سەددام چۆن کودەتای بەسەر سەرۆکەکەیدا کرد

سەددام چۆن کودەتای بەسەر سەرۆکەکەیدا کرد

538 خوێندراوەتەوە

لە ساڵی (1958)دا شانشینی لە عێراق كۆتایی هات و سیستمی كۆماری ڕاگەیەندرا، ئەویش ئەو كاتە بوو كە بەهۆی كودەتاكەی رۆژی 14ی تەموزەوە، مەلیك فەیسەڵی دووەم، دواین پاشای هاشمی لە دەسەڵات دوورخرایەوە.
كودەتاكە بە سەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم بوو، دوای ئەم كودەتایە، عێراق چەندین كودەتای دیكەی بەخۆیەوە بینی تا گەیشت بە حوكمی بەعسیەكان.
بۆ ماوەی چەندین دەیە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاوەكو ڕوخانی لەسەر دەستی ئەمریكیەكان لە ساڵی (2003)دا،دیواری بەعسیەكان نەتوانرا لەلایەن عیراقیەكانەوە تێكبشكێندرێت، هۆكارەكەشی بۆ توندوتیژی بەعسیەكان دەگەڕایەوە، كە وای كرد عیراقیەكان نەتوانن، پلانێك بۆ دامەزراندنی حزبێكی نوێ دابینێت و عەرشی بەعسیەكان بلەرزێنن، كە لە ساڵی (1968)وە، هاتونەتە سەر حوكم.
بە نزیكەیی دە ساڵ، سەددام توانی لەژێر ئاڵای بەعسیەكان، ببێتە فەرمانڕەوای ڕەهای عیراق، سەددام باوەڕی وابوو كە دەبێت هەر بەعسیەكان و خۆی حوكمی عیراق بكەن، بۆیە ڕۆژێك وتی:" بێگومان بەعس بۆ ئەوە هاتووە، تا 300 ساڵ حوكمی عیراق بكات".

رۆژانەی بەعسیەكان:

چەپۆكی سەددام حسێن هەموو عیراقی گرتەوە، ئەمەش بۆ ئەوە بوو كە پارێزگاری لە دەسەڵات و هەژمونی خۆی بكات، بۆ زانینی ناوخۆیی بەعسیەكان، یاداشتەكانی پیاوێكی بەعسیەكان هەیە، كە زۆر شتی كوالێس ئاشكرا دەكات، ئەو پیاوەش جەواد هاشمیە، كە وەزیرێكی پێشووترە و یاداشتەكانی بە گرنگترین گێڕانەوەی مێژووی نوێی عێراق دادەنرێت.
جەواد هاشم سیاسیەكی عێراقیە، پێشتر ڕاوێژكاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بووە، هەروەها لە حوكمی یەكەمی بەعسیەكان لە ساڵی 1968دا وەزیری پلاندانان بووە،بەڵام دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی وایكرد، كە جەواد هەموو نهێنیەكانی گۆڕانكارییە سیاسیەكانی حوكمی بەعسیەكان بگێڕێتەوە.
دوای ئەوەی دەستگیر دەكرێت، جەواد لە بەعسیەكان دوور دەكەوێتەوە، هەروەها دوای ئازادكردنیشی عیراق بە یەكجاریی بەجێدەهێڵێت.
لە كۆتایی هەشتاكان، یاساناسێكی عیراقی هەموو زانیارییەكانی نوسیەوە، بەڵام نەیتوانی بڵاوی بكاتەوە، تا ئەو كاتەی بەعسیەكان لە ساڵی (2003)دا لە حوكم دوورخرانەوە.

هاوڕێكەی سەددام تكریتی:

عەبدولسەلام عارف بوو بە سەرۆكی عیراق، دوای ئەوەی حزبی بەعس توانی عەبدولكەریم قاسم دووربخاتەوە، بەڵام زۆر بەخێرایی پەیوەندی نێوان سەرۆكی عیراق و حزبی بەعس تێكچوو، لەو ماوەیەشدا سەددام تكریتی كە رەفیق بەعسیەك بوو، گەڕایەوە عێراق، كە پێشتر بەهۆی تۆمەتباركردنی بە هەوڵی كوشتنی عەبدولكەریم قاسم، عیراقی بەجێهێشتبوو.
سەددام لای بەعسیەكانی سوریا، بەتایبەت میشێل عەفلەق ناسرابوو، كە پێیوا بوو" ئەو گەنجە دەبێتە سەركردەی داهاتوو".
عەفلەق دەڵێت:" سەددام حسێن-م دوای شۆڕشی 1963 ناسی، كە لە كۆنگرەیەكی لوتكەیی بوو لە بەغداد، لە یەكەم بینینمدا بۆم دەركەوت كە ئەو كەسێكی هێمنەو هەڵەشە نیە، كۆنترۆڵی عەقڵی خۆی دەكات، كە ئەو شێوازەش لە شۆڕشی عەرەبیدا شتێكی بەرچاو نەبوو".


كودەتای ساڵی 1968:

دوای نەكسەكەی ساڵی 1967 كە هەموو عیراقی گرتەوە، لەو ساڵەشدا بەعسیەكان لە لوبنان كۆنگرەیەكی قەومیان بەست، لە كۆنگرەكەدا ڕایانگەیاند ئەوەی ڕ,ویدا شكستی هەموو سیستەمی فەرمانڕەوایەتی بوو.
كۆنگرەكە داوای لە هەموو ئەندامەكانی كرد" لە هەموو وڵاتانی عەرەبی"، ئەو سیستەمە لابەرن كە بۆتە هۆی ئەو شكستە، ئەو بانگەوازە گەیشتە بەغدادیش.
كارەكەی بەعسیەكان بە دوورخستنەوەی عەبدولرەحمان عارف دەستی پێكرد، كە دەسەڵاتەكانی ڕادەستی عەبدولسەلامی برای كرد، كەبەهۆی تێكشكانی هەلیكۆپتەرەكەی كوژرا.
جەواد هاشم لە یادەوەرەرییەكانیدا ئەوە ئاشكرا دەكات، كە فوئاد رەكابی، سەركردەی حزبی بەعسی عیراقی و دامەزرێنەری حزبەكە، پێشنیارێكی خستۆتە بەردەم عەبدولرەزاق نایف سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سەربازی، كە ئەو كات ویستویەتی بە هاریكاری ئیبراهیم داود فەرماندەی گاردی كۆماری كودەتا بكەن.
سوپا پێویستی بە حزبی بەعس بوو بۆ ئەوەی هاوكاریان بێت، بۆیە نایف داوای لە روكابی كرد، كەشێكی سیاسی بۆ كودەتاكە فەراهەم بكات، بەڵام سەركردە بەعسیەكە ئەو داوایەی ڕەتكردۆتەوە.
بۆیە سوپا ناچار بوو، كارەكە بۆ ئەحمەد حەسەن بەكر باس بكات، دوای چەند رۆژێكیش بە دیاری كراوی لە 17ی تەموزی 1968، گروپەكەی نایف و داود كۆنترۆڵی كۆشكی كۆماریان كرد و بە ئاسانی سەرۆك عەبدولرەحمان عارف-یان دوورخستەوە.

بەعسیەكان دەڵێن، سەدام یەكێك بووە لەو كەسانەی كە بە تانكەوە هاتونەتە ناو كۆشكی كۆماری.

سەردەمی بەكر:

كودەتای بەعسیەكان گەیشتە دەسەڵات، دوای 13 رۆژیش لە سەركەوتنی، بەعسیەكان توانیان بە تەواوی كۆنترۆڵی دەسەڵات بكەن، دوای ئەوەش حكومەتێكی تەواو بەعسیان پێكهێنا.
جەواد هاشم باس لەوە دەكات، لەو كاتەدا بانگهێشتی كۆشكی كۆماری كراوە،بۆئەوەی چاوی بە ئەحمەد حەسەن بەكر سەرۆكی نوێ بكەوێت، كە ئەو ویستویەتی بیكات بە وەزیری ئابوری.
هەر ئەو رۆژەش، جەواد هاشم بۆ یەكەمجار چاوی بەئەفسەر سەددام حسێن كەوتووە،.

پیاوی دووەمی عێراق:

سەددام حسێن كە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی هەبوو، رۆژانە لە ژوورە بچوكەكەی لە كۆشكی كۆماری كارەكانی خۆی ڕادەپەڕاند،بەڵام وردە وردە كارەكانی بەرەو ئەوە دەرۆیشت ببێتە پیاوی دووەمی عیراق.
بڕیاربوو ساڵح مەهدی عەماش كە رەفیق حزبێك بوو بكرێتە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش، بەڵام ئەحمەد حەسەن بەكر، حەزی دەكرد سەددام حسێن بكرێتە جێگری، بۆیە عەماشی ناردە ئوردن، بۆ ئەوەی یەكە سەربازییە عیراقیەكانی ئەوێ بەسەر بكاتەوە،هەر كە رۆیشت، راستەوخۆ فەرمانی دەركرد كە سەددام ببێتە جێگری.


فەرمانڕەوای سێبەر:

جەواد هاشم لە ساڵی 1971 لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، بەڵام هەر پەیوەندی بە حكومەتی بەعسیەكانەوە مابوو،چونكە بۆ سەرپەرشتی دەستەیەك بەناوی " نوسینگەی كاروباری ئابوری" دانرابوو.
ئەو دەستەیە، پێداچوونەوەی بەهەموو یاساكانی ئابوری و كاروباری دارایی لە عیراق دەكرد، كە لەژێر چاودێری سەددامدا بوون،ئەمەش وای لە دەستەكە كردبوو، كە قورساییەكی زۆری هەبێت، هەر پێشنیارێكیان دەكرد، پیاوی دووەمی عیراق ڕەزامەندی لەسەر دەدا.
لەو كاتەشدا توڕەییەكی زۆری جەماوەری لە كۆمپانیا نەوتیە بیانیەكان هەبوو،لە چاوپێكەوتنێكیشدا لەگەڵ سەددام حسێن، جەواد بۆی دەردەكەوێت، كە سەددام نیازی هەیە، نەوت بەتەواوی خۆماڵی بكات،بەمەش سەددم جەماوەری زیاد دەكات.
سەددام دوای ئەوەی كە نەوتی خۆماڵی كرد، هەروەها سەرپەرشتی هەموو مەلەفە سیادییەكانی دەكرد، ئیتر ببوە فەرمانڕەوایەكی سێبەری ڕەها.

شەوی دواین كودەتا:

دواتر سەددام وردە وردە بەرەو پێگەی پیاوی یەكەم هەنگاوی نا، بەتایبەت ئەو كاتەی كە ئەحمەد حەسەن بەكر، بریاری یەكگرتنی لەگەڵ سوریا دەركرد.
ئەو هەنگاوە بەس بوو، بۆ ئەوەی عەرشی بەكر بلەرزێت و كۆتایی بەدەستەڵاتەكانی بهێنرێت،چونكە بەو كارەی پێگەی حافز ئەسەدی بەرز دەكردەوە، كە دوژمنی سەرسەختی سەددام بوو،بۆیە سەددام بەپەلە لە شەوی 17ی تەموزی ساڵی 1979 بەكری لە پۆستەكەی دوورخستەوە.
ئەو شەوە سەدام ئەحمەد حەسەن بەكری بانگكرد بۆماڵی خاڵی، داوای لێكرد لە پۆستەكەی دوور بكەوێتەوە و خۆی جێگای بگرێتەوە، لەسەرەتادا بەكر رازی نابێت،بەڵام دواتر كە دەزانێت كار لە كار ترازاوە رازی دەبێت.
ئەحمەد حەسەن بەكر، بەبیانوی خراپی باری تەندروستیەوە دەستبەرداری پۆستەكەی بوو،دواتریش سەددام بووە سەرۆك و فیشەكی بەزەیی بە یەكگرتن لەگەڵ سوریادا نا، كە هێشتا لە دایك نەبووبو.
دواتر سەددام كۆنگرە بەناوبانگەكەی لە هۆڵی خولد لە بەغداد سازكرد و رایگەیاند دیمەشق خیانەتی لە حزبی بەعسی عیراقی كردووە، پاشانیش سەرۆكی نوێ لە لیستێكدا داوای لە كۆمەڵێك كەس كرد، هۆڵەكە بەجێبهێڵن، كە 22 كەس بوون، دواتریش هەموویان كوژران.
بەمەش سەردەمی ئاگر و ئاسنی سەددام دەستی پێكرد.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی