کۆمەڵگای ئەمەریکی دابەشبووە، ئەی کۆمەڵگای ئێمە چۆنە؟

کۆمەڵگای ئەمەریکی دابەشبووە، ئەی کۆمەڵگای ئێمە چۆنە؟

394 خوێندراوەتەوە

رامیار جەمال


ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر و چڕتر باسی دابەشبوونی کۆمەڵگای ئەمریکی دەکرێت. هەر هەواڵێک لەمەڕ هەڵبژاردنی ئەمریکا دەخوێنیتەوە، جگە لە سەرکەوتنی جۆ بایدن و شکستی دۆناڵد ترەمپ، هاوکات تیشکی زۆر دەخرێتە سەر دابەشبوونی کۆمەڵگای ئەمریکا - ویلایەتە یەکگرتووەکان.

ئەم دابەشبوونە بەڕادەیەکە کە سەنتەرەکانی توێژینەوە، مامۆستایانی زانکۆ، ناوەندەکانی بڕیاردان کاری لەسەر دەکەن و دەنووسن. زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە یەکێک لە کارە هەر گرنگەکانی سەرۆکی هەڵبژێردراو جۆزێف بایدن، لە پاڵ بابەتی ئابووری و تەندروستی و سیاسەتی دەرەوە، هاوکات کارکردنە لە سەر ئاشتکردنەوەی هاوڵاتیانی ئەمریکی بەیەکتری کە زیاتر بەسەر دیموکرات و کۆماریەکان دابەشبوون، خۆیان ووتەنی “Our society is divided”:.

،،

مەبەستی ئەم نووسینەم لێرەدا بەراوردێکە لە نێوان کۆمەڵگاکەمان و کۆمەڵگای ئەمریکیدا لەروی دابەشبوونیانەوە کە لە راستیدا جیاوازیان زۆرە بە رادەیەک کە ئەم کۆمەڵگا رۆژئاواییە بەم ڕادەیەش دابەش و لێکترازاو نییە کە ماس میدیاکانی ئەمریکا، ناوەندەکانی بریاردان وە چاودێران و بیرمەندان بەم شێوە فراوانە لەسەری بنووسن.

هێشتا، ئاشتی، پێکەوە ژیان، یاسا، وە پەیوەندی کۆمەڵایەتی تەندروەست دەبینرێ و بوونیان هەیە لەوێ. ئەوان سەرەرای هەموو ناکۆکیەکان هێشتا یەکگرتوون لە بەرانبەر دوژمنان و زیانێک بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیان.


هۆکارێکی بنەرەتی ئەم دابەشبوونە لە ئەمریکا، جیاوازی تێڕوانینی هاوڵاتیانە بۆ سەر دیموکرات و کۆماریەکان. ئەگەر چی ئەم دوو حزبە نزیک بە دوو سەدە بوونیان هەبووە لەم وڵاتە و زۆرینەی خەڵک سەر بە یەکێک لەم دوو حزبە بوون بەڵام هەڵبژاردنی ئەم جارەو دابەشبوونی ئەم جارە جیاواز بوو لە پرۆسەکانی رابربوو. بە واتایەکی تر، خەڵکی کەمتر شکستی قبوڵ کرد، دەمارگیرتر و سوورتر بوون لەسەر بیروڕاکانیان، وە هەر لایەنێک پێیوابوو کە ئەو براوەیەو ئەویتر دۆڕاو. بینیمان کە دوای راگەیاندنی سەرکەوتنی جۆزێف بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان وەکو سەرۆکی هەڵبژێردراو، خۆپشاندنی کۆماریەکان لەسەر شەقامەکان دەستی پێکردوو هەندێکیان چەکیشیان پێوە بینرا، ئەمانەش وەکو ئاماژەیەک بۆ رەت کردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کە لەراستیدا ئەمانەش دیاردەی نامۆن بۆ کۆمەڵگای ئەمریکی.


گەر لە کۆمەڵگای ئەمەریکی سەرەڕای هەموو دابوشبوونەکان و بوونی چەند دیاردەیەک کە کۆمەڵگای ئەمریکی پەی نامۆیە، بەڵام هێشتا یاسا، یەکگرتوویی سیاسی، ئاشتی کۆمەڵایەتی وە پێکەوە ژیان بوونی هەبێت ئەی لە کوردستان دەبێت چۆن بێت؟


لای خۆمان بارودۆخەکە بەتەواوی شێواوە، زۆر لە ئەمریکا لێکترازاوترە. ئەگەر لەوێ جۆرێک لە ئاشتی کۆمەڵایەتی، کلتوری پێکەوە ژیان، وە لەسەروی هەمووشیانەوە یەکگرتویی سیاسی بوونی هەبێت، لێرە ئەمەش نییە. هەڵبەت بەشێكی زۆری ئەمە پەروەردەو هۆشیاری گشتی وە کەلتوور هەندێک لە هۆکارەکانین، ئەگەر چێ رؤڵی پارتە سیاسیەکانیش کە هەلهێنجراوی ئەم هۆکارانەن و رؤلی خۆیان وەکو پێوەیست نەگێراوە نابێت بەجدی وەرنەگیرێت.

،،

تا ئێستا خەڵکی ئێمە شارچێتی دەکەن، خێڵەکیانە بیر دەکەنەوە، ئینتیمای نیشتیمانی بوونی نییە. شێوەزاری زمان، خزم و ناسیاوێتی، وە ئەندامێتی لە پارتێکی سیاسیدا دەوری گەلێک گرنگ دەبین لە لێک نزیکبوونەی خەڵک، ئەگەر چی ئەمەش ئێستا ئێجگار کاڵ بۆتەوە. ئەمە لە کاتێکدا پێویست بوو ئینتمای نیشتمانی، هاو وڵاتی، پەروەردەی دروست وە ڕؤشنبیریەکی ئینسانی کۆکەرەوەی خەڵکی بوایە.


کۆمەڵناسان و چاودێران بۆچوونی جیاوازیان لەسەر بارودۆخی ئێستای سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کورسستانی باشور هەیە. زۆرێک پارتە سیاسیەکان بە هۆکاری بنەرەتی هەموو ئەم نەهامتیانە دەزانن کە ئێستا تێی کەوتووین، هەندێکی تر پێیان وایە ئێمە تەنها٣٠ ساڵە بەڕێوەبەرایەتیەکی سەربەخۆمان هەیەو ئەزموونی ئیداریمان کەمە، بۆیە دەبێت چاوەڕێی کات بکەین تا کاری باشتر بکەین، بەشێکی تر پێیان وایە پەروەردەو هۆشیاری ئێمە بە گشتی نەگەیشتۆتە قۆناغێک کە دەستەبەری ژیانێکی سەرکەوتویی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی بکات کە تیایدا پێکەوە ژیان، یەکتر قبوڵ کردن، وە لێبوردەیی بوونی هەبێت کە ئەمانەش ڕەگەزی گرنگن بۆ پێکهێنانی یەکێتیەکی نەتەوەیی کە ساڵەهای ساڵە کورد پێوەی دەناڵێنێت.