كورد و شیعە دۆستن یان دوژمن ؟

ڕەهەندە مەترسیدارەكانی بە مەزهەبیكردنی كێشەی كورد

كورد و شیعە دۆستن یان دوژمن ؟

1049 خوێندراوەتەوە

هەروەكو چۆن لەناو ماڵی شیعەدا دەنگێكی نەشاز هەيه دەیەوێت كورد وەك دوژمنی شیعە وێنا بكات.ئاواش لە كوردستان دەنگێك هەیە ئەیەوێت بیسەلمێنێت دوژمنی گەورەی كورد شیعەیە.

لە مێژووی ڕزگاریخوازی كورددا لە باشور پەیوەندی نێوان كورد و شیعە پەیوەندیەكی باش و دۆستانە بوە.

لەكاتێكدا لەناو شیعە مەزهەبەكاندا مەرجەعی ئاینی كاریگەری لەسەر كەسێتی تاكی شیعە و رەفتارەكانی لە ئاستی باڵادایە. فتوایەكی خراپی مەرجەعیەتی شیعە لە عێراقدا نییە دژ بەكورد. بەپێچەوانەەوە چەندین فتوا هەیە بۆ حەرامكردنی ڕشتنی خوێنی كورد.

مەترسیدارترین هەڕەشە لە عێراقدا بریتیە لە هەرەشەی مەزهەبی. خۆشبەختانە تا ئێستا ئەم هەڕەشەیە لە كوردستان بەدوربوە.
لەكاتێكدا ناوەڕاستت و باشوری عێراق ئاگری شەڕو ململانێی مەزهەبی سوتاندنی.

پەلكێشكردنی ئەم فیتنەیە بۆ كوردستان و زیادكردنی بۆ قەیرانەكانی دیكەی كوردستان چەندین ڕەهەندی مەترسیداری هەیە كە ئەوانەی یاری بەم ئاگرە دەكەن دەبێت ئاگاداری بن

یەكەم: ئەوەی كە بەشێكی گرنگ لە كوردەكانی عێراق بە فەیلی و خانەقینی و شەبەك و ناوچەكانی دیكەوە شیعە مەزهەبن و ئەگەر ناچاربكرێن لە نێوانی كوردبون و مەزهەبەكەیان یەكێكیان هەڵبژێرن ئەوا بەدڵنیایی مەزهەبەكەیان هەڵدەبژێرن.

دووەم: لەڕوی مێژوویەوە شیعە دەست بۆ هەندێ‌ مەلەف و بابەتی مێژویی ببات كێشەی گەورە دروست دەكات. بیرتان نەچێت لە كوردستان سەدان هەزار كورد هەیە كە خۆیان بە بنەماڵەی سەید و ئالوبەیتی پێغەمبەر دەزانن ، راستە ئەمانە خۆیان بە شیعە نازانن بەڵام خۆیان بە ئەولادی عەلی دەزانن. ئەمەش لەڕوی سایكۆلۆجیەوە نزیكەیاتیان بۆ دروست دەكات.

ئەسڵەن شیعەكان بەلایانەوە سەیرە بنەماڵە سەیدەكانی كوردستان چۆن سونی مەزهەبن؟
با ئەوە بوەستێت كە لە ئاینی یارسانیدا عەلی تەجەلی ڕۆحی خودایەو با ئەوەش بوەستێت كە لە كوردستان مەزاری 5 لە كوڕەكانی ئیمام موسای كازم هەیە. لە دەربەندیخان لە كەركوك و هەجیج و ئەسپەرێز.

سێیەم: شەڕی مەزهەبی شیعە لە كوردستان شەڕێكی بەوەكالەتە بۆ توركیاو سعودیە كە هیچ قازانجێكی لی َ ناكەین و بەدەستی بەتاڵ لێی دێینە دەرەوە.

چوارەم: لەڕوی واقعیەوە كوردستان لەبەردەم هەڵمەتی تەشەیوعدا نیە تا هەڵمەتی پێچەوانەی لەدژ ئەنجام بدرێت. راستە لێرەو لەوێ‌ خەڵكێك هەیە بەڵام نەبونەتە مەترسی لەسەر هەڵگەڕانەوەی مەزهەبی لە كوردستان

پێنجەم: شەڕی مەزهەبی و ختوكەدانی ئەم هەستە ڕێكوپێك دەسگرتنی ئێران و شیعەیە بۆ كوردستان بۆ مەیدانی جەنگەكە، ئەمە وا دەكات ئەوان بێن لە كوردستاندا بەرگری بكەن و لەوانەیە هێرشیش بێنن.

ئەو كەسەی شمشێرەكەی لە كەركوك بەرز كردەوە و ووتی ئەمە شمشێری ئیمامی عومەرە فەرقی چییە لەگەڵ حەسەن پلایس كە جنێو بە كورد دەدات. یان ئەو مەلایەی پڕ بە گەروی هاوار دەكات ئەمانە رافیزەن.

 

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری