ئەمنییەتی وڵات...ئیمارات و هەرێم بەنموونە

ئەمنییەتی وڵات...ئیمارات و هەرێم بەنموونە

343 خوێندراوەتەوە

سالار سەراوی

ئیمارات، پێک دێ لە حەوت ناوچە یان هەرێم، لە هەر هەرێمێک بنەماڵەیەک حاکمە و دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بەم شێوەیە؛
هەرێمی دوبەی؛ حەمەد بن راشد ئالمەکتوم، حاکمە.
هەریمی ئەبوزەبی؛ خەلیفە بن زاید ئالنەهیان، حاکمە.
هەرێمی شارقە؛ سلطان بن محمد قاسمی، حاکمە.
هەرێمی عەجمان؛ حەمید بن راشد نعێمی، حاکمە.
هەرێمی فجیرە؛ حەمەد بن محمد ئەلشەرقی، حاکمە.
هەرێمی رأس الخیمە؛ سعود بن صقر ئەلقاسمی، حاکمە.
هەرێمی أم ألقیوین؛ سعود بن راشد المعلا، حاکمە.

لە ئیمارات نە هەڵبژاردن هەیە، نە حزبی سیاسی. بەشی هەرە زۆری خێر و بێری وڵات بۆ ئەم بنەماڵانەیە. ساڵی رابردوو کوڕەکەی خەلیفە بن زاید ئالنەهیان، لە گروپی کۆمپانیاکانی ( لۆلۆ ئینتەرناشناڵ ) بە بەهای یەک ملیار دۆلار سودمەند بووە لە پرۆژە وەبەرهێنانەکانیان لە ئەبو زەبی. بەڵام چونکە ژیانێکی پڕ رەفاهیەت و ئاسایش و شاهانەیان بۆ تەواوی خەڵکی ئیمارات فەراهەم کردووە، هیچ کەس فزەی لێوە نایەت..
هەرچی لەبارەی ئاسایش و ئەمنیەتی وڵاتەوەیە، هاوپەیمانی ئاسایشی نیشتمانی نێودەوڵەتی، لە دوا راپۆرتیدا ناوی ( ٩٧ ) باشترین وڵاتی بڵاوکردۆتەوە کە ئاسایشی هەموو کەس و هاوڵاتیەک پارێزراوە، یەکێک لەوانە ئیماراتە.

،،

هەر ئەمەشە وایکردووە، بۆ نمونە؛ حەمەد بن راشد جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری و حاکمی دوبەی، بە تەنها خۆی لەناو ئۆتۆمبێلی مارسیدسدا بە بێ پاسەوان، بەبێ جام رەش، بەبێ درع، دێت و دەچێ ( دەتوانن لە یوتیوب ڤیدیۆکانی ببینن ) ئەزانی بۆ چونکە خۆی و میللەتەکەشی ئەزانێ کێن و چیان کردووە بۆ خاک و نیشتیمان و وڵات و گەلەکەی خۆیان.!


بەڵام لێرە و لەم هەرێمی کوردستانە، جگە لەو هەموو قۆرخکاری و دزی و تاڵانکردن و لوشدانی سەروەتی نیشتیمانی و نەوت و بودجە و بازرگانی بۆ بنەماڵەکان، لەرووی ئەمنیەت و ئاسایشەوە هیچ کەس پارێزراو نیە، ئەوەتا سەرۆکى هەرێم و حکومەت و وەزیر و مەسئول و پەرلەمانتار و بەڕێوەبەری گشتی و ئەندامی ئەنجومەن و ئەندامی لق و ناوچە و مەڵبەند و کۆمیتە و .... هتد، شانازی بە ئەمن و ئاسایشی وڵاتەوە دەکات، بەڵام هەر خۆیان بە ئۆتۆمبێلی جام رەش و لەشکرێک پاسەوان و قافڵەی ئۆتۆمبێلی درعەوە دەگەڕێن و دێن و دەچن، کەواتە ئاسایش و ئەمنیەتی ئەم هەرێمە لە کوێدایە.؟!
پەرلەمانتار لەناو هۆڵی پەرلەمان لێیبدرێ، لە چایخانە لێی بدرێ، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لێبدرێ، رۆژنامەنوس فەلاقە بکرێ، سجن بکرێ.. هتد، ئیتر ئەمنیەتی وڵات لە کوێدایە.؟!


ئەگەر تۆ دەوڵەتمەدار و حکومدارێکی عادیل و راست بیت، گەر زاڵم و بکوژ نەبیت، گەر لە میللەتەکەی خۆت نەترسی، ئەو هەموو پاسەوانەت بۆچییە.؟ یاخود گەر ئەمنیەتی وڵات و هەرێمەکەی پارێزراوە ئۆتۆمبێلی درع و جام رەشت بۆ چییە.؟!


کەواتە؛ نەک هاوڵاتی سادە، شکور لێرە ئەمنیەتی حاکم و کوێخاکانی کوردایەتیش پارێزراو نیە. ئەی چی دەبوو ئێمەش ئیماراتی بوینایە، یان خۆزگە هەرێمەکەی ئێمەش، وەکو ئیمارات بێ هەڵبژاردن و بێ حزب بوایە، هەر بەدەستی ئەو بنەماڵانەوە بوایە، بەڵام ژیانێکی شکۆمەندانە و ئەمنیەتی خەڵک پارێزراو بوایە.!