ئایا یارییەکە کۆتایی هاتووە؟

ئایا یارییەکە کۆتایی هاتووە؟

223 خوێندراوەتەوە

دوای كێشمەكێشێكی زۆر، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 پەسەند كرد، بەڵام بەوتەی بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمان یارییەكە كۆتایی نەهاتووەو بەڵێن دەدەن هەموو ڕێگا یاساییەكان بگرنەبەرو خاڵە نایاساییەكان ڕوون بكەنەوە، ئەمە جگە لەوەی بەشێكی دیكە لە پەرلەمانتاران پێیانوایە بودجەكە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا نییە.

تۆپەكە لە ساحەی حكومەتدایە:

جەمال فاخر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانێتی سائیرون، دووپاتی دەكاتەوە كە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەو هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، گرنگترین كاربوو كە ئەم خولەی پەرلەمان پێی هەستا، بۆیە ئێستا چاوەڕوانی حكومەت دەكەن، كە بە رۆڵی خۆی هەستێت و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت:" دوای هەوڵ و كۆششێكی زۆری ماراسۆنی، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، توانی بودجە بگەیەنێتە كەناری ئارامی، هەروەها گەلی عێراق بە دەنگدان بە بودجەكە سەركەوتوو بوو، كە چەند جارێك دەنگدان لەسەری دوا كەوت".
باس لەوەش دەكات، كە " هەر لە كۆبوونەوەكەدا، دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان درا، بۆیە پەرلەمان چووە قۆناغێكی نوێوە لە ئەركی چاودێری و یاسادانان و یاساكانی پەیوەست بە كاری دامەزراوەكان و لایەنی خزمەتگوزاری".

فاخر ئاماژە بەوەش دەكات، كە" ئەمڕۆ تۆپەكە لە ساحەی حكومەتدایە، دوای ئەوەی كە پەرلەمان لە پەسەندكردنی بودجە سەركەوتوو بوو، چاوەڕوانی حكومەتین كە ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، كە ئەنجامدانی بەشێوەیەكی پاك و ڕوون داواكاری گەلە".


ڕەخنە و پەنا بردن بۆ دادگای فیدراڵی:

حازم خالیدی سەرۆكی لیژنەی چاودێری جێبەجێ كردنی بەرنامەكانی حكومەت، دووپاتی دەكاتەوە، كە هەموو ڕێگا یاساییەكان دەگرنە بەر، كە پێشێلكارییە یاساییەكان پشت ڕاست دەكەنەوە كە لە بودجەدا هاتوون، ئاماژە بەوەش دەدات ڕازی كردنی هەموو لایەنەكان كارەساتە.

خالیدی دەڵێت:" هەڵئاوسانێكی زۆر لە بازاڕدا هەیە، زیاتر لە 10 ملیۆن هاوڵاتی عیراقی لە ژێر هێڵی هەژاریدان، هەمووان بەهۆی بەهای دۆلارەوە زەرەرمەند بوون، حكومەت بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و پێویستە لەو بڕیارەی بكشێتەوە".

،،

ئاشكراشی دەكات، كە" چینی بەڵێندەران بەهۆی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلارەوە، هەست بە زیان دەكەن، بەڵام زەرەرمەندی یەكەم گەلی عێراقن".

لەسەر هەڵوێستە یاساییەكانیان دەڵێت:" ئێمە هەموو ڕێكارە یاساییەكان دەگرینە بەر، كە ئەو پێشێلكارییەكان پشت ڕاست دەكەنەوە، كە لە بودجەدا كراون، دادگای فیدراڵی هەیە، كە چەند رۆژێكی دیكە دەست بەكار دەكەنەوە و چانسێكە بۆ ئەوەی تانە لە بودجە بدرێت، چونكە ئەو بودجەیە نیە، كە حكومەت ناردویەتی، بەڵكو گۆڕانكاری زۆری پێكراوە و ئەوە نیە كە لە ڕەشنوسی بودجەدا هاتووە".

لەلایەكی دیكەوە، بەشێك لە فراكسیۆنە عێراقیەكان هەر لەسەرەتاوە بایكۆتی دەنگدان بە بودجەیان كرد، لەوانە هاوپەیمانی " فەتح، دەوڵەتی یاسا،جەبهەی وەتەنی"، ئەو فراكسیۆنانە دابەزاندنی بەهای دۆلاریان كرد بە مەرجی دەنگدان بە بودجە، بۆیە زۆر نزیكە ئەم بایكۆتە بكەنە دەرفەتێك بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، یان بە جۆرێك لە جۆرەكان كێشە بۆ كارەكانی حكومەت دروست بكەن.

ڕێكەوتنەكە كێشەی موچە چارەسەر ناكات و پاشەكەوت بەردەوام دەبێت:

عەلی حمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر ڕێكەوتنی بودجەی عیراق، باس لەوە دەكات، كە ڕێكەوتنەكە ئەوە نیە كە كێشەی موچە چارەسەر بكات،بۆیە بە دڵناییەوە یاسای بودجە پاشەكەوتی موچە لانابات لەو بارەیەوە دەڵێت:" پشكی ھەرێمی كوردستان ٩،٨ ترلیۆنە، مانگانە نزیكەی٨١٦ ملیار دەكات"، ئاماژە بەوەش دەكات، كە هەرێم لە بەرامبەر بەغدادا دەبێت"پارەی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە نرخی سۆمۆ.. ئەگەر ٦٠ دۆلار دابنرێت، دەكاتە ٦٥٢ ملیار، هەروەها دەبێت نیوەی داھاتە فیدڕاڵیەكان بدات، كە بە نزیكەی ٩٠ملیار دەخەمڵێنن، لەگەڵ دانەوەی قەرزی بانكە بازرگانیەكان لە حەوت ساڵدا، كە بەپێی زانیاریەكانی من نزیكەی پێنج ترلیۆنەو مانگانە دەبێت ھەرێم ٥٩ ملیار دیناری مانگانە بدات".
بە وتەی ئەو پەرلە مانتارە، دەبێت ھەرێم نزیكەی ھەمان بڕ بداتەوە بە عێراق، بەمەش ھەرێم ھیچ بڕە پارەیەكی ئەوتۆی بۆ نایەت،تەنانەت ئەگەر پشكی ھەرێم لە حسابكردندا بەھۆی گۆڕانكاری لە نرخی نەوت یان ھەر ھۆكارێكی دیكە زیاتر بوو، بۆ ئەوەی ھیچ بڕە پارەیەك بۆ ھەرێم نەنێرن، لایەنی عێراق ئەمە ناودەنێن مەقاسە! سەرۆكی لیژنەی دارایی بەڕوونی وتوویەتی: مەقاسە نەما.
لەسەر ئەم بنەمایە عەلی حەمە ساڵح دەڵێت:" ڕەوا نیە ھاوڵاتی چاوڕێ بكات بە پشت بەستن بەم یاسا پاشە كەوت نامێنێ! بەدڵنیاییەوە ئەم یاسای بودجە پاشەكەوتی موچە لا نابات،خاڵی سەرەكی ئەم ڕێككەوتنە ئەوەیە كارتێكی یاسای لەدەست ھەرێمە كە بۆی ھەیە نەوت بفرۆشێت.... نەك پارە بێت بۆ موچەو پاشەكەوت لابدات ... ھەرێم ھیچ بڕە پارەیەكی ئەوتۆی دەستناكەوێت شایەنی باس بێت و پاشەكەوت لاببتات".

كورد بە پەسەندكردنی بودجە خۆشحاڵە:

دوای پەسەندكردنی بودجە، كەسایەتی و لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆیان بە پەسەند كردنی بودجەكە دەربڕی.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی شاندی دانوستانكاری كورد لە بەغداد، لە وتارێكیدا رایگەیاند، "هیواخوازین بە پەسەند كردنی بودجە ببێتە مایەی گێرانەوەی سەقامگیری بۆ ئابوری عێراق و باشتركردنی دۆخی دارایی عیراق و هەرێمی كوردستان".

وتیشی:" پەسەند كردنی بودجە دەرئەنجامی گفتوگۆیەكی دوور و درێژ بوو،ئەمە دەستكەوتی یەك لایەن نیە، بەڵكو دەستكەوتی هەموو لایەنەكان بوو، كە زۆر یان كەم بەشدار بوون لە پرۆسەكەدا".
هەر لەسەر پەسەند كردنی بودجە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا دەستخۆشی لە گشت لایەنە سیاسیەكان كرد و ڕایگەیاند" بەبۆنەی پەسەند كردنی بودجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، دەستخۆشی لە گشت لایەنە سیاسیە كوردستانی و عیراقیەكان دەكەم".
دەشڵێت:" سوپاسی شاندی حكومەتی هەرێم و فراكسیۆنە كوردستانیەكان و فراكسیۆنەكانی تری ئەنجومەنی نوێنەران دەكەم، كە بە ماندوو بوون و هیمەت و پێداگریانەوە توانیان لەگەڵ یەكتر بگەنە ئەنجام.


دەستكەوتەكانی بودجە بۆ خەڵكی هەرێم:

پەسەند كردنی بودجە، كۆمەڵێك دەستكەوتی بۆ حكومەت و خەڵكی كوردستان فەراهەم كردووە، لەوانە پێویستە ئەو پارەیەی كە حكومەتی ناوەند بۆ هەرێمی دەنێرێت، پێش هەموو شتێك بۆ موچەی فەرمانبەران خەرج بكرێتەوە.
د. موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوە كرد، كە كۆمەڵێك دەستكەوت لە بودجەدا بەدەستهاتووەو ڕایگەیاند:" دوای ئەوەی هاوپەیمانی هیوا پێداگری زۆری كرد، كە دەبێت موچەی موچەخۆران پێش هەموو كارێكی دیكە بێت،واتە پێویستە حكومەتی هەرێم وەك پابەندی بۆ ئەوەی موچەی فیدراڵی پێبگات، دەبێت موچەی فەرمانبەران خەرج بكات".
دەشڵێت:" موچەی فەرمانگە فیدراڵیەكان دەبێت بخرێتە سەر بودجەی فیدراڵی،بە ڕێكەوتن لە نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمدا، دەبێت لە ماوەیەكی دیاری كراودا یەكلایی بكرێتەوە".

،،

دەستكەوتێكی دیكە، كە لە بودجەدا بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان فەراهەم كراوە، سەروەر بوون و یاسایی بوونی فرۆشتنی نەوتە بە سەربەخۆیی، چونكە لە بودجەدا ئاماژە بەوە كراوە، كە حكومەتی هەرێم لە فرۆشتنی 460 هەزار بەرمیل نەوت، داهاتی 250 هەزار رادەستی حكومەتی ناوەندی دەكات، واتە بە شێوەیەكی فەرمی و یاسایی حكومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت و حكومەتی ناوەند هیچ ڕێكارێكی یاسایی یان ناڕازی لەسەر ئەو پرسە دەرنابڕێت، بەمەش حكومەتی هەرێم دەتوانێت بە نرخێكی زیاتر لەوەی ئێستا نەوتی خۆی بفرۆشێت.

بە پەسەند كردنی بودجە، نزیكەی 11 تریلیۆن دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت، كە دەكاتە ڕێژەی 13.9%ی كۆی بودجەی عیراق.
پەسەند كردنی بودجە، زۆر نزیكە كۆتایی بە لێبڕینی موچە و دواكەوتنی بهێنێت، چونكە حكومەتی هەرێم پابەند كراوە، كە ئەو پارەیەی بەدەستی دەگات، پێویستە پێش هەر كارێك بۆ موچەی فەرمانبەران خەرجی بكاتەوە،ئەمەش واتای ئەوەیە كە دەبێت حكومەت كۆتایی بە لێبڕین بهێنێت، كە بەبیانووی نەناردنی بودجە لەلایەن ناوەندەوە، بڕێك لە موچەی فەرمانبەران دەبڕێت.
پەسەند كردنی بودجەی ساڵی 2021ی فیدراڵی، كۆتایی بە هەموو كێشە داراییەكان ناهێنێت، چونكە هێشتا هاوڵاتیانی عیراق بەدەست هەژاری و بێ كاری و بەرزی بەهای دۆلارەوە دەناڵێنن، ئەمە جگە لەوەی پابەند نەبوونی هەر لایەنێك لە حكومەتی ناوەند و هەرێم، دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ڕێكەوتنەكە، لەم كاتەشدا خەڵكی هەرێم و موچە خۆران باجەكەی دەدەن.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی