دیوێكی دیكەی ڕووداوی هەڵكوتانە سەر كۆنگرێس ...دەكرێت ئەزمونی لێوەربگیرێت؟

دیوێكی دیكەی ڕووداوی هەڵكوتانە سەر كۆنگرێس ...دەكرێت ئەزمونی لێوەربگیرێت؟

1146 خوێندراوەتەوە

لەڕووداوێكی شۆكهێنەر و چاوەڕوان نەكراودا، شەوی 6ی یەنایەری 2021، لایەنگرانی دۆناڵد ترامپ هەڵیانكوتایە سەر باڵەخانەی كاپیتۆڵ " كۆنگرێس" و توانیان بچنە ناو هۆڵی كۆبوونەوەكان، كە كۆبوونەوەیەكی لەسەر پەسەند كردنی سەركەوتنی جۆبایدن تێدا بەڕێوەدەچوو، لە ئەنجامدا توندوتیژی و ئاژاوە دروستبوو، بەهۆیەوە 4 كەس كوژران و پۆلیسیش 52 كەسی دەستگیر كرد و لە واشنتنی پایتەخت بۆ ماوەی 12 كاتژمێر قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەنرا.


ئەم ڕووداوە كە لەسەر ڕاسپاردەی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ماوەبەسەرچووی ئەمریكا بەڕێوەچوو، كاردانەوەی ناوخۆیی ئەمریكی و جیهانی لێكەوتەوە و بە هێرش كردنە سەر دیموكراسی ناوزەند كرا، هەندێك كەسیش رەخنەیان لەسیستەمی ئەو وڵاتەو دیموكراسیەكەی گرت، كە كامڵ نیە و جگە لە ڕوكەش شتێكی دیكە نیە، بەڵام لە راستیدا ئەم ڕەخنانە تەنها ڕوكەشین و تەنها دیوە دیارەكەی ئاژاوەكە بینراوە و گرنگی بەدیوی دووەمی ڕووداوەكە نەدرا، كە كاردانەوە توندەكانی ناو ئەمریكا و خودی كۆمارییەكان بوون، كە پشتگیری ترامپ-یان نەكرد و چەندین ڕێكاری توندیان لەدژ گرتە بەر و پاڵپشتی جۆبایدنیان كرد، ئەم كاردانەوانە ئەزمونێكە دەكرێت لە ڕۆژهەڵاتیش لەكاتی هەڵە و سەركێشی سەركردەیەك چاوی لێبكرێت، وەك ئەمریكا ڕێگا بە دیكتاتۆر و پۆپۆڵیستەكان نەدرێت، بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئاسایشی وڵات تێكبدەن و خوێنی خەڵكی بۆ مانەوەی خۆیان بەكاربهێنن، بەڵكو گرنگە خودی لایەنگرانی ئەو سەركردانە كاردانەوەی توندیان هەبێت و سەركێشیەكەش لە كۆتایدا تەنها بە زیانی خۆی بشكێتەوە، وەك چۆن ترامپ بێ پشتیوان و بێ پشتگیری میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان مایەوە.


كاردانەوەكان دەكرێت سودی لێوەربگیرێت:
دوای چەند كاتژمێرێك لە هەڵكوتانە سەر هۆڵی كۆبوونەوەی كۆنگرێس، مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا و نانسی پێلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی كۆنگرێس گەڕانەوە هۆڵی كۆبوونەوەكان و دەستیان بە كۆبوونەوەی هاوبەش كردەوە، پێنس گوێی بە هەڕەشە و فشارەكانی ترامپ نەدا، لە كۆتایشدا بە دەنگی 306 ئەندام سەركەوتنی بایدن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا پەسەند كرا،كە دەنگی كۆمارییەكانیشی تێدابوو.
پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا كە سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكەی دەكرد وتی:" بەو كەسانەی كە ئاژاوەیان لە ناو بینای كۆنگرێس نایەوە، پێیان دەڵێین ئێوە سەرناكەون"، كەڤەری تویتەرەكەشی بۆ وێنەی بایدن و كامەلا هاریسی جێگری گۆڕی.
هەروەها میچ ماكونویل سەركردەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران، ئاژاوەی لایەنگرانی ترامپی بە " یاخی بوونێكی شكستخواردو" ناوزەند كرد.
هەروەها ترامپ لەلایەن چەندین ئەندامی كۆنگرێس كە كۆمارین رووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە، تۆم كوتون سیناتۆری كۆمارییەكان داوای لە ترامپ كرد" دان بە شكستی خۆیدا بنێت و چیدیكە رای گشتی گەلی ئەمریكا نەشێوێنیت".
هەروەها ئەنجومەنی پیران بە زۆرینەی دەنگ تانەی ترامپی لە ویلایەتی ئاریزۆنیا ڕەتكردەوە و بە دەنگی 93 ئەندام لەبەرامبەر تەنها 6 دەنگ، تانەكە ڕەتكرایەوە، هەروەها ئەنجومەنی نوێنەرانیش كە دیموكراتەكان زۆرینەن تیایدا لە دەنگی 303 ئەندام لە بەرامبەر 121 دەنگی دیكە، تانەكەیان ڕەتكردەوە.
هەر لەسەر كاردانەوەكان لەلایەن كۆمارییەكانەوە، جۆرج بوش سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا رایگەیاند كە "ئەوەی لە واشنتن ڕوویدا ترسناكەو ناكرێت باوەڕی پێبكرێت،ئەو ڕێگایەی كە بەهۆی ناكۆكی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەیڕەو دەكرێت، لە كۆمارەكانی مۆزدا ڕوودەدات، نەك لە كۆمارە دیموكراتەكەمان"، هەروەها لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆمارییەكان رایگەیاند كە"پێویستە ناسنامەی ئەو كەسانە ئاشكرا بكرێت، كە هەڵیانكوتایە سەر كۆنگرێس"، دووپاتیشی كردەوە، كە جۆبایدن سەرۆكی شەرعی ئەمریكایە.
هەروەها رۆمنی سیناتۆری كۆمارییەكان وتی:" ترامپ هۆكاری ئەم یاخی بوونەیە".

