کێ دوژمنی قەوارەی هەرێمە؟

کێ دوژمنی قەوارەی هەرێمە؟

424 خوێندراوەتەوە

ئارێز عەبدوڵلا

هەرێمی کوردستان دژمنی زۆر و گەورەی هەن، هەندێ لە دەوڵەتانی دەوروبەر و چەند لایەنێکی سیاسی شۆفینی عێراقیش بە ئاشکرا دیارن و ناشاردرێنەوە، بەڵام ئایا هەبوونی ئەو دژ و دوژمنانە پاساون بۆ ئەوەی ئێمە کێشە ناوەخۆیەکانی خۆمان چارەسەر نەکەین و گوێ لە دەنگە نیگەران و ناڕازیەکان نەگرین؟


دژمن و دژەکانمان هەرگیز بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و تەنانەت سڕینەوەشی لە هەوڵدان ناوەستن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە هەر ناڕەزایەتیەک و هەر نیگەرانیەک لەبەرامبەر سیستمی دەسەڵات سەر هەڵبدا ئۆباڵەکەی بخرێتە ئەستۆی ئەوان.

،،

دوژمنایەتی و دژایەتی کردنی هەرێمی کوردستان مەترسی هەمیشەیین، بەڵام پێم وایە ئەو سیستەم و شێوازە بەڕێوەبردنەی ئێستا لە مەترسییە دەرەکیەکان مەترسیدارترن، چونکە ئەگەر ئێمە سیستەمێکی حوکمڕانی مۆدێرن و باشمان هەبێ، دژایەتی دوژمنەکانمان ئەوەندە کاریگەریان نابێ، کە ئاستەنگ بخەنە بەردەم مانەوە و پێشکەوتنی هەرێم.


لێرە و لەوێ دەبیسم هۆکاری خۆپشاندانەکان بۆ دەستی دەرەکی دەگێڕدرێتەوە!
ئایا بەڕاستی ئەو هەموو خەڵکە بە فیتی دەرەکی رژاونەتە سەر شەقامەکان؟
ئایا هۆکار خراپی بەڕێوەبردن وسیستەمە حوکمڕانیەکەیە یان بە پیلانی دوژمنانە کار گەیشتۆتە سەر ئەوەی گەنجەکانمان لە گولەی هێزەکانیش نەسلمێنەوە؟
لە ساڵانی رابردوودا دەکرا زۆر شت بکرێ و نەکراوە، لەهەمان کاتدا دەکرا زۆر شت بکرێ و کراوە بۆیە رۆژمان بەم رۆژە گەیشت. من لێرەدا تەنیا چەند نمونەیەک وەبیر دەهێنمەوە:


- چەندین ساڵە لەم وڵاتە گەندەڵی دەکرێ و گەندەڵکاران ناخی ئەو دەسەڵاتە دەرزێنن کە بەخوێن و فرمێسکی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە وەدی هێنراوە!
ئایا ئەوە دەسەڵاتی خۆمانە کە ئەو دیاردەیەی بنەبڕ نەکردوە یان دەستی دەرەکی؟
- بەپێی دەستوری عێراقی هەرێمی کوردستان بۆی هەیە دەستوری خۆی هەبێ، چەندین ساڵە پڕۆژەکەی ئامادەیە!
ئایا ئەوە خۆمانین ئەو دەستورەمان پەسەند نەکردوە یان دەستی دەرەکی؟
- چەندین ساڵە گرێبەستێکی پەنجا ساڵە لەگەڵ تورکیا کراوە، سەرەڕای ئەو هەموو باسەی لەسەری کراوە و دەکرێ، کەچی هێشتا دەسەڵات ئامادەنەبووە ناوەرۆکەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان!
ئایا ئەوە دەسەڵاتە وردەکاری گرێبەستێکی وا گرنگ لە نوێنەرانی گەل دەشارێتەوە یان دەستی دەرەکی؟
- لەوەتەی نەوەت هەناردە دەکرێ گومان لەسەر شێوازی فرۆشتن و داهاتەکەی هەیە!
ئایا ئەوە دەسەڵاتە نەیتوانیوە پەرلەمان و خەڵکی لە بڕی داهات و شێوازی خەرجی دڵنیا بکاتەوە یان دەستی دەرەکی؟
- لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە هەردوو ئیدارە یەکیان گرتۆتەوە، بەڵام تا ئێستا هێزە چاکدارەکان لە دوو بەرەی جیاوازن!
ئایا ئەوە خۆمانین ئەو هێزانەمان لە ژێر چەترێکی نیشتمانی رێک نەخستۆتەوە یان دەستی دەرەکی؟
- چەندین ساڵە لەبەر چاوی رەش و روتانی ئەم وڵاتە زەویە بازرگانی و روکنەکانی شار و شارۆچکەکان دەبەخشرێنە ئەم و ئەو!
ئایا ئەوە کاری دەسەڵاتە یان دەستی دەرەکی!
- مۆنۆپۆلکردنی بازاری دەرمان و جگەرە و هاوبەشی نابەجێی بەرپرسان لە داهاتی کۆمپانیاکان!
ئایا بە مۆڵەتی دەسەڵاتە یان دەستی دەرەکی؟
- ئەوانە و دەیان بابەتی تر ....

،،
ئەگەر بەڕاستی دەمانەوێ ئەو قەیرانانە تێپەڕێنین دەبێ بەدوای هۆکارە راستەقینەکاندا بگەڕێین، چونکە بەبێ ئەوە ناتوانین رێگای چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە.


هۆکارە راستەقینەکانی خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکان دیارن، بۆیە ڕەوان. بوونی چەند گێرەشێوێن و تێکدەرێکیش (ئەوانەی لە نەزانین یان لەبەر هەر هۆکارێک بێ خۆپیشاندانە مەدەنیەکان بەلارێدادەبەن و هەڵدەکوتنە سەر بنکە و بارەگا حکومی و حزبیەکان) پاساو نییە، تا مۆرکی دەستی دەرەکی و گێرەشێوێنی لە نێوچاوانی ئەو هەموو خەڵکە خۆپیشاندەرە بدرێ و خۆ لە بابەتە سەرەکیەکان نەبان بکرێ.


ئێمە دەزانین دوژمنان و ناحەزان دڵیان بە تێکچونی بارودۆخی هەرێمی کوردستان زۆر خۆش دەبێ و هەوڵیشی بۆ دەدەن، بەڵام دووپاتی دەکەمەوە مەترسیەکانی ئەو سیستەم شێوازە بەڕێوەبردنە بۆ سەر قەوارەی هەرێم زۆر لە مەترسییە ناوەخۆی و دەرەکیەکان گەورەترە.
کەواتە فەرموون وەرن با بەدەستی خۆمان قەیران و کێشە ناوەخۆیەکانمان چارەسەر بکەین.

ئارێز عەبدوڵلا