ئێوە وەک عێراقی کاندیدن و ئێمەش وەک عێراقی دەنگ دەدەین

ئێوە وەک عێراقی کاندیدن و ئێمەش وەک عێراقی دەنگ دەدەین

969 خوێندراوەتەوە


ڕەنگە داننان بە عیراقیبون بۆ زۆربەمان کارەسات بێ و ڕۆژێک لە ڕۆژان بەم جۆرە بیرمان لێنەکردبێتەوە و لە ناو عیراق و وەک عیراقی خۆمان نەبینیبێت ، بەڵام ئەمە سەرەتاییترین ڕاستیەکانی هەڵبژاردنن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە بەداخەوە لە بانگەشەی زۆربەی کاندید و قەوارە سیاسیەکاندا ونە.


ئێمە ساڵانێکی دورودرێژ لەسەر رق لێبونەوە لە عیراق و دورکەوتنەوە لە عیراقیبون ڕاهاتوین و بمانەوێ یان نا بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕەگەزپەرستی بە ناخماندا چۆتە خوارەوە، کە سەرچاوەی سەرەکی ئەم ڕقە، بونی جیاوازی و چەوساندنەوەی نەتەوەیی بوە، بەڵام بەردەوام بون لەسەری لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە زیاتر پەیوەندی بە بەرژەوەندی حیزبی و بنەماڵەیی پارتی و یەکێتیەوە بووە .


ئەم دو حیزبە لە دوای ڕوخانی رژێمی پێشوی عیراقەوە لە یەک کاتدا شەڕیان لەسەر عیراقیبون و وەرگرتنی بەش و بەرکەوتی سیاسی کردوە لە عیراقدا و لەهەمان کاتیشدا هەستی نەتەوایەتی خەڵکیان زیاتر ئیستغلال کردوە و دوژمنایەتی کورد و عەرەبیان قوڵتر کردۆتەوە.

،،

ئەم دو حیزبە لە دوای ڕوخانی رژێمی پێشوی عیراقەوە لە یەک کاتدا شەڕیان لەسەر عیراقیبون و وەرگرتنی بەش و بەرکەوتی سیاسی کردوە لە عیراقدا و لەهەمان کاتیشدا هەستی نەتەوایەتی خەڵکیان زیاتر ئیستغلال کردوە و دوژمنایەتی کورد و عەرەبیان قوڵتر کردۆتەوە.


لەبەرامبەریشدا تای نەتەوەیی و کورتبینی سیاسی و ئینتیمای کوێرانەی هاوڵاتیان بۆ ئەم دوو حیزبە هۆکارێکی سەرەکی درێژادانیان بوە بە گەوجاندنی خەڵک وبەردەوامبونیان لە یاریکردن بە هەردوو وەتەری عیراقی بون و کورد بونیان.


لە ساڵی ٢٠٠٣ پارتی و یەکێتی بە جدی و بەوپەڕی توانایانەوە شەڕیان کرد بۆ دەستکەوتنی زۆرترین پۆست و پارە، بەشداری جدیان لە نوسینەوەی دەستوری عیراق و دەنگدان بۆی کرد، لە پارتە عەرەبیە سونی و شیعیەکان زیاتر هانی خەڵکیان دا بۆ دەنگدان بە دەستور و ڕازیبون بە شەرەفی عیراقیبون.

ئەو کاتەی ڕۆشنبیران و زۆرینەی خەڵک ڕیفراندۆمێکی ناڕەسمیان کرد بۆ جیابونەوە لە عیراق(کە زەمینەی سیاسی و جوگرافی زۆر لەبار بوو) ئەمان وەک دوو حیزبی عیراقی ئەو ڕاپرسیە و ئەنجامەکانیان توڕدا ودرێژەیان دا بە عیراقیبونیان. بێ ئەوەی هیچ کام لە ئەندامەکانیان لەسەر سەربەخۆیی سنگ دەرپەڕینن ، ملی ڕێگای دەنگدانیان بە دەستوری عیراق گرتە بەر.

،،

ئەو کاتەی ڕۆشنبیران و زۆرینەی خەڵک ڕیفراندۆمێکی ناڕەسمیان کرد بۆ جیابونەوە لە عێراق(کە زەمینەی سیاسی و جوگرافی زۆر لەبار بوو) پارتی و یەکێتی وەک دوو حزبی عێراقی ئەو ڕاپرسیە و ئەنجامەکانیان توڕدا و درێژەیان دا بە عێراقیبونیان، بێ ئەوەی هیچ کام لە ئەندامەکانیان لەسەر سەربەخۆیی سنگ دەرپەڕێنن، ملی ڕێگای دەنگدانیان بە دەستوری عێراقی گرتە بەر.


دوای چەندین ساڵ شەریک بەشیی لە عیراق و کزبونی دەستکەوتەکانیان و دەرکەوتنی دزی و گەندەڵیەکانیان، دیسانەوە وەتەری نەتەوەیی بوە دەربازکەریان، بە حەماسەوە ڕیفراندۆمیان کرد ، بە حەماسەوە خەڵکیان فریو دا. بە هەمان حەماسیشەوە ئەنجامەکەیان سڕکرد ، بە هەمان حەماسی کورد بونیانەوە جارێکی تر عیراقیبونیان سەلماندەوە، کەچی هێشتا بەشێکی هاوڵاتیان هەر ئەو تایە بەرینەداون، لە یەک کاتدا شەڕیانە لەسەر شانازیکردن بە ڕیفراندۆم و بە بانگەشە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی لە عیراقدا، ئەم جۆرە لە دوفاقی و بیرنەکردنەوە لە دژبەیەکیان ، ئەنجامی سیاسەتی گەوجاندنی خەڵکە لەلایەن ئەو پارتانەوە وبە جۆرێک سەریان لە دەنگدەرەکانیان شێواندوە کە بەشداریکردنیان لە عیراقدا لا بۆتە مەیدانی شەڕی نەتەوەیی و ئەنجومەنی نوێنەرانیان لێکردون بە گۆڕپانی شەڕ، کە هەموو ئەمانە بێهیوایی زیاتر دروست دەکەن چونکە مەعلومە هیچ کام لەم قەوارانە بۆ سەربەخۆیی ناڕۆنە عیراق.


لە دوای هەڵبژاردن کاندیدی دەرچوی هەمو قەوارەکان بە کاندیدانی پارتی و یەکێتیشەوە دەبنە پەرلەمانتاری عیراقی و هەمان سوێندی پەرلەمانتارەکانی عەبادی و مالکی دەخۆن و ئێمەش وەک هەمان دەنگدەرانی بەسرا و ناسریە دەنگمان بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوە ، کە بە فیعلی دەنگەکانی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بەتاڵ دەکاتەوە.



 

author photo

 

نوسەر و پارێزەری یاسایی