زیندانییه‌ك، به‌ره‌و كۆشكی چانكایا

"خوێندنه‌وه‌ی نامه‌كه‌ی ده‌میرتاش له‌ڕوانگه‌ی هیگڵ‌ و تۆماس كارلایل"

زیندانییه‌ك، به‌ره‌و كۆشكی چانكایا

1744 خوێندراوەتەوە

جه‌ده‌لێكی قوڵ له‌نێوان فه‌یله‌سوفان‌و لێكۆڵه‌رانی بواری فه‌لسه‌فه‌ی مێژوودا هه‌یه‌ به‌وه‌ی ئاخۆ گه‌ل مێژوو دروست ده‌كات یان تاكه‌كه‌س‌و پاڵه‌وان؟ له‌م رووه‌وه‌ تۆماس كارلایل پێی وایه‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی بریتیه‌ له‌مێژووی تاكه‌كه‌س‌و پاڵه‌وانه‌كان‌و ئه‌وان مۆخی مێژوون، هه‌روه‌ك باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و مێژووه‌ی مرۆڤ به‌رهه‌می هێناوه‌ به‌رئه‌نجامی كارو كرده‌وه‌ی مه‌زنه‌كانی مێژووه‌.

كارلایل به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و رۆڵه‌پاڵه‌وانیه‌ له‌یه‌ك فۆرم‌و ده‌ركه‌وته‌ی تاكه‌كه‌سدا نابینێته‌وه‌، به‌ڵكو له‌چوارچێوه‌ی ده‌ركه‌وته‌كانی(په‌یامبه‌ر، شاعیر، نوسه‌ر، پیاوی ئاینی، فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی، پاشا‌و دواجار كه‌سایه‌تی‌و سه‌ركرده‌ی سیاسیدا) روونیان ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌گه‌رچی ئه‌م تێزه‌ی كارلایل روبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی گه‌وره‌ بۆوه‌ له‌لایه‌ن سیدنی هوك‌و به‌شێكیتر له‌فه‌یله‌سوفان‌و كۆڵه‌رانی بواری مێژوو، به‌ڵام له‌و بایه‌خه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌، كه‌تاكه‌كه‌س ده‌توانێ رۆڵی گه‌وره‌‌و گرنگ له‌دروستكردنی روداوی مێژوویدا بگێڕێت‌و مێژوو دورست بكات.

ئه‌گه‌رچی ناكرێ رۆڵی گه‌لیش فه‌رامۆش بكرێ، وه‌ك چۆن كاتێ جه‌ماله‌دینی ئه‌فغانی له‌وتوێژی له‌گه‌ڵ ناسره‌دین شای قاجار جه‌خت له‌رۆڵی گه‌ل‌و چین‌و توێژه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كاته‌وه‌‌و قورسایی‌و پێگه‌یان له‌به‌رجه‌ستكردن‌و دورستكردنی رووداوی مێژوویدا ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌فغانی به‌ناسره‌دین شا ده‌ڵێت:"گه‌وره‌م مسگه‌ر‌و پیشه‌گه‌ره‌كانی ناو بازاڕ كه‌ڵك‌و رۆڵیان له‌ئێمه‌ومانان بایه‌خدارتره‌، بینیوته‌ پاشایه‌ك بێگه‌ل بژی؟ به‌ڵام گه‌ل هه‌یه‌ بێ پاشا ئه‌ژی". ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ خستنه‌ڕووی ئه‌و بۆچوونه‌ی تره‌، كه‌تاكه‌كه‌س‌و گه‌ل پێكه‌وه‌ گرێدراون‌و گه‌لی باش‌و هۆشیار ده‌توانێ سه‌ركرده‌‌و تاكه‌كه‌س‌و پاڵه‌وان به‌رهه‌م بهێنێ‌و ئه‌ویش رابه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵ به‌ره‌و رزگاریی‌و سه‌رفرازی بكات.
لێره‌وه‌ گه‌ر به‌وردی سه‌یری نامه‌كه‌ی ده‌میرتاش بكه‌ین، كاتێ له‌زیندانه‌وه‌ بۆ هه‌ڤاڵ‌و دۆستان‌و هه‌وادارانی ده‌نێرێ، تێبینی به‌رجه‌سته‌بوونی رۆڵی تاكه‌كه‌س ده‌كه‌ین، ئه‌و رۆڵه‌ سیاسیه‌ی، كه‌پێش ئه‌وه‌ی له‌زیندان توند بگرێ گێڕاویه‌تی، به‌ڵام بۆ ئه‌مجاره‌یان‌و نێو زیندان ئه‌م رۆڵبینینه‌ جیاوازه‌؟ ده‌شێ له‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین بۆچی ده‌توانین به‌ده‌ر له‌روویه‌ك له‌ره‌هه‌ندێكی تریشه‌وه‌ نامه‌كه‌ی ده‌میرتاش بخوێنینه‌وه‌؟ ئایا ده‌كرێ به‌دیویكی تردا شرۆڤه‌ی نامه‌كه‌ی ناوبراو بكه‌ین؟ به‌واتایه‌كی تر ئایا وشه‌كانی نامه‌كه‌ی ده‌میرتاش وشه‌ی ساده‌‌و ئاسایین؟

،،

ده‌میرتاش كوڕی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێپشت‌و په‌نایه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی، به‌جۆرێك له‌هه‌مان كاتدا مناڵی میلله‌تێكه‌ له‌باكووری زێدی خۆی له‌ئه‌تاتوركه‌وه‌ تا ئوردوگان به‌فه‌لسه‌فه‌‌و تیۆرو هزری شه‌ریف فورات‌و كه‌مالیزم‌و تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌سێیۆلاریزمی ناوه‌ڕۆك به‌تاڵاو جۆشدراو به‌روانینی دژه‌ مرۆڤ ته‌ڵقین كراوه‌.

dfc
سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان بایدەمیر لە کاتی نوێژکردندا


ره‌نگه‌ ده‌سپێكی سانا لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ بێت، كه‌ ده‌میرتاش كوڕی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێپشت‌و په‌نایه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی، به‌جۆرێك له‌هه‌مان كاتدا مناڵی میلله‌تێكه‌ له‌باكووری زێدی خۆی له‌ئه‌تاتوركه‌وه‌ تا ئوردوگان به‌فه‌لسه‌فه‌‌و تیۆرو هزری شه‌ریف فورات‌و كه‌مالیزم‌و تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌سێیۆلاریزمی ناوه‌ڕۆك به‌تاڵاو جۆشدراو به‌روانینی دژه‌ مرۆڤ ته‌ڵقین كراوه‌.

بۆیه‌ ئاڵنگاریكردنی ده‌میرتاش ته‌نها ئاڵینگارییه‌كی سیاسی ئاسایی نیه‌، به‌ڵكو ئاڵنگارییه‌كه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ نه‌یار‌و ركابه‌ره‌ سیاسییه‌كانیدا جیاوازی زۆر هه‌یه‌ له‌كێبڕكێی گه‌یشتن به‌ كۆشكی چانكایا، به‌جۆرێ ركابه‌ره‌ سیاسیه‌كانی پۆشته‌‌و په‌رداخن له‌رووی فه‌راهه‌مكردنی گۆڕه‌پانی میتینگه‌كان، شاشه‌ی میدیا زه‌به‌لاحه‌كان، دامو ده‌زگه‌ میرییه‌كان، پاره‌و داهاتی زۆر، كۆكردنه‌وه‌ی هه‌زاران ئه‌ندام‌و لایه‌نگر بۆ ركابه‌ره‌كان، په‌یوه‌ندی سیاسی‌و هه‌رێمی‌و جیهانی، پاره‌و پولی كۆمپانیا داراییه‌ سێبه‌ره‌كانی نێو توركیا‌و ده‌ره‌وه‌ تاده‌گاته‌ دوعا‌و پاڕانه‌وه‌ی باوه‌ڕداره‌ ئایدۆلۆجیه‌كان.

ده‌میرتاش پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ خۆی‌و كتری چا لێنانه‌كه‌یه‌تی له‌نێو زیندان، ئه‌و خۆی له‌ده‌سپێكه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات:" له‌زیندانه‌وه‌ ته‌نیا ده‌توانم به‌كتری تویت بكه‌م، به‌ڵام واتساپ له‌ كتریدا كار ناكات". له‌م په‌ره‌گرافه‌دا كه‌ره‌سته‌ی ئاڵنگاری خۆی له‌به‌رامبه‌ر كه‌ره‌سه‌ی ركابه‌ره‌كانیدا ده‌خاته‌ڕوو، به‌جۆرێ لای ده‌میرتاش كتری‌و لای ئه‌وانی دی واتساپ‌و تۆری فراوانی نێت، كه‌ ئه‌مه‌ به‌رجه‌سته‌كردنێكی جوانی رۆحی ئاڵنگاری‌و چه‌تونی كه‌سی پاڵه‌وانه‌ له‌دروستكردنی رووداوی مێژوویدا.

لای فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك هیگڵیش، پاڵه‌وان ئه‌وانه‌ن، كه‌ئامانجه‌كانیان‌و كاره‌ پاڵه‌وانیه‌كانیان له‌گه‌ڵ ویستی رۆحی جیهاندا یه‌كده‌گرێته‌وه‌. هه‌روه‌ك والێكده‌داته‌وه‌، كه‌تاكه‌كه‌س‌و پاڵه‌وانه‌كان هه‌ڵده‌ستن به‌كۆمه‌كیكردن‌و مۆبیلیزه‌كردنی توانا شاراوه‌كان له‌ رووداوه‌ مێژووییه‌كاندا بۆ واقیعێكی كرداری.

لێره‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌نامه‌كه‌ی ده‌میرتاش وردبینه‌وه‌، ئه‌و گله‌یی‌و گازنده‌ی ئه‌وه‌ ناكات، كه‌ ئه‌ویش وه‌ك ركابه‌ره‌كانی كه‌ره‌سته‌كانی كێبڕِكێی هه‌ڵّبژاردنی بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌، به‌ڵكو ئه‌و دێت كه‌ره‌سته‌یه‌كی شاراوه‌‌و كاریگه‌رتر ده‌دۆزێته‌وه‌‌و له‌ئاست كه‌ره‌سته‌ی نه‌یاره‌كانیدا مانیفێستی ده‌كات، كه‌ كترییه‌.

،،

ئه‌گه‌ر له‌نامه‌كه‌ی ده‌میرتاش وردبینه‌وه‌، ئه‌و گله‌یی‌و گازنده‌ی ئه‌وه‌ ناكات، كه‌ ئه‌ویش وه‌ك ركابه‌ره‌كانی كه‌ره‌سته‌كانی كێبڕِكێی هه‌ڵّبژاردنی بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌، به‌ڵكو ئه‌و دێت كه‌ره‌سته‌یه‌كی شاراوه‌‌و كاریگه‌رتر ده‌دۆزێته‌وه‌‌و له‌ئاست كه‌ره‌سته‌ی نه‌یاره‌كانیدا مانیفێستی ده‌كات، كه‌ كترییه‌.

df
رەجەب تەیب ئەردۆغان ـ سەرۆک کۆماری تورکیا

هه‌روه‌ك ره‌هه‌ندێكیتر نامه‌كه‌ی ده‌میرتاش جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌رۆحی پێكه‌وه‌ژیان‌و ئاشتی، له‌كاتێكدا په‌یامی نه‌یارو ركابه‌ره‌كانی هه‌ڕه‌شه‌و چاوسوركردنه‌وه‌‌و كینه‌به‌رایه‌تیه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌میرتاش وه‌ك نه‌ریتی به‌رده‌وامی خۆی له‌نێو ئه‌و چركه‌ ساتانه‌ی مناڵ و گه‌نج‌و ژن‌و پیره‌مێردی دینداری كورد خه‌ڵتانی خوێن ده‌كرا، ئه‌و په‌یامی ئاشتی بوو، له‌كاتێكدا په‌یامی ئوردوگان په‌یامی جه‌نگ‌و خوێن‌و رقه‌.

،،

ده‌میرتاش ده‌بێژێ:" به‌ هێمنی بۆیان باسكه‌ن بۆچی پێویسته‌ لــه‌ پێناو ئاینده‌یه‌كی باشتردا ده‌نگێك به‌ هه‌ده‌په‌ و ده‌نگێكیش به‌ ده‌میرتاش بده‌ن". ئه‌گه‌ر بڕوانین ئه‌م به‌راوردكاریی‌و رۆشنایی خستنه‌ سه‌ر دژیه‌كیه‌كانی خۆی‌و نه‌یاره‌كانی، جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌رۆحی پاڵه‌وان له‌ره‌هه‌نده‌ فه‌لسه‌فیه‌ مێژووییه‌كه‌یه‌وه‌.

ده‌میرتاش ده‌بێژێ:" به‌ هێمنی بۆیان باسكه‌ن بۆچی پێویسته‌ لــه‌ پێناو ئاینده‌یه‌كی باشتردا ده‌نگێك به‌ هه‌ده‌په‌ و ده‌نگێكیش به‌ ده‌میرتاش بده‌ن". ئه‌گه‌ر بڕوانین ئه‌م به‌راوردكاریی‌و رۆشنایی خستنه‌ سه‌ر دژیه‌كیه‌كانی خۆی‌و نه‌یاره‌كانی، جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌رۆحی پاڵه‌وان له‌ره‌هه‌نده‌ فه‌لسه‌فیه‌ مێژووییه‌كه‌یه‌وه‌.

هه‌روه‌ها یه‌كێكیتر له‌و جیاوازیانه‌ی نێو نامه‌كه‌ی ده‌میرتاش بریتیه‌ له‌بوونی ئیراده‌یه‌كی به‌هێز سه‌رباری بوونی له‌زیندان‌و بێبه‌شكردنی له‌ئازادی‌و ئازادی گه‌ڕان‌و كۆبوونه‌وه‌‌و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵمه‌تی پڕوپاگه‌نده‌ی خۆی بۆ كێبڕكێكانی هه‌ڵبژارنی سه‌رۆكایه‌نی كۆماریی توركیا، دیاره‌ جیاوازییه‌كان زۆره‌ له‌نێوان ده‌میرتاش‌و ركابه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانیدا، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌و راستیه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌، كه‌ ده‌میرتاش چه‌ند ده‌نگ بێنێت گوزراشته‌ له‌ده‌نگی راسته‌قینه‌ی خۆی‌و هی نه‌یاره‌كانیش دیاره‌ به‌رهه‌می چ بارودۆخێكن، یه‌كێك له‌زیندانه‌وه‌ كێبڕكێ ده‌كات‌و ئه‌وانیشتریش له‌نێو كه‌شو هه‌وای ئازادی‌و فه‌راهه‌می سه‌رجه‌م كه‌ره‌سته‌كانی كێبڕكێی گه‌یشتن به‌كۆشكی چانكایا.
جوانترین دوایین په‌یامی نێو نامه‌كه‌ی ده‌میرتاش بریتیه‌ له‌پیرۆزكردنی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز‌و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌په‌یامی خۆشه‌ویستی، كه‌ په‌یامی مانگی ره‌مه‌زانه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌كردار، ره‌نگه‌ هه‌ندێ كه‌س والێكبداته‌وه‌ خۆ ده‌میرتاش بڕوای به‌وه‌ نیه‌ پرۆگرامی سیاسی خۆی‌و پارته‌كه‌ی له‌ئاینه‌وه‌ به‌رهه‌م بهێنێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی كرداری جوانتره‌ ده‌میرتاش په‌یامی خۆی‌و پارته‌كه‌شی له‌رۆحی ئاین خۆی‌و له‌كرۆكی تێكسته‌ ئاینیه‌كانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، كه‌جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ له‌ئاشتی‌و پێكه‌وه‌ژیان‌و خۆشه‌ویستی، له‌كاتێكدا ئوردوگان وه‌ك نه‌یارو ركابه‌رێكی سیاسی سه‌ره‌كی ده‌میرتاش وه‌ك كاراكته‌ری ئاینی خۆی نمایش ئه‌كات‌و ئاین‌و تێكسته‌ ئاینیه‌كان وه‌ك ئامرازێك له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا به‌كارئه‌هێنێ بۆ مه‌رامه‌ سیاسیه‌كانی، به‌ڵام له‌وه‌دا كه‌وتۆته‌ قافه‌وه‌، كه‌ له‌م مانگه‌ پیرۆزه‌دا، كه‌مانگی خێرو ئاشتی‌و خۆشی‌و پێكه‌وه‌ژیان‌و خۆشه‌ویستیه‌، كه‌چی هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات‌و به‌زمانی خوێن ده‌دوێت.

بۆیه‌ لێره‌شدا جیاوازییه‌كانی ده‌میرتاش‌و ركابه‌ره‌كانی جوانترو روونتر ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ته‌نانه‌ت له‌تێگه‌یشتن له‌جه‌وهه‌ری ئاین‌و ده‌قه‌كانیشدا به‌هه‌ڵه‌داچوون‌و ته‌وزیفی سیاسیان كردووه‌ به‌ڵام بۆ مه‌رگدۆستی نه‌ك ژیاندۆستی، له‌كاتێدا په‌یامی مانگه‌كه‌‌و ئاینه‌كه‌ خۆی په‌یامی ئاشتیخوازی‌و مرۆڤدۆستانه‌یه‌‌و خۆشه‌ویستی ئه‌وانیتره‌.

 

author photo

دكتۆرا لە مێژوو

پسپۆڕ لە پەیوەندییەكانی كورد و توركیا