پەڕلەمانی کوردستان پارێزبەندی لەسەر بەهمەن کاکە عەبدوڵا، لابرد لەسەر کەیسێکی تایبەت بەکوشتنی خۆپیشاندەران

پەڕلەمانی کوردستان پارێزبەندی لەسەر بەهمەن کاکە عەبدوڵا، لابرد لەسەر کەیسێکی تایبەت بەکوشتنی خۆپیشاندەران

320 خوێندراوەتەوە
دیپلۆماتیك - فه‌ره‌یدون بێوار

بەهمەن كاكە عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی زەرد، ماوەی شەش ساڵە سكاڵای یاسایی لەسەرە و لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، بەتۆمەتی بەرپرسیاربوون لەكوشتنی هاوڵاتییەك، بەڵام پارتی كردی بە پەرلەمانتارو ماوەیەكیش لەمەوبەر سەرۆكایەتی پەرلەمان پارێزبەندی لەسەر هەڵگرت.

لە رۆژی 10ی تشرینی دووەمی 2015 لە شارى کەلار خۆپیشاندانێک ئەنجامدرا و دواتر خۆپیشاندەران چوونە بەردەم بارەگاى لیژنەی ناوچەى گوڵانى پارتى لەكەلار. لەلایەن خۆ پیشاندەرانەوە بارەگاكەی پارتی بەردبارانكرا، لەلایەن پاسەوانەكانی ناوچەی پارتییەوە، تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا كراو لەئەنجامدا دوو هاوڵاتی كوژران.

یەكێك لە كوژراوەكان، ئارام بایز بوو، ئەرکانی برای، بەمجۆرە رووداوەكە بۆ دیپلۆماتیك دەگێڕیتەوە "ئارامی برام خۆپیشاندەر نەبوو، بەڵكو لە مزگەوتى تەقواى نزیک بارەگاکەى پارتى نوێژى ئێوارەی کردبوو، لە کاتێکدا ویستبووى لە مزگەوتەوە بۆ ماڵەوە بگەڕێتەوە لەبەر ئەوەى شەقامی بەردەم بارەگاکە بەهۆى خۆپیشاندانەوە داخرابوو رێگاى ئۆتۆمبیلەکەى نەبووە، ئەویش لە ئۆتۆمبیلەکەى دابەزیوە بۆ ئەوەى بزانێت چی ڕوویداوە و وەکو هەر هاووڵاتییەک لە دوورەوە سەیرى ڕووداوەکەى کردبوو، بەڵام بەهۆى تەقەى پاسەوانانى بارەگاکەی پارتی كوژرا".

،،

چەند رۆژیك دوای رووداوەكە، بنەماڵەی ئارام بایز لە دادگای كەلار سكاڵا لەسەر بەهمەن كاكە عەبدوڵا، كە ئەوكات بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی بووە، تۆمار دەكەن.


ئەركان بایز دەڵێت "گرتە ڤیدیۆیی هەیە كە ژمارەیەك لەپاسەوانەكان كە دەمامكدارن، لەبەردەم بارەگاكەی پارتی تەقە لەخۆپیشاندەران دەكرێت، بۆیە ئێمەش سكاڵام لەسەر بەرپرسی ناوچە تۆمار كردووە، وەك بەرپرسی یەكەمی رووداوەكە، بۆ ئەوەی بێتە بەردەم دادگاو ناوی تەقەكەرەكان ئاشكرا بكات.

بەپێی نوسراوێکی دادگای لێکۆڵینەوەی کەلار، كە لە بەرواری 18/10/2015 دەرچووە، بەگوێرەی ماددەی (406) بڕیاری گرتن بۆ "بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا، بەرپرسی پێشووی ناوچەی کەلاری پارتی دیموکراتی کوردستان"، دەرچووە.

هەروەها هەر بەگوێرەی نوسراوێکی دیكە كە لە بەرواری 19ی 8ی 2016 لەبەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان دەرچووە و گشتاندنی بۆ کراوە بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، كە هەلستن بەگرتنی بەهمەن کاکە عەبدوڵڵا، بەرپرسی پێشووی ناوچەی کەلاری پارتی.

ئەركان بایز جەخت لەوە دەكاتەوە، هەرچەندە فەرمانی گرتن بۆ بەرپرسەكە دەرچووە، بەڵام هیچ جارێك نەهاتووەتە بەردەم دادگا و تەنانەت دۆسیەكەشی بەبێ ئاگارداری ئەوان لە كەلارەوە گواستووەتەوە بۆ هەولێر. ئەمەش بەدەستێوردانی حزب بەتایبەتی پارتی لەدۆسیەكە لیكدەداتەوە.

بەهمەن كاكە عەبدوڵا بەرپرسی پێشووی ناوچەی گوڵان لەكەلار و ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی پارتی بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین، راستی داواكە و گواستنەوەو هەڵگرتنی پارێزبەندییەكەی پشتڕاشتدەكاتەوەو دەڵێت "راستە سكاڵام لەسەر تۆمار كراوە، بەڵام داواكار تەنیا وەك بەرپرسی ناوچە سكاڵای لەسەر تۆمار كردووم، دەنا من ئەو رۆژە لەوێ نەبووم و تەنانەت رووداوەكەش لەبەردەم ناوچەكە نەبووە. واتە من بكوژ و تەقەكەر نیم".

سەبارەت بە گواستنەوەی دۆسییەكەش لەكەلارەوە بۆ هەولێر، گوایە حزب دەستێوەردانی كردووە، پەرلەمانتارەكە دەڵێت "لەساڵی 2019 دۆسیەكەم لە دادگای كەلارەوە گواستەوە بۆ دادگای هەولێر بەگوێرەی یاسا و هیچ كێشەیەكی نییە".
رەتیشیدەكاتەوە، كە نەچووبێتە دادگا و دەڵێت "ئامادەم بچمە بەردەم دادگا، تەنانەت ئیفادەشم داوە. دۆسیەكە بە رێڕەوی یاسایی خۆیدا دەڕوات".

لەسەر ئەو دۆسیەیە، لەسەر داوای دادگا، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان پارێزبەندی لەسەر بەهمەن كاكە عەبدوڵا هەلگرتووە، و پەرلەمانتارەكەش دەڵێت "بەڵێ بەبڕیارێكی سەرۆكایەتی پەرلەمان پارێزبەندیم لەسەر هەڵگیراوە".

هاوکات لە خۆپیشاندانەكەی كەلار گەنجێکى دیکەى دانیشتووى شارى کەلار بەهۆی تەقەی پاسەوانەكانی پارتییەوە كوژرا، بەڵام دەوترێ كە لەبنەماڵەیەكی پارتی بووەو لەلایەن کەسوکارییەوە سکاڵا تۆمارنەکراوە.

ئەركان بایز، باسی لەوەكرد، كە لەلایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكرانی حكومەتی هەرێمەوە، موچەی شەهیدانە بۆ كوژراوەكەی دیكە بڕاوەتەوە، بەڵام وەكخۆی دەڵێت "ئەوە شەش ساڵە مامەڵەی شەهیدانەمان بۆ براكەم كردووە، كە خاوەنی دوو مناڵیشە، دۆسییەكەی لە وەزارەتی شەهیدانە، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی حزبی، موچەی شەهیدانە بۆ براكەم نەبڕاوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، كە چەند جارێك لەلایەن داوالەسەر كراوەوە، داوای سوڵحی عەشایەری و كۆمەڵایەتی كراوەو داویان لێكراوە كە واز لەسكاڵاكە بێنن، بەڵام وەك ئەركان دەڵێت "ئێمە سوڵحی عەشایەری رەتدەكەینەوەو چاوەڕێین دادگا و یاسا مافمان بۆ وەربگرێتەوە".

ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عێراقی كە بەرپرسەكەی پارتی پێ تۆمەتبار كراوە، تایبەتە بە کوشتنی بە ئەنقەست، كە سزاكەی زیندانی هەتاهەتایی یاخود لە سێدارەدانە.