هەرێمی كوردستان و كۆتایی ئۆپۆزسیۆن

هەرێمی كوردستان و كۆتایی ئۆپۆزسیۆن

423 خوێندراوەتەوە


پەنابردنی دووپارتە دەسەلاتدارەكەی كوردستان بۆ ئەم شێوازە نوییە لە دەستكار یكردنی دەنگی هاوڵاتیان و تێكدانی ئەنجامەكان بە ویستی خۆیان و دانانی لە ژورە تاریكەكان و ئاگاداری هەندێك لە وڵاتانی هەریمایەتی و دەرەوەش، ئاماژەیەكی مەترسی داربوو بۆ سەر رەوشی دیموكراسی و چارەنوسی ئوپۆزسیون لە هەرێمی كوردستاندا، چونكە ئەم هەنكاوە بە نیسبەت هەریمی كوردستانەوە نوێ بوو، بەڵام لە هەمان كاتدا تەواوكەری قۆناغەكانی پێشوبو، چونكە لەو كاتەوە كە ئەم دوپارتە لە دوای راپەرینەوە جڵەوی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست هەتا پێیان كرابێت نەیان هێشتوە هەرێمی كوردستان بەرەو دیموكراسی بچێت و بەردەوام لەمپەریان لەبەردەم دروست كردوە، ئەوەش كەباسی دەكەن لە دیمو كراسی بوون تەنها بۆ رازی كردنی ریكخراوