‎ئایا خۆپیشاندانی گەنجان بەدیلی هەیە؟

‎ئایا خۆپیشاندانی گەنجان بەدیلی هەیە؟

314 خوێندراوەتەوە

د. عەلی زەڵمی


‎من كە ئەم چەند دێڕە دەنوسم لێرەدا لەوە تێدەگەم قسەی زلی پشتی لاپتۆپ شتێكە و ئەزمونكردنی بارودۆخەكە شتێكی ترە بەڵام پێداگیریش لەسەر ئەوە دەكەم دایەسپۆرا دەبێ قسەی خۆی بێ ئێمەش كەم تا زۆر بەشدارین لە خۆشی و ناخۆشیەكانی ئەوێ.پاشان دونیاش گۆڕاوە چالاكی ئۆنلاینی خەریكە گرنگی بەقەد سەرجادە دەبێ و خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی و هەروەها لە فەرەنسا و ئەمەریكاش ڕۆڵی ئۆنلاین زۆر زۆر كاریگەر بوو. بۆیە مەودای جوگرافی تەواو چووەتە یەك وەك كودەری جاران كە دەچوویە ئاو.


یەك:من پێموایە ئەم جۆرە لە خۆپیشاندانی توندوتیژ خۆی بەدیل نیە بەڵام لەبێ بەدیلی ڕەنگە بۆ ئێستا لەوە باشتر نەبێ. بەداخەوە پێشتر نە یەكیەتی و پارتی نە بەدیلەكانیان وەك گۆڕان و ئیسلامیەكان و نەوەی نوێ پێیان نەكرا بارودۆخەكە چاك بكەن بگرە خراپتریان كرد. لێرەدا زۆر گرنگە دیبەیتی گۆڕان بكرێ و قسەی جدی لەسەر بكرێ چونگە بارودۆخێكی پێشتر هاوشێوەی ئەمەی ئێستا دروست بوو گۆڕان هات شەپۆلی ناڕەزایی و توڕەیی خەڵكی خاو كردەوە وەك حەبی ئازار بۆماوەیەكی كەم بوویە ئومێد بەڵام خۆیشی بوویە بەڵا دواتر . ئەوەی گۆڕان كردی بە سیاسی و ڕۆشنبیرەكانیەوە ڕێك وەك ئەو واشێرە وابوو كە لەسەر مەنجەڵی بوخار هەیە كاتێ كە پەستان زۆر دەبێ ئیتر لەڕێگەی ئەو واشێرەوە پەستانی ناو مەنجەڵەكە دەر ئەكەی.

،،
گۆڕان و موفەكیرەكانی هاتن توڕەیی و ناڕەزایی هاوڵاتی و گەنجانیان خاو كردەوە و تەسلیمی یەكیەتی و پارتیان كردن بەمەش گەورەترین خزمەتیان بە دەسەڵاتی گەندەڵ كرد.

من ئەمەم ئێستا بۆ نەهاتوە بەڵكو ڕۆژگارێك هەرچی ڕۆشنبیر بوو لەدەوری نۆشیروان مستەفا كۆبوبونەوە هەركەس سەرێكی لە گردەكە نەدایێ گومان لە ڕۆشنبیری بوونی دەكرا من ئەوكاتانە ئەوەم وتووە لە چەندین شوێنی جیا جیا دا و شاهێدم هەیە. چاك بیرمە جارێك دانیشتبووین ساڵی ٢٠١٢ لە شوێنێكدا باسو خواس هاتە سەر گۆڕان و من نمونەی ئەو مەنجەڵی بوخارەم هێنایەوە ئەوەی یادم بێ هەریەك لە بەڕێزان (توانا ئەمین و ڕامیار مەحمود و بەكر عەلی و چەندینی تر لەوێ بون)
‎ئێساتش هەر كەس و تاقمێك بێن سواری توڕە بوونی گەنجان بكەن هیچ باشتر لە گۆڕان سەوز ناكەن.


دوو: شێواز و میكانزمی زۆر دژی پارتی و یەكیەتی تاقیكراوەتەوە لە حزب و ڕێكخراوی مەدەنی و گروپی فشار و خۆپیشاندان و میدیا و سۆشیال میدیا هیچی كاریگەری ئەوتۆی نەكردوە.تەنانەت خۆپیشاندانەكانی ١٧ی شوبات چەند درێژەی كێشا و نوسەر و مەلا هاتن بای باڵی خۆیان دا و تا وایلێهات بۆ ماوەیەكی زۆر سەرا بوو بویە جێگای شێلم و چا خواردنەوە و نمایشی بێتام، نەتیجەكەیشی ئەوە بوو بینیمان. كەواتە شتێك ماوە و تاقی نەكراوەتەوە ئەویش گەنجە و خۆپیشاندانی عەفەوی و ناڕێكخراو. ڕاستە شتی نا عەقڵانی و گێرەشێوێنی تیایە بەڵام تاكە ڕێگایەكە تاقی نەكراوەتەوە و دەبێ ببێ.وەلە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە تەنها بەدیلێكە كە ئەگەری سەرتاسەری بوونی هەیە چونكە شوناسی گەنجان یەكە واتە هاو ئاوازیان هەیە تۆ یا گەنجی تێر و پڕ و خاوەن كارت هەیە یان برسی و گیرفان بەتاڵ. ئەوان وەك باوك و برا گەورەكانیان دابەشی ئینتمای حزبی نەبوون هەڵبەت بەگشتی دەڵێم،مادام ئینتمای حزبیان نیە واتە ئەو زۆنی زەرد و سەوز شتە زۆر كاریگەری نابێ.


سێ: گەنجی توڕە كاری سیاسی ناكا و سیاسەتیش ناتوانێ نوێنەرایەتی ئەوان بكا چونكە سیاسەت هەمیشە لەسەرەوە دێتە خوارەوە بەڵام گەنج لەخوارەوە دەست پێ دەكا لە خودی ژیانەوە،لە گیرفان و مۆبایلەكەی و یاریەكانی .... ئەو خاوەن دونیایەكە دەبێ لیێ تێ بگەین ئێمە هێشتا بەم مۆدێلە ئاشنا نەبووین هەر دونیامان لا بووە بە كاری حزبی و سیاسی ڕاستەوخۆ . پاشان مەسەلەی توندوتیژی بەشێكە لە شەپۆلی ناڕەزایی گەنج لە هەموو دونیادا تۆ سەیری خۆپیشاندانەكانی ئەمەریكا بكە یان ئەوانەی فەرەنسا 2018. سوتانی دائیرە و شوێنە خزمەتگوزاریەكان كارێكی هەڵەیە بەڵام خۆ ئەمەش سیمای سەرەكی ئەو چالاكیانە نیە لە دە مەقەڕی حزبی ئەگەر دائیرەیەك سوتێنرابێ و دیارە میدیا دەیەوێ زیادەڕۆیی تیادا بكات.