یەكێتی چەند كورسی پەڕلەمان دەباتەوە؟

یەكێتی چەند كورسی پەڕلەمان دەباتەوە؟

3279 خوێندراوەتەوە

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە برینی كێشە ناوخۆیەكانی حیزبەكەوە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات، بەتایبەتی كە لەدوای 8 ی تەموزەوە هاوسەرۆكێكی سڕ كردوە و بەو هۆیەشەوە بەشێك لە حیزبەكە بە دودڵی و گومانەوە لە داهاتوی حیزبەكە دەڕوانن.

راستە یەكێتی لە دۆخێكی باشدا نییە، بەڵام نابێت بیرمان بچێت كە حیزبی حوكمڕانی زۆنی سەوزە و بەرژەوەندی هەزران كەس بە دەسەڵاتەكەیەوە گرێدراوە و لە هەمان كاتیشدا خاوەنی هێزی چەكدار و نزیكەی 61 هەزار دەنگی تایبەتە. كە لە هەموو هەڵبژاردنەكانی پێشودا زۆرینەیان بە ئاراستەی دەنگدان بە یەكێتی رێكخراون.

دۆخی یەكێتی لە سلێمانی
لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی لە كۆی 18 كورسی پارێزگای سلێمانی چاوی لە 9 كورسی پارێزگاكەیە و وەكو هاوپەیمانی یەكێتی و گۆڕانیش چاوی لە 11- 12 كورسی پارێزگای سلێمانییە.

لە بازنەی یەكی سلێمانی، یەكێتی سێ‌ كاندیدی هەیە،هەریەكە لە د.دانا ئەحمەد و د.نەرمین مەعروف و شاسواری شەهید ئارام.

هەرچەندە یەكێتی بەتەمای دەرچونی كاندیدی سێیەمیشیەتی لەو بازنەیە، بەڵام ركابەریەكە توندە و تەنها 43 هەزار دەنگیشی هەیە، ئەگەر خۆی بۆ دوو كاندید كۆ نەكاتەوە لەوانەیە تەنها یەك كاندیدی بڕوات.

لە بازنەی دووی سلێمانی، بەپلەی یەكەم یەكێتی چاوی لەسەر خستنی هەردو کاندیددەکەیەتی، یەكێتی نایەوێت كورسی دووەمی پیاو لەم بازنەیە بۆ سەربەخۆكان جێبهێڵێت و دەیەوێت لەبری سەربەخۆكان کاندیدەکەی خۆی ئەو كورسیە ببات.

لە بازنەی 3 ی سلێمانی كە هەڵەبجە و سەید سادق و شارەزور و پێنجوێن دەگرێتەوە یەكێتی 25 هەزار دەنگی هەیە و تەنها كاندیدێكی ژنی هەیە، دەرچونیشی مسۆگەرە

لە بازنەی چواری سلێمانی كە رانیە وپشدەر و دوكان دەگرێتەوە یەكێتی 64 هەزار دەنگی هەیە و تەنها دوو كاندیدیشی هەیە،بە ئاراستەكردنی دەنگدانی تایبەت، بردنی 2 كورسی لەو بازنەیە بۆ یەكێتی قورس نییە و تارادەیەك مسۆگەرە.

لە بازنەی پێنجی گەرمیانیش یەكێتی 3 كاندیدی هەیە دوو پیاو یەك ژن.ئەگەر یەكێتی خۆی كۆنەكاتەوە و بە ژیرانە لەو 3 كەسە ژن و پیاوێك كاندید نەكات ئەوا ئەگەری هەیە تەنها یەك كورسی ئەو پارێزگایە ببات.

بەتایبەتی كە ژمارەی دەنگەكانی لەم بازنەیە 34 هەزار دەنگە و بازنەكەش یەكێكە لەناوەندەكانی جێ‌ نفوزی لاهور شێخ جەنگی.بەم پێیەش یەكێتی لە سلێمانی نزیكە لە بردنی 8-9 كورسی.

،،

لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی لە كۆی 18 كورسی پارێزگای سلێمانی چاوی لە 9 كورسی پارێزگاكەیە و وەكو هاوپەیمانی یەكێتی و گۆڕانیش چاوی لە 11- 12 كورسی پارێزگای سلێمانییە

 

دۆخی یەكێتی لە هەولێر
هەرچەندە یەكێتی لە هەولێر لە دۆخێكی سیاسی و رێكخستنی پەرتوبڵاودایە،بەڵام هێشتا توانای بردنی3-4 كورسی لەو پارێزگایە هەیە.


لە پارێزگای هەولێر یەكێتی تەنها ئەگەری بردنی 3-4 كورسی هەیە،  لە بازنەی 2 ی هەولێر کە كۆیە و دەشتی هەولێر دەگرێتەوە 37 هەزار دەنگی هەیە.بۆیە  ئەگەری دەرچونی كوردە عومەر زۆرە.

هەروەها فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی كوڕی سەرۆك هۆزی برادۆستییە نەیارەكانی پارتی لە بازنەی 1 ی هەولێر خۆی پاڵاوتووە.یەکێتی لەم بازنەیە ٢٥ هەزار دەنگ و دوو کاندیدی هەیە، هورچەندە برادۆستیەکان هەمو قورسایی خۆیان خستۆتە سەر كاندیدەكەیان و دەیانەوێت دەربچێت،بەڵام پارتیش دەیەوێت رێگری لە دەرچوونی بكات و بیان شكێنێت.كێشەی یەكێتی لەم بازنەیە بونی كاندیدێكی دیكەی ئافرەتە لە هەمان بازنە و بەو هۆیەشەوە دەنگەكانی یەكێتی لەو بازنەیە پەرت دەبێت بەشی دەرچونی دوو كاندید ناكات.


لە بازنەی سێی هەولێر كە بەشی خۆرئاوای هەولێر دەكات یەكێتی 15 هەزار دەنگی هەیە ،ئەگەر بتوانێت پارێزگاری لەو دەنگانە بكات ئەوا كورسیەكی لەو بازنەیەش مسۆگەر دەبێت،بەتایبەتی كە پارتی لەم بازنەیە تەنها ژن و پیاوێكی كاندید كردووە. بۆیە چانسی هەرێم كەمال ئاغا زۆرە بەتایبەتی كەنەوەی نوێ 10 هەزار دەنگی هەیە و كاندیدەكەشی ژنە تەنها لە حاڵەتێكدا دەردەچێت كە لەكاندیدە ژنەكەی پارتی یان لە هەرێم كەمال ئاغا زیاتر بهێنێت.

لە بازنەی چواری شاری هەولێریش كە خۆرهەڵاتی هەولێر دەكات یەكێتی 24 هەزار دەنگی هەیە و ژنێكی كاندید كردووە، پارتی 2 پیاو ژنێك. ئێستا پارتی بۆی دەركەوتووە كە توانای بردنی ئەو 3 كورسیەی نییە و تەنها دەتوانێت دوو كورسی ئەو بازنەیە ببات. بۆیە دەرچونی كاندیدەكەی یەكێتی لەو بازنەیە موستەحیل نییە و كورسی سێیەمی ئەو بازنەیە لەنێوان نەوەی نوێ و یەكێتی و لەدوای ئەوانیش كۆمەڵ دەبێت. بەڵام بەپێی حساب و كتاب چانسی یەكێتی زیاترە.

،،

فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی كوڕی سەرۆك هۆزی برادۆستییە نەیارەكانی پارتی لە بازنەی 1 ی هەولێر خۆی پاڵاوتووە.یەکێتی لەم بازنەیە ٢٥ هەزار دەنگ و دوو کاندیدی هەیە، هورچەندە برادۆستیەکان هەمو قورسایی خۆیان خستۆتە سەر كاندیدەكەیان و دەیانەوێت دەربچێت،بەڵام پارتیش دەیەوێت رێگری لە دەرچوونی بكات و بیان شكێنێت.

 

پارێزگای دهۆک

لە پارێزگای دهۆكیش لە قەزای ئاكرێ‌ ئەگەرێكی كەمی هەیە بۆ بردنی كورسی بەڵام چانسیشی زۆر نییە.

پارێزگای کەرکوک

لە پارێزگای كەركوك لە بازنەی یەك یەكێتی بە نیازی بردنی 4 كورسیە و لەوانەشە بەهۆی ئاڵا تاڵەبانیەوە دابەزێت بۆ 3 كورسی، هەروەها لە بازنەی2 ئەگەری بردنی 1 كورسی هەیە.بەم شێوەیەش لە كەركوك یەكێتی بەنیازی بردنی 4-5 كورسی پارێزگاكەیە .

راستە یەكێتی لە هەڵبژاردنی پێشوو 6 كورسی بردووە،بەڵام ژمارەیەك لەو كورسیانەی کەرکوکی بە دەنگی گەڕەكە كوردیەكان بردووە و ئەمجارە سیستمەكە بواری ئەوەی پێ‌ نادات بۆیە ئەگەری لەدەستدانی 2 كورسی ئەو پارێزگایەی هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا یەكێتی لە قەزای خانەقین و پارێزگای دیالە كورسیەكی مسۆگەرە و لە دوزخورماتوش ئەگەری بردنی كورسیەكی هەیە.بەتایبەتی بەپشتی ئاوارەكانی پارێزگای سەلاحەدین لە كەمپی ئاوارەكانی عەربەت.

بەم پێیەش یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا خۆی چاوەڕوانی 22 كورسیە،بەڵام بەبڕوای ئێمە ژمارەی كورسیەكانی لە نێوان 17-19 كورسی دەبێت




 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری