...ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن

...ئەو چیرۆکانەی دەبێت بزانرێن

1114 خوێندراوەتەوە

محەمەد ئەمین پێنجوێنی

شۆرشی کوردو ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا، زوو زوو دەکەوتنە گفتوگۆکردن ( مفاوەزات) لەگەڵ یەکتریدا، ھەر کە ماندوو دەبوون و بەرەو بێھێزی دەچوون دانوستانێکیان پێکدەھێناو پشوویەکیان دەدا.


حکومەت ئەم ھەلەی بەکاردەھێناو دەکەوتنە کنەی شۆرش و کڕین و فرۆشتن، هەروەها ھەوڵدان بۆلێکترازاندنی ڕیزەکانی کورد و هەڵگیرساندنی شەڕی کورد بە کورد.


لە کاتی دانوستانەکانی (مستەفا بارزانی) لەگەڵ عبدولسلام عارفدا، پێشمەرگە و شۆرشگێرەکان ھاتنەوە ناو شارەکان، تا ڕادەیەک دەستیان لە کارو باری کارگێڕی و دۆسیەی تەناهی(ئەمنی) وەردەدا.!!


لە سلێمانی ھێزێک بە ناوی شۆرشەوە دادگەیەکیان لە گوندی (کانی ماسی) کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شارەوە دامەزراند و ناویان نا (دادگەی شۆرش).
کەوتنە دادگەیکردنی ئەو کەسانەی ئەوان حەزیان لێیان نەبوو، ئیتر ھەندێ بە کوشتن ،بە ئازاردان و بە سەرانە لێسەندن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردن، ئەمە جگە لەو ئافرەتانەی کە بە گومانی کارکردن لەگەل حوکوومەت دەیان بردن سوکایەتییان پێدەکرن و گوایە ناموسی کورد دەپارێزن.!!
ئەوانە قەسابخانەیەکیان دانابوو، بۆ ئازاردانی شیوعییەکان، جەلالییەکان و سەرانە سەندن لە دەوڵەمەندەکانی شار.


لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لە سلێمانی ٢٠ ئەندام و کادیری حیزبی شیوعیان تیرۆر کرد، کە کەسانی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری دیاری شارەکە بوون وەکو عبدولڕەحمانی ساڵحی خلە، مەلا عەلی، ڕەووفی حاجی قادر و چەند ھاولاتییەکی دڵسۆز و دیاری دیکە. کە ھەندێکیان لەبەر چاوی ماڵ و منداڵیان یان لەسەر کار و دوکانەکانیان دەیان کوشتیانن.


ئەوکاتە من لە ناو شار لە ڕێکخستنەکانی حیزبی شیوعی کارم دەکرد، هاوڕێ مەجید عەبدولرەزاق(مام قادر) یش بەرپرسی سلێمانی بوو، لەسەر پێکھاتنی شاندێک ڕێککەوتین کە بچین بۆ لای (کوێخا سمایلی تەلان) چونکە ئەو کاتە کوێخا سمایل وەکو نوێنەری بارزانی ناسرا بوو .ـ
شاندەکەمان بریتی بووین لە: مەجید عبدولڕەزاق، نوری قەرەچەتانی و بەندە.

لای کوێخا سمایل باسی ئەو ڕەوشە ناھەموارەی شارمان کرد، کە (کانی ماسی) دادگە نییە ،بەڵکو لە (قەسر نیھایە) خراپترە. داوامان لێکرد کە خۆی بچێت بۆ لای (مستەفا بارزانی) ئەم ڕەوشەی تێبگەیەنێت وھەندێ بەڵگە و زانیارییشمان پێدا. پاش چەند ڕۆژێک گەڕایەوە، ڕاگەیێندراوێکی بە واژۆی بارزانی ھێنابوو، تیایدا هاتبوو: ئەو کەسانەی دەستیان لەو خراپکارییەدا ھەیە لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکراون و لیژنەیەکیان بۆ لێکۆلێنەوە دروست کردووە و بەم نزیکانە دەگەنە سلێمانی. پاشان دەرکەوت هەر لە بنەڕەتەوە ئەم دادگەیە و ئەو کارانەی دەیکەن بە فیتی ئیستیخباراتی عێراقی ( کەریم حەمدانی) وە ساواکی ئێرانی ( خ.ب ) دروستکراوە و کەسانێکی نەشارەزا لە کارداو شارەزا بە ناوی کوردایەتیەوە بە ڕێوەی دەبەن.

١- زۆربەی ئەوژنانە بە فەرمانی دادگای کانی ماسی لە ناو شاردا تیرۆر دەکران
٢- بە فەرمانی ئەم دادگایە ئەورەحمانی ساڵحی خلە حوکوم درا بە سوتاندن.