پێشوازیەکەی بارزانی لەکادرەکەی پارتی چی پێ وتین؟

پێشوازیەکەی بارزانی لەکادرەکەی پارتی چی پێ وتین؟

1073 خوێندراوەتەوە

سلێمان عەبدوڵا یونس


باسی خوێنی بەناھەق ڕژاوی خۆپێشاندەرانی برسی، کوڕی ڕەش و ڕوتی ئەم وڵاتە ناکەم، چونکە پیدەچێت ئەوان جگە لەخودا کەسیان نەبێت، بەڵام بەڕاستی ئەگەر بابەتەکە ڕێزگرتن بێت لەقوربانیەکانی دەسەڵاتیش، لەنێوان ئەوەی بەناھەق شەقێکی خواردەوە و ئەوەش بەناھەق خوێنی ڕژاوە، دەبێت بارزانی کامیان ھەڵبژێرێت؟

پێرێ کادرێکی پارتی، بەشێوەیەکی ناڕەوا پەلاماردرا و دوێنێش ئەفسەرێکی سەربازی دیاری یەکێتی، لەپێناو ئارامیدا گیانی بەخشی، لەم بابەتەدا توڕەبون و پەرچەکرداری پارتیەکان لەسەر ھەڤاڵەکەی پارتی ھەتا ناگاتە کاک مەسعود، ڕەنگە نۆڕماڵە، بەڵام کاتێک ئەو زاتەش، شەقێک بەسەر ئەو ئەو ھەمو خوێنە سورە پیرۆزەدا زەرد دەکاتەوە، ئەوە کارەساتە.

پێشوازیکردنی بارزانی لەکادرەکەی پارتی و نادیدەگرتنی خوێنی دەیان ڕۆڵەی خێرلەخۆنەدیویش، کە خەونە جوانەکانی ھەڕەتی لاوێتیان، وەک خوێنیان بەناکامیەوە ڕژایە سەر زەوی، بەداخەوە ئەو وتە بە ئازارەی لیڤی ستراوس لەھەرکاتێک زیاتربەرجەستەدەکات، کەدەڵێت نەتەوە ژێر دەستەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست چانسی سەربەخۆبونیان لاوازە، وێڕای ئەوەی جەنگاوەری ئازایان تیادا دەخوڵقێت، بەڵام کێشەی دروستبونی ڕێبەرایەتیان ھەیە، چونکە ڕێبەریان تیادا ھەڵناکەوێت.