بۆچی چارەسەر لەهەولێرە؟

بۆچی چارەسەر لەهەولێرە؟

386 خوێندراوەتەوە

ڕووداوەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، دەرئەنجامی ئەو شێوازە حكومڕانییەیە كە پارتی و یەكێتی و لەپاڵیشدا بزوتنەوەی گۆڕان پیادەی دەكەن.

حكومڕانی چەند ساڵەو خراپ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان، هۆكاری سەرەكییە نەك وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی. هەرێمی كوردستان و جوگرافیاكەی ئەوەندە هێزی پێبەخشیوە هەر بەسامانەكەی ژیانێكی شایستە بۆ هاوڵاتیانی دابین بكەی.

،،
بەشێك لەوانەی خۆیان بەشان و شەوكەتی حكومەتدا هەڵواسیوە لەبڕوایەدان هۆكاری قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان لەجێگەیەكی دیكەوە ئاڕاستە دەكرێت. ئەمە بەشێوەیەكی ڕێژەیی ڕاستییەكی تێدایە، چون وڵاتان دانانیشن بەدیار هەرێمەوە تاخۆی پێش بخات، لەبەر ئەوە خاوەن مەبەست و سیاسەتی دەرەوەی خۆیان و بەدوای قازانجی سیاسی و ئابوری خۆیانەوەن. ئەوەی بێ بەرنامە و پاڵی لێداوەتەوە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانن، چاوەڕوانی خێر و سەدەقەی وڵاتانن، ئەمەش مانای بەڕێوەبردن نیە، بەڵكو جۆرێكە لەفەشەل، لەكاتێكدا ئەو هەموو ئامڕازە بەهێزە بەدەستەوە بێت و سەرلەبەری هەرێمەكە نوقی قەیران بكەی.

بەشێكی دیكە پێیانوایە چارەسەر لەهیچ جیگە و ولاتێكی دیكە نیە و چارەسەری زۆرینە هەرە زۆری قەیرانەكان لەهەولێر و هەرێمی كوردستانە. چونكە توركیا ئێستا جۆرێك لەجۆرەكان بووە بەهاوبەشی ئابوری هەرێمی كوردستان و هێندەی توركیا قازانج لەهەرێم دەكات ڕەنگە خودی هەرێمی كوردستان هێندە قازانج نەكات، بۆیە توركیا دەیەوێت هەرێمە كە وەك ئەوەی هەیە هەر وا بمێنێتەوە. لەباری ئێرانیشەوە، تێڕوانینی ئێرانییەكان بۆ هەرێم وەك حەوشەی پشتەوەی ئاسایش و ساغ كردنەوەی كاڵا بازرگانییەكانیەتی. هەرچی حكومەتی ناوەندە خۆی لەقەیرانی سیاسی و ئابوری و ئەمنی گیری خواردووە و چارەسەرێكی پێ نیە هەرێم لەم قەیرانە دەربكات. بەڵكو لەوانەشە پێی خۆش بێت هەرێم شكست بێنێت و هەرجی مەرجی سیاسی و ئابوری بەرسەردا بسەپێنێت.

بۆچی چارەسەر لەهەولێرە؟

چونکە هەولێر پایتەختە و ناوەندی بڕیاری هەرێمی كوردستانە، گەر هەرچی پارەی دنیا هەیە بڕژێنیتە هەرێمی كوردستان كە ئیدارەیەكی تەندروست و شەفاف نەبێت بۆ بەڕێوەبردنی هیچ لەڕەوشی هەرێمی كوردستان ناگۆڕێت، هەر بۆ نمونە چەندین ساڵە هاوپەیمانان هەوڵی یەكخستەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، كەچی ئەنجامێكی وای نەپێكاوە بەهۆی ڕێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتییەوە.


بۆیە؛ چارەسەری قەیرانی سیاسی و ئابوری هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی لەهیچ پایتەختێك نیە، جگە لەهەولێر و هەرێمی كوردستان و خودی خەڵكەكەی. گەر حكومەت ویستی چاكسازی بێت هەر دەبێت لەهەوڵیرەوە بێت كەنیەتی. گەر خەڵكەكەی بیانەوێت شێوازی ژیان و قەیرانەكەی تێپەڕێنێت هەر دەبێت لەهەولێرەوە ئەو بڕیارانە بدرێت. هەرچەند لەزۆنی سلێمانیەوە فشارەكان ئێجگار كاریگەر و گرنگن، بەڵام هەولێر وێستگەیەكی گرنگی گۆڕانكارییەكانە. لەوەش بترازێت هەرچارەسەرێك لەپایتەختی وڵاتانی دیكە بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان كەلەلایەن حزبەكانەوە پێشنیار خاڵی كردنی سەرشانی خۆیانە لەبەرپرسیارێتی ئەو قەیرانانەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.

 

author photo
دەرچوی بەشی زانستە ڕامیارییەكان
بەڕێوەبەری ناوەندی حەمرین بۆ توێژینەوەی ستراتیژی