دیارترین دیدو بۆچوونی سیاسی گەنجانی كورد لە باكوری كوردستان

دیارترین دیدو بۆچوونی سیاسی گەنجانی كورد لە باكوری كوردستان

398 خوێندراوەتەوە

ئەو سیاسیانە كێن كە زۆرترین كاریگەرییان لەسەر گەنجانی كورد لە باكوری كوردستان هەیە، تا چەند گەنجانی باكور گرنگی بە سیاسەت دەدەن؟

ئایا لایەنی سیاسی چ گرنگیەكی هەیە لای گەنجان؟


گەنجان توێژێكی فراوانی نەتەوەی كوردن و ژمارەیەكی زۆری دانیشتوان پێكدەهێنن، هەروەها كوردیش لە توركیا نەتەوەیەكی سەرەكیە و ڕێژەی لەسەدە بیستی دانیشتوانی توركیا پێكدەهێنن، چینی گەنجانیش لەناو كوردا گرنگیەكی زۆر بە پارتە سیاسیەكان دەدەن، بۆ ڕوونكردنەوەی دیدوبۆچوون و ئاراستەی گەنجان لە باكوری كوردستان، توێژینەوەیەك بەناونیشانی " گەنجانی كورد 2020:لێكچوون و جیاوازی و گۆڕان" بڵاوكراوەتەوە، كە سەنتەری توێژینەوەی كوردی و دامەزراوەی ژیان و لێكۆڵینەوە ئەنجامیان داوە، كە بە مەیدانی دیدی گەنجان لەسەر چەندین لایەنی سیاسی وەرگرتووە.


بەپێی توێژینەوەكە، پارتی گەلانی دیموكرات" هەدەپە" زۆرترین جەماوەری لە نێو گەنجاندا هەیە، هەروەها گرنگی دان بە پارتی دادو گەشە لە دابەزیندایە و بەپێچەوانەوە پارتی گەلی كۆماری لە بەرەو پێشچوونی بەردەوامدایە.

،،

هەرچی پەیوەست بە باشترین سەركردە لای گەنجان، ئەوا سەلاحەددین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی گەلانی دیموكرات، كە ماوەی چوار ساڵە لە ئیدرنە زیندانی كراوە، زۆرترین جەماوەری هەیە، هەروەها ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ سەرۆكی شارەوانی ئەستەنبوڵ لە رووی جەماوەرییەوە لەبەرەو پێشچوون و فراوانبوونی بەردەوامدایە.


توێژینەوەكە لە نێو گەنجانی دیاربەركر و ماردین و ئۆرفە و وان و ئەدەنە و مرسین و ئەستەنبوڵ و ئیزمیر ئەنجامدراوە،كە تیایدا 473 گەنج كە تەمەنیان لە نێوان 18 و 30 ساڵیدا بووە بەشداربوون، هەروەها چاوپێكەوتن لەگەڵ 100 كەس كراوە.
گەنجەكان هەموویان كۆك بوون لەسەر پێویستی كۆتایی هێنان بە گەندەڵی و پشك پشكێنە، هەروەها بە گرنگیان زانیوە گەنجانیش لە بریارداندا بەشداریان پێبكرێت و پێگەی زیاتر بە كورد بدرێت.


بەپێی توێژینەوەكە، گەنجان هیوایەكی زۆریان بە بزوتنەوە كۆمەڵایەتیەكان هەیە، هەروەها ئەوان لە دایك و باوكیان زیاتر دەزانن.
لە گرنگترین ئەنجامی توێژینەوەكەش، ئەوەیە گەنجان دڵخۆش نین، هەروەها گەورەترین كێشەش لەبەردەمیاندا بێكاری و ناڕوونی داهاتوویانە، ئەوان دەیانەوێت خۆشگوزەران بن و شێوازی ژیانیان بگۆڕن.


هەروەها گەنجانی كورد بەبەراورد بە گەنجانی تورك زیاتر ئازادترن و هەوڵی شكاندنی لەمپەرەكان دەدەن، ئەمەش زیاتر لەلای ئەو گەنجانە هەیە كە لایەنگری پارتی گەلی كۆماری و گەلانی دیموكراتن.


سەرەرای ئەوەی كە گەنجانی كورد لە سیاسەتەوە دورن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی گرنگی بەلایەنە گشتیەكان دەدەن،هەروەها ترسیشیان لە مافی ژنان هەیە،گەورەترین كێشە و مەترسیدارترینیشیان بوونی كێشەی داراییە لای گەنجان، ئەمە جگە لەوەی كە كێشەیان لەگەڵ سیستەمی دادوەری لە توركیا هەیە، هەروەها هەست بە جیاكاری نەتەوەیی دەكەن لە رووی فێركردن و خزمەتگوزاری و زمانی دایكەوە.


لە كۆتایشدا رێژەی توندڕەوی لای گەنجانی كورد پاشەكشەی كردووە، بەڵام گرنگی دان بە ناسنامەی كوردی و داوا نەتەوەییەكانیان زیادی كردووە، هەروەها لەبری توندڕەوی ئێستا زیاتر گرنگی بە سیاسەتی مەدەنی دەدەن.