مستەفا كازمی... براوەی دەرەوە و دۆڕاوی ناوەوە

مستەفا كازمی... براوەی دەرەوە و دۆڕاوی ناوەوە

438 خوێندراوەتەوە

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، دوای ململانێیەكی زۆری ناوخۆیی و توڕەیی شەقام و شكستخواردنی دوو كەسی دیكە لە پێكهێنانی حكومەت، لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ بە دەنگی 255 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆی 329 ئەندام متمانەی بەدەستهێنا و لە دۆخێكی قورسی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی حكومەتەكەی پێكهێنا، هەر زوو لەسەر ئاستی دەرەوە پیرۆزبایی لێكرا، لەسەر ئاستی ناوخۆیش هەندێك لایەن بەناچاری گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵكرد و هەندێك لایەنیش بەئاشكرا دژایەتیان كرد و ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان ڕاگەیاند.


دوای زیاتر لە حەوت مانگ مستەفا كازمی لەسەر ئاستی دەرەوە پێشوازی گەرمی لێدەكرا،بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆیی ڕووبەڕوی لەمپەر و كێشەی گەورەی ئابوری و سیاسی و ئەمنی و تەندروستی بۆتەوە، كە بۆتە هەرەشەیەكی گەورە لەسەر داهاتووی خۆی و حكومەتەكەی، چونكە نەیتوانیوە خۆی لە لێكەوتە سیاسی و ناكۆكیی لایەنەكان ڕزگار بكات، هەروەها قەیرانی ئابوری و تەندروستی كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە سەری هەڵداوە، كازمی لەبەرامبەریدا دەستەوەستانە.


لێرەدا بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوخۆ دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین لەسەر چ ئاستێك سەركەوتنی بەدەستهێناوە و لەچ ئاستێكیشدا توشی كێشە و لەمپەر و شكست بۆتەوە.


یەكەم: لەسەر ئاستی دەرەوە:
كازمی لەسەر ئاستی دەرەوە، هەنگاوی باشی ناوە و توانیویەتی وڵاتە ناكۆكەكان لەسەر حكومەتەكەی كۆك بكات، بۆ ئەمەش سەردانی بۆ وڵاتانی كەنداو و ئێران و توركیا و ئەمریكا ئەنجامداوە، جۆرێك لە هاوسەنگی لە نێوان ئەو وڵاتانەدا دروست كردووە، كە هەوڵ دەدەن هەژمونی زیاتری خۆیان بەسەر عیراقدا بسەپێنن.


عیراق و ئێران:
كازمی هەوڵێكی زۆر دەدات، كە ناكۆكیەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئێران كەم بكاتەوە، كە بەهۆی ناكۆكی ئێران و ئەمریكا لە خاكی عیراقدا سەری هەڵداوە، كازمی لەسەردانەكەیدا بۆ ئێران لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاند كە" ڕێگا نادەن لە خاكی عیراقەوە هیچ هەڕەشەیەك لە ئێران بكرێت"،ئاماژەی بەوەش كرد كە نایەنەوێت عیراق ببێتە مەیدانی جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران.
كازمی هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا ویستی خۆی بۆ پەیوەندی پتەو لەگەڵ ئێران نیشاندا و وتی:" گەلی عیراق پەیوەندیەكی باشی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دەوێت، كە لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان لەكاروباری نێوان هەردوو وڵات بێت".


كازمی لێرەدا كارێكی قورسی هاتە بەردەم، كە دەیەوێت هاوسەنگی لەنێوان ئەمریكا و ئێران لە عیراق دروست بكات، تا رادەیەكیش لەم كارەیدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە، لەلایەك هەژمونی ئێران كەم بۆتەوە و لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی فشاری لایەنەكان، ئەمریكا جۆرێك لە نەرمی نواندووە.


مستەفا كازمی توانی ئێرانیەكان رازی بكات، كە دەستوەردانیان لە عیراق كەمبكەنەوە، هەربۆیە عەلی خامەنەئیی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ كازمیدا بەئاشكرا رایگەیاند كە ئێران دەستوەردان لەپەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و عیراق ناكات.


سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ هاوسەنگی هێز لە ناوچەكە، نیازی هەبوو پێشتر سەردانی سعودیەش بكات،ئەو وڵاتەی كە ناكۆكی زۆری لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام بەهۆی نەخۆشكەوتنی شا سەلمان، سەردانەكە لە كاتی خۆیدا ئەنجام نەدرا.


بەهۆی ناكۆكی ریاز و تاران كە یەكەمیان هاوپەیمانی ئەمریكایە و دووەمیشیان دژ و ناكۆك، ناوچەكە لە دۆخێكی ناسەقامگیردایە، هەردوو وڵاتیش دەیانەوێت نفوزی خۆیان لەناوچەكە فراوان بكەن، كازمی لە پەیوەندی نێوان عیراق و ئەو دوو وڵاتە هەنگاوی باشی ناوە و پشتگیری هەردوو لای بەدەستهێناوە، كە ئەمەش سەركەوتنێكی چاوەڕوان نەكراو بوو.


پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو:
سعودیە لەگەڵ وەفدی عیراقی بەسەرۆكایەتی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی چەندین ڕێكەوتنی وەبەرهێنان و وزەی ئیمزا كردووە،هەروەها هەردوو وڵاتیش ڕێك كەوتوون، كە لەسەر ئاڵانگارییە هەرێمیەكان هاوكارو پاڵپشتی یەكدی بن، هەروەها لێكتێگەیشتنیشیان لەسەر ڕوبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئیمزا كردووە و سعودیە هاوكاری پزیشكی پێشكەشی عیراق دەكات، هەروەها دەروازەی سنوری عەرعەر لە نێوان هەردوو وڵات بە فەرمی كرایەوە، كە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گواستنەوە دەگەیەنێتە ئاستێكی زۆر بەرز، ئەمە جگە لەوەی سعودیە لەرووی وەبەرهێنان و وزەوە لەسەروی هەمویانەوە بەستنەوەی وزەی كارەبای عیراق بە كەنداوەوە، دەیەوێت هاوكاری عیراق بكات، هەموو ئەم كارانە بەهۆی كارەكانی حكومەتی كازمیەوە هاتۆتەپێش.


لەگەڵ توركیا:
عیراق و توركیا چەندین كێشە لە نێوانیاندا هەیە، كە گرنگترینیان بوونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە خاكی عیراق و بەشە ئاوی عیراقە، لەدواین سەردانیدا بۆ ئەنكەرە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق چاوی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا كەوت و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا باسیان لە تەوەری كۆبوونەوەكە كرد، كە خاڵی زۆر باشی بۆ عیراق تێدابوو،لەوانە ڕێك كەوتن لەسەر بەشە ئاوی عیراق و هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان هەردوو وڵات و زیادكردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ 20 ملیار دۆلاری ئەمریكی، ئەمە جگە لەوەی لەسەر پەرەپێدانی وزە و لایەنی ئەمنی لێكتێگەیشتنی باش هاتە ئاراوە.


لەگەڵ ئەمریكادا:
مستەفا كازمی لەناوەڕاستی مانگی ئابدا سەردانی واشنتنی كرد ، كۆشكی سپی،پێشوازیەكی گەرم و جیاوازی لێكرد، كە لەسەرۆك وەزیرانەكانی پێشووتری نەكردبوو،كازمی لەو سەردانەیدا چاوی بە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كەوت و چەندین پرسی گرنگی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ كرد، كە گرنگترینیان كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و بەردەوامی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتن و بەغدا لە هەموو بارودۆخەكاندا،هەروەها ڕووبەڕووبونەوەی هەژمونی ئێران و گروپە چەكدارەكان و جەنگی دژی داعش و كۆمەڵێك تەوەری هەرێمی و نێودەوڵەتی تەوەری باسەكانی نێوان واشنتن و بەغداد بوو، كە دەكرێت هەموویان بە بەرهەمدار ناوزەند بكەین.


دووەم:كازمی دۆڕاوی ناوخۆییە:
سەردانەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بۆ دەرەوەی وڵات، زیاتر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و هاوسەنگی هێز و وەبەرهێنانە، بەڵام ئەم هەنگاوانەی تاكو ئێستا بەكردار كارێكی ئەوتۆی لە ناوخۆی عیراق نەكردووە، كە دۆخی ئابوری باش بكات و ناكۆكیە ناوخۆییەكان چارەسەر بكات، كە ئەم دوو هۆكارە سەرەكیە بووە هۆی كۆتایی هاتنی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی،بۆیە لەم ڕوانگەیەوە كازمی گرنگی بەناوخۆی وڵات بدات باشترە، نەك دەرەوە، ئەویش لەبەرچەند هۆكارێك:
1. حكومەتەكەی مستەفا كازمی كاتیە و بۆ ڕێكخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەكاتی خۆیدا پێكهێنراوە،ئەمەش دوور و نزیك پەیوەندی بە دەرەوە نیە.


2. پاڵپشتی دەرەكی پێویستی بە پاڵپشتی ناوخۆیی و سەقامگیریی هەیە، كە ئەمەش لە حكومەتەكەی كازمیدا بەدی ناكرێت.


3. ئەو هۆكارانەی بوونە هۆی كۆتایی هاتنی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی ناوخۆیی بوون و هێشتا چارەسەر نەكراون، وەك ناڕەزایی شەقام و بێ كاری و گەندەڵی.


4. لایەنی ئەمنی گەورەترین لەمپەر و كێشەی ناوخۆییە، كە كاریگەری كردۆتە سەر پەیوەندییە دەرەكیەكانیش، هێشتا چارەسەر نەكراوە، ناو بەناو گروپە چەكدارییەكان ناوچەی سەوز دەكەنە ئامانج.


5. كازمی خاوەن حزب و كوتلەی پەرلەمانی نیە، ئەمەش كێشەیەكی گەورەی بەردەمیەتی، بۆیە بە گرنگیدان بە كێشە ناوخۆییەكان دەتوانێت پاڵپشتی لایەنەكان بەدەستبهێنێت،چونكە گەر كێشە ناوخۆیەكانی چارەسەركرد، لایەنەكان گەر ویستی پشتگیریشیان نەبێت، بۆ ڕەزامەندی شەقام پاڵپشتی دەكەن،ئەم پاڵپشتیە دەبێتە هۆی پاڵپشتی دەرەكیش، هێشتا كازمی نەیتوانیوە ئەم كارەش بكات.


6. ناكۆكی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، كێشەیەكی ناوخۆیی عیراقە و كازمی گەر گرنگی پێنەدات، ئەوە نزیكە پاڵپشتی سەركردایەتی كورد لەدەستبدات،بۆیە گەر بتوانێت كێشە هەڵپەسێردراوەكان چارە بكات، گەرەنتی ناوخۆیی و دەرەكی بەدەستدەهێنێت.


7. سەرقاڵ بوونی كازمی بە سەردانە دەرەكیەكانی و خۆنمایش كردن، دەبێتە مایەی ئەوەی كە متمانەی هاوڵاتیان لەناوخۆی وڵات لەدەستبدات، ئەمەش سەرەتاكانی دەركەوتووە، لە بەسرە و زیقار و بەغداد ناوبەناو خۆپیشاندان لەدژی كارەكانی حكومەت ئەنجام دەدرێت، هەروەها دابەزاندنی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، ئەگەری خۆپیشاندانەكان فراوانتر دەكات، بۆیە گەر خۆپیشاندانەكان دەست پێبكەنەوە، نزیكە حكومەتەكەی مستەفا كازمی بەدەردی حكومەتی عەبدولمەهدی بچێت.

بەخوێندنەوەی ئەم خاڵانەی سەرەوە و حەوت مانگی كارەكانی مستەفا كازمی بۆمان دەردەكەوێت، كە سەرۆك وەزیران سوارچاكی دەرەوە و دۆراوی ناوخۆییە،هۆكارە ناوخۆییەكانیش مەترسی جدی لەسەر داهاتووی خۆی و حكومەتەكەی دروست دەكات، ئەگەر بێت و ڕێگا چارەی بەپەلەیان بۆ نەدۆزێتەوە.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی