ئۆجەلان و نوح هەراری و ئاشتی جیهانی!

ئۆجەلان و نوح هەراری و ئاشتی جیهانی!

258 خوێندراوەتەوە
عەبدوڵای مەلا نوری

یوڤال نوح هەراری، بیرمەندێکی یەهودی گەنجی ئەم سەردەمەیەو، لە ئیسرائیل مامۆستای زانکۆیە؛ کتێب و وتارەکانی بۆ چەندین زمانی زیندوی جیهانی وەرگێڕدراون و پڕخوێنەرترینن؛ پێی وایە لێکەوتەکانی پێشەکەوتنی پێشەسازی، گۆڕانە ژینگەییەکان، جەنگی ناوەکی هەڕەشەن لە سەر داهاتوی مرۆڤایەتی.
لە بارەی لێکەوتەکانی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاوە پێشبینی دەکات لە داهاتویەکی نزیکدا رۆبۆتەکان لە مەیدانی کاردا، بەڕە لە ژێر پێی مرۆڤی ئاسایی دەربهێنن و، بەمەش دەیان و بگرە سەدان ملیۆن مرۆڤی بێ کەڵک لە ناو سیستمێکی ئابوری لاسەنگدا بێ کار بمێننەوە.


لەم رووە نمونەی ئەوە دەهێنێتەوە، لەم کاتەدا داهاتی ٦٢ دەوڵەمەندی جیهان، هێندەی داهاتی سێ ملیارو شەشسەد ملیۆن مرۆڤی سەر هەسارەی زەوییە.
ئەو زیاتر دەڕوات و پێشبینی دەکات هەڵپەی پێشەسازی و سەرمایەداری دەوڵەت-نەتەوە لەم شكڵەی ئێستایدا، لەوەوە سەر دەربکات، کۆتایی بە رەچەڵەکی مرۆڤی ئاسایی بهێنێت و (مرۆڤە-رۆبۆت) جێگا بە خۆمان لێژ بکات.


هەراری پێی وایە بۆ ئەوەی مەترسیەکان لە سەر ئاشتی و سەقامگیری جیهانی کەم بکرێتەوە پێویستە ژینگەی جیهانی، ئابوریی جیهانی، زانستی جیهانی، لە وابەستەیی بە سیستمە نەتەوەیەکانی ئێستا ڕزگار بکرێت.


ئەو بیری ناسیۆنالیزم رەد ناکاتەوە، دەڵێت: "هەڵەیەکی ترسناکە ئەگەر وا وێنا بکەین کە بەبێ ناسیۆنالیسزم هەمومان دەمانتوانی لە بەهەشتی لیبراڵیزمدا بژین. زیاتر ئەگەری ئەوە هەبو لە هەلومەرجێکی خێڵەکیدا بژین. وڵاتە ئاشتیخوازو بەختەوەرەکانی وەکو سوید، ئەڵمانیا، سویسرا هەمویان خاونی هەستێکی بەهێزی ناسیۆنالیستین".


بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە هەراری بەم دۆخەی ئێستای ناسیونالیزم رازی بێت، بۆیە دەڵێت: ئەو کاتە کێشە دروست دەبێت، کە نیشتیمانپەروەریەکی نەرم سەر بۆ ناسیونالیزمێکی پەڕگیری شۆڤێنیستی بکێشێت! بۆیە گەڕانەوە بۆ سیاسەتە ناسیونالیستەکان لە فۆرمی رابردودا بە قۆمارێکی گەورە دەزانێ.
ئەو دەڵێت: مرۆڤ دەتوانێت بەرامبەر بە خێزانەکەی، نەتەوەکەی، دراوسێ و پیشەو ئاینەکەی وەفادار بێت، بەڵام بۆچی مرۆڤایەتی و هەسارەی زەوی بۆ ئەم لیستە زیاد نەکات؟!


سەرئەنجام دەگاتە ئەو باوەڕەی، مرۆڤایەتی لە بەردەم دوژمنێکی هاوبەشدایە، بۆ روبەروبونەوەی ئەو دوژمنە ئەڵی: (پێویستمان بە شوناسێکی جیهانی نوێ هەیە).
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە بیڵێم: ئەو میتۆدەی کە نوح هەراری لە کتێبە بە ناوبانگەکانیدا (هۆشمەندەکان، هۆمۆدیۆس، ٢١ وانە بۆ سەدەی ٢١) بە کاری هێناوە (لە گەڵ هەندێک جیاوازیدا)، هەمان ئەو میتۆدەیە عەبدوڵا ئۆجەلان لە زینداندا بۆ نوسینەوەی کتێبەکانی پەنای بۆ بردووە، بە گشتیش ئەوە مادانەی ئۆجەلان و هەراری ئیشیان لە سەر کردووە هەمان مادەن.

،،

ئۆجەلان لە کتێبەکانیەدا، کە لە زینداندا نوسیونی بە وردی باسی مەترسیەکانی ئابوری و سیاسەت و پیشەسازی دەوڵەت-نەتەوە لەم فۆرمەی ئێستایدا، لە سەر ئایندی پێکەوەژیان و ئاشتی جیهانی دەکات. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای نێوان گەلان و دەوڵەتەکان و رێگری لە بەردەم مەترسیەکانی داهاتو، پێشنیازی چارەسەری (نەتەوەی دیموکراتیک) دەخاتە روو.


لە نەتەوەی دیموکراتیکی ئۆجەلاندا نەتەوەو پێکهاتە جیاوازەکان بە باشترین شێوە لە سیستمێکی کۆمەڵگەی دیموکرتیکدا پێک دێن. لە بری ئەوەی ببنە ئامرازی شەڕو پیکدادان دەتوانن لە ناو مۆزایکێکی کلتوریدا پێکەوە بژین؛ لەم سیستمەدا ئابوری و پیشەسازی ناکۆک نین بە ژینگەو دەرفەتی کار بۆ هەموان دەڕەخسێت و مرۆڤ لە بونە سروشتیەکان بەهرەمەند دەبێت.


بە کورتی؛ ئەوەی یوڤال نوها هەراری پێی وایە مرۆڤایەتی لە بەردەم مەترسییەکی هاوبەشدایەو دەڵێت: (پێویستمان بە شوناسێکی هاوبەشی جیهانیە)؛ بە بڕوای من ئەو شوناسە هاوبەشە لای ئۆجەلانە، کە لە (نەتەوەی دیموکراتیک) دا شکڵ دەگرێ.


ئێستا ئۆجەلان لە قەفەسی زیندانی دەوڵەت نەتەوەی تورکیادایە، لە بەر ئەوەی داوای پێکەوەژیانی نێوان گەلان دەکات، تورکیاش خەریکی شەڕو سەرکێشی گەورەیە بۆ تێرکردنی گەدەی دەوڵەت نەتەوەکەیان، سەرئەنجام وەک ئۆجەلان دەڵێت: ئەو دۆخە وەک خانەیەکی سەرەتانی لە سەر حسابی خانەکانی تر گەورە دەبێ، لە گەڵ تەقینیدا ئەشێ مەرگی کۆی ئەو سیستمەی بە دودا بێت.