دەست لەكاركێشانەوە:
دوای ئەوەی ترامپ سوربونی خۆی لەسەر ساختەكاری هەڵبژاردنەكان و دزینی دەنگەكان دووپات كردەوە، چەندین گەورە بەرپرسی ئیدارەكەی دەستیان لەكاركێشایەوە، دوای چەند كاتژمێرێك لە ئاژاوەكانی پایتەخت، میدیاكانی ئەمریكا بڵاویان كردەوە، مات بوتینگەر جێگری ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆكی ئەمریكا دەستی لەكاركێشایەوە، هۆكارەكەشی بۆ پێی راپۆرتێكی كەناڵی "CNN" بۆ هەڵكوتانە سەر بینای باڵەخانەی كۆنگرێس دەگەڕێتەوە.
هەروەها كەناڵە ئەمریكیەكە، لەسەرچاوەیەكە ئاشكرای كرد، كە چەند هاوكارێكی ترامپ دەست لەكاردەكێشنەوە، لەوانە هەریەكە لە رۆبێرت ئەوبراین ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ، كریس لیدڵ گەورە فەرمانبەری كۆشكی سپی، ئەمە جگە لەوەی چاوەڕوان دەكرێت، بە كۆمەڵ فەرمانبەرانی كۆشكی سپی دەست لەكاربكێشنەوە.
ئەمڕۆش لە درێژەیكاردانەوەكان،راین تولی، بەڕێوەبەری كاروباری ئەوروپی و روسی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەستی لەكاركێشایەوە.


میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، ترامپ بایكۆت دەكەن:
ترامپ هەر لە سەرەتای دەست بەكاربوونی، كێشەیەكی گەورەی لەگەڵ میدیاكاران هەبوو، چەندین جار لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكان كێشەی لەگەڵ میدیاكاران بۆ دروست دەبوو، ترامپ هەمیشە میدیای بە " درۆزن و ساختە" ناوبردووە، بۆیە میدیاش لەبەرامبەردا گرنگیەكی ئەوتۆیان پێنەدا، لە كاتی خۆپیشاندانی جەماوەریەكەشیدا، جگە لە " فۆكس نیوز"، هیچ كەناڵێكی ئەمریكا وتاری ترامپی نەگواستەوە،بۆیە ترامپ بۆ ئاشكرا كردنی مەبەست و كارەكانی، تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی بەكاردەهێنا، لەنێویاندا تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، بەڵام دوای ڕووداوەكانی شەشی یەنایەر، بەبیانووی مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵات، ئەو پێگەیەشی لەدەستدا.
تویتەر بۆ ماوەی 12 كاتژمێر هەژماری ترامپی ڕاگرت و هەرەشەی كرد، گەر بێت و لەسەر پۆست كردنی ئەو بابەتانە بەردەوام بێت كە زیان دەگەیەنێت بۆ هەمیشەیی دادەخرێت.
كۆمپانیاكە دوپاتی دەكاتەوە، كە بەهۆی مەترسیەكانی توندوتیژییەوە ئەو كارەی كردووە،هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد، كە ناكرێت ڕێگا بە بڵاوكردنەوەی ئەو تویتانە بدرێت.
دەشڵێت:"ئەمە واتای ئەوەیە كە هەژماری سەرۆكی ئەمریكا بۆ ماوەی 12 كاتژمێر، دوای لابردنی ئەو تویتانە دادەخرێت... ئەگەر هات و ئەو تویتانە لانەبرێن، ئەوە هەژمارەكە بلۆك دەكرێت".
هەروەها تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، ئاشكرای كرد، كە بۆ ماوەیەكی نادیاری هەژماری دۆناڵد ترامپ ڕادەگرێت، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گێرایەوە كە مانەوەی پۆستەكانی ترامپ زۆر مەترسیدارن.

لە كۆتایشدا لە ئەمریكا، هەوڵێك هەیە كە مادەی 25ی دەستور، بۆ لەسەر كارلابردنی دۆناڵد ترامپ بەكاربهێنرێت، كە لە دەسەڵات دووری دەخاتەوە.
هەموو ئەو ڕێكار و كاردانەوەنانەی لە ئەمریكا ڕوویدا، دەریدەخات كە لەو وڵاتەدا مەترسی لەسەر دیموكراسی و یاسا نیە، هیچ كەسێك ناتوانێت هەڕەشەی خۆسەپێنی بكات، گەر سەرۆكی وڵاتیش بێت،لەوەش زیاتر كاردانەوەكان تەنها لەلایەن ڕكابەرەكانی ترامپەوە نەبوو، بەڵكو هاوكار و ئەندامانی حزبەكەشی دژی وەستانەوە، بۆیە لە كۆتایدا هەر خۆی باجی سەركێشیەكانی دەدات و وڵاتیش لە دیكتاتۆری دەپارێزێت، ئەم ئەزمونە ئەگەر لە وڵاتانی رۆژهەلات پەیڕەو بكرایە، نە دیكتاتۆری سەری هەڵدەدا و نە سەرۆكیش پیرۆز دەكرا، بۆیە دەتوانین بڵێن ئەو ڕووداوەی ئەمریكا هەر ڕەش و ناشرین نەبوو، بەڵكو ئەزمونێكە شیاوی چاولێكەرییە!.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی