چۆن ڕێبەری باڵا هەڵدەبژێردرێت؟

چۆن ڕێبەری باڵا هەڵدەبژێردرێت؟

930 خوێندراوەتەوە

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە باس لە خراپی باری تەندروستی عەلی خامەنەیی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران دەكرێت، لەم نێوەندەدا لە ئێران باس لە چەندین سیناریۆ بۆ جێگرتنەوەی دەكرێت، لە حاڵەتێكدا ئەگەر باری تەندروستی خراپتر بوو، یان بەشێوەیەكی كتوپڕ كۆچی دوایی كرد.

خامنەيیی كە تەمەنی 81 ساڵە، بەرزترین پۆستی سیاسی لەسەر ئاستی رۆژهەلاتی ناوەڕاست و جیهان بەڕێوە دەبات، بۆیە ئەو كەسەی دوای ئەو پۆستەكە وەردەگرێت، لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان گرنگیەكی زۆری دەبێت.

چۆن ڕێبەری باڵا هەڵدەبژێردرێت؟

ئایەتوڵڵا خامەنەئی لە سەرهەڵدانی شۆرشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979ەوە، تاكو ئێستا دووەمین كەسە كە ئەو پۆستەی وەرگرتبێت، هەڵبژاردنی ڕێبەر لە لایەن دەستەیەكی 88 پیاوی ئاینیەوە دەبێت، كە بە دەستەی ئەنجومەنی شارەزایان ناسراوە.
هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایانیش هەر هەشت ساڵ جارێك لەلایەن ئێرانیەكانەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام كاندیدەكانی ئەنجومەنەكە دەبێت رەزامەندی ئەنجومەنی سیانەی دەستور وەربگرن، ئەندامانی ئەنجومەنی سیانەش، بەشێوەیەكی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لەلایەن ڕێبەری باڵاوە هەڵدەبژێردرێن، بۆیە ڕێبەری باڵا لەهەردوو دەستەكەدا خاوەن نفوزێكی زۆرە.

،،

لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوو، عەلی خامەنەئی هەوڵی سەركەوتنی پارێزگارانی لەو ئەنجومەنانە داوە، كە جێگرەوەكەی دیاری دەكەن، هەر كەسێكیش بە ڕێبەری باڵا هەڵبژێردرێت، ئەوا بە درێژایی تەمەنی لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە.


بەپێی دەستوری ئێران، پێویستە ڕێبەری باڵا پلەكەی ئایەتوڵڵا بێت، ئەمەش واتای ئەوەیە كە كەسایەتیەكی ئاینی لەسەر مەزهەبی شیعە دەبێتە ڕێبەر.
بەڵام كاتێك خامەنەئیی هەڵبژێردرا، پلەكەی نەگەیشتبووە ئایەتوڵڵا، بۆیە یاساكان گۆڕانكاریان تێدا كرا، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێت، لەبەر ئەوە دەكرێت یاسای هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ دەستكاری بكرێت.

گرنگی ڕێبەر لە چیدایە؟

ڕێبەری باڵا خاوەن دەسەڵاتێكی ڕەهایە لە ئێران، وتەكانی لەسەر چەندین پرس یەكلاكەرەوەیە، سیاسەت و ئاراستەی وڵات بەرامبەر جیهانی دەرەوە دادەنێت.
ئێران لەسەر ئاستی جیهان بەهێزترین دەوڵەتی شیعەیە، كە ئەمەش عەلی خامەنەئی ڕۆڵیكی بەرچاوی تێدا بینیوە، هەروەها هەوڵیشی داوە، كە لە رۆژهەلاتی ناوەراست نفوزی وڵاتەكەی فراوان بكات.


كێ دەبێتە ڕێبەری باڵا؟

بۆ ئەویە ڕێبەری نوێ هەمان لایەنداری سیاسی هەبێت، خامەنەئی لە ڕێگای چەندین تۆڕی پەیوەندیدا هەوڵی داوە نفوزی خۆی لەنێو لایەندارانی و ئەندامانی دیكەی دەستە و دەزگاكانی دەوڵەت بەتایبەت سوپای پاسداران فراوان بكات.
ئەوەش ڕوونە كە سوپای پاسداران ڕێگا نادات كەسێك ببێتە ڕێبەری باڵا ئەگەر بۆ ئەو پۆستە گونجاو نەبێت.
هەرچەندە باس لە چەندین كەسایەتی دەكرێت كە دەبنە ڕێبەری باڵا، بەڵام عەلی خامەنەئیی ویستی لەسەر دوو كەس هەیە، ئەوانیش موجەتەبەی كوڕی، یان ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری ئێرانە.
هەروەها هەریەكە لە صادق لاریجانی و حەسە روحانی سەرۆكی ئێستا دەیانەوێت پۆستی ڕێبەری باڵا وەربگرن.

موجتەبە خامنەئی كێیە؟

موجتەبە خامەنەئی كوڕی عەلی خامەنەئیی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانە و تەمەنی 51 ساڵە، لە شاری مەشهەدی ئاینی لەدایك بووە، ئەویش هاوشێوەی باوكی كەسایەتیەكی ئاینیە، بەڵام خاڵی نهێنی زۆرە.
ئەو لەكاتی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2009 تیشكی زیاتری خرایە سەر و ناوی دەركەوت، دەڵێن بەرپرسی یەكەمی سەركوتكارییەكانە.
هەرچەندە خامەنەئیی پاشا نیە و ناتوانێت بەئاسانی پۆستەكەی ڕادەستی كوڕەكەی بكات، بەڵام موجتەبە لەنێو دامەزراوە توندەكان خاوەن نفوزێكی زۆرە، وەك نوسینگەی ڕێبەری بەهێز، كە سەرپەرشتی دەستەی دەستورییەكان دەكات.
موجتەبە ئەگەر هات و ڕەزامەندی سوپای پاسدارانی وەرگرت، ئەوا ڕۆڵێكی گرنگی دەبێت لەوەی كە رێكارە یاساییەكانیش لە بەرژەوەندی ئەودا بێت.


ئیبراهیم رەئیسی كێیە؟

ئەم پیاوە ئاینیە تەمەن 60 ساڵە لە شاری مەشهەد لە دایك بووە، دەوترێت تاكە كاندیدە كە چانسی ئەوەی هەبێت جێگای خامەنەئی بگرێتەوە، هیچ لەبارەی ویستی ئەوەوە باس نەكراوە، كە حەز بكات ببێتە ڕێبەری باڵا، چەندین رۆڵی لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا پێدراوە، بۆ ئەوەی ئامادە بێت بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، وەك پۆستی دادوەریی و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی شارەزایان.
ئیبراهیم رەئیسی ناوی لە پێشێلكارانی مافەكانی مرۆڤدا هەیە، بەتایبەت لە ئەنجامدانی لەسێدارانی بەكۆمەڵ لە ساڵی 1988دا، كە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی جەماوەرێكی كەمی هەبێت، هەرچەندە لە ساڵی 2017 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دۆراند، بەڵام ڕێبەری باڵا كردیە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری.
لەدوای وەرگرتنی ئەو پۆستە لە میدیاكانەوە ئامادەیی هەیە، كە پێی دەوترێت" جەنگی دژی گەندەڵی".

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی