك كەوتنی كۆماری و دیموكراتەكان لەسەر ڕووبەڕووبونەوەی توركیا، وا دیارە شەپۆلێكی توند و نائارام لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا بەڕێوەیە و نازانرێت، كەی كەشتی پەیوەندییەكانیان دەگاتە كەناری ئارامی؟.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی