سەرەڕای 5 رۆژنامەنوسەكە 30-50 مامۆستا و چالاكی مەدەنی بادینان لە گرتوخانەی ئاسایشی هەولێرن و هێشتا بڕیار لە چارەنوسیان نەدراوە

پەرلەمان ئاگای لێیان نییە و ئاسایش زانیاری نادات

سەرەڕای 5 رۆژنامەنوسەكە 30-50 مامۆستا و چالاكی مەدەنی بادینان لە گرتوخانەی ئاسایشی هەولێرن و هێشتا بڕیار لە چارەنوسیان نەدراوە

1093 خوێندراوەتەوە

دیپلۆماتیك – فەرەیدون بێوار

جگە لەو 5 رۆژنامەنوس و چالاكوانەی لە 16ی ئەم مانگە بە بڕیاری دادگای هەولێر بە 6 ساڵ زیندانی سزادران، 30-50 كەسی دیكەش لە مامۆستا و چالاكانی مەدەنی بادینان بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیر كراون و سەرجەمیان گواستراونەتەوە بۆ گرتوخانەی ئاسایشی گشتی لە هەولێر.

بەپێی زانیاریەكانی دیپلۆماتیك مەگەزین،ئاسایش سەرجەم دەستگیركراوەكانی بادینانی گواستۆتەوە بۆ پارێزگای هەولێر بۆئەوەی هیچ فۆكەسێك لەسەر پارێزگای دهۆك نەهیڵێت و وەك پارێزگایەكی یەكلابوەوە و بێ‌ كێشە بۆ پارتی نیشانی بدات.


لەساڵی رابردووەوە، ژمارەیەك لە چالاكوان ورۆژنامەنووس و هاوڵاتی دەڤەری بادینان، لەلایەن ئاسایشی دهۆكەوە، دەستگیركراون و لەئێستادا لە زیندانی ئاسایشی گشتیی هەولێر دەستبەسەرن، رێگە بەكەس و كاریان نادرێت سەردانیان بكەن، تەنانەت پەرلەمانیش ئاگای لەدۆخی گیراوان نییە و دوای چەند مانگێك لەدەستگیركردینان، هێشتا دادگایی نەكراوەو كەیسەكانیان یەكلایی نەبووەتەوەو نازانرێ بە چ تۆمەتێك زیندانیكراون.

گوڵستان سەعید جێگری سەرۆكی لیژنەی داكۆكی لەمافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان بە دیپلۆماتیك مەگەزینی راگەیاند، ئاگاداری دۆخی دەستگیركراوان نین لەناو زینداندا، باسی لەوەشكرد، كە بەفەرمی نازانن ژمارەی دەستگیركراوان چەند كەسە، بەڵام وەكخۆی وتی "دەوترێ 50 بۆ 70 كەس دەبن
سەبارەت بە رۆڵی لیژنەكەیان و بەدواداچوونیان بۆ ئەو كەیسە، گوڵستان وتی "بووەتە عەیبە بۆ پەرلەمان كە ئاگاداری رەوشی مافی ئەو گیراوانە نین و هیچ زانیارییەكمان لەسەریان نییە". ئاماژەی بەوەشكرد، چەند جارێك لەگەڵ ئاسایش قسەمان كردووە، بەڵام رێگەیان نەداوە سەردانی دەستگیركراون بكەین لەزینداندا، تەنانەت ئامار و ژمارەشیان پێ نەداوین، بۆیە بەدروستیی نازانین ژمارەیان چەندە و دۆخیان چۆنە و بە چ تۆمەتێك گیراوون
پەرلەمانتارەكە جەختی لەوەكردووە، دوای چەندین مانگ لەدەستگیركردنیان، هێشتا دۆسیەكانیان نەچووە بۆ دادگا و لەبەردەم حاكم وتەیان لێوەرنەگیراوەو هێشتا دادوەر نەیدیوە.

بەشدار حەسەن، پارێزەری بەشێك لەگیراوانی بادینان بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین باسی لەوەكرد، ئێستا پارێزەری 16 بەندكراوە، 5 كەسیان سزادراون، بەڵام 11 كەسەكەی تر هێشتا دۆسیەكەیان نەچووەتە دادگا
پارێزەرەكە روونیكردەوە "ئێستا 11 خانەوادە وەكالەتیان بۆ من كردووەتەوە، هەر خانەوادەی كەسێكیان لە زیندانە و خەڵكی دهۆكن و لەئاسایشی گشتیی هەولێرن، هەر چەندە دادوەر بڕیاری داوە كە پەنچەمۆری گیراوان وەربگرین، بەڵام تاوەكو ئێستا ئاسایش رێگەی نەداوەو هەر جارەی بیانوویەك دەهێننەوە، جارێ دەڵێن كەسەكە لای ئێمە نییە و جارێ دەڵێن كاتێكی دیكە وەرنەوە، بۆیە تاوەكو ئێستا نەیانهێشتووە بریكاردەرەكانم ببینم"
بەوتەی بەشدار حەسەن، بەشێك لەگیراوان نزیكەی 4-5 مانگە لەزینداندان، بەڵام تاوكو ئێستا وتەیان لەبەردەم دادوەر وەرنەگیراوەو دۆسیەكانیان نەهێنراوە بۆ دادگا.

،،

سەبارەت بە تۆمەتی گیراوان، پارێزەرەكە ئاشكرای كرد، هەموویان بەتۆمەتی خۆپیشاندان و گرپوچات گیراون. هەروەها ئاشكراشی كرد، یەكێك لە خێزانەكان كوڕەكەیان دیارنییە و تاوەكو ئێستا نازانرێ لەكوێیە.


بەڵام رۆژنامەنووسێك لەدهۆك بە دیپلۆماتیكی ووت، لە بادینامن نزیكەی 30 كەس دەستگیركراون، بەشێكیان بەتۆمەتی پەیوەندی و ئەندامێتی لە پەكەكە دەستگیركراون.
رۆژنامەنووس ئەكرەم گولی، لەشاری دهۆك دەڵێت "ئەوانەی دەستگیركراون زۆرینەیان گەنجن و لەچالاكوان و مامۆستا و رۆژنامەنووس پێكهاتوون".
هەروەها باسی لەوەشكرد، هەندیكیان بەتۆمەتی ئەندامبوونی پەكەكە دەستگیركراون
رۆژنامەنووسەكەش جەختی لەوەكردەوە، هەیە 8-9 مانگە گیراوە، هێشتا نەبردراوەتە بەردەم دادوەر و رێگەنەدراوە كەس و كارەكانیان بیانبینن، تەنیا یەكدوجار بە تەلەفون قسەیان لەگەڵ كردوون.

ئەكرەم باسی لەوەكرد، سەرجەمی ئەو دەستگیركراوانە لەدهۆكەوە گواستراونەتەوە بۆ زیندانی ئاسایشی گشیی هەولێر.

ئاسۆ هاشم، پارێزەری بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی دەستیگیركراو، وتی "ئێمەش نازانین ژمارەی دەستگیركراون چەندە، چونگە لەلایەن ئاسایشەوە زانیاریمان نادرێتێ، بەڵام بەشێك لەو كەسانەی فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە، هەڵهاتوون بۆ سلێمانی". رۆژی 16ی ئەم مانگە،پێنج كەس لەگیراوانی بادینان، كە رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی بوون، لەلایەن دادگای تاوانەكانی 2ی هەولێرەوە، هەر یەكەیان بە 6 ساڵ زیندانی سزادران، بەتۆمەتی گروپچات و هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵگە، ئەمەش كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و تەنانەت فراكسیۆن و حزبەكان و سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانیش جگە لەپارتی، داوای پێداچوونەوەو هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە دەكەن.