بارزانی دەیتوانی چی بكات و نەیكرد؟

بارزانی دەیتوانی چی بكات و نەیكرد؟

686 خوێندراوەتەوە

ڕەنگە هیچ سەركردەیەكی كورد هێندەی بارزانی بەشانس نەبووبێت بۆ سەردەمی ئێستا، گۆڕەپانێكە چوڵ و خۆی بەتەنیاماوەتەوە، ئەگەر پێشتر جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا كێبڕكێ كاربووبێتن، لەئێستادا ئەوانیش لەشانۆی سیاسیدا بوونیان نەماوە. كەواتە مەیدانەكە چۆڵەو تەنانەت كوڕانی تاڵەبانی بەمامی خۆیان لێیدەڕوانن. پرسیارەكە ئەوەیە ئەو هەلەی بۆ بارزانی هاتووەتە پێش بۆچی سودی لێ نابینێت و نێوماڵ وێرانەكەی كورد یەكبخاتەوە؟، لەكاتێكدا دەتوانێن جیاواز لەوەی ئێستا سیاسەتێكی دیكە بگرێتەبەر.


سەرەڕای ئەو گۆڕانكارییە سیاسیانەی لەماوەی ڕابردوو ڕوویاندا، بەتایبەت وەك ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و پاشەكشە پێكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی هەرێم و نەمانی بارزانی لەپۆستی سەرۆكایەتی هەرێم، كەچی هێشتا بارزانی قسەكەری سەرەتا و كۆتایی نێو پارتەكەی خۆی و ڕۆژانە دیدارە سیاسییەكانی ئەنجام دەدات . كەواتە بارزانی زیاتر لەجاران دەیەوێت ڕۆڵی خۆی لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق هەبێت.

،،

بارزانی دەیتوانی زۆر هەنگاوی باش بنێت، وەك سەربەخۆ كردنی كەسایەتییەكەی لەناو پارتەكەی بەدەستبەرداربوونی پۆستە حزبییەكەی و تەرخانكردنی كاتەكانی بۆ ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كورد و بەتایبەت حزبەكانی هەرێمی كوردستان.

چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان پارتە سیاسییەكان و سەردانیی كردنی ناوچە جیاجیاكانی هەرێم، ڕێكخستن و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان هێزە كوردییەكان لەڕۆژئاوای كوردستان، مامەڵەكردنێكی سەربەخۆیانە و گێڕانی ڕۆڵی چارەسەری قەیرانەكان لەنێوان حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێم. هەروەها ڕاگەیاندنی هەڵمەتی دژە گەندەڵی، هیچ نەبێت لەسنوری دەسەڵاتی حزبەكەی، چاكسازی حەقیقی ئەنجام بدایەت بەبێ لەبەرچاو گرتنی هیچ كەسێك تا حزبەكانی دیكەش ناچار بكرایەن بەچاكسازی. بەكارهێنانی پەیوەندییە سیاسییەكانی لەسەر ئاستی دنیایی دەرەوە بۆ مەسەلەی كورد. ئەو كات نەك بۆ پارتەكەی، بەڵكو بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان دەبوو بە ڕێبەرێكی گشتی و خەڵكی ئومێدی لەسەر هەڵ دەچنی.


بارزانی ئەم هەموو هەلەی لەبەردەستە بۆ نایقۆزێتەوە؟، هەم لەقازانجی هەرێمی كوردستان، هە لەقازانجی ڕۆڵە سیاسییەكەی بۆ مێژوو؟، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەورە دراوە بە لەشكرێك لەڕاوێژكاری موفت خۆر، قازانجی ئەو بەناو ڕاوێژكارانە لەوەدایە بارزانی گەمەكەری ناو شانۆ سیاسییەكە بێت تاكو كەسێكی بێلایەن، چون بەڕێكخستنی نێوماڵی كورد، ئەو ڕاوێژكارانە بێكار دەبن و كەس نایان گرێتە خۆ. سەرقاڵكردنی كاتەكانی بە ململانێی بچوك، كۆشەگیربوونی لەنێو كوشكەكانی مەسیف و سەری ڕەش و ناوچەی بارزان، پێشوازی كردن لەكەسانێك نەك بۆ مەسەلەی كورد سودیان نیە، بگرە دژی تەواوی كورد و خودی بارزانیشن. ڕێگەدان بەتوركیا بەئاسانی تۆپارانی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و تەنانەت سنوری دەسەڵاتی حزبەكەی.


لەم مەسەلەیەدا چەند پەیوەندی بەدەوروبەری خوی بارزانییەوە هەیە، چەند هێندە بەشێوازی بیركردنەوەی خودی بارزانییەوە هەیە، نەدوور دەڕوانێت، نە فراوانتر لەمەسەلەكە دەبینێت. بۆیە بیركردنەوەیەكی لەو شێوەیە هەم كەسایەتی و هەم ڕۆڵەكەی لەگوشەیەك و بازنەیەكی سنورداری هەژموونی ژێردەسەڵاتی پارتەكەیدا دەمێنێتەوە و ناتوانێت ببێت بەموڵكی گشتی.

 

author photo
دەرچوی بەشی زانستە ڕامیارییەكان
بەڕێوەبەری ناوەندی حەمرین بۆ توێژینەوەی ستراتیژی