ئەڵمانیا دوای مێرکڵ

ئەڵمانیا دوای مێرکڵ

785 خوێندراوەتەوە

وشەیەک لە ئەڵمانییدا هەیە پێیدەگوترێت: «Sonderweg» (بە حەرفیی واتا: ڕێگا یان ڕێچکەی تایبەت، یاخود ڕێچکەی تایبەتی ئەڵمانیا)، تیۆرەیەک بوو لە مێژوونووسیی ئەڵمانییدا دەیگوت وڵاتانی ئەڵمانییزمان یاخود وڵاتی ئەڵمانیا دەبێت ڕەوتێک بگرێتە بەر کە لە ئەریستۆکراتییەوە بۆ دیموکراسیی بڕوات، نەک بەشێوەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا. ئەم ڕێگا بڕینە نابێت لە هیچ یەکێک لە ڕووداوە ئەوروپییەکان بچێت، چونکە ئەڵمانیا خەسڵەتێکی تایبەتی هەیە و دەبێت بەو پێیەش بڕواتە پێشەوە.


ئەڵمانیای نازیی لە ئازاری ١٩٣٩دا چیکۆسلۆڤاکیا داگیردەکات و لە سێپتێمبەری ١٩٣٩یشدا پۆڵەندا دەگرێت (داگیرکردنی پۆڵەندا فەڕەنسا و بریتانیا کێشی ناو جەنگی دووەمی جیهان دەکات) شێوازێک بوو لە بانگەشەکردن بۆ ڕوونکردنەوەی «ڕێگای تایبەت»ی ئەڵمانیی (بەشێکی زۆری چیکۆسلۆڤاکیا و پۆڵەندا بە ئەڵمانیی دەدوان). لە ١٩٤٠دا، سباستیان هافنەر، پەنابەرێکی ئەڵمانیی کە لە بریتانیا دەژیا، کتێبی جەیکل و هایدی بڵاودەکاتەوە، تیایدا دەڵێت ئەوە هیتلەر بەتەنها خۆی بوو، بەهۆی هێزی کەسایەتیی تایبەتی خۆیەوە، ئەڵمانیای نازیی بەدیهێنا. لە ١٩٤١دا، ڕۆبەرت ڤانسیتارتی دیپلۆماتی بریتانیی کتێبی: «تۆماری ڕەش: ئەڵمانەکان لە ڕابردوو و لەئێستادا» بڵاودەکاتەوە، کە بەم گوێرەیە نازیزم تەنها دوایین دەرکەوتەی ئەو شتەیە کە خەسڵەتی هەم پێشکەوتوخواز و هەم دڕندەی ئەڵمانیی دەردەخات.

زیگفرید کراکاوەر، پەنابەرێکی دیکەی جولەکەی ئەڵمانیی، لە ساڵی ١٩٤٧ کتێبی «لە کالیگارییەوە بۆ هیتلەر: مێژووی سایکۆلۆژیی فیلمی ئەڵمانیی» لە ئەمریکا بە زمانی ئینگلیزیی بڵاودەکاتەوە و تیایدا ناڕاستەوخۆ شوێنپێی «ڕێگای تایبەتی ئەڵمانیی» لە فیلمەکانی کۆماری ڤایماردا هەڵدەگرێتەوە کە ڕێگایان بۆ ئەڵمانەکان خۆشکرد بچنە پاڵ هیتلەوە. و دەیان بۆچوون و کتێبی دیکە لەسەر ئەم پرسە هەن.


ئەوەی بابەتی ئەم نووسینەیە چەمکێکی لەیەکچوو و هاوشێوە بەم دواییانە سەریهەڵداوە پێیدەگوترێت «Söderweg» «زۆیدە ڤێگ» (یان ڕێگای زۆیدە) نزیک لە «زۆندە ڤێگ». ئەم وشەیە لێکدراوی «Söder» پاشناوی «مارکوس زۆیدە» (Markus Söder) و «Weg» (ڕێگا)یە. مارکوس زۆیدە سەرۆکی هەرێمی دەوڵەمەندی باڤاریا و ڕابەری پارتی «یەکێتیی کۆمەڵایەتیی مەسیحیی»، دەستەخوشکی پارتەکەی مێرکڵ «یەکێتیی دیموکراتیی مەسیحیی»یە، پارتەکەی زۆیدە تەنها لە هەرێمی باڤاریا هەیە، بە پێچەوانەی پارتەکەی مێرکڵەوە، لە هەموو ئەڵمانیا هەیە، تەنها لە باڤاریا نەبێت. ڕێککەوتنێکی موقەدەس لەنێویاندا لەدوای جەنگەوە دروستبووە، نە پارتەکەی مێرکڵ خۆی لە باڤاریا تاقیدەکاتەوە، نە پارتەکەی زۆیدەش لە هیچ یەکێک لە پانزە هەرێمەکەی دیکە خۆی هەڵدەبژێرێت، بەڵام ئەم دوو پارتە جگە لە هەڵبژاردنی هەرێمەکان، بۆ هەڵبژاردنی فیدراڵ، لەدوای جەنگەوە بەیەک لیست دادەبەزن و پێیاندەگوترێت «ئونیۆن» (یەکێتیی). لەدوای جەنگەوە ئەم دوو پارتە جاروبار نەبێت، تا ئەمڕۆ حوکمی ئەڵمانیایان بەدەستەوەیە. زۆیدە کێیە و چی ڕوودەدات ئەگەر شوێنی مێرکڵ بگرێتەوە؟ سەرەڕای ئەم یەکێتییە موقەدەسە، کەچی لەدوای جەنگەوە ڕێنەکەوتووە هیچ ڕابەرێکی پارتی «یەکێتیی کۆمەڵایەتیی مەسیحیی» باڤاریا خۆی بۆ ڕاوێژکاریی ئەڵمانیا هەڵبژێرێت، ئەگەر زۆیدە – سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا ڕاینەگەیاندووە خۆی هەڵبژێرێت – ببێتە کاندیدی ڕاوێژکاریی بۆ ساڵی ٢٠٢١، چی ڕوودەدات؟

،،

مارکوس زۆیدە وەک کەسێکی ئۆپۆرتونیست (هەلپەرست) لە سیاسەتی ئەڵمانیادا ناسراوە، و ئەم کارەکتەرەش سەرچاوەیەکی زۆر گرنگە لە سیاسەتی ئەڵمانیی بە گشتیی و سیاسەتی ئەمڕۆ تێبگەین. زۆیدە، هەم وەک سەرۆکی هەرێمی باڤاریا و هەم وەک ڕابەری پارتی یەکێتیی کۆمەڵایەتیی مەسیحیی، بەم دواییانە، بەگوێرەی ڕاپرسییەکان، وادەردەکەوێت شوێنی مێرکڵ بۆ ڕاوێژکاریی ساڵی ٢٠٢١ بگرێتەوە، بەڵام وەک باسکرا هێشتا خۆی شتێکی وەهای نەدرکاندووە کە خۆی کاندید دەکات.

سەرژمێریی و کێبڕکێکان هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە: سێ کەس لەناو پارتەکەی مێرکڵ کێبڕکێی شوێنگرتنەوە دەکەن – نۆربەرت ڕوێتینگن، ئارمین لاشێت، فریدریش مێرتز – هەر یەکێکیان دەتوانن یەکتر کانسڵ بکەنەوە و لە سەکۆکە یەکتر وەدەرنێن. دوودڵیی سەرجەمی ئەڵمانیای باکوریی لەوەی لەلایەن باڤاریاوە حوکمبکرێت، نزیکترین هەڵبژاردن لە مێژووی ئەڵمانیای پاش جەنگدا بۆ یەکەمجار لەنێوا مامۆستا سیاسییەکەی زۆیدە، ڕابەری فیتیشیستی دۆیچەمارک، و ڕابەری پارتی کۆمەڵایەتیی مەسیحیی، ئێدموند شۆیبە و گێرهارد شرۆیدەر (سۆسیال دیموکرات)دا بوو. شرۆیدەر تەنها بە ڕێژەیەکی کەم بردییەوە، ئەویش بەو هۆیەی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەڵمانیی لە داگیرکردنی عێڕاق لەلایەن ئەمریکاوە، بە سەرانی ئەمریکا گەیاند، کردەیەکی فێڵبازانە، بۆ کێشکردنی سەرنجی کۆمەڵگایەک، کە دوای جەنگ، بە تەواویی ببوو بە کۆمەڵگای دژەجەنگ. خاڵی زۆر گرنگ ئەوەیە: زۆیدە کەسێکی نۆرنبێرگییە و لە ناوچەی بەڕادەیەک پیشەسازیی فرانکۆنیاوە هاتووە، نەک خەڵکی بەرلینی ناپیشەسازیی و لەچاوی باڤارییەکانەوە، هەژار و سەرەتایی.


هەر لە ڕۆژانی سەرەتای خۆیەوە، چاپەمەنیی ئەڵمانیی زۆیدە بە ئاژەڵێکی سیاسیی بەسام و ترسێنەر وەسف دەکەن. دوای هەڵبەز و دابەزێکی بچووکی سەردەمی منداڵیی، کاتێک تەنها تەمەنی پێنج ساڵانە، زۆیدە تابلۆیەک دەباتەوە ماڵەوە لەسەری نووسراوە «دەنگ بدەن بە ڤیلی» (واتا ڤیلی براندی سۆسیال دیموکرات، لە ساڵی ١٩٦٩ تا ١٩٧٤ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەبێت و لە ساڵی ١٩٧٠ لەبەردەم گیتۆی وارشۆ بەرانبەر بە قوربانیانی نازییەکان دێتە سەر ئەژنۆ، یەکەم سیاسیی لە کۆی مێژووی ئەڵمانیادا کردەیەکی وەهای ئەنجام دابێت)، باوکی زۆیدە کە ئەم تابلۆیە دەبینێت، خێرا دەستەکانی بۆ ئاسمان بەرز دەکاتەوە و داوا لە خوا دەکات لە تاوان و گوناحەکانی کوڕەکەی خۆشبێت و بیبورێت، ئیتر زۆیدە بۆی دەردەکەوێت ئەو سۆسیالیست نییە بەڵکو مەسیحییە، لەوێوە ژیانی خۆی تەرخان دەکات و تا بەرزدەبێتەوە بۆ ڕابەرایەتیی حزب و ئێستاش سەرۆکی دەوڵەمەندترین هەرێمی ئەڵمانیا:


لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا زۆیدە دەبێتە ڕابەری باڵی لاوانی پارتەکە؛ لە ٣٠ ساڵییدا دەبێتە ڕابەری کۆمەڵە بۆ خۆرئاوای نۆرنبێرگ؛ لە ٣٣ ساڵییدا دەبێتە بەڕێوەبەری میدیای حزب؛ لە ٣٦ ساڵییدا دەبێتە سکرتێری گشتیی حزبەکە؛ لە ٤١ ساڵییدا دەبێتە سەرۆک بۆ نۆرنبێرگ-فورت-شڤاباخ؛ لە ٥٢ ساڵییدا سەرۆکی هەرێمیی باڤاریا؛ کە حزبەکەی بەشێوەیەکی ستاندار و هەمیشە زۆرینەی دەنگ بەڕێژەی ٨٧.٤% دەنگ دەهێنێت. ئەوەی بە جەوهەر بۆ ئەریستۆکراتییەکی سیاسیی کاتۆلیک – حزبەکە ئێستا ژوورێکی لە مۆزەخانەی مێژوویی باڤاریا لە شاری ڕیگنسبورگ هەیە کە تەرخانکرابوو بۆ حوکمڕانیی لودڤیکی یەک و لودڤیکی دوو، شتێک پێشتر هیچ حزبێک ئەم دەستپێشخەرییەی نەکردووە – نامۆیە، ئەوەیە کە زۆیدە ڕەنگە تا ئێستا تاکە پرۆتستانت بێت ڕابەرایەتیی کاتۆلیکییەت بکات. زۆیدە، کە ماوەیەکی زۆر زۆرە وەک سەگی هێرشی حزب ناسراوە، بەوەش ناسراوە کە بێ هۆ پەلاماری نەیاران دەدات و شەڕەقۆچ دەکات.


توانای لە گۆڕینی پێگەکان چالاکانە و بە باوەڕی ستایشکراوەوە و هەروەها چێژ و خۆشییەکەی لە شەڕی سیاسیی، بە بەردەوامیی سەرنجی خەڵکانێکی زۆری بەلای دروستکردنی بەراوردکاریی لەگەڵ گێرهارد شرۆیدەردا بردووە، کە ئەویش بەنۆرەی خۆی بەڕێوی سیاسیی ناسرابوو. شرۆیدە ئێستا وەک بازرگانێک هەم بووە بە هاوڕێی پۆتین و بەهۆی پارەکەیەوە زوو زوو لەگەڵ کچانی لاوی وڵاتانی ئاسیای دوور و ناوەڕاست هاوسەرگیریی دەکات. زۆیدە هەمیشە هەوڵیداوە هەم حزبەکە و هەم ئەڵمانیا لە نەریتی نوێی کۆنزەرڤاتیڤی جۆرج بۆش و کۆمارییەکان نزیک بکاتەوە، ئەو نەریتەی لە دۆناڵد ترەمپدا گەیشتە لوتکە.


ئەی چۆن بوو ئەم ئازا ئاسودەیەی حزبەکە لەناکاو، لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا بوو بە نوێنەری پێشکەوتوخواز، و لە میدیادا وەک باوکی نیشتمانی مێرکڵیی (Merkelite Landesvater) لەقەڵەم دەدرێت؟ ئەمە یەکێکە لە مەتەڵەکانی سیاسەتی هاوچەرخی ئەڵمانیی. وەڵامەکە کۆمەڵێک ڕیشەی زۆر قوڵتری لەو ڕاستییە هەیە کە ئێستا زۆیدە چاوی بڕیوەتە پیشەکەی مێرکڵ و دەیەوێت تێبگات ئەو چۆن کاردەکات. با بەوە دەستپێبکەین و ئەمەش شایانی بەبیرهێنانەوەیە کە چۆن هەردوو ڕابەری دیاری حزبەکە زۆیدە و وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا و سەرۆکی پێشووی باڤاریا، هۆرست زیهۆفە، دژی بڕیاری مێرکڵ وەستابوونەوە کە لە ساڵی ٢٠١٥دا گرتبوویەبەر: بەکراوەیی هێشتنەوەی سنوورەکان بەڕووی پەنابەراندا. شیکارییەکانیان بۆ ڕووداوەکان، قەیرانی سیاسیی لەسەر پەنابەران سەری ئەو بتڵەی هەڵدایەوە کە هەموو ئەو ڕۆحە کۆنزەرڤاتیڤ و ڕاستڕەوانەی ڕزگار کرد و لە بتڵەکەوە هاتنە دەرەوە و دایانە شەقەی باڵ بەسەر ئاسمانیای ئەڵمانیاوە، ئەو ڕۆحانەی ماوەیەکی زۆر بوو مێرکڵ لەناو بتڵەکەدا حەپسی کردبوون. هەرکە وادەردەکەوت مێرکڵ ڕەنگە ڕاستەقینەکانی خۆی دەردەخات – یەکێک لەو ڕەنگانە هیومانیتریانی وەهمیی – زۆیدە و زیهۆفە پێیانوابوو دواجار خەمی مێرکڵیان خواردووە. ٢٠١٥-٢٠١٨ سەردەمێک بوو ئەم جووتە هەوڵیاندا کۆتایی بە ئیشەکەی مێرکڵ بهێنن بەوەدا ڕەشەبای ڕاستڕەوەکان بە ئاراستەی مێرکڵ و سیاسەتەکانیدا لێبخوڕن. زیهۆفە و زۆیدە کە ڕۆحە کۆنزەرڤاتیڤەکانیان ئازاد کردبوو و وردە وردە پارتێکی نوێ لێیەوە سەریهەڵدەدا: ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا، کە ئێستا بە پارتی نازییە تازەکان ناسراوە، و زۆربەی ئەندامە پێکهێنەرەکانی ئەو حزبە لەو ڕۆحە ڕزگاربوانە پێکهاتووە، هیچ ترسێکیان لەو پارتە نوێیە نەبوو و هەروا بەو ناوەدا بەڕەڵایان کردبوو جووتە و کەلەکانی خۆی بووەشێنێت و وەک گای هار پەلاماری مێرکڵ، چەپەکان و سۆسیال دیموکراتەکان بدات و پەنابەران بکاتە قۆچی قوربانیی، کەچی لەبەرانبەردا ئەم جووتە گوتاری بەهێزکردنی قەڵای ئەوروپاخوازییان گرتبووە بەر، و دەیانگوت ئەمە زۆر یارمەتیدەر دەبێت. ئا لەو سەروبەندەدا چیکایەتیی عەشقایەتیی پارتی یەکێتیی مەسیحیی نەمسا سەرەتاتکێ دەکات و دەبیسترێت.

وەرن با سەیرێکی ئەو ڕۆژە خۆشانە بە کورتیی بکەین:
لە ناوەڕاستی دیسەمبەری ٢٠١٧دا: سباستیان کورتز، ڕاوێژکاری نەمسا لە پارتی خەڵکی نەمسا (Österreichische Volkspartei) و هاوپەیمانەکەی، هاینتز کریستیان شتراخە، لە بەرەی ڕاستڕەوی توندڕوی پارتی سەربەستیی نەمسا (Freiheitliche Partei Österreichs)، ئەجێندای هاوپەیمانێتیی خۆیان پێشکەش کرد و هەموو جۆرە پشتیوانییەکیان لە پەنابەران کشاندەوە، ئەم بڕیارەشیان لە کۆشکی «کالنبێرگ» دەرکرد، جوڵەیەکی مێژوویی کە لە ساڵی ١٦٨٣دا شەڕی دژی عوسمانییەکانی تێدا ڕاگەیەنرا.


لە سەرەتای کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا: ئەلێکساندەر دۆبرینت، سەرۆکی گروپی پەرلەمانتاریی پارتی کۆمەڵایەتیی مەسیحیی، بانگەوازەکەی خۆی بۆ «وەرچەرخانێکی کۆنزەرڤاتیڤی چینی ناوەڕاست» لە دی ڤێلت (ڕۆژنامەی بەناوبانگی کۆنزەرڤاتیڤەکان) بڵاوکردەوە. شایانی گوتنە لەو بانگەوازەدا چەند خاڵێکی کەمێک دەستکاریکراوی ناو مانیفێستۆکەی ئەندریاس برێڤیکی تیرۆریستی ڕاستڕەوی نەرویجیی دووبارە کراونەتەوە.


لە سەرەتای کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا: ڤیکتۆر ئۆربان (سەرۆکی فاشیستی ئێستای هەنگاریا) میوانی فەخریی پارتی کۆمەڵایەتیی مەسیحیی دەبێت، و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی بیلد (ڕۆژنامەی ڕاستڕەوەکان، کە وەک بڵاوکەرەوەی ڕق و کینە بەرانبەر بە پەنابەران، چەپەکان، خەڵکانی ئێل جی بی تی، و تەنانەت دژەمێرکڵ و هەروەها زمانحاڵی پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا، ناسراوە و لە ساڵی ٢٠١٧دا کەمپینی هەڵبژاردنی سباستیان کورتزی بەڕێوەبرد) ئەنجام دەدات و دەڵێت: «ئێمە لێرەدا قسە لەسەر کۆچبەران یان پەنابەران ناکەین، بەڵکو ئێمە ئێستا دەربارەی داگیرکردن دەدوێین».


و زۆیدە وەک شۆفێری بارهەڵگرە تازەکە ڕێگای بۆ ئەوە خۆشدەکرد ڕێگای نەمسا دووبارە بکاتەوە: ڕەخنە لە یەکێتیی ئەوروپا، فزوڵییەت بۆ پوتین، نەریتیی-کشتوکاڵچیی، بەڕێوەبردنی جەنگی خۆشحاڵانەی کولتووریی، بەفراوانیی دووبارەکردنەوەی گوتاری نیۆلیبڕاڵانە دژی ئیسلام و موسڵمانان.

،،

دوای ماوەیەک شتێکی سەرنجڕاکێش دەرکەوت. پارتەکەی زۆیدە ڕسوا بوو و لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ی هەرێمایەتییدا ١٠%ی دەنگەکانی لەدەستدا، زۆربەیان پێدەچوو پارتی سەوز بردبێتی، ئەو پارتەی لە هەڵبژاردنەکاندا گوتارەکەی خۆی لەسەر زیاتر ئەلکتریکی شارسازیی و دژەڕاسیزم و ژینگەیی و سیاسەتی گەردوونخوازیی نەک نەتەوەیی، گرتبووە بەر.

بە لەدەستدانی ١٦ کورسیی لە پەرلەمانی هەرێمیی، ئیتر پارتەکەی زۆیدە لەوە کەوت وەک زۆرینەی باڤاریا بمێنێتەوە. زۆرینەیی بوونی نەما. ناچاربوو بۆ پێکهێنانی حکومەت بچێتە ژێرباری ڕسوابوونێکەوە کە پێشتر بەخۆیەوە نەبینیبوو، واتا چیتر بە تەنها ناتوانێت حوکم بکات و باشترین هەڵبژاردەش پارتی «دەنگدەرە ئازادەکانی باڤاریا» (Freie Wähler Bayern) بوو، پارتێکی «نا-ئایدیۆلۆژیی» چێشتی مجێور(hodge-podge)ی تێکەڵەی سەیروسەمەرەی بەرەی کۆنزەرڤاتیڤی ناوەڕاست و نیۆلیبڕاڵ و لیبڕاڵ. زۆیدە و یاوەرانی پێشتر بەو ئومێدەوە گوتاری ڕاستڕەویان بەڕەڵا کردبوو تا خۆیان بەهێزبکەنەوە، بەڵام دەرکەوت وەرچەرخان بەرەو ڕاستڕەوی توندڕەو هەڵە بووە. ئەی باشە زۆیدە چۆن وەڵامی دایەوە؟ بە گرتنەبەری یەکێک لە سەیروسەمەرەترین یوتێرنەکانی ناو سیاسەتی هەنوکەی ئەڵمانیی. لەشەووڕۆژێکدا زۆیدە بووە عاشق و دێوانەیەکی هەنگ و درەخت – بانگەوازێکی نوێ بۆ پارێزگارییکردن لە هەنگ و دار و درەخت. بەم دواییانە ڕایگەیاندووە وزە سوتەمەنییەکان تا ساڵی ٢٠٣٠ قەدەغە دەکرێن. لە کۆنگرەی حزبەکە لە ساڵی ڕابردوودا، جوڵەیەکی دیکەی پێشکەوتوخوازانە پیشان دەدات، داوا دەکات ٤٠%ی دەنگی کۆتا بۆ ژنان لە هەموو ئاستەکان بێت، بەڵام خێرا حزبەکە ئەم پێشنیارە ڕەتدەکاتەوە. ئەو گوتارە بەناو پێشکەوتوخوازانەی وەک پاراستنی ژینگە، هێنانە پێشەوەی ژنان، جاروبار گوتاری دژەڕاستڕەوی دەیاندات، لە ساڵی ٢٠١٨ سەد و هەشتا پلە پێچەوانە بوون.


هەڵبەت ئەوەش زۆر گرنگ نییە کە ئێستا زۆیدە هەوڵی ڕیفۆرمکردنی حزبەکەی بە هەمان شێوەی مێرکڵ دەدات کە بەرانبەر بە حزبەکەی خۆی، پارتی دیموکراتی مەسیحیی ئەنجامی دابوو. ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات، زۆیدە لە چاوتێبڕینەکانی بۆ کورسیی ڕاوێژکاریی، هیچ چارەیەکی دیکەی نییە جگە لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک لە نێوان بەرە و یەکە سەرەکییەکانی پیشەسازیی هەناردەکەر و چینە ناوەڕاستە وەک دەڵێن پێشکەوتوخوازەکان. زۆیدە لە فشارە بابەتییەکانی مێرکڵ تێدەگات کە لەژێر فشاردایە بۆ هاوسەنگکردنی هاوپەیمانیی هەژموونیی کۆمپانیا زەبەلاحە فرەنەتەوەکان (مێرکڵ واناسراوە کە زیاتر دژی کەسابەت و بزنسە بچکۆلە و خێزانە کۆنزەرڤاتیڤەکانە، ڕێک پێچەوانەی زۆیدە، نەک لە ئێستادا، بەڵکو لە ساڵانی پێشوودا)، کۆنزەرڤاتیڤە میانڕەوەکان و لیبڕاڵەکان.

شارسازییکردن و ئاراستەی هەناردەکردنی پیشەسازیی دوو هێزی باڵادەستن ژیانی کۆمەڵایەتیی ئەڵمانەکان پێکدەهێنن: و ئەوان وڵاتەکە بە ئاراستەیەکی پێشکەوتوخواز و لیبڕاڵیزەکراودا دەبەن. زۆیدە ئەوە دەزانێت کە دەبێت هەندێک لە دەنگی سەوزەکان بۆ خۆی کێش بکات یان لانیکەم ئێستا وادەریدەخات مەیلی بە هاوپەیمانیی لەگەڵ ئەواندا هەیە (سەوزەکان بە ئەگەری زۆرەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەبنە بەهێزترین حزب و هێزی ئەڵمانیی کە ئیتر حکومەت بێ ئەوان مەحاڵ دەبێت). نموونەی نەمسایی هەمیشە فەنتازیایەکی کارپێنەکراو بووە لە ئەڵمانیا و تەنانەت لە باڤاریاش (نەمسا ئێستا هاوپەیمانیی نێوان کۆنزەرڤاتیڤەکان و سەوزەکانە)، باڤاریا ئێستا کەمتر کاتۆلیکی نەریتیی تێدا دەبینرێت، دانیشتوان تەواو بوونەتە شارنشین، و هەر لەو هەرێمە بەهێزترین ئایدیۆلۆژیای نیۆلیبڕاڵی «پێشکەوتوخواز» هەیە کە لە «بی ئێم دەبلیو» (میونشن)، «سیمنس» (میونشن)، «ئەدیداس» (هێرتسۆگناوراخ)، «ئاودی» (ئیگنۆلشتات) و هتد هەڵدەقوڵێت. ئەم جۆرە کۆمپانیایانە بەهەمان ئاست لە نەمسا بوونیان نییە؛ نەمسا ٢٠% کەمتر لە ئەڵمانیا، وڵاتێکی شارنشینە؛ و نەمساییەکان هەرگیز هیچ جۆرە ئەزموونێکی «مامەڵەکردن لەگەڵ ڕابردوو» (Vergangenheitsbewältigung)یان نەکردووە، چونکە ئەوان هێشتا پێیان باشە بیرلەوە بکەنەوە کە ئەوان بەرپرس نەبوون لەو تاوانانەی ئەڵمانیای نازیی تێوەی گلاوە (هیتلەر نەمسایی بوو، هەر ڕاستەوخۆ دوای هاتنە سەرکاری لە ئەڵمانیا نەمسا چووە پاڵ ئەڵمانیاوە). سەرەڕای جەماوەرییبوونی سباستیان کورتز لەنێو چینە پیشەییەکانی ڤییەنا و نزیکترین پێگەی حزبەکەی لەنێو «فیدراسیۆنی پیشەسازییە نەمساییەکان» (Industriellenvereinigung)، کە نوێنەرایەتیی سەرمایە گەورەکان دەکات، کەچی کۆنزەرڤاتیبەکانی نەمسا هێشتا خەریکی پینەکردنی زۆرایەتییەکن بەبێ هەبوونی پێشکەوتوخوازە شارنشینەکان، ئەوانەی مێرکڵ بە بەردەوامیی پشتیان پێدەبەستێت.


ئەو شتانە چین دەبنە شانس و بەختی زۆیدە بۆ ڕاوێژکاریی؟ هێشتا زۆر زووە شتێکی ئەوتۆی لەسەر بڵێین. ئێستا ئەو بووەتە خاوەن یەک دونیا دوژمن لە سەرتاپای وڵاتەکەدا، بەڵام لە شوێنە ناچوونیەکەکانیشدا لایەنگری زۆری هەن. هەرچەند بۆ دەسەڵات لە بەرلین نزیک ببێتەوە، هێندەش زیاتر ڕووبەڕووی لێدان دەبێتەوە. سیاسەتەکانی بەرانبەر بە کۆرۆناڤایرۆس هەنگاوی دیکەی بوون کە دەیگوت هەم بۆ خۆی و هەم بۆ دەسەڵاتی حزبەکەی جەوهەریین. خێرا کۆی هەرێمی باڤاریای داخست، ڕێسا و یاسای زۆر توند توندتر لەهەر سەرۆکێکی هەرێمەکانی دیکە و لە چاپەمەنیی لیبڕاڵەکانیش بە شان و شەوکەت دەردەکەوت.

 

author photo

نووسەرو وەرگێڕ