شەڕی سی ئای ئەی لە کوردستان

شەڕی سی ئای ئەی لە کوردستان

2666 خوێندراوەتەوە

چێنەر عەوڵا


ساڵی ٢٠٠٢ دوای شەش مانگ لە دانوستان لەگەڵ تورکیاو دوو جار گێڕانەوەی فڕۆکەکەمان لە ئاسمانی تورکیا کە بە تەمابوو لە هەولێر بنیشێتەوە، گەیشتینە ڕێکەوتن لەگەڵ تورکەکان کە سێ ئەندامی میت وە (ئێمەش ٨ کەس بووین) وەکو چاودێر لەگەلمان بێن بۆ کوردستانی عێراق بۆ کردنەوەی بەرەی باکور تاکو ئەمجارە کۆتایی بە ڕژێمی سەدام حسێن بهێنین.

لە یەکەم چاوپێکەوتنم لەگەڵ بارزانی دوای ئەوەی بۆم باسکرد کە ئەمجارە ئێمە جدین و سەدام دەروخێنین و چەکی پێویستیشتان بۆ دابین دەکەین و دژە تانکیشتان دەدەینێ،بۆ ئەوەی توانای بەرپەرچدانەوەی هێرەشەکانی سەدامتان هەبێ، نزیک ٤٠ دەقە پلانەکەی خۆمانمان بۆ باسکرد، دواتر لە بارزانیم پرسی چ پرسیارێکت هەیە سەبارەت بە قسەکانم، ئەویش گوتی: چەند پارەتان لەگەڵ خۆتان هێناوە؟

دواتر چومە لای جەلال تاڵەبانی هەمان شتم بۆ باسکرد، ئەویش بە هەمان شێوە پرسی چەند پارەمان بۆ دابین دەکەن؟

لەکاتێکدا من سەرسام بووم بە کۆشکو تەلارەکانی بارزانی لە هی هۆتێلی ٥ ئەستێرە دەچوون و هی تاڵەبانی لە هی ٣ ئەستێرە، ئەو جیاوازیە سەرنجی راکێشام، دواتر زانیم ئەو پارە زەبەلاحەی لە قاچاغی و حدودەکانی نێوان تورکیا و عێراق کە دوو بەرابەری ئەوەی نێوان عێراق ــ ئێرانە، بۆیە لام سەیر بوو کە ئەوانە لە کەلاوەترین شوێنی دنیا ئەو ئیمپراتۆریەیان بۆ خۆیان و پیاوەکانیان بنیادناوە.

،،

ئێمە بووین بە دوو تیم، کۆشکێکی بەرز کە بەسەر هەولێردا دەیڕوانی وەکو بنکە بۆیان دابین کردین.
تیمەکەی تریشمان یەکێک لە میوانخانەکانی تاڵەبانی لە قەڵاچوالان وەکو بنکە بۆمان دابینکرا، هەفتەی دووجار ماسیمان لە حەوزە تایبەتیەکانی ناو کۆشکەکان بۆ دابین دەکرا. بەردەوام ئایسکرێمی ئێرانی و تورکیمان هەبوو. تاوایلێهات لە رێستۆرانتێکی پیتزا کە نیۆرک پیتزابوو لە هەولێر هەفتانە دەچوین خۆمان پیتزامان حازر دەکرد چونکە لە خواردنە کوردییەکان بێزار بووین!

دوای ١١ ی سپتامبەر جۆرج بوش و کۆمارییەکان بریاریاندابوو کە هێرش بکەنە سەر سەدام حسێن، ئێمەشیان بۆ ئەو مەبەستە ناردبوە باکوری عێراق، ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام لەگەڵ ئەوەی کوردستان پڕ بوو لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، بەڵام هێچ ئاگایەکیان لە وردەکاری هێز و توانای سەربازی عێراقی نەبوو، بەڵکو ئەوەی وەکو بەڵگەش پێشکەشی ئێمەیان دەکرد هەمووی دروستکراو شتی درۆ بوو، بۆ نمونە:

١- یەکێتی وردەکاری ئەوەی پێداین کە گوایە ئەنسار لە ناوچەی خورماڵ لە ئاستێکی پێشکەوتوو دایە لە دروستکردنی چەکی کیمیای. لێکوڵیەوەمان لە زۆرێک لە زیندانی و گیراوانی ئەنسار کرد هەمویان دانیان بە هەمان شتدا دەنا کە وردەکاری دروستکردنی چەکی کیمیای بوو گوایە سەدام یارمەتی داون، دواتر دوای موشەکبارانکردن و گرتنی ناوچەکە هیچ سەرە داوێک لە راستی قسەکان دەرنەکەوت. لە زۆر جێگا شوێنەکانی کۆمەڵی ئیسلامیان لەبری ئەنسار پێدابووین !

٢- گروپەکەی احمد چەلەبی لە هەولێر کەسێکیان هێنا کە گوایە زانیاری هەیە لەناو زانکۆی موسڵ خەریک دروستکردنی چەکی ئەتۆمن، دوای ٤ سەعات لێکۆڵینەوە بۆمان دەرکەوت کابرا ئەلجەبراش بە تەواوی نازانێ چ جای ئەوەی خەبیری ئەتۆم بێ و رایکردوە. دوای ئەوەی ئێمە شتەکانمان رەتکردەوە دەرکەوت احمد چەلەبی لە واشنتۆن لۆبی دەستپێکردبوو لە پەنتاگۆنەوە پەیوەندی کرا کە بۆچی بەڵگەی پیاوەکانی چەلەبیمان ڕەتکردۆتەوە!

٣- دژە تیرۆری مەسرور بارزانی پارچەیەکیان بۆمان هێنا گوایە لە خەزانەکانی تکریت دەستیان کەوتووە، سەدام بەتەمایە چەکی بایەلۆجی دروستبکات ئەو پارچەش نمونەیەکە کە جاسوسەکانیان لەناو سوپای عێراق ڕفاندویانە، دوای ئەوەی خەبیرو جیهازمان هێنا بۆمان دەرکەوت پارچەکە غازی کیمیایی بەشی راهێنان و فێرکاری سوپای سوری سۆڤیەتی جاران بوە، تا ئێستاش نازانین پارتی چۆن ئەو پارچەیەی سۆڤیەتی دەستکەوتوە و بۆ ئێمەیان هێناوە چونکە ئێمە دڵنیا بووین کە ئەوە لە تکریتەوە نەهاتوە.

" ئەوانەی سەرەوە گێرانەوەکانی سام فەدیسی ئەفسەری " سی ئای ئەی"ە کە سەرپەرشتیاری کەیسی کوردستان بوو.