ئه‌سپه‌كه‌ی ته‌ڕواده‌ له‌ماڵه‌كه‌ی گۆڕاندا

ئه‌سپه‌كه‌ی ته‌ڕواده‌ له‌ماڵه‌كه‌ی گۆڕاندا

265 خوێندراوەتەوە

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج


كه‌س سوپاكه‌ی نه‌بردوه‌ته‌ ژوره‌وه‌، سوپاكه‌ خۆیان له‌ژووره‌وه‌ن، نه‌وشیروان مسته‌فا گۆڕانی بۆ ڕاگرتنی یه‌كێتی‌و پارتی له‌گه‌نده‌ڵی‌و نادادی‌و سته‌م دروستكرد، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌نادادی‌و سته‌م بدرێت، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌موومان كه‌م‌و زۆر پێوه‌ی ماندووبووین، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌رله‌وه‌ی موڵكی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن‌و جڤاته‌كان‌و پۆستداره‌كانی گۆڕان بێت له‌ناو حكومه‌تا، بزوتنه‌وه‌ی ده‌نگده‌ره‌كانی گۆڕان بوو، بزوتنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌دان هه‌زار خه‌ڵكه‌ بوو دوای په‌یامی نه‌وشیروان مسته‌فاو هاوڕێكانی كه‌وتن .

ده‌بوو ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ دوای كۆچی نه‌وشیروان مسته‌فاو دوركه‌وتنه‌وه‌ی كه‌سه‌ باش‌و به‌هه‌ڵوێسته‌كان له‌به‌ر خاتری كه‌س نا، له‌به‌ر خاتری نه‌وشیروان مسته‌فا خۆی هه‌ڵوه‌شانایه‌ته‌وه‌، من كاتی خۆی وتم با خۆی سڕبكات، ئه‌مه‌شم به‌زۆركه‌س وت، ئاخر نه‌وشیروان مسته‌فاو هاوڕێكانی‌و بزوتنه‌وه‌كه‌یان هی 12 كورسی‌و كه‌متر له‌دوازده‌ كورسی نین، ئه‌وان هی 50 كورسین، كاتێك به‌و هه‌موو سته‌م‌و ته‌زویره‌ ئه‌وان 25 كورسیان هێنا، ده‌بوو دواتر نه‌چنه‌ یاریه‌كه‌وه‌ كه‌ نیواو نیو كه‌مده‌كات، ئه‌مه‌ به‌رله‌وه‌ی لێدان بێت له‌كه‌س، لێدان بوو له‌خودی نه‌وشیروان مسته‌فا .

من ماوه‌یه‌ك له‌ته‌ك ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌دا قوربانیمدا، ده‌زانم چ به‌شێك له‌وانه‌ی ماونه‌ته‌وه‌، چ ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌جێیانهێشت، ئێستا له‌ناخه‌وه‌ بارودۆخی بزوتنه‌وه‌كه‌ ئازاریان ئه‌دات، هیچ یه‌ك له‌وان بزوتنه‌وه‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ دروستنه‌كرد، دواتر مه‌رام‌و ویستی ئه‌وانی تر جێبه‌جێبكات، مه‌رام‌و ویستی لایه‌ن‌و كه‌سانێك كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تا نه‌وشیروان مسته‌فا ڕه‌خنه‌كه‌ی ئاراسته‌ی ئه‌وان بوو، من هه‌میشه‌ وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ هاوڕێكانم له‌ڕه‌خنه‌گرتن له‌گۆڕان خۆم بواردوه‌، كه‌چی تا دێ‌ مه‌ترسیه‌كه‌ زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت بۆیه‌ ناكرێ‌ بێده‌نگبین، هیچ پاساوێكیش نییه‌ كه‌ له‌لایه‌ن خودی بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌ وه‌ك چۆن سته‌م له‌زۆر كاره‌كته‌ری پاك‌و به‌ویژدان كراو دورخرانه‌وه‌، یان ناچار به‌دورخستنه‌وه‌كران، هه‌رئاواش سته‌م له‌نه‌وشیروان مسته‌فاو خه‌ون‌و گۆڕه‌كه‌ی بكرێت .

،،
كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی بۆ دادگه‌ری‌و ژیانی باشتر بۆ میله‌ته‌كه‌یان خه‌باتیان كرد هه‌ق نییه‌ به‌و بارودۆخه‌وه‌ درێژه‌ به‌سیاسه‌ت‌و ته‌مه‌نی گۆڕان بده‌ن، چونكه‌ ناكرێ‌ نه‌ خه‌باتی ئه‌وان نه ‌خه‌بات‌و هه‌وڵی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ دوو كورسی‌و سێ‌ كورسی بچوك بكرێته‌وه‌‌و دیسان باسی مه‌نجه‌ڵه‌ یاپراخه‌كه‌ بكرێت وه‌ك ته‌ڵفیسی، گۆڕان ده‌كرێت ئیتر حزب نه‌بێت، ده‌كرێت بگه‌ڕێته‌وه‌سه‌ر راسته‌ ڕێی بزاڤی گۆڕانكاری‌و له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانی تردا كه‌ خه‌ونێكیان هه‌یه‌، ئه‌ویش خه‌ونێكی هه‌یبێت، یان بیر له‌ڕێگه‌ی دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌سیاسه‌ت بكاته‌وه‌و خه‌ریكی هه‌مان ئه‌وكاره‌بێت كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا وشه‌ی بۆ دامه‌زراند .

كه‌وتنه‌ داوی دراوه‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ژیانیدا هه‌رگیز نه‌وشیروان مسته‌فای پێ‌ نه‌خه‌ڵه‌تا، بزوتنه‌وه‌كه‌ی ئه‌وی له‌په‌ل‌و پۆ خست، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌دوركه‌وتنه‌وه‌ی سه‌دان جوامێر كه‌ ئه‌گه‌ر ئاوه‌زی سیاسی بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌دوای مه‌رگی ڕێكخه‌ره‌كه‌یان هێنده‌ كڵۆم نه‌با هه‌رگیز بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌و ده‌رده‌ی ئێستا ناچوو، كێشه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ پڕكردنه‌وه‌ی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن‌و هه‌ڵبژاردنی قه‌زاو ناوه‌نده‌كان نییه‌، كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ هه‌رگیز بزوتنه‌وه‌كه‌ی سه‌رده‌می نه‌وشیروان مسته‌فا نییه‌، ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ی خه‌ڵك ده‌خیله‌ی مناڵه‌كانی بۆ ده‌هێناو كابرا له‌ئه‌وروپا به‌س بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ وێنه‌یه‌ك له‌گرده‌كه‌ بگرێت‌و بڵاویبكاته‌وه‌ .

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ئێستادا نه‌ده‌توانێ‌ جیاوازبێت نه‌ده‌توانێ‌ جیاوازی دروستبكات، نه‌ ڕوداو خولقێنه‌ له‌كاتێكا ئه‌و سه‌رده‌م‌و ڕۆژگارێكی بۆ هاتبووه‌ پێش پارتی‌و یه‌كێتی له‌هه‌ر جوڵه‌یه‌كی سڵیان ده‌كرده‌وه‌، كه‌چی ئه‌وه‌تا ئێستا به‌ده‌ست كێشه‌كانی ناوخۆیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت‌و له‌بری ئافه‌رینكردن له‌بوێرو ڕه‌خنه‌گره‌كانی، سه‌رزه‌نشتیان ده‌كات‌و به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دروستبووه‌ هیچ هێزێك هێنده‌ی خودی بزوتنه‌وه‌كه‌ زیانی به‌خۆی نه‌گه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌ جگه‌له‌وه‌ی دۆخێك دروستكراوه‌ كه‌ كه‌س یاشی ئه‌وی تر نه‌ڵێت‌و كه‌م كه‌س ڕێز له‌بۆچوونی ئه‌وی تر بگرێت، ته‌نانه‌ت دیسپیلین‌و پله‌ به‌ندی له‌گرێژنه‌ ده‌رچووه‌و هه‌ركێ‌ هه‌ڵده‌ستێ‌ ئه‌وی تر ناشرین ده‌كات.

به‌م هه‌موو كێشه‌یه‌وه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ بتوانێ‌ هه‌ڵسێته‌وه‌، بۆیه‌ ئێستاش ده‌ڵێم له‌خاڵێكا بوه‌ستێ‌ زۆر له‌وه‌ باشتره‌ له‌وه‌ زیاتر بچوك بێته‌وه‌.