عەبدوڵا عەباس: مەلا مستەفا لەگەڵ هەڵگرتنی چەك نەبوو دژی قاسم

عەبدوڵا عەباس: مەلا مستەفا لەگەڵ هەڵگرتنی چەك نەبوو دژی قاسم

757 خوێندراوەتەوە

لەم دیدارە، کە " گروپی گوڵنار" لەگەڵیدا سازیداوە، نووسەرو ڕۆژنامەنووس، عەبدوڵڵا عەبباس، ئاماژە بەوە دەدات کە كارەساتی جەلالی و مەلایی، برینێكە تاكو ئێستا خوێنی لێدەچۆڕێ و ئێمەش باجەكەى دەدەین، دەشڵێت یەكێتی و پارتی پێیان بكرێ ئەو سەروەرییەى زانایانى مزگەوت و حوجرەكان دەشارنەوە و ناهێڵن جیلی نوێ سوودی لێببینێت.


گوڵنار: ئاشناییت لەگەڵ دكتۆر فازیل ڕەسووڵ بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟

عەبدوڵڵا عەبباس: فازیلی مەلا ڕەسووڵ بۆیە لەناو عەرەبەكاندا زیاتر ناسرا بە بەراورد بە ناو میللەتەكەى خۆى، چونكە ئەو شۆڕشە فیكرى و دەركەوتەییەى لەناو عەرەبەكاندا بوو. من لە قۆناغی خوێندنی سەرەتاییدا لەگەڵی بوومە ئاشنا لە چوارتا، لەگەڵ شاسوار جەلال (شەهید ئارام) خوشكەكانیان مامۆستا بوون و گواسترابوونەوە بۆ چوارتا، ئەم دوو برایەش لەگەڵیان وەك پشتیوان و هاودەم لەگەڵیان هاتبوون بۆ چوارتا. پاشتر من چووم بۆ بەغدا و ئەوانیش لە زانكۆ بوون. شاسوار جەلال (ئارام) لە ڕۆژنامەى هاوكارى لەگەڵمان بوون، فازیلیش ماوەیەكی كەم لە بەغدا مایەوە، كە بارودۆخەكە تێكچوو، چوو بۆ دەرەوەى وڵات، لە دەرەوەى وڵات لەگەڵ ئەحمەد بن بێللە و بەنی سەدر و خەتە ئیسلامییە هاوچەرخەكە ئاشنایی بۆ دروستبوو، لە كاتێكدا پێش ئەوە چەپ و ماركسی بوو، وە لە ململانێی نێوان مەلایی و جەلالیی ڕۆڵی هەبوو و یەكێكبوو لە ناوە دیارەكان. كە چووە دەرەوە و تێكەڵ بەو سەركردە ئیسلامییە هاوچەرخە سیاسییانەى دەرەوە بوو، ئەویش گۆڕانكارییەكی زۆرى بەسەردا هات. لەو كاتەشدا شەپۆلێكی بەرفراوان هەبوو كە پێیوابوو ئیسلامییەت زیاتر لە ماركسییەت و شیوعییەت نزیكە تا لەو ئەفكار و بیروباوەڕانەى كە دەستكردی مرۆڤن و لە گۆڕەپانەكەدا هەن. بەو مانایەى كە ئیسلام پەیامێكى ئاسمانیی شارستانیی و مرۆڤانەیە، لە بیروباوەڕە تیۆرییە دەستكردەكانى ترى مرۆڤ لە یەسار و چەپەوە زیاتر نزیكترە. تەنانەت جەمال عەبدوناسریش قسەیەكی ئاواى هەیە دەڵێت: "ئەگەر ماركسییەت هەڵوێستی ئاوا خراپ نەبووایە بەرامبەر بە ئایین، ئێمە یەكەم كەس دەبووین دەچووینە ناو شیوعییەتەوە"! ناكۆكییەكە لەسەر دژایەتی ئایینەكە بوو لەلایەن ماركسییەتەوە. ئەگەرنا هەردووكیان لە مەسەلەى خزمەتی هەژار و چینی چەوساوە و دابەشكردنی بەرهەمی هەر وڵاتێك بە عەدالەت و بەسەر هەموو كەسێكدا، ئەوە بریتییە لە ئیشتراكییەت و لە ئیسلامییشدا وا دەڵێت. عەدالەت بنەما و بناغەى هەموو شتێكە. عەدالەت بناغەى شارستانییەت و پەروەدەی مرۆڤە. بۆیە دكتۆر فازیلیش لە ژێر كاریگەرى ئەو تێكەڵبوونەدا، بەرەو فیكرى ئیسلامیی چوو و ڕێڕەوەكەى ئەوانى هەڵبژارد. دواى چوونە دەرەوەشی نە ئاگام لێی بوو نە پەیوەندییشم لەگەڵی ما. بەڵام هەواڵ و دەنگوباسیم لە ڕێگەى دكتۆر عیززەدین موستەفا ڕەسووڵ و شاسوار جەلال و نزیكەكانییەوە دەبیست.


گوڵنار: ئەم وەرچەرخانەى دكتۆر فازیل، خۆونكردن یا خۆدۆزینەوە بوو؟

عەبدوڵڵا عەبباس: بە هەڵسەنگاندنی كەسیی خۆم دەڵێم: هەڵبژاردنەكەى خراپ نەبووە و باشیش بووە. ناشمەوێ قسە و هەڵوێستەكان بخەمە چوارچێوەوە، بۆ نموونە كە قسە دەكەم لە بارەى چەپەوە، ئایا پێویستە كە من دەبێ لە ڕێكخستنێكی شیوعییدا بم، ئەوسا دەتوانم قسەى لە بارەوە بكەم؟ نەخێر، من بۆچوونی خۆم وایە كە ئەو لێكدانەوە بۆ خزمەتی مرۆڤانە لەسەر زەوی، هاوكارى تیۆرى چەپ لەسەر زەوی، لەگەڵ تەقوییە كردنی بە تەوەججوهاتی ئیسلامیی، شتێكی بەسوودە بۆ مرۆڤایەتی بە گشتی. من وا دەزانم دكتۆر فازیل ڕەسووڵ هەڵبژاردنێكی زۆر باشی كردووە كە لە ماركسییەتەوە چوو بەرەو ئیسلام.


گوڵنار: جارێك چووینە لاى دكتۆر عیززەدین موستەفا ڕەسووڵى ئامۆزاى، پێمگوتووە كە وتارێكی درێژی دكتۆر فازیلمان كردووەتە كوردی، گوتی: هی سەردەمی ئیسلامەتییەكەیەتی یا پێشووترى؟ گوتم: هی سەردەمی ئیسلامەتییەكەیەتی. بە دەستتەكاندن و بێزارى ڕووخسارى ناڕەزایەتی دەربڕی، كاتێك جەنابتان پێتانوایە دەركەوتنى دكتۆر لە ناو عەرەبەكاندا بووە بۆیە زیاتر لاى ئەوان ناسراوە، بەڵام خۆ دكتۆر عیززەدین موستەفا ڕەسووڵ ئامۆزاشییەتی و چاكیشی ناسیوە، من پێموایە ئەمە پەیوەندی بە ژینگەى بروز و دەركەوتنەكەیەوە نییە.

عەبدوڵڵا عەبباس: ئاخر دكتۆر عیززەدین لە ماركسییە كلاسیكییەكانە، نەیتوانیوە قەبووڵی بكات كە ئامۆزاكەى بەرەو ئیسلامییەت چووە، تەنانەت ئەوەى كە من ئێستا بە جەنابتی دەڵێم، دكتۆر عیززەدین قەبووڵی نەدەكرد. ئەو تەسەورى وا بوو كە ئایین تریاكی گەلانە و نابێ هیچ پەیوەندییەكی بە كاروبارى خەڵكەوە هەبێت. بەڵام ڕاستیش ناكەین، بێگومان تاكی ڕۆژهەڵاتی لەم مەسەلەیەدا ئیزدیواجییەت و دووانەیی هەیە، من لەو بارەیەشەوە وتارێكم نووسیوە، وە دكتۆر عیززەدین و دكتۆر كەمال مەزهەر پاڵەوانى وتارەكەن، ئێمە مەسەلەى ئایین بە گشتی و ئیسلامیش بە تایبەتی لە ژێر پێستماندا دەژی، یانى ئەو خۆهەڵكێشانەى هەندێ ڕۆشنبیر دەیكا كە دەڵێ: خوا بوونی نییە و گەردوون خۆى بەدیهاتووە و لەو جۆرە قسانە، ئەوە خۆهەڵكێشانێكی درۆیانەیە. چونكە ئێمە لە ژینگەیەكدا درووستبووین، بەبێ ئەوەى هەست بە خۆمان بكەین خوا و ئایین چووەتە ژێر پێستەكەمانەوە و ئیش لە ڕووحماندا دەكات. جارێك دكتۆر عیززەدین لە بەلەمێكدا دەبێت لە بوحەیراى حەبانییە، لەگەڵ قوتابییەكانیدا گەشت دەكەن، یەكێك لە قوتابییەكانى نوكتەیەكی پێكەنیناویی دەگێڕێتەوە، كە كوفر بووە. لە پڕ بایەك هەڵدەكات و خەریكە بەلەمەكە سەرەونگون بكات، دكتۆر عیززەدینیش لە قوتابییەكە تووڕە دەبێت و دەڵێت: ئێستا كاتی كوفر كردنە؟! ئەمەم كردووەتە وتارێك.
لە كوردستان و لەو شوێنەى كە پێیان دەوت: كۆشكی سەلام لە چۆمان، لە پشت كۆشكەكەوە لەگەڵ دكتۆر كەمال مەزهەر و كامەران قەرەداغی و جەلالی میرزا كەریم وەستابووین و مەرجەبمان لێدەدا، من نوكتەیەكم گێڕایەوە كە بۆنی كوفری لێدەهات و لەگەڵ ئاییندا نەدەگونجا، من نوكتەكەم تەواو كرد و هێشتا پێكەنینەكەمان تەواو نەبووبوو، فڕۆكەى حكومەت هاتە سەرمان و چۆمانى بۆمباران كرد، دكتۆر كەمال بە پەلە خۆى هەڵدایە ناو چاڵی مەرجەبەكەوە و بە تووڕەییەوە گوتی: كاكە بۆ دەمت ناوەستێ، ئایا ئێستا كاتی ئەو جۆرە نوكتانەیە؟! ئەوە دەلیلی ئەوەیە كە ئەم ڕۆشنبیرانەى ئێمە موزایەدەیەكی زۆر بێمانا دەكەن، وە هەموو شتێك دەگێڕنەوە بۆ ئایین. ئایینی ئیسلام باشتریین پەیامی ئاسمانیی شارستانی و مرۆڤانەیە. بەڵام كاتێك دوو ئاخوند و سوڵتان و خەلیفەى ناشیرین هاتوون و شتی ناشیرینیان كردووە، ئەمە لە جەوهەر و كرۆكی پەیامەكە و ئایینەكەدا نییە و نابێت. وە لە كرۆكی ئایینەكەش ناگۆڕێ. بەڵام كێشەى ئێمە جەهالەتە، جەهالەتی كۆمەڵگەكە وایكردووە، بەداخیشەوە ئەوانەى بە ناوى ئایینەوە قسە دەكەن، پێیانخۆشە كۆمەڵگەكە بەو جەهالەتەوە بمێنێتەوە، چونكە نانی ئەوان دەبڕدرێت ئەگەر جەهالەت نەمێنێ.

گوڵنار: هەموو میللەتانى دونیا و دراوسێكانیشمان ئایین یا مەزهەب دەكەنە كەرەستەى سەرەكی بەرەوپێشچوونی خۆیان، تەنانەت قەوارەى زایۆنی و وڵاتانى مەسیحیش بە بێ گەڕانەوە بۆ بڕیار و ڕاسپاردەى پاپا و ڕاهیبەكان ناتوانن بڕیاری چارەنووس بدەن، تەنها میللەتێك كە هیچ ئەرزشێك بۆ ئایین دانانێت و ناتوانێت ئایین بكاتە بنەماى چارەسەرى كێشە و گرفتەكانى كوردستانە، بۆچی؟

عەبدوڵڵا عەباس: منیش تەواو هاوڕام لەسەر ئەو قسەیەى جەنابت، من دیراسەیەكی زۆر قووڵم هەیە لەسەر ئەوە و لە ڕۆژنامەى (زەمان) بڵاوبووەتەوە بە زمانى عەرەبی، بە ناوى (صراع بین الدین و الدنیا الى یوم الآخر). من بۆچوونم وایە ئەمریكا بە ئاراستەى ئایینی مەسیحییەتی پارێزكار دەجووڵێتەوە و مەسیحییەتی پارێزكار ئاراستەكار و ڕێنوماییكارى هەموو كارەكانییەتی. وە ئەمریكا سوورە لەسەر ئەوەى كە ململانێیەكەى لەگەڵ ئیسلامدا بگەیەنێتە لووتكە بە ناوى مەسیحییەتەوە. وە ئەو هەموو كارانەى بە ناوى شارستانییەت و كرانەوەوە دەیكا، دوو مەبەستی هەیە، مەبەستی ناوخۆیی، وە مەبەستی خەڵەتاندنی ئێمەى جاهیلەكانمان! ئەگەر سەرنج بدەیتە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، شتێك لەو ئاسمانە بەر دەبێتەوە، هێندە جاهیلین یەكسەر دەڵێین: وەڵا خەتاى ئیسلامە. بۆ مەگەر موسڵمانەكان بە شمشێر مالیزیا و ئەو وڵاتانەیان داگیر نەكرد؟ ئەمە قسەى ئەوانە. ئەى هیچ جەنگێك هەیە كە بە شمشێر نەبووبێت؟ خۆ تەنها موسڵمانەكان نەبوون بە شمشێر فتوحاتیان كردووە، ئەى هیتلەر بە چەپكەگوڵ چوو ئەورووپا داگیر بكات؟ هەموو داگیركەرێك وابووە، دواى ئەوە ئیسلام داگیركەر نەبووە، چونكە ئیسلام پەیامە، بەڵام زۆرجار حاكمەكانى داگیركەر بوون. من ئێستا بە نیازم شتێك بنووسم كە ئایا تاوان هی ئیسلامە یا هی ئیسلامییەكانە؟ ئایا كێشەكە ئایینی ئیسلام و پەیامەكەیەتی یا شوێنكەوتووەكانى؟ ئەگەر جەنابت سەرنج بدەى یەكێك لە ئاراستەكانى ئیسلام ئەوەیە كە پیاوى ئایینی نییە لە ئیسلامدا، بەڵكە موعاویەى كوڕی ئەبوسوفیان دروستیكردن بۆ بەرژەوەندی خۆى و فەتواى پێدەدان. سەرمەزهەبەكان لە ئیسلامدا بە قووتی خۆیان دەژیان، نەك ئەوەى بڵێن ئێمە پیاوى ئایینین و دەبێ لەسەر حسابی موسڵمانان بژین. ئەگەر لە ئیسلامدا پیاوانى دینی هەبوونایە، دەبووایە سەرمەزهەبەكان سەرۆك عەشیرەتی پیاوە دینییەكان بوونایە. ئەى بۆ نەچوون لە تەكیە و خانەقا دانیشن و زیكر بە خەڵك بكەن؟ بەڵكە ئەوانە بە ڕۆژ كەسابەتیان دەكرد و بە شەویش لە حوجرەى خۆى دادەنیشت و خەڵكی ئاراستە دەكرد. بۆیە ئەوە بیدعەیەك بوو موعاویە دروستیكرد، وە ئەگەر موعاویە ئەوەى دروست نەكردایە، ئەوساش ئیسماعیلی سەفەوی دروست نەدەبوو. دروستبوونی شا ئیسماعیلی سەفەوی كاردانەوە بوو دژی بڕیارەكەى موعاویە. نوكتەیەكی زۆر خۆش هەیە دەڵێ: لە جنووب دوو عەشیرەتی سوننە و شیعە لێیان دەبێت بە شەڕ، تەنانەت دەگاتە یەكتركوشتن و چەندە موحاوەلە دەكەن بە ڕیشسپییەكانیشیان حەلی بكەن ناكرێت. دەڵێن عاقڵێكمان هەیە و چووەتە بەغدا با بچین بە دوایدا بەشكو ئەو سوڵحمان بكات، ئەچن بۆلاى و پێیدەڵێن، ئەویش دەڵێ بڕۆنەوە تا من دەگەمە جێ، چادرێكی گەورە هەڵبدەن شیعەكان لەمبەر و سوننەكان لەوبەر دابنیشن، ئەویش دەگاتە جێ و پێش ئەوەى بچێتە ژوورەوە پێڵاوەكانی دەتەكێنێ و دەیخاتە بنباڵییەوە، ئەویش دەچێت لە سەرى سەرەوەی چادرەكە دادەنیشێت و پێڵاوەكانى لە بەردەم خۆیدا دادەنێت، یەكێك لە سەرۆكعەشیرەكان لێی دەپرسێت: قوربان بۆچی وا دەكەیت، خۆ ئێمە فەرشمان ڕانەخستووە و ئەرزەكە خۆڵە؟ ئەویش دەڵێت: ئاخر ئێوە نازانن، چونكە لە سەردەمی پێغەمبەردا ئاشتەوایی نێوان شیعە و سوننەیان وا دەكرد! ئەوانیش دەڵێن: باشە لە سەردەمی پێغەمبەردا كەى سوننە و شیعە هەبووە؟ ئەویش دەڵێ: دەى باشە سەگبابینە كە لە سەردەمی ئەودا شیعە و سوننە نەبووە، ئیتر ئەمە چییە ئێوە داتانهێناوە؟! بەو قسەیە كێشەكەى بۆ چارەسەر كردبوون. جا ئێستا هەندێكی تر پەیدابوون دەڵێن: نابێ ئایین تەداخول لە سیاسەتدا بكات. دەى تۆ بڕۆ دەستوورى ئەمریكا بخوێنەرەوە، لەسەر بنەماى ئایینی مەسیحییەت دامەزراوە، ئایینی مەسیحی توندڕەوەكانیش. ئایین خۆى عەدالەتە، تۆ ئەگەر حاكمەكەت عادل بێت ئیتر چ پێویست دەكا نوێژ دەكا یا نا؟


گوڵنار: ئەوەى كە ئێمە شانازی پێوە دەكەین وەك كورد بەرهەمی حوجرە و خانەقاكانمانە، لە ڕووی شۆڕش و خەباتەوە هەر كەسایەتییە ئایینییەكانن، لە ڕووی ئەدەبییات و شیعرەوە، لە ڕووی زمان و فەرهەنگەوە، ئیسلام لەوە زیاتر دەتوانێ چی بۆ كورد بكات، لە كاتێكدا ئەو تەوەجوهاتەى كە بۆ تورك و فارسی هەبووە هەر ئەوەش بووە كە بۆ كوردى هەبووە؟


عەبدوڵڵا عەبباس: هەموو ڕووناكییەكی كورد لە تەكیە و خانەقاكان و مزگەوتەوە هەڵكراوە، ماوەیەك پێش ئێستا یەكێك لە ڕۆشنبیرەكانى كورد هێرشێكی كردە سەر ئایین و پیاوانى ئایینی، وە مەلاكانیش فەتوایان دژ دەركرد، نوكتەكانى عەلائەدین سەججادیان لە ڕشتەى مرواریدا كرد بە بەڵگە، وە پێیان وابوو كوفر حەرام نییە، ئەوە نییە عەلائەدین سەججادی لە ڕشتەى مرواریدا سەدان نوكتە لەسەر ئایین دەگێڕێتەوە، لە كاتێكدا عەلائەدین سەججادی مرۆڤێكى باوەڕدار بووە، بەڵام ئەوە ڕواڵەتی ژیانى ماددی مرۆڤە، كاتێك تۆ دادەنیشی بە جۆرێك لە جۆرەكان نوكتەیەك دەگێڕیتەوە لە بارەى ئایینەوە ئەوە گاڵتەكردن نییە بە ئایین، چونكە ئایین ئاراستەى ئەخلاقییە لە بەیانییەوە كە هەڵدەستی تا كاتی خەوتنت. دواى ئەوە ئەو وڵاتە عەرەبییانەى تر كە گەیشتوونەتە كەشكەڵانی فەلەك لە ئابوورى و بوارەكانى تردا، زۆربەى زاناكانى ئەورووپا موسڵمانن، ئەوانەى كە ئەم شارستانییەتەى ئەورووپا برەو پێدەدەن، دیراسەیان بكە زۆربەیان موسڵمانن، پێشەنگەكەیان كە بیر و بیردۆزەكەى هێناوەتە كایەوە موسڵمان بووە، بەڵام هاتوون ئەمەیان كردووە بە بەڵگە بەسەرمانەوە، چونكە نە ڕابەرێكمان هەبووە ئایینەكە بە ڕاستەقینە بگرێ، نە ڕابەرێكمان هەبووە كە فیكرى سەرزەوی بە ڕاستگۆیی بگرێ. وە بەردەوام هانی مانەوەى ڕێگە جەهالەتەكە دراوە، وە بیانووەكە دەخەنە ئەستۆى ئایین. ئەگەرنا ئایین ڕۆڵێكی زۆر جوانى گێڕاوە، بەڵام ناهێڵن، تەنانەت ئێستاش بۆیان بكرێ ئەو سەروەرییەى زانایانى كورد دەشارنەوە و ناهێڵن جیلی نوێ سوودی لێ ببینێت.


گوڵنار: ئایا شۆڕشی ئەیلول نەبووە هۆى لابردنی ئەو ماددەیە؟
عەبدوڵڵا عەباس: نەخێر، حكومەتی عێراقی پێش ئەوەى كە كورد هیچ شتێكی خراپ بكات بەرامبەرى، نكوڵی لە مافەكان دەكرد، مۆڵەتی كاركردنی بە حیزبەكان دا و پارتیش یەكێك بوو لە حیزبەكان، هەوڵیان دا كە دەست بكرێ بە جێبەجێكردنی، لە جیاتى ئەوەى بێن دەستوورى جێبەجێ بكەن، هاتن ڕۆژنامەى خەباتیان داخست، هەوڵیان دا سەركردەكانى پارتی كە لە بەغدا بوون دەستگیر بكەن، ئەوە بوو مەلا موستەفا بەغداى بەجێهێشت، وە نەتەوەییەكان هانی عەبدولكەریم قاسمیان دا كە دژی كوردستان بجووڵێت، سوپایەكی زۆرى ڕژاندە ناوچەكانى كوردستانەوە، بەیانیان بەسەر ئاسمانى شارى سلێمانى و شارەكانى ترى كوردستانەوە فڕۆكە دەسووڕایەوە، ئەم وەزعە، ئەو دەرەبەگانەى كە چاكسازی كشتوكاڵییەكە زیانى پێگەیاندبوون، دەیانگوت عەبدولكەریم قاسم لە ماددەى سێیەمى دەستوور پەشیمان بووەتەوە و بەو هۆیەشەوە توندڕەوە كوردەكانیان هان دا و ئەوانیش چەكیان هەڵگرت دژی حكومەت، تەنانەت شایەدحاڵ هەیە كە مەلا موستەفا لەگەڵ خێرا هەڵگرتنی چەكدا نەبووە، وە باوەڕى وا بووە كە پێویستە فشار بخرێتە سەر حكومەت، لەوانەشە حكومەت بەدەمەوەهاتنی هەبێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددەیەى دەستوور. بۆیە من قەناعەتم وایە شۆڕشی ئەیلول بەسەرماندا سەپێنرا و بە ویستی خۆمان نەبوو، بە بێ ئەوەى حسابمان بۆ كردبێت.


گوڵنار: باسی شۆڕشی ئەیلول بكەین لە 1961، ئایا هۆكار تەنها ئەوە بوو كە مەلا موستەفا دواى خواستی كۆمەڵێك ئاغاى زەرەرپێكەوتووى چاكسازى كشتوكاڵی كەوت، یا بۆچی ئەم شۆڕشە كرا؟

عەبدوڵڵا عەباس: حكومەتی عێراق كە ئەو هەڵوێستەى نواند و پاشگەز بووەوە لە جێبەجێكردنی ماددەى سێیەمی دەستوور، ئەو گۆڕانەى لە ڕووخانى ڕژێمی پاشایەتی لە عێراق، تەنها ئەو كێشانەى دروست نەكرد بۆ ناوخۆی عێراق و نكوڵیكردن لە بەیانەكەى خۆشیان، بەڵكو زیانێكى گەورەى دا لە هێزى هاوپەیمانانى غەربی لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وە ئێران و توركیا دەرچوون لە پەیمانى بەغدا، وە ئەو لێشاوە شیوعییەى كە شەقامی عێراقی داگیر كردبوو، ڕۆژئاوا تەسەورى ئەوەى كرد كە ئیتر تەواو عێراق چووە باوەشی یەكێتی سۆڤییەتەوە، وە ئێران ترسی ئەو مەدە شیوعییەى هەڵگرت، سەرەڕاى داننان بە ماددەى سێیەمی دەستوور، وە توركیاش هەمان ترسی هەبوو، نكوڵیكردنەكەى عەبدولكەریم قاسم بوو بە فرسەتێكى باش بۆ تووڕەبوونی كورد، وە تووڕەبوونەكەش دروست بوو، وە كورد دەبووایە هەڵوێستی هەبووایە، بەڵام مەوقیفە دروستەكەى كورد خێرا چەكهەڵگرتن نەبوو، كە فەترەكە درێژەى كێشا، ئەو لایەنانە، ئێران و توركیا، وە پەیمانى بەغدا كە گۆڕا بە پەیمانى سەنتۆ، وە هەڵچوونی دەرەبەگەكان لە كوردستان، وە حەماسی نەتەوەییەكانى كورد بەرامبەر بە جێبەجێنەكردنی ئەو ماددەیە و لە ئەگەرى جێبەجێنەكردنیشی دەبێ بە چەك جێبەجێبكرێ، پشتیوانى ئەو ئاراستەیە كرا لەلایەن دەستی دەرەكییەوە كە ئێران بوو، وە مەبدەئێك هەیە: ئەوەى بە هەڵە دەستیپێكرد بە هەڵە تەواو دەبێت. مادەم بژاردەى ڕووبەڕووبوونەوەكەى حكومەت بە چەكهەڵگرتن لە سوودی زاتییەتی تاكى كورد نەبوو، وە بە بەڵێنی ئەوە بوو كە ئەوان یارمەتیمان دەدەن، بە یارمەتی ئەوان دەستیپێكرد و بەوەش كۆتایی هات كە ئەوان یارمەتییەكەى خۆیانیان كێشایەوە و ئێمەش ئاشبەتاڵمان لێكرد. وە جارى دووەمیش كە حكومەتی عێراق ئەو هەموو توندوتیژییەى بەكارهێنا دژی كورد و كێشەكەى زیاتر خەستكردەوە، هەموومانى بەم ڕۆژە گەیاند.


گوڵنار: لە بارەى جیابوونەوەى باڵی مەكتەبی سیاسیی (جەلالیی) لە پارتی دیموكراتی كوردستان (مەلایی) چی دەڵێن؟

عەبدوڵڵا عەباس: تاقمی بەكرەجۆ و جاشەكانى شەستوشەش ئەوانە چەمك و موستەلەحاتی سیاسیین و لە كینە و بوغزەوە سەرچاوەیان گرتووە، شتێكی ئاساییە لە ژیانى میللەتانى سەرزەوییدا، بزووتنەوە سیاسیی و نیشتمانییەكانى ترى گەلانی دەورووبەر ئەوانەیان هەبووە و دووبەرەكیان تێكەوتووە و چەندجار حیزبی شیوعی چین دووبەرەكی تێكەوتووە، میللەتی كوردیش وەك باقی میللەتانى تر، بە تایبەت میللەتانى ترى ڕۆژهەڵات. وە ئەو جووڵانەوە سیاسییانەش كە لە ناو كورددا دروستبووە. بە چاوپۆشییم لە ناوهێنان، دەڵێم ئەو كارەستانەى كە لە جووڵانەوەى كورددا ڕووی دا، برینێكە تاكو ئێستاش خوێنی لێدەچۆڕێ و ئێمە باجەكەى دەدەین. وە دەبووایە ڕووی نەدایە، وە ڕێگەچارە زۆربوون بۆ ئەوەى كە ڕوو نەدا، وە من لە یاداشتەكانمدا بەسەرهاتی شایەدحاڵێكم گێڕاوەتەوە كە عەبدوڵڵا ئیسماعیلە ناسراو بە مەلا ماتۆڕ، كە یەكێك بووە لەوانەى كە هەوڵێكی زۆرى داوە كە ئەو كارەساتە ڕوو نەدا و خۆیشی پێشنیارێكى كردووە بۆ ئەوەى لەو كێشەیەى كە بووە ڕزگاریان بێت، بەڵام من دەڵێم ڕوودانەكەى ئاسایی بوو ئەگەر بژاردەى توندوتیژیان بەرامبەر بە یەكتر هەڵنەبژاردایە. چونكە كە كارەساتەكە ڕووی دا هەردوولا چەكیان بە دەستەوە بوو، وە هێشتا لەژێر كاریگەرى یارمەتی و فشارى دەرەكییدا ڕزگارمان نەبووبوو، لەبەر ئەوە هەردوو لایەنەكە دەبووایە بۆ خاڵی هاوبەش بگەڕانایە، ئەوەى كە دەیانەویست بە فیكرى خۆیان جێبەجێی بكەن. بە هەرحاڵ من بە پێی تێگەیشتنی خۆم لەگەڵ بۆچوون و ڕەئی مەكتەبی سیاسییدا بووم (باڵی جەلالی)، بەڵام ئەمەم لە بژاردەى فیكرییەوە كرد نەك لە پاڵنەرى سیاسیی و سەربازییەوە. وە ئەوەندەش لە خۆم ڕادەپەرمووم كە بژاردەكەم بژاردەیەكی دروست و ڕاستە. بەڵام زیانێكى زۆرمان دا لە خۆمان، پێش ئەوەى زیان بێت بۆ دەوڵەتەكانى دەوروبەر یا ئەوانەى كە دژی كورد بوون. وە واى لێهات كە تا ئێستاش ئەوانەى كە ناحەزن بە كورد، هێشتا لەو دەلاقەیەوە دێنە ژوورەوە. وە كاریگەریشی هەبوو لەسەر داهاتوو و بەردەوامی شۆڕشی ئەیلول.


گوڵنار: جەنابت لە یاداشتەكانتدا زۆر باس لە جەلالی میرزا كەریم و ڕەفیق چالاك دەكەیت، جەلالی میرزا كەریم كێ بوو؟ وە چ كەسایەتییەك بوو؟

عەبدوڵڵا عەباس: جەلالی میرزا كەریم (بە ڕەحمەت بێت) یەكێك بوو لە شاعیرە هەرە گەورەكانى ئەو قۆناغەى كورد كە تێیدا دەژیا، وە ڕۆشنبیرێكى چەپ بوو، ئەندامى حیزبی شیوعی بوو، وە من لە سلێمانى ناسیم ئەو كاتەى كە سەرنووسەرى ڕۆژنامەى (هیواى كوردستان) بوو، كە ڕۆژنامەى یەكێتی قوتابیانى عێراقی بوو، لە چوارتاوە شیعرێكم نارد كە بۆم بڵاو بكەنەوە بە ناونیشانى (قوتابی كورد)، جەلالی میرزا كەریم لەو ڕۆژنامەیە بۆى بڵاو كردمەوە و كە هاتم بۆ سلێمانى، چووم بۆ بارەگاكەیان و لەوێ بینیم، ئیتر یەكمان نەبینییەوە هەتا من چووم بۆ ڕادیۆى كوردى بەغدا، لە ڕادیۆى كوردى بەغدا ئەویش هات و داواى كرد كە ببێتە وەرگێڕ لەو ڕادیۆیە، لەوێ یەكمان گرتەوە تا ساڵی 1970، كە ڕۆژنامەى (هاوكاری)یش دەرچوو دیسان لەوێش یەكمان گرتەوە و پێكەوە كارمان دەكرد، ئەو بەرپرسیاى لاپەڕەى ئەدەب و ڕۆشنبیرى بوو، منیش سەرپەرشتی كۆتا لاپەڕەى ڕۆژنامەكەم دەكرد، وە تا 1974 پێكەوە چووینە شاخ، وە لە ڕاگەیاندنی شاخیش هەر پێكەوە كارمان دەكرد، كە نسكۆى شۆڕش بوو ئەوان لە ئێرانەوە پەڕینەوە و چوونە دەرەوە، من لەوانە بووم كە گەڕانەوە بۆ بەغدا و بۆ سەر ئیشەكەیان، وە هیچكاتیش حەزم بە چوونە دەرەوەى وڵات نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا خێزان و مناڵەكانم لە بەغدا بوون.

گوڵنار: ئەزموونت لەگەڵ گۆرانى شاعیردا چۆن بوو؟ ئایا گۆرانت لە نزیكەوە بینی؟

عەبدوڵڵا عەبباس: من یەكجار گۆرانم بینی لە ماڵەوە نەخۆش بوو لە گەڕەكی ئیسكانى سلێمانی، ئێوارەیەكیان لە كۆمەڵەى هونەرە جوانەكان بووم، ڕەفیق چالاك و نوورى دەشتی و كۆمەڵێك كەسی تر بە نیازبوون بچن سەردانى گۆرانى شاعیر بكەن، منیش چووم دەستی مامۆستا ڕەفیق چالاكم گرت و گوتم: مامۆستا هیچ ڕێگرییەك هەیە كە منیش بێم؟ گوتی: نەخێر، وەرە. منیش چووم لەگەڵیان و بینیم گۆرانى شاعیر لە جێگەدا خەوتبوو، نزیكەى سەعاتێك تا سەعاتونیوێك لە لاى دانیشتین، زۆر باسی ئەدەبیی و باسی نەخۆشییەكەى كرا، پاش ئەو سەردانەى ئێمە بە هەفتەیەك كۆچی دوایی كرد. بە بیرمە لەگەڵ جەنازەكەیدا چووم بۆ سەرقەبران، وە هەرسێ ڕۆژی تەعزییەكەى چووم.


گوڵنار: لە باسی گۆراندا پێمخۆشە باس لەوە بكەین كە كامەران موكری شیعرەكانى بۆ مەرام و بەرژەوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان بەكاردەهێنرێن و گۆرانیش لە لایەن شیوعییەكانەوە، وە ئەوەش بووەتە هۆى زیادكردنی ململانێی نێوان شیوعییەكان و پارتییەكان، ئەمە بۆچی؟

عەبدوڵڵا عەبباس: لایەنە سیاسییەكان ویستوویانە ئەوانەى كە ڕۆشنبیرن لەگەڵیان بن، وە بیانكەن بە ڕوویەكی دیار لەو ململانێیەى كە لە نێوانیاندایە، وە من لە پاداشتەكانمدا گۆران و كامەران موكریم بە نموونە هێناوەتەوە. دكتۆر كامیل بەسیر (بە ڕەحمەت بێت) وا باسی كامەرانی دەكرد كە قەومیی و پاڵپشتی كوردە، تەنانەت لەو كاتانەشدا كە شیعر بۆ گەلانی تر دەڵێ، بەڵام گۆران لەبەر ئەوەى شیوعییە، كە سروود بۆ مۆسكۆ دەڵێت وەكو ڕووسێك قسە دەكات و كوردبوونی پێوە دیار نییە، بۆ زانینیشتان ئەو كەسەى كە شیعرى گۆران دەخوێنێتەوە، لە زۆر قەسیدەیدا لە كامەران زۆر نەتەوەییترە! لایەنە سیاسییەكان ئەم كەسایەتییانەیان دەكردە واجیهە بۆ كاریگەری دانان لەسەر خەڵك، بە گوێی خۆم گوێم لێدەبوو قسەى زۆر ناشیرینیان بە گۆران دەگوت لەبەر ئەوەى كە شیوعییە و دەیانگوت كوردایەتی ناكا، لە كاتێكدا ئێمە زمانى كوردایەتی لە گۆرانەوە فێربووین. كامەرانیش بە هەمانشێوە، بەڵام پاشتر كۆمەڵێك قەهرى سیاسیی وایكرد كە كامەران واز لە هەندێ لە هەڵوێستە سیاسییەكانى بهێنێت.

 

author photo
گروپی گوڵنار، ده‌سته‌یه‌ك گه‌نجی خوێنده‌وارو ڕۆژنامه‌نووسن‌و هه‌رجاره‌و دیدار له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی، یان ڕۆشنبیری ئەنجام دەدەن.