دروستكردنی كێشەی ئاینیی، لە قازانجی كێدایە؟

دروستكردنی كێشەی ئاینیی، لە قازانجی كێدایە؟

666 خوێندراوەتەوە
  • د. فوئاد رەشید

     

    ئاشكرایە خەڵكی هەرێمی كوردستان بە دەم دەیان دەردو قەیرانی سیاسیی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونییەوە دەناڵێنن:

     

    هەرێمێك،سیستمە تەندروستییەكی – بەدانپێدانانی سەرۆكی حكومەت – شكستی هێناوە. بروانە ماڵپەڕی – awne.com2014/3/10)) .

     

    هەرێمێك، بەوتەی ( د.موئەیەد عبدالرحمن – سەرۆكی پێوانەسازیی و كوالیتی كۆنترۆڵ)  ئاسایشی خۆراكی تێدا نییە. بروانە ماڵپەری

    (knwe.org) 26/12/2009.

     

    هەرێمێك، بازاری دەرمانەكەی مافیا تیایدا تەراتێن دەكات !!!

    ((مافیای قاچاخی دەرمان لە2017 یش هەر بەردەوامە.. كەناڵی رووداو3/2/2017))

     

    هەرێمێك، تیایدا تاوانبارو جینایەتكار لەلایەن عەشیرەت و حزبەكانەوە داڵدە دەدرێت و دەپارێزرێت..!!! لە سالی 2015 لە هەولێرو سلێمانی سێ هەزار تاوانبار داڵدە دراون. بروانە:  http://www.sharpress.net/Direje.aspx?Jimare=39526

     

    هەرێمێك، بە وتەی مەلا بەختیار، ژێرخانە ئابوورییەكەی هیچی بۆ نەكراوە. ...!!

    ((rudaw.net/NewsDetails.aspx?PageID=2738 ))

     

    هەرێمێك، گەنجەكەی باوەری بەژیانی ئێرە نەماوەو ئایندەی لێ داخراوە، بۆیە - بە لێشاو - سەری خۆیان بەرەو هەندەران هەڵدەگرن.. بەوتەی (ئامانج عبدالله) بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عیراق، تەنها لە سالی 2015 لەهەر مانگێكدا نزیكەی سێ هەزار گەنج لە هەرَیمی كوردستان كۆچیان بۆ وڵاتانی دەرەوە كردووە. ((http://nrttv.com/Details.aspx?Jimare=6519 ))

    هەرێمێك ....ژان و برین و خەمو كوڤانی لەوە زیاترە من بیژمێرم ..ئەو هەموو كوشتن و خۆ سووتاندن و ماڵوێرانییەی تێكچوونی خێزان و ئەو هەموو سوكایەتییەی كە راستەوخۆو ناراستەوخۆ، رۆژانە رووبەرووی تاكەكانی دەبێتەوە..چیرۆكی تراژیدیای نەوەیەكی خێر لە خۆ نەدیو و ئاهو ناڵەی هەزاران منداڵی بێناز و حەسرەت بە تامی ژیان .....بە كێ كۆدەكرێتەوە ...لە كوێ دەنووسرێتەوە....!!!!؟؟؟؟

     

    ئینجا تۆ وەرە بڕوانە لە ناوجەرگەی ئەم هەموو غەدرو تاوان و قەیرانە...لە میدیای كوردی، لەرێگەی كەسانی بیر نەخۆش و چەواشەكارەوە، باس باسی ناشرینكردنی ئاین وخوداو قورئانە....!!!!

     

    لێرەدا مرۆڤی ژیرو وشیار سەرنج دەدات و دەپرسێت: حاڵی حازر خەڵكی كێشەی نان و ئاوو كارو كارەباو ناعەدالەتی هەیە، كەچی كەسانێك دێن كێشەی (راستی و ناڕاستی رۆژووگرتن) و ( زەوی خڕەو خڕ نییە) و( ئاینی خۆمان بگۆڕین یا نەگۆڕین) دروست دەكەن،یان ( فتوایەكی كێشەداری دووسەدساڵ بەرلەئێستا قیت دەكەنەوە، كە لەغەیری گومانی خراپ هیچی لێناكەویتەوە) ..هتد هەڵبەتە ئەم جۆرە كارانە زەمینەسازی بۆ كیشەو ململانێی بەرەی دیندارو بەرەی (بەناو سیكولار) دێنێتە ئاراوە. باشە لەناو ئەم هەموو قەیرانەدا ئەمە بۆچی؟؟ هەڵگیرساندنی ئەم جۆرە مشتومڕو كێشەیە لە قازانجی كێیە؟؟؟

     

     

    كاك (نەوزاد جەمال ) لە كتێبەكەی خۆیدا (فەلسەفە و قەیران) لاپەرە(55-58) ئاماژە بە نا دروستی ئەم جۆرە ململانێیە دەكات و دەڵێت ((زەمینەی ئەم قەیرانە بە حاڵەتێكی سروشتی نازانم ..)) دواتر زیاتر ناسروشتیبوونی ئەم جۆرە گوتارەی كە كێشەی ئاینی دەنێتەوە روونتر دەكاتەوەو دەڵێت(( من زۆر بەد گومانم لە وتاری رۆشنبیری كوردی بەگشتی، كە ئەم گوتارە، گەر دەستكردی سیاسەتی كوردی نەبێت ئەوا راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە ژێر كاریگەری فشارو كارتێكردنی سیاسەتی كوردیدایە. سیاسەتێك لە مەسەلە راستەقینەكان و كێشە گرنگەكانمان نزیك ناكاتەوە)) كەواتە ئەوانەی كار لەسەر خۆشكردنی ئاگری ئەم جۆرە كێشەو ململانێیە دەكەن، بە خۆیان بزانن یا نەزانن كارێكی چەوت و چەواشەكارانە ئەنجام دەدەن . بەو مانایەی نەك برینێنكی ئەم كۆمەڵگەیە بیمار ناكەن، بەڵكو سەرباری دەردەكانی خۆی، شەڕو سەرئێشەیەكی دیكەشی بۆ دروستدەكەن، كەتیایدا هاوڵاتی زەرەرمەندو دەسەڵاتی سیاسیش تاكە سوودمەندە ( ( بەڵێ با خەڵكی لە ژانەكانی ژیانی خۆی و كۆمەڵگە نەپرسێت و سەرقاڵی رەتكردنەوەی یا سەلماندنی ئیسراو میعراج بێت!!!!)) .

     

     

     پێم وایە، ئەمەی كاك (نەوزاد جەمال) ئاماژەی بۆكردووە، ئاستی ناوخۆی كێشەكەیە، چونكە پرۆسەی هەڵگیرساندنی ئاژاوەو ژاوەژاو بەدەوری ئایندا، لە رێگەی ناشرینكردن وسووكایەتیكردن بە بابەتە ئاینییەكان، خزمەتی دەسەڵاتێكی سیاسی گەورەتر دەكات كە خۆی لە ئیمپریالیزمی رۆژئاواییەوە دەبینێت . ئاشكرایە ئەم دۆزەخەی بۆ خۆرهەلاتی ناوەراست جۆشدراوە – كە ئێمەش بەشێكین لێی - ئۆباڵێكی زۆری لە ئەستۆی زلهێزەكاندایە و راستەوخۆو ناراستەوخۆ زەمینەسازییان بۆ كردووە .

     

     

     

    نووسەرو رۆژنامەنووسی بەریتانی( رۆبەرت فیسك ) لە ئاست تراژیدیای ژیان لە خۆرهەلاتی ناوەراست نەك هەر ئاین تاوانبار ناكات، بەڵكو بوێرانە و راشكاوانە ئۆباڵێكی زۆری مەرگەساتەكانی ئەم ناوچەیە دەخاتە ئەستۆی( ئیمپریالیزمی رۆژئاوایی) كە هەمیشە پشتیوانی رژێمە دیكتاتۆرەكانی ناوچەكە بووەو دەستێكی زۆری هەبووە لەو كاولكاری و خوێنڕشتن و كوشتارانەی لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست روویانداوە، رووی دەمی دەكاتە زلهێزەكان وپێیان دەڵێت ( بۆچی دەست ناكەن بە دروستكردنی خۆرهەلاتی ناوەراستی نوێ، خۆرهەڵاتێك پشت بە كۆشكی دیكتاتۆرەكان نەبەستێت و كۆڵەگەكەی ژوورەكانی ئەشكەنجەدان نەبێت، بەڵكو لەسەر پێی فیكرو مەعریفە و زانكۆو كتێبخانەكان راوەستابێت) بڕوانە:

    https://www.independent.co.uk/voices/a-plan-must-be-made-for-life-after-isis-in-the-middle-east-a6860276.html

     

     

     لێرەوە دەردەكەوێت هەڵگیرساندنی ململانێی ئاینی و تاوانباركردنی ئاین بە هۆكاری كێشەكان، زۆر خزمەتی ئیمپریالیزمیش دەكات، بۆ نموونە لە پشت ئەم كارەوە دەستی تاوانبارانەی خۆی دەشارێتەوە . هەڵبەتە شاردنەوەی دەستی ئەم تاوانبارانە تەنها بەسەر كەسانی بێئاگا لە جەوهەری رووداوەكان تێپەڕ دەبێت :  ئەگەر نا، كەسانی ژیرو هۆشمەند، دیوی دەرەوەی رووداوەكان فریویان نادات و درۆو دروشمی تیڤییەكان هەڵیان ناخەڵەتێنێت . لەم لایەنەوە كۆمەڵناس و فەیلەسوفی بەناوبانگی ئەڵمانی ( هابرماس ) لە گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژە بە تەنگژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و دەڵێت (( ساویلكەییە گەر ئەم تەنگژەو كێشانە بە ئاینیی لە قەڵەم بدرێت)) بەڵكو ململانێی سیاسییەكانە. بڕوانە: http://www.almadasupplements.com/pdf/03-3600/21.pdf

     

     

    كەواتە - بەرەچاوكردنی كۆنتێكستی دۆخەكە- ئەوەی لەناو فەزای میدیاو رۆشنبیریی كوردیدا دەگوزەرێت لە سوكایەتیكردن بە ئاین و هەوڵدان بۆ هەڵگیرساندنی ئاژاوە و دروستكردنی ژاوە ژاو بەدیار بابەتە ئاینییەكانەوە، كارێكی گوماناوییە و زیاتر نزیكە لە گەمەیەكی قێزەونی سیاسییەوە، نەك پەیوەست بێت بە ئازادی بیرو راو تویژینەوەی زانستییانەوە.

     

     

     

    ئێمە لەم هەرێمەدا و لەم شوێنكات و چركەساتەدا، دەیان گرفت و كێشەی كۆمەڵایەتی و دەروونی و ئابووری و سیاسیمان هەیە، لە م هەرێمەدا كێشەی دابینكردنی ئەلف و بێی ژیانمان هەیە .. خەڵكی  لە داواكردنی مووچەی ئاسایی خۆیدا، لەسەرشەقام وەبەر شەق دەدرێت.....!!!!!!

     

     

    بەرێزان - لەم دۆخە نائاساییەدا  - واز لە ((مێژووی ئەمەوی و عەباسی و تەمەنی فاتمەو عایشە و ئیسراو میعراج ))بهێنن .. ئاخر كامە قەیران لە قەیرانەكانی ئەم هەرێمە خەتای (ئیسراومیعراجە؟؟!) سەرخۆ هەڵگرتنی گەنجان، خۆكوشتنی لاوان خۆ خەتای رۆژووگرتن نییە ؟!!!

     

     

     

    پێم وایە بۆ كەمكردنەوەی كارو كاریگەریی ئەم جۆرە ژاوەژاوە و مشتومڕە نەخوازراوانە  مرۆڤ  وشیار بێت، نەبێتە جەمسەرێكی ئەمجۆرە ململانێیە و نەچێتە ناو ئەم ژاوەژاوە دەستكردانەوە و بەیەكجاریی فەرامۆش بكرێن، یاخود كەسانی پسپۆر بە نووسینی ئەكادیمی بۆچوونە دروست و نادروستەكان روون بكەنەوەو لە كەشێكی هێمنانەدا تاوتوێی بابەتەكان بكرێت، بەبێ ناوهێنانی هیچ كەسێك، بەمەش كەس گلەیی ناوزڕاندن ناكات و كەسانی هەلپەرست هیچ لەبارا نەبوویش -بەناوی توێژەری ئایینییەوە - نابنە قارەمانی شاشەی تیڤی و تۆرە كۆمەلایەتییەكان.

     

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك