ژیان حیلمی: باوکم دەیگوت كورد مونافیقە

ژیان حیلمی: باوکم دەیگوت كورد مونافیقە

2136 خوێندراوەتەوە

لەم دیدارەدا کە گروپی " گوڵنار" لەگەڵیدا سازیانداوە، " ژیان ڕەفیق حیلمی" باس لەبەشێک لە مێژووی سیاسی باوکی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە موکەڕەم تاڵەبانی تۆمەتی لایەنگری ئینگلیزی خستوووە پاڵ باوکی و دەشڵێت:" برایم ئەحمەد و سەعید قەزاز پیاوى ئینگلیز و ئیستعمار بوون و دژی نیشتمانپەروەرەكان دەجووڵانەوە".

گوڵنار: لەبارەى شێخ مەحموودی حەفیدەوە چی دەڵێیت و چ ئەزموونێكت هەیە؟

ژیان حیلمی: عەرەبەكان بە چاوی گەورەییەوە دەڕواننە شێخ مەحموودى حەفید و بە مەلیكی كوردستان ناوى دەبەن، كەچی لە سلێمانى بیستم كە پێیدەگوترێت: (خولە قۆپچە)! توخوا عەیب نییە بۆ میللەتێكى وا كە ئەو خۆى لە پێناوییدا ماندوكرد، ئێستا ئاوای پێبگوترێت لەناو میللەتەكەى خۆیدا؟! هەرچییەك بووبێت، گرنگ ئەوەیە مەلیكی كوردستان بوو، یەكێك نییە بڵێت: كورد پێش عەرەب لە عێراقدا دەوڵەتی هەبووە و شێخ مەحموود ئەو دەوڵەتەى دامەزراندووە، من لە بەغدا بە هەموو كەسێكی عەرەبم گوتووە كە پێیگەیشتووم، لە 18 ساڵیدا باوكم لەگەڵی بووە و پێكەوە شۆڕشیان كردووە و حكومەتی كوردی هەبووە، شێخ مەحموود زۆرى ڕێزی باوكم دەگرت و خۆشیدەویست، چونكە ڕاوێژكارى بوو، نامەكانیمان ماوە كە نووسیویەتی: هەركاتێك ڕەفیق حیلمی بەڕێوەبەرى ناوەندى هاتە مەقامی پاشایەتییمەوە كەس ڕێی پێنەگرێت. ئینجا تۆ بڕۆرە مۆزەخانە و دەستنووسخانەى بەریتانیا سەیر بكە بزانە چۆن باس لە شێخ مەحموود و مێجەرسۆن و مێجەرنوئێل كراوە. ئینجا ئەو وێنەیەى كە دەیبینن بە ڕیشەوە ئەوە سەردانێكى باوكم بووە بۆ ئەستەنبوڵ بۆلاى موستەفا كەمال ئەتاتورك، چونكە شێخ مەحموودى حەفید بە نوێنەرایەتی خۆى ناردوویەتی!


گوڵنار: نازناوى "حیلمی" لە چییەوە هاتووە؟

ژیان حیلمی: زۆر باشبوو ئەو پرسیارەت كرد، چونكە هیچكمام لە سیاسییەكانى ئێمە نە دەزانن چییە و نە پرسیویشییانە كە حیلمی چییە؟! جا لەم ماوەیەى پێشوودا كەسێك هات و كۆمەڵێك لە ئەوراق و بەڵگەنامەكانى باوكمی برد، پاش فەترەیەك هێنانییەوە و یەكێك لەو ڕەسمانەى لەسەر مێزێك دانابوو و جیای كردبوویەوە لەوانى تر، پێی گوتم: "ئەو كەسە كێیە لەناو ڕەسمەكانتاندایە، لێی نووسراوە عەبدوڵڵا حیلمی پاشا"؟ مەبەست لەو پاشایەش كە بە ناوەكەیەوەیە، ئەوە ئاماژەیە بۆ پاشاكانى توركیا، باوكم ئامیرى كولیەى عەسكەرى ئەستەنبوڵ بووە، ئەو عەبدوڵڵا حیلمی پاشایە پوورزاى دایكم بووە. عەبدوڵڵا حیلمی پاشا لە زەمانى دەوڵەتی عوسمانیدا، پلەى بەرزى هەبووە. وەك ئێستاش نەبووە كە جیاوازى لە نێوان تورك و فارس و عەرەبدا بكرێ، باوكم زۆربەى زۆرى نووسینەكانى بە توركی نووسیوە، شیعریشی بە توركی هەیە. هەروەها باوكم كتێبی بە توركی نووسیوە. ئەو عەبدوڵڵا پاشایە لە توركیا ژیاوە، ژنەكەشی ناوى سەلمەخان بووە، نازناوەكەى خۆی بەخشیوە بە باوكم لەبەر زیرەكییەكەى باوكم، چونكە لە كولیەى ئەندازیارى عەسكەرى خوێندوویەتی، لە هەموو بنەماڵەى خۆماندا بەس باوكم بە نازناوى "حیلمی"ی هەیە. باپیرم ناوى ساڵحە فەندییە، لە هەموو ڕێبەرى تەلەفۆناتى عێراقییشدا تەنها یەك ڕەفیق حیلمی هەیە، خەڵكیش وا دەزانن ڕەفیق حیلمی ناوى باوك و باپیرمە، زۆرجار دەیانپرسی: (ناوى سیانیت)؟ منیش دەمنووسی: ژیان ڕەفیق حیلمی. بەڵام ئەگەر بڵێن: ناوى چوارى، ئەوكاتە ئێمەش دەنووسین: ژیان ڕەفیق حیلمی ساڵح و نازناوەكەشمان (مەسرەف)ـە.


گوڵنار: لە بارەى تۆفیق وەهبییەوە قسەم بۆ بكە، چ پەیوەندییەكی بە باوكتەوە هەبوو؟

ژیان حیلمی: زۆر یەكتریان خۆشدەویست، بەڵام ئەو زیاتر لە لەندەن دادەنیشت، بەداخەوە دوو كوڕی هەبوون هیچوپوچ، قومارچی، عارەقخۆر، هیچ ئاگایەكیان لە كوردستان و نیشتمانپەروەری نەبووە. ئەوكاتە باوكم بەڕێوەبەرى پەروەردەیی بوو لە عەمارە، خۆى كاندید كردبوو لە هەڵبژاردن بۆ سلێمانى لە 1954دا، خەڵكی سلێمانى زۆریان تكا لێكرد كە بێت و ببێتە نایب لەسەر لیستی سلێمانى و ئەویش لەسەر ئیلحاحی خەڵك هات و ئەركی خۆى بەجێهێشت، كاتێك كە هاتینەوە خۆى كاندید كرد و ماڵێكمان هەبوو لە ئەسحابەسپی، تەنانەت خەڵكی عەمارەش شیعریان بۆ چاپكردبوو نووسیبوویان: خۆزگەمان بە خەڵكی سلێمانى كە تۆ ئەكەن بە نایب و خۆزگە ئێمەش دەمانتوانى هەڵتبژێرین. شێخ لەتیفی شێخ مەحموود گوتبووی: هەموو خەڵكی داریكەلی بە سوارى ئەسپەوە دەنێرم بێن بۆ هەڵبژاردنت، چونكە شێخ لەتیفیش لە حیزبی هیوادا ئەندام بووبوو، كەچی دواى چەند ڕۆژێك سەعید قەزاز (كە قوتابی باوكم بووبوو لە ناوەندی و ئەو پێیگەیاندبوو) تەلەفۆنی بۆ كرد و گوتی: واز بێنە و دەست بكێشەوە، تەنانەت برایم ئەحمەدیش هەر تەلەبەى باوكم بووە، كە خەڵكەكە دێن بۆ هەڵبژاردنەكە، ئەو دووانە ڕێیان لێدەگرن، ناهێڵن هیچكەسێك لە جەماعەتی شێخ لەتیف بێنە ژوورەوە، سەعید قەزازیش بە باوكم دەڵێت: واز بێنە و مەچۆرە ئەو هەڵبژاردنەوە، ئێمە بە تەزكیە دەتكەینە نایب و پێویست بەمە ناكات، باوكیشم گوتبووی: من ئەو نایبییەتەم ناوێ. سەعید قەزاز گوتبووی: خەمی ئەوەتە ئەگەر ئێمە كاندیدت بكەین، پێگە جەماوەرییەكەت لە كیس دەچێ؟ باوكیشم گوتبووی: بەڵێ، من بەو شێوەیە نامەوێ. بەڵام كۆتاجار هەر وازی هێنا و كشایەوە. تەنانەت پێش ئەوەش تەلەفۆنیان بۆ ناهیدەى خوشكیشم كردوو و پێیانگوتبوو بگەرە باوكت و قەناعەتی پێبهێنە كە واز بهێنێت. هۆكارى ئەوەش كە بۆچی نەیاندەویست خۆى كاندید بكا، چونكە برایم ئەحمەد و سەعید قەزاز لەگەڵ ئینگلیز و ئیستعمار بوون، دەیانەویست باوكم كە پیاوێكی نیشتمانییە بیخەنە ژێردەستی خۆیان. باوكم لەو كاتەدا كە تەمەنی تەنها 22 ساڵ بووە حەوت زمانى زانیوە، توركی، فارسی، عەرەبی، كوردی، ئینگلیزی، فەڕەنسی. نەك تەنها زمانى قسەكردن و خوێندنەوە، بەڵكە بە هەموو ئەو زمانانە نووسینیشی هەیە. ئەو كارتەى كە خەڵك ئێستا بە ملیۆنان دۆلار سەرف دەكات بۆى كە بریتییە لە بانگەشەى هەڵبژاردن، لە بەغدا پارە و شت دەدەن بە خەڵك و دابەشی دەكەن، بەڵام باوكم لەو كارتەدا نووسیبووی: "كوردە خۆشەویستەكانى شارى سلێمانى، ئەوا من لەسەر داواى ئێوە خۆم كاندید دەكەم، تەنها بە ئامانجی ئەوەش كە خزمەتتان بكەم و منیش هەمیشە لە هەوڵدا دەبم بۆ خزمەتی ئێوە، وە لە ئەگەرێكدا ئەگەر ئێوە من بكەن یا نەكەن بە نایب، بەڵام من خزمەتی ئێوە و میللەتەكەم بە ئەركی پیرۆزى سەرشانى خۆم دەزانم، وە ئەوەش بزانن كە هیچكەسێك لە پشتم نییە و هیچ پشتیوانێكم نییە". ئێستاش وەرەقەكانمان ماوە. وە شتێك كە زۆر گرنك و جێی باسكردنە، ئەوەیە كە نووسیوییەتی: "وە بشزانن ئەو سەد دینارەى كە خەرجمكردووە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن، قەرزمكردووە"! جا ئێمە زانیمان كە ئەو پارەیەى لە (سەیید برایمی نەقیب) قەرزكردبوو كە لە خانەوادەى شێخ مەحموود و حەپسەخانى نەقیب بوو. وە پاش مەرگی باوكم، كاغەزێكم دۆزییەوە، لە وەسڵێكدا نووسیبووی: "ئەوە كۆتا پێنج دینارم تەسلیم بە سەیید برایم كردەوە، كە بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن لێم قەرزكردبوو". لە كاتێكدا ئێستا بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن بڕێكى زۆر پارە خەرجدەكرێت، لە كاتێكدا باوكم بەڕێوەبەرى مەعاریف بووە، بەڵام پارەى نەبووە، چووە قەرزى كردووە، بەڵام باوكم لە چلەكاندا سەد دینارى بە (عەزیز شەمزینی)دا ناردووە بۆ مەلا موستەفاى بارزانى كە لە زیندان دەربازى كردبوو بۆ لاى قازی موحەممەد، تا بەو پارەیە لەوێوە بچێت بۆ ڕووسیا.


گوڵنار: كەوایە بە پێچەوانەى ئەو بۆچوونەوەى كە دەڵێن باوكت سەر بە ئینگلیز بووە؟

ژیان حیلمی: حاشا، ئەوە موكەڕەم تاڵەبانى ئەو گووەى خواردووە و گوتوویەتی: ڕەفیق حیلمی عەمیلی ئینگلیز بووە، هەر دواى ئەو قسەیەشی بەعسییەكان براكەمیان لە بەغدا كوشت. توركەكان شێخ مەحموودیان هەڵخەڵەتاند، ئەوەتا ئێستاش دەبینی كە تورك چەندە دوژمنی كوردە، ئێستا تۆ بەراورد بكە لە نێوان ئینگلیز و توركدا، ئەوانی تر هەموو لەگەڵ كورد باشن، بەڵام توركەكە دوژمنی كوردە و خوێنی كورد دەخوات، بەداخەوە ڕەفیق حیلمی گیرى خواردووە لەم بەینەدا، دەمێك دەیكەن بە تورك و دەمێكی تریش دەیكەنەوە بە ئینگلیز! باوكم ئاهەنگی هەموو جەژنێكی كوردى هێناوەتەوە ماڵی خۆمان و تەلەبە و خوێندەوارى كوردى دەعوەت كردوون بۆ ماڵەوە. عەلى مەردان و نەسرین شیروان و حسێن حەسەن جەزراوى هێناونەتەوە ماڵەوە بۆ گۆرانیگوتن و هەڵپەڕكێ. جا ناهیدەى خوشكی موكەڕەم تاڵەبانى هات، دەیگوت: لە سەردەمێكدا كە هیچكەس كچی خۆى بە تەنها نەدەنارد بۆ بەغدا بۆ ئەوەى بخوێنێت، ڕەفیق حیلمی كردى. كەچی باوكم لە چلەكاندا كچی خۆی ناردووە بۆ بەغدا.


گوڵنار: باوكت كەى ئاشنا بووە بە شێخ مەحموودى حەفید؟

ژیان حیلمی: لە تەمەنی 17 ساڵیدا، واتە ساڵی 1915ی زایینی، تەلەبەى ناوەندى بووە كە پەیوەندی كردووە بە شێخ مەحموودەوە، تا كاتی مردنی شێخ مەحموودیش ئەو پەیوەندییەیان هەر مابوویەوە. كە تەلەفۆنیان بۆ كردین و گوتیان شێخ مەحموود مردووە، باوكم زۆر گریا، نەماندیوە باوكم بگرى، بەڵام بۆ شێخ مەحموود زۆر گریا! خۆى باسیكردووە و دەڵێت: سێ جار گریاوم، جارێكیان لە جەنگی شۆڕشی عەرەب لە جنووب، جارێكیش كە مەحموود جەودەت مردووە كە براى ڕەشید جەودەت بووە و لە حیزبی هیوادا بووە، جاری سێیەمیش بۆ شێخ مەحموودی حەفید. باوكم ڕاوێژكار و وەرگێڕى شێخ مەحموود بووە، تەنانەت ئەو دەسڕٍەى كە باوكم فرمێسكی گریانى بۆ مەرگی شێخ مەحموودى پێ وشك دەكردەوە، هەڵمگرتووە. كە شێخ مەحموود كۆچی دواییكرد ئێمە لە بەغدا بووین. ئەوكاتەش كە لە نەخۆشخانەى حەیدەرییە خەوێندرابوو باوكم بەردەوام هاتوچۆى دەكرد و سەرى لێدەدا. ئەو ڕۆژەى كە شێخ كۆچی دوایی كرد باوكم لە ماڵەوە بوو، تەلەفۆنیان بۆ كرد و هەواڵەكەیان پێ دا. هۆڵێكی گەورە و درێژمان هەبوو، باوكم لەمسەر بۆ ئەوسەر دەهات و دەچوو و دەگریا، زۆرى بۆ گریا و زۆریشی خۆشدەویست. بەڵام باوكم هیچكات ناكۆك نەبووە لەگەڵ شێخ مەحموود، بەڵام ڕەخنەى لێی هەبوو. ڕەخنەكانیش ئەوە بوون كە دەیگوت: عەشایەر و نەخوێندەوارى لە دەورى خۆى خڕ كردۆتەوە و ئیعتیمادى كردوونەتە سەر، لە كاتێكدا دەبوو ئیعتیماد بخاتە سەر خوێندەوار و ڕۆشنبیرەكان. باوكم بە جەماعەتی عەشایەرەكانى دەگوت: جەماعەتی سیلاح و تفەنگ! دواى ئەوە باوكم لەگەڵ جەنازەى شێخدا هاتەوە بۆ سلێمانى، لێرەش ئەختەرى ژنی ڕەشۆڵ كوژرا.

گوڵنار: ئایا كورد كەسایەتیی كارێزمی و هەڵكەوتووی نەبووە كە نەیتوانیوە ببێتە دەوڵەت و كیانى سەربەخۆى هەبێت؟ یا گرفتەكە لە چییدا بووە؟

ژیان حیلمی: كاتێك كە ڕیفراندۆم كرا، عەرەبەكان بە سەرسوڕمانەوە دەیانگوت: كورد داواى ئیستقلال و سەربەخۆیی دەكات، وەك ئەوەى كورد مافی ئەوەى نەبێت سەربەخۆ بێت! وە بە لایانەوە شتێكى زۆر سەیر و نادروست بوو گەر كورد بیەوێ خۆى بەڕێوە بەرێت. باشە كورد بۆ داوا نەكات؟ تەنانەت سەركردە و گەورەكانى كوردیش عەقڵیان نییە كە بڵێن كورد لە كاتێكدا حكومەت و خۆبەڕێوەبەریی هەبووە، عەرەب ئەسڵەن نەیزانیوە دەوڵەتداریی چییە و دەوڵەتداریی هەر نەزانیوە. تەنانەت كاتێك كارەكە دەگاتە سەر ئەوەى كە دەوڵەتیان بۆ دروستبكەن، پیاوێكی پیاوانەشیان نەبووە تا بیكەن بە سەرۆك، پیاوێكیان نەبووە وەك شێخ مەحموود هەڵكەوتە و كارێزما و گەورە بێت بیكەن بە سەرۆكی خۆیان، ڕۆشتوون لە عەرەبستانەوە هاوردەیان كردووە! ڕۆشتوون مەلیك فەیسەڵیان هاوردە كردووە لە سعودیەوە بۆ شام و لە شامیشەوە بۆ عێراق، بەڵێ ئینگلیز ڕۆڵی لەم هاوردەیەدا هەبووە، بەڵام دەبێ كوردەكە شانازیی بەوەوە بكات و بڵێت من لە پێش ئێوەوە سەرۆك و حكومەتی تایبەت بە خۆم و سەربەخۆم هەبووە؟! عەرەب لە 1921ەوە دەوڵەتیان بۆ دروستكردووە، كەچی كورد چوار پێنج ساڵ پێش ئەو مێژووەش دەوڵەت بووە و ئەزموونی دەوڵەتداریی كردووە. بەڵام بە داخەوە كوردەكەى خۆمان زۆر بە بێئەدەبانە بە شێخ مەحموود دەڵێن: خولەقۆپچە! كاتی خۆى كە پەیكەرى پیرەمێردى شاعیریان دروستكردبوو لە سلێمانیدا، خەڵك كە سوارى پاسەكان دەبوو و لە كاتی دابەزیندا دەیانگوت: لە لاى مەیموونەكەوە دادەبەزین (مەبەستیان لە پیرەمێردى ڕەحمەتی بووە)، دەبێ ئەو جۆرە مرۆڤانە بكێشی بە دەمیاندا، توخوا حەیف نییە


شێخ مەحموود و پیرەمێرد بۆ خەڵكی ئاوا نەفسنزم خۆیان ماندوو بكەن؟

گوڵنار: لە بارەى شۆڕشی چواردەى تەممموزی عەبدولكەریم قاسمەوە، دەڵێن نوورى سەعید هاتۆتە نزیك ماڵی ئێوە و تۆ ئاگادارى كە ئەو ڕووداوە چۆن ڕووی داوە؟

ژیان حیلمی: بەڵێ وا بوو، بەیانى ڕۆژی چواردەى تەمموز كە شۆڕشەكە بوو، پوورێكم هەبوو (خوشكی باوكم)، عیسمەتی ناو بوو، پێماندەگوت: بجی، ئەو بەیانییە چوو بەرچایی بهێنێ و جارجاریش ڕۆژنامەى بۆ باوكم دەهێنایەوە، هاتەوە گوتی: "ئەڵێن شتێك بووە پێی دەگوترێت ئینقلاب". تازە تەلەفزیۆنیش هاتبووە عێراقەوە، پوورم گوتی: "سەیارەیەك هاتووە لە بەرامبەر ماڵی ئێمەدا (ڕەفیق حیلمی) وەستا، نەچووە بەردەم ماڵێكى تر، دوو ژن لەو سەیارەیە دابەزین، یەكێكیان قۆنەرەى پیاوانەى لە پێدا بوو، چوونە ماڵە دراوسێكەى دەستەڕاستمان". دراوسێكەمان ماڵی هاشم جەعفەریان پێدەگوت، هاشم جەعفەر هەم سەیید بوو و هەمیش شیعە، تەڕبووشی لەسەر دەكرد، براكەى ناوى زیا جەعفەر و لە سەردەمی نوورى سەعیددا وەزیرى پلاندانان بووە، بەڵام تا بڵێی دراوسێیەكی زۆر باش بوون بۆ ئێمە. ئیتر ئێمە بێدەنگ بووین لەو مەسەلەیە و سەرقاڵی هەواڵی تەلەفزیۆن و دەرچوونی بەیاننامەكان و خوێندنەوەى ڕۆژنامەكانى ئەو ڕۆژە بووین، دەوروبەرى كاتژمێر دە بۆ یازدە تەقەى دەرگامان هات، كە كردمانەوە دراوسێكەمان سەیید هاشم بوو، لە ژوورى میوان لەگەڵ باوكم دانیشتن، كە سەیید هاشم ڕۆشتەوە باوكم هاتەوە بۆ لاى ئێمە و گوتی: سەیید هاشم هاتووە و گوتوویەتی: "نوورى سەعیدی سەرۆكوەزیران هاتووەتە ماڵی ئێمە، تكایە ئێوە خەبەرى لێنەدەن"! ترسابوو كە ئێمە بچین و هەواڵی نوورى سەعید بە سەرانى شۆڕش بڵێین، ترسەكەشی لەوەوە بوو كە دەیزانى باوكم (ڕەفیق حیلمی) پیاوێكی زۆر نەتەوەییە، وە هیچكات نوورى سەعیدی خۆشنەویستووە و هەمیشە تەعلیق و توانجی نابارى تێدەگرت، ئەو دراوسێیەشمان ترسابوو كە باوكم بەو هۆیەوە بچێت و نهێنییەكە ئاشكرا بكات. باوكیشم پێی گوتبوو: "ماڵەكەشم تەخت بكەن و بیدەنە بەر بۆمباران، تۆ بە هیچ شێوەیەك نەترسی لەوەى كە من بچم و خیانەت لە دراوسێیەتیمان بكەم و خەبەر لە نوورى سەعید بدەم"! سەیرەكە لەوەدا بوو كە سەیید هاشم شیعەش بوو، وە بە ئێرانیش قسەیان دەكرد، خزمەتكارەكانیشیان فارس بوون، كوڕەكانیشیان ناویان: (عومەر و عوسمان و عەلى) بوون، لە كاتێكدا شیعەش بوون، وە من پێم سەیر بوو كاتێك كە شیعە ڕقی دونیاى لە عومەر و عوسمان بوو، چۆن ناوى مناڵەكانى بەو ناوانەوە دەنێن؟ گەورەكەیان ناوى عومەر بوو لەگەڵ شەوقی برام لە كولیەى تیجارى بوو.
ئیتر ئەو ڕۆژە ئێمە تا ئێوارە كونجكۆڵ بووین و گوێمان بۆ هەواڵ و بەیاننامەكان دەگرت، بۆ ڕۆژی دواتر، بەیانییە زووەكەى كە دەكاتە ڕۆژی پازدەى تەمموز بەیانێك بڵاوكرایەوە و نووسرابوو: "سەباحی كوڕی نوورى سەعید كوژرا، وە ئەمڕۆ جەنازەكەى سەحل دەكرێت و بەسەر جادەدا ڕادەكێشرێت"! نوورى سەعیدیش لە ناو سارداوەكەدا گوێی لەمە دەبێت، نوورى سەعید زۆر ئازا بوو، جا دوایی زانیمان ئەو ژنەى كە بەیانیە زووەكە پوورم بینیبووی لەگەڵ نوورى سەعید، هەردووكیان عەبای ژنانەیان بەسەر خۆدا دابوو، وە نوورى سەعیدیش پێڵاوە پیاوانەییەكەى دەركەوتبوو، خەسووی سەیید هاشم جەعفەر بووبوو، واتە لەگەڵ نەنكی عومەر و عوسمان و عەلى، واتە دایكی ژنەكەى سەیید هاشم جەعفەر، ناسراو بوون بە ئیسترابادی كە بەناوبانگ بوون لە بەغدادا و شیعەش بوون. كاتێك نوورى سەعید هەڵدێت، ڕوو دەكاتە بنەماڵەى ئیسترابادییەكان و خەسووى سەیید هاشمیش دەڵێت: "دەتبەم بۆ ماڵی كچەكەم، بۆ ئەوەى كەس گومانت لێنەكات". كاتێك نوورى سەعید گوێی لە هەواڵی مەرگی كوڕەكەى دەبێت، سەیارەى شۆفێرەكەى خۆى كە ژمارەكەى (1085) شۆفرلێتی ڕەش بوو، وە لە بەردەرگاى ماڵی ئێمەدا ڕایگرتبوو. وە بۆ ئاگاداریتان برۆى نوورى سەعید زۆر پان و چڕ بوو، بە شێوەى تۆپەڵ دەردەكەوت، پاك برۆیان تاشیبوو تا نەناسرێتەوە، كاتێك نوورى سەعید گوێی لە هەواڵی مەرگی كوڕەكەى دەبێت، پاش ئەوەش ڕایدەگەیەنن كە هەركەس هەواڵێك لە نوورى سەعید بدات بە حكومەتی نوێ، ئەوا بڕی دە هەزار دینارى عێراقی دەكرێتە دیارى ئەو كەسە، چ بە زیندوویی یا بە مردوویی. دە هەزار دینار ئەوسا لە بەغدادا عیمارەیەكی گەورەت پێدەكڕی. كاتێك عومەر كوڕە گەورەكەى سەیید هاشم ئەم هەواڵە و ئەم پێشبڕكێی وەرگرتنی دە هەزار دینارە دەبیستێت، دەست دەداتە سویچی سەیارەكەى نوورى سەعید كە لەسەر تەلەفزیۆنەكە دانراوە و دەڵێت: دەچم هەواڵی دەدەم بە حكومەت! ئیتر نازانم لە ترسدا بوو یا لە تەماحدا؟! كاتێك نوورى سەعید ئەم هەڵوێستەى بینی، لەگەڵ خەسووى سەیید هاشم كە دەیكردەوە نەنكی عومەر، بە عەباوە خۆیان بەسەر دیوارەكەدا هەڵدا و هەڵهاتن، ماڵی پشتەوەمان ماڵێكی گاور بوون، وە مەیدانەكە هەمووی پێیدەگوترا: (ساحەتونەسر)، كاتێك دەگەنە ئەو مەیدانە دەستبەجێ سوپا دابارینە سەرى و كوشتیان. ماڵی شێخێكى عەرەب لەو ناوەدا بوو بە ناوى (موحەممەدولعرێبی)، نوورى سەعید ویستبووى بچێتە ماڵی ئەو شێخەوە، چونكە لە دەستوپێوەندی خۆى بوو. كە كوشتیان بە لۆرییەك ڕایانكێشا و هێنایانەوە بۆ بەرماڵی ئێمە. پاش نەختێك عەبدوسەلام عارف هات، بۆ ئاگاداریتان نە نوورى سەعید و نە هیچكەسێكی تر بە دەستی عەبدولكەریم قاسم نەكوژرا، عەبدوسەلام عارف بە پەلەپەل و تەپەتەپ هاتە ماڵیان و كەمێك تەفتیشی كرد و ئیتر لێی دا ڕۆشت. باوكم هەمیشە دەیگوت: "ترسیان لە ئێمە هەبوو، كەچی خۆیان خەبەریان لەو پیاوە داماوە دا"! ئیتر پاشتر كوڕەكەش پارەكەى وەرگرت و لە ترسی گیانى خۆى ناردیان بۆ دەرەوەى وڵات.


گوڵنار: باوكت كەى و لە كوێ و چۆن كۆچی دوایی كرد؟

ژیان حیلمی: باوكم لە نەخۆشخانە كۆچی دواییكرد، جێگرى سەرۆكى ئەدیبانى عێراق بوو. باوكم گلەیی لە كورد هەبوو، دەیگوت: كورد مونافیقە.دەیگوت: كورد زوو وەردەگەڕێتەوە و با دەداتەوە بە لایەكی تردا. لە توركیا بوو، هاتەوە و بە نیازبوو كە ڕۆشتەوە ئێمەش ببات لەگەڵ خۆى، ڕۆژێك چوو بۆ یەكێتی ئەدیبان بۆ لاى موحەممەد مەهدی جەواهیرى، چونكە جێگرى جەواهیرى بوو لە یەكێتی ئەدیبان، دایكم زۆربەى كات بە مەقەڵی كەبابی بۆ دەكرد، ئەو ئێوارەیە باوكم هاتەوە، لە باخچەكە دانیشتبووین و نانمان خوارد، پاشتر باوكم چووە سەر یەكێك لەو جۆلانانەى كە لە باخچەكە داماننابوو، پاشتر كەمێك هەستا و بە پێخواسی چوو بەرەو حەمامەكە دەستی بشوات، شەوقی برام لە دەرگاى حەمامەكە وەستابوو بە دیارییەوە، دەرگاى حەمامەكەش نیوەى شووشە بوو، كاتێك كە باوكم هەستا بێتە دەرەوە، كەوت و بەر شووشەكە كەوت، دواتر بە ئاسایی هاتەوە و دانیشت، بەڵام هیچ قسەى نەكرد. پاشتر بە پێیەكانى خۆى چووە نهۆمی دووەمی خانووەكەمان و خەوت، بەیانیان زوو هەڵدەستا و خەریكی خوێندنەوەى ڕۆژنامە دەبوو، ڕۆژی پێنجشەممەش بوو، بەڵام ئەو بەیانییە هەڵنەستابوو، دایكم دوو براكەمی ناردبوو كە بزانن بۆچی نەهاتووەتە خوارەوە، ئەوانیش دەچن سەیر دەكەن باوكم لەسەر قەرەوێڵەكەى هەستاوە، بەڵام نەیتوانیوە هەستێتە سەر پێ. ئەوانیش دەستی دەگرن و دەیهێننە خوارەوە، بەڵام هەردوو قاچی لە دەست دابوو، ئێمەش قەرەوێڵەمان بۆ دانا. خوشك و برایەكم چوون خێرا دوو سێ دكتۆریان بۆ بانگكرد (فەرحان باقیر، برایم حەیالی، عەلى كەمال). ئەوانیش گوتیان: جەڵتەى دەماخ لێی داوە. ئێمەش تەلەفۆنمان بۆ ئیسعاف كرد و خێرا جەواهیرى شاعیریش هات. پاشتر لە جەواهیریمان بیست كە ڕۆژی پێشوو باوكم لە یەكێتی ئەدیبان هاتووەتەوە، جەواهیرى تا بەردەرگا هێناوێتییەوە، ئینجا جەواهیرى گوتی: دوێنێ لە یەكێتی ئەدیبان قسەیان بە كورد گوتووە، باوكیشم هەستاوەتەوە موناقەشەیان بكات و زۆر تووڕە بووە، كە هەستاوە قسە بكا، زمانى دەشكێ و ناتوانێ قسە بكات. لە نەخۆشخانە برایم ئەحمەد، عەبدولكەریم قاسم، مەلا موستەفاى بارزانى سەردانیانكرد لە نەخۆشخانە. دواتر دكتۆرەكان حەفتاودوو كاتژمێریان بۆ دانا و ڕۆژی پێنجشەممە بردمانەوە ماڵەوە، كە كۆچی دواییكرد جەنازەكەیمان هێنایەوە شارى سلێمانى، خەڵكێكى زۆر بە پیر جەنازەكەیەوە هاتبوون بۆ كەركووك و بەعقووبە، بەڵام دایكم لە 1974دا كۆچی دواییكرد، بەڵام ئەوكاتە نەدەگونجا جەنازەكەی بهێنینەوە بۆ كوردستان، پاشتر ڕووفاتەكەیمان هێنایەوە سلێمانى.

گوڵنار: باوكت لەگەڵ ئاییندا نێوانى چۆن بوو؟

ژیان حیلمی: نوێژی نەدەكرد و ڕۆژووی نەدەگرت، بەڵام ئیمانی بە خودا هەبوو. وە شیعرێكی كورتی هەیە و بنەماكانى بیروبڕواى خۆى تیا جێكردوونەتەوە، لەوەى كە ئەم گەردوونە لە خۆڕایی و لە خۆوە دروست نەبووە. وە باس لەوە دەكات كە هەرچەندە بیر لەم گەردوونە بێ سنوورە دەكەیتەوە، عەقڵ تیایدا كۆڵ دەبێت و دەوەستێت. وە باسی لە (خەلق) كردووە. بەڵام دایكم نوێژ و ڕۆژووی هەبوو.

 

author photo
گروپی گوڵنار، ده‌سته‌یه‌ك گه‌نجی خوێنده‌وارو ڕۆژنامه‌نووسن‌و هه‌رجاره‌و دیدار له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی، یان ڕۆشنبیری ئەنجام دەدەن.