ئەسحابولکەھف کێن؟ئەو گروپەی موشەکیان نا بە ھەولێرەوە

ئەسحابولکەھف کێن؟ئەو گروپەی موشەکیان نا بە ھەولێرەوە

301 خوێندراوەتەوە

فەریدڵشاد

میلیشیای وەهمی سیاسەتی نوێی قائانی دژی ئەمریكا لەعێراق

دوای چەند مانگێك له كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری پێَشووی حەشدی شەعبی لە كانوونی دووەمی ساڵی 2020، گۆرەپانی سیاسی عێراق لە دایكبوونی چوار گروپی نوێی چەكداری لەژێر ناوی مقاومەی ئیسلامی بەخۆیەوە بینی كە دیارترینیان گروپی چەكداری ئەسحابولكەهف بوو.
لە مانگی ئابی ساڵی 2020 هەریەك لە گروپە چەكدارەكانی "ئەسحابولكەهف و عوسبەتول سائرین و سیئار موهەندیس و سەرایەی سەورەی عشرین" دروست بوون كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن بە ئامانجی هێرشكردنە سەر بنەكەو بارەگاكانی ئەمریكا لەعێراق و تۆڵەكردنەوەی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس.
ئەم گروپانە تائێستا سەركردە و ناسنامەیان نادیارە و تەنها لەرێگەی راگەیەنراو و پێگەی ئەلیكترۆنییەوە چالاكییەكانیان بڵاودەكەنەوە، كێشەكی گەورەی بەردەم حكومەتی عێراقیش ئەوەیە ئەم گروپانە لە گروپی حەشدی شەعبی جیانەبوونەتەوە تا ناسنامەیان دیار بێت بەڵام لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەنهێنی هاوكاری دارایی و لۆجستی دەكرێن بۆ ئەوەی بە ئاسانی چالاكی دژی هێزەكانی ئەمریكا ئەنجام بدەن.

،،

ئەم گروپە چەكدارانە ناسراون بەگروپەكانی كاتیۆشا، ماوەیەكە چالاكییەكانیان زیادیكردووە بەتایبەت پێشتر بەرپرسیارێَتی خۆیان لە ئەنجامدانی چەندین هێرش بۆ سەر كاروانی ئۆتۆمبێل و پێگە سەربازیی و دیبلۆماسییەكانی ئەمریكا لەعێراق راگەیاندووە كە زۆربەی هێرشەكان لەلایەن گروپی ئەسحابولكەهفەوە بووە.

ئەمریكاش گروپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێرانی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار كردووە و هیچ جیاوازییەكیان ناكات لەگەڵ هەندێك لە گروپەكانی حەشدی شەعبی.
بەپێی زانیارییەكان گروپی چەكداری ئەسحابولكەهف لە ناو گروپەكانی حەشدی شەعبی نزیكن لە گروپی چەكداری حزبوڵای عێراق كە فەرمان لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە وەردەگرن و پێشتر لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیسەوە سەرپەرشتنی دەكران و لەلایەن ئەمریكاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئیسماعیل قائانی جێگرەوەی قاسم سولەیمانی شێوازێكی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمریكا لە عێراق بە كار دەهێنێًت ئەویش دروستكردنی گروپی میلیشیای نوێیە بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا ئامانجیش لەوە دوورخستنەوەی مەترسی پێكدادانی راستەوخۆیە لەگەڵ واشنتۆن.
زیادبوونی چالاكی ئەم میلیشیا نوێیانە و بەهێز بوونیان. دوای ئەوە دێت كە ئەمریكا لەرێگە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە بەنیازە هەژموونی گروپەكانی حەشدی شەعبی لەعێراق بەتەواوی لاواز بكات.
لەماوەی رابردوو بەتۆمەتی ئاراستەكردنی موشەك بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد، چەندین چەكداری سەر بە گروپی ئەسحابولكەهف لەلایەن دەزگای هەواڵگری عێراق و هێزەكانی دژە تیرۆری عێراقەوە دەستگیركران.


فەریدڵشاد
توێژەری سیاسی