كۆڕەو لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی ئەمەریكادا

كۆڕەو لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی ئەمەریكادا

431 خوێندراوەتەوە

بەهۆی هێرشی سووپای عێراق بۆسەر كوردستان‌و ئاوارەبوونی سەدان هەزار كوردی باشوور بۆ سەر سنورەكانی ئێران‌و توركیا‌و وەڵامنەدانەوەی ئەمەریكا بەرانبەر سەددام، لەناو ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكاداو لە ڕۆژانی پاش كۆڕەوی گەورەی خەڵكی كوردستان لە سەرەتای مانگی چواری 1991دا، مشتومڕی زۆر لەسەر ئەو كارەساتە ئەنجام دەدرێت‌و زۆرێك لە ئەندامانی ئەنجومەنەكە ڕەخنە لە هەڵوێستی ئەمەریكاو " جۆرج دەبلیو بۆش"ی سەرۆككۆمار دەگرن‌و لەو بارەیەوە سەركۆنەی دەكەن.

ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا داوا لە جۆرج بۆش"ی سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمەریكاو ئیدارەكەی دەكەن كە وەڵامی ئەو ڕەخنانە بدەنەوە كە دەڵێن كاری زۆر كەمتان كردووەو زۆر درەنگ كارتان كردووە بۆ ئاوارە كوردەكان‌و پشتتان لەو خەڵكە كردووە كە هانتان داون دژی سەددام ڕاپەڕین بكەن.
كتێبی " كوردو كوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەكانی ئەمەریكادا" كە پڕۆفیسۆر " لۆكمان میهۆ" ئامادەی كردووەو " وریا ڕەحمانی" لە ئینگلیزییەوە كردوویەتی بە كوردی، بەشێك لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكای سەبارەت بە كۆڕەوی گەورەی خەڵكی كوردستانی تێدا بڵاو كراوەتەوە.

یەكێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران، باسلەوە دەكات كە ئەمەریكا كوردەكانی بەرانبەر سەددام بەتەنها هێشتووەتەوەو ئەو هەڵووێستەی ئەمەریكایشی شوبهاندووە بە " كەنداوی بەرازەكان".


" لە ساڵی1961 دا، لە كەنداوی بەرازەكان لە باشووری كۆبا، نزیكەی 1200 كەس لە هێزە دوور خراوە نەیارەكانی كاسترۆی سەرۆك كۆماری كوبا، بە پشتیوانی‌و هاندانی ڕاستەوخۆی " سی ئای ئەی"، هێرشیان كردە سەر هێزەكانی حكومەتی كوبا، بەڵام سەرنەكەوتن‌و ئەو ڕووداوە لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە كەنداوی بەرازەكان ناسراوە".


" پێڵ"ی كۆنگرێسمانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا دە ڕۆژ پاش كارەساتی كۆڕەوی گەورەی خەڵكی كوردستان‌و لە كۆبوونەوەی 11ی نیسانی ئەنجومەنەكەدا وتوویەتی كە كارەساتێكی بێوێنە ڕوودەدات‌و زیاتر لە 3 ملیۆن كوردی عێراقی بەهۆی سەرماو سۆڵەو برسێتی‌و هێرشی سوپای عێراق لەگەڵ مەترسی جیدی مردن ڕووبەڕوون، " قابیلی قبوڵ نییە ئەو خەڵكە برسییە لەبەرانبەر هێرشی سەربازی عێراق لەسەرماو سۆڵەدا بهێڵینەوە، ئەمەریكا بەرپرسیارە بەرانبەر ئەوەی نەهێڵێت كارەسات ڕوو بدات، گیانی پتر لە یەك ملیۆن كەس گرێدراوە بەوەی كە ئێمە لەڕۆژانی داهاتوودا چیدەكەین".


" دیكۆنسینی"، كۆنگرێسمان، توندتر ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئەمەریكاو "جۆرج بۆش" گرتووەو وتوویەتی:" سەرۆك بۆش ئەو پیاوەی كە داوایكرد ڕاپەڕین دژی سەددام بكرێت‌و كوردو شیعەی بۆ ئەوە هاندا، ئێستا لەبەرانبەر دەستدرێژییەكانی سەددام خۆی كردووە بە كەڕو كوێرو لاڵ‌و چاوی ئەوەی نییە ئەو هەموو ژن‌و منداڵانە ببێنێت كە لە لایەن سەدامەوە هێرشیان كراوەتە سەرو گوێی ئەوەی نییە هاواری كوردەكان ببیستێت".


" راوینێڵ هۆیەر"ی ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لە كۆبوونەوەی 16ی نیسانی 1991دا، سەددام حسەین بە هیتلەر ناو دەبات‌و دەشلێت ئەو لێكچوواندنەی سەددام بەهیتلەر ڕۆژ لەدوای ڕۆژ تەواوتر دەبێت، ئەو وتوویەتی:" ئێمە درەنگمان كردووەو نابێت لەمەزیاتر درەنگ بكەین بۆ وەڵامدانەوەی سەددام".
هەر لە كۆبوونەوەی 16ی نیسانی ساڵی 1991ی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكادا، كۆنگرێسمان" لیڤین" نوێنەری ویلایەتی كالیفۆرنیا، " كۆڕەو" بە هۆلۆكۆستی دووەم ناو دەبات‌و نیگەرانیش لە هەڵووێستی ئەمەریكا دەردەبڕێت‌و دەڵێت:" بەداخ‌و شەرمەوە هێشتا وەڵامی ئەمەریكا بۆ مەرگی ژنان‌و منداڵان‌و پیاوە بەساڵا چووە نەخۆشەكان وەڵامێكی گونجاو نەبووە".

،،

ئەو نوێنەرەی ویلایەت كالیفۆرنیا لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا وتووشیەتی:" پاش ئەوەی حكومەتی ئەمەریكا كوردەكانی هاندا ڕاپەرین بكەن‌و گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكردن كە یارمەتییان دەدات، بەڵام ئەمەریكا بەهۆی سعودییەوە هەڵوێستی خۆی گۆڕیوەو ڕاپەریوانی كوردستانی عێراقی بە تەنها هێشتوەتەوەو ئەوان بوونە قوربانی سوپای سەددام".


لیڤین، باسیلەوەشكردووە كوردەكان لەگەڵ مەرگ ڕووبەڕوو بوونەتەوەو وێنەی ئاوارە كوردەكان دڵ دەهەژێنێت، ئەو وتووشیەتی:"سەددام نایەوێت وەڵامی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بداتەوە، ئێمە نابێت لەمە زیاتر خۆمان لەم كێشەیە بدزینەوە"

لە 17ی مانگی چواری ساڵی 1991داو شازدە ڕۆژ پاش ڕوودانی كۆڕەوی خەڵكی كوردستان، كۆنگرێسمان " لیبەرمان" لەناو ئەنجومەنی پیراندا دەڵێت:" ڕژێمی سەددام شایانی ڕێز لێگرتن‌و سەرنجپێدانی ئێمە نییە، تیرۆریستێك بەناوی سەددام وڵاتێك بەڕێوە دەبات كە دەبێت هەموو ڕێگەیەك بۆ ڕووخاندنی بگیرێتەبەر، دڕندەیی سەددام بەڵگەیەكی باشە بۆ ئەوەی لەسەر دەسەڵات لایبدەین، دەبێت كاری زۆرتر بكەین بۆ ڕزگاركردنی خەڵكی عێراق‌و كوردستان لەو چارەنووسە ڕەشە".


" لیبەرمان"ی كۆنگرێسمان داوا دەكات كە نابێت ئەمەریكا گۆڕانكاری ڕواڵەتی بكات‌و سیاسەتی ئەمەریكا دەبێت شەفاف بێت، ئەو وتوویەتی" سەرۆك بۆش دەبێت بە ڕاشكاوی بڵێت ئێمە دەمانەوێت سەددام‌و هێزەكانی لەسەر دەسەڵاتی عێراق نەمێنن، دەبێت سیاسەتی ترسنۆكانەی خۆمان بەنیسبەت ڕێبەرانی عێراقەوە بگۆڕین، لەبەر ئەوەی سەددام لێمان نەڕەنجێت تا ئێستا هیچ پەیوەندییەكمان لەگەڵ نەیارانی سەددام دروست نەكردووە".


" كرانستۆن" یەكێكی دیكە لەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریكا كە سەبارەت بە كۆڕەوی گەورەی خەڵكی كوردستان داوای ڕوونكردنەوە لە "جۆرج بۆش"ی سەرۆككۆمار دەكات‌و هەم ڕەخنەیشی لێدەگرێت، ئەو كۆنگرێسمانە وتوویەتی:" ئامانجە سەرەكییەكانی شەڕی كەنداو كۆنترۆڵكردنی سەددام بوو كە سەرۆك بۆش بە هیتلەر ناوی دێنێت، داوا لەسەرۆك بۆش دەكەم ڕوونی بكاتەوە كە ئەمەریكا بەتەواوی بەرپرسیارە لەبەرانبەر كوردەكان‌و ئەوانەی كە دژی سەددام ڕاپەڕینیان كردووە؟ نابێت چاوی خۆمان بنوقێنین لە ئاست ئەو 800 هەزار كوردەی لە كەمپەكان‌و مەزراكانی نزیك توركیا دەژین‌و ئەو ملیۆن‌و نیو كوردە ئاوارەیەی كە لەسەر سنوری ئێرانن".

،،

" كرانستۆن"ی كۆنگرێسمان وتووشیەتی:" سەرۆك بۆش بەشێوازێكی كارامە‌و باش توانی سەرنجی بیروڕای جیهانی بەرەو لای داگیركردنی كوێت بەدەستی سەددام ڕابكێشێت، بەڵام نەیتوانی هەمان نیگەرانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەو لای قوربانیانی سەددام ڕابكێشێت".


" كرانستۆن" باسیلەوەشكردووە، كاتێك وەزارەتی دەرەوەی سەرۆك ریگان‌و سەرۆك بۆش لەگەڵ سەددام پەیوەندییان بەهێزو گەرم بووە، سەددام گوندەكانی كوردەكانی خاپور دەكرد.
ئەو ئاماژەی بەوەشداوە كە كوردەكانی عێراق بەرانبەر هەڵوێستەكانی ئەمەریكا هەست بە دڵساردی دەكەن‌و هەڵووێستی ئەمەریكایشی بەرانبەر " شۆڕشی ئەیلوول" ئاماژە پێداوە " لە ناوەڕاستی ساڵی 1975 كسنجەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاو شای ئێران پشتیان لە هاوپەیمانە كوردەكەیان كردو ڕێگایان بۆ سەركوتی خوێناوی ئەوان خۆش كرد".

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی