ساڵح ژاژڵه‌یی
له‌م نوسینه‌دا ده‌مه‌وێت باسی ئه‌وه بكه‌م بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ڕۆژی دروستبوونیه‌وه چی چاندوه‌و تا ئێستا چی دروهتهوه؟ واته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چ به‌ڵێنێكی بهجهماوهرداو تا چه‌ند پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی خۆی بوو.
واته جه‌ماوه‌ر چ چاوه ڕوانییهكیان له‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دهكردو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش چ ده‌سكه‌وتێكی بۆ جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ست هێنا؟ ئایا دروستبونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لایه‌نی ئه‌رێنی زیاتر بوو یان نه‌رێنی؟
له‌ئه‌نجامی ئه‌م به‌راوردكاریانه‌ی كه له‌خواره‌وه بۆتانی ده‌نوسم، وه‌ڵامی پرسیاره‌كانتان ده‌ست ده‌كه‌وێت.
گۆڕانی دوێنێ جێگه‌ی ئومێدی خه‌ڵك بوو، گۆڕانی ئه‌مڕۆ جێگه‌ی نه‌فره‌تی خه‌ڵكه. گۆڕانی دوێنیێ پشتیوانی جه‌ماوه‌ر بوو، گۆڕانی ئه‌مڕۆ پشتی له‌جه‌ماوه‌ره. گۆڕانی دوێنێ نوێنه‌ری جه‌ماوه‌ر بوون، گۆرانی ئه‌مڕۆ نوێنه‌ری نوخبه‌یه‌كی چاو چنۆك و خۆپه‌رستن، گۆڕانی دوێنێ خۆی ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێز بوو، گۆڕانی ئه‌مرۆ له به‌ره‌ی دژ به‌ئۆپۆزسیۆن بوندایه. گۆڕانی دوێنی داوای گۆڕینی سیسته‌می حوكمڕانی ده‌كرد، گۆڕانی ئه‌مڕۆ پشتیوانی هه‌مان سیسته‌می حوكمڕانی پێش‌و ده‌كات.
گۆڕانی دوێنی هه‌وێنی جۆشدانی جه‌ماوه‌ر بوو، گۆڕانی ئه‌مڕۆ، دژی خۆپیشاندانه‌كانی جه‌ماوه‌ره، چونكه به‌شێكه له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوتكه‌ر. گۆڕانی دوێنێ دژی به‌شداریكردنی حكومه‌ت بوون، گۆڕانی ئه‌مرۆ لایه‌نێكی كارای حكومه‌تن.
گۆڕانی دوێنی ده‌یانگوت ده‌بێ خه‌ڵكی شیاو له‌شوێنی شیاو دانرێت، گۆڕانی ئه‌مڕۆ شوێن بۆ خه‌ڵك ده‌دۆزێته‌وه بۆ ڕازیكردنیان، نه‌ك بۆ خزمه‌تی میلله‌ت. زه‌حمه‌ت نه‌بێ سه‌یرێكی ئه‌وانه بكه‌ن كه پۆستیان وه‌رگرتوه. ئه‌وكات ڕاستییهكانتان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت.
گۆڕانی دوێنی پارتیش و یه‌كێتیش لێی ده‌ترسان ، گۆڕانی ئه‌مڕۆ بۆته ده‌سته‌مۆی هه‌ردووكیان. گۆڕانی دوێنی هه‌وێنی دروستبونی جوڵانه‌وه‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی به‌هێز بوو ، گۆڕانی ئه‌مرۆ ڕۆحی ئۆپۆزسبونی مراند. گوڕانی دوێنیێ كاری ده‌كرد بۆ كاراكردنه‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و داموده‌زگاكانی حكومه‌ت، گۆڕانی ئه‌مڕۆ هه‌موویانی سوككرد. گۆڕانی دوێنی دروشمی دژی به بنه‌ماڵه‌كردنی حیزبی به‌رز ده‌كرده‌وه، گۆڕانی ئه‌مرۆ خۆشی بۆتە بنه‌ماڵه.
گۆڕانی دوێنێ له‌ڕێگای ئۆرگانهكانیهوه بڕیاری ده‌دا، گۆڕانی ئه‌مڕۆ له پشتی په‌رده‌وه فه‌رمان به ئۆرگانه‌كانی ده‌درێت چۆن بڕیار بده‌ن. گۆڕانی دوێنی خاوه‌نی كه‌سانی دڵسۆز و خۆبه‌خش بوو .گۆڕانی ئه‌مڕۆ خاوه‌نی كه‌سانی هه‌ل په‌رست و چاوچنۆك و خۆویسته.
گۆڕانی دوێنێ سه‌ركرده‌كانی خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی به‌رز بون له بواری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوڕێیه‌تی و ڕێزگرتن له‌یه‌كتری، گۆڕانی ئه‌مڕۆ خاوه‌نی كه‌سانێكه خه‌رێكی قاچ بڕینه‌وه‌ی یه‌كترین له‌پێناوی ده‌سكه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا. گۆڕانی دوێنی به‌شداری حكومه‌تی ده‌كرد بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی. گۆڕانی ئه‌مڕۆ به‌شداری حكومه‌ت ده‌كات له پێناوی وه‌رگرتنی پله‌و پۆست و پاره‌و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی.
گۆڕانی دوێنی به‌رده‌وام جه‌ماوه‌ری له زیادبووندابوو، چێگه‌ی مه‌ترسی بوو بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، گۆڕانی ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام به‌ره‌و پووكانه‌وه ده‌ڕوات و بۆته كۆیله‌ی ده‌سه‌ڵات، گۆڕانی دوێنیێ به‌رده‌وام داوای مافه‌كانی جه‌ماوه‌ری ده‌كرد، گۆڕانی ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام عه‌یبه‌كانی حكومه‌ت ده‌شارێته‌وه. گۆڕانی دوێنێ هه‌میشه هه‌وڵی ده‌دا ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان هه‌موار بكرێته‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا ، گۆڕانی ئهمرۆِ ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و ماده ده‌ستوریانه ده‌دات كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی پارتییه
گۆڕانی دوێنێ بۆ به‌رگری كردن له مافی هاوڵاتیان دروستبوو، گۆڕانی ئه‌مڕۆ ئاگای لهوگۆڕان خوازانه‌ش نه‌ماوه كه له‌سه‌ر گۆڕان بون سزادراون و نان بڕاوكراون . هاوڵاتیاننی ئازیز، خوێنه‌رانی خۆشه‌ویست ئێستا ڕون و ئاشكرایه كه گۆڕان نه‌ك هیچ ئامانجێكی به‌جێ نه‌هێنا كه له سه‌ره‌تاوه له پێناویدا دروست بوو په‌یمانی به جه‌ماوه‌ردا، به‌ڵكو ته‌واو پێچه‌وانه‌كه‌ی ئه‌نجامدا.
له ئێستادا گۆڕان به‌شداری حكومه‌ته‌و هیچ ڕوڵ و كاریگه‌رییه‌كی نییه له گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا و بۆته پشتیوانێكی گه‌وره‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا. خۆی كردۆته شه‌ریكی هه‌موو دزی و تاڵانیه‌كانی ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا.

ئه‌وه‌تا به‌رپرسانی پارتی به ئاشكرا ده‌ڵێن :گۆڕان و یه‌كێتیش ئاگاداری ڕێكه‌وتنی 50ساڵه‌ی نێوان هه‌رێم و توركیان.
سه‌ركردایه‌تی ئێستای گۆڕان پێش ئه‌وه‌ی به‌شداری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت بكه‌ن، زۆر باش ده‌یانزانی كه نه‌ده‌توانن هیچ چاك سازییه‌ك ئه‌نجام بده‌ن و نه هیچ ده‌سكه‌وتێك بۆ جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ست بهێنن، چونكه پێش وه‌خت ئهوڕاستیانهیان پێ وتراوه. بەڵام ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی بڕیار بون له‌ناو گۆڕاندا له‌گه‌ڵ پارتی ڕێك كه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م پۆست بۆخۆیان وه‌رگرن .دووه‌م پۆست بۆ هه‌ندێكی تر وه‌رگرن بۆ ئه‌وه‌ی قسه نه‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجتان دابێت دوای ڕێكه‌وتنه‌كه سه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ههمووشانازیهكانیان ئه‌وه‌بوو ، كه به 12 كورسی په‌ڕله‌مانه‌وه به‌قه‌ده‌ر 24 كورسی په‌ڕله‌مانی پێش‌و پۆستیان وه‌رگرتوه .كه‌واته سه‌رانی گۆڕان بۆ وه‌رگرتنی پۆست به‌شداری حكومه‌تیان كردوه نه‌ك له پێناوی چاكسازی و گۆڕێنی سیسته‌می حوكمڕانی، نازانن ئه‌م پۆستانه‌ی وه‌ریان گرتوه بۆته مه‌رگی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.
ئه‌ی باشه له سه‌ره‌تاوه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد ئه‌گه‌ر له 6 مانگی یه‌كه‌مدا هیچ چاكسازیه‌ك نه‌كرا ، ئاماده‌ن له حكومه‌ت بكشێنه‌وه ؟. ئه‌وه‌تا بۆ سالێك ده‌ڕوات و موچه‌ش هه‌ر نه‌ماو ئه‌وان تازه ده‌ستیان له حكومه‌ت گیر كردوه نه‌كا له حكومه‌ت بكه‌ونه خواره‌وه. سه‌ركرده‌كانی گۆڕانیش به‌رده‌وام لێدوان ده‌ده‌ن و ده‌ڵێن : ئێمه سورین له‌سه‌ر به‌ده‌ست هێنانی ئامانجه‌كانمان . دیاره ئه‌وان ئامانجه‌كان به وه‌گرتنی پۆست ده‌زانن . وه‌رگرتنی پۆست له لایه‌ن گۆڕانه‌وه له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێم ، رێك وه‌كو وه‌رگرتنی پۆست وایه له‌ناو حكومه‌تی به‌غدا .
سه‌یركه‌ن ئێمه له به‌غدا سه‌رۆكی كۆمار و پۆستی وه‌زاره‌تی سیادی و جێگر وه‌زیر و جێگری سه‌رۆكی په‌ڕله‌مان و ده‌یان ئه‌ندامی په‌ڕله‌مانمان هه‌یه و به به‌رچاوی هه‌موو ئه‌مانه‌وه هاولاَتیانی كورد له كه‌ركوك له زێدی باوك‌و باپیرانیان ده‌رده‌كرێن، له‌م كاته‌شدا حكومه‌تی كوردی داوای پۆست له به‌غدا ده‌كات و وه‌كو سواڵكه‌ریش بۆ پاره ده‌پاڕێنه‌وه. كه‌واته كورد له ماڵی خۆی بێت یان بێگانه ده‌بێ هه‌ر ڕۆڵی سواڵكه‌ر ببێنێت، نه‌ك خاوه‌ن ماڵ .
ئه‌گه‌ر گۆڕان له‌سه‌ر ڕێگای ڕاست بوایه و پابه‌ند بوایه به‌و ئامانج و پره‌نسیپانه‌ی له‌پێناویدا دروست ببوو، له‌بری ئه‌وه‌ی ئیستا به‌شداربوایه له حكومه‌تدا ، ده‌بوو له ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت بوایه‌و پشتیوانی خۆپیشانده‌ران بوایه ، نه‌ك جه‌ماوه‌ر بێ ئومێد بكه‌ن و حیزبایه‌تی سوك بكه‌ن و كار بگاته ئه‌وه‌ی سه‌رانی پارتی تانه له گۆڕان بده‌ن و بڵێن :
گۆڕا دوای كاك نه‌وشیروان عاقَڵ بوه و سه‌رانی گۆڕان له‌به‌ر چاوچنۆكی و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كاك نه‌وشیروانیشیان له‌كه‌دار كرد، حه‌یای حه‌یاتان برد چونكه ئه‌گه‌ر مانای حه‌یاتان بزانیایه ده‌بوو به‌و قسه‌یه بمرن و هه‌ڵوێستان هه‌بێت، ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی بڵێم : پێشتریش له نوسێنێكمدا به درێژی ئه‌وه‌م ڕون كردبۆوه ئایا دروستبونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رنامه بوو یان كاردانه‌وه بوو ؟. ئه‌و كاتیش من بڕوام وابو كه به‌رنامه نه‌بوه‌و ته‌نها كاردانه‌وه بوو.
به‌ڵام زه‌مینه‌ی دروستبونی له‌و كاته‌دا زۆر له‌بار بوو ، بۆیه ئاوا به زویی گه‌شه‌ی كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر سه‌رانی ئێستای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دوای وه‌فاتی كاك نه‌وشیروان ، ئاوا خۆپه‌رست نه‌بونایه‌و له پێناوی وه‌رگرتنی پله‌و پایه‌و به‌رژه‌ه‌ندی تایبه‌تیدا ته‌سلیم به پارتی نه‌بونایه‌و گوێیان بۆ گۆڕان خوازانی خۆیان بگرتبایه ، بایی ئه‌وه خه‌ڵكی دڵسۆز هه‌بوو كهپشتیوانی له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بكه‌ن و گۆڕان نه‌گاته ئه‌م ئاسته‌ی ئیستا.
زۆر به‌داخه‌وه دواجار گۆران حیزبایه‌تی و په‌ڕله‌مان و حكومه‌تیشی سوك كرد، جه‌ماوه‌ر و ئۆپۆزسیۆنیشی بێ ئومێد كرد، له پراكتیكدا شتێك نه‌ماوه به‌ناوی ئه‌و ئامانجانه‌ی له سه‌ره‌تاوه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی له‌پێناودا دروست بوو.
كاتێك سه‌رانی پارتی ده‌ڵێن بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دوای كاك نه‌وشیروان عاقڵ بووه، مانای وایه ئه‌وان گوڵی خۆیان له گۆڕان كردوه‌و ئێستا براوه‌ن، بۆیه به لایانه‌وه گرنگ نییه چه‌ن پۆستێكی بێ بایه‌خ له‌م قۆناغه‌دا به گۆڕان بده‌ن ، چونكه ئه‌وان خۆیان باش ده‌زانن گۆڕان به‌و پۆستانه به هێز نابێت و مه‌رگی گوڕان نزیك ده‌كاته‌وه، به كرده‌وه ده‌ركه‌وتوه هه‌ر هێزێك له‌پارتی نزیك ببیته‌وه، دوایی به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چێت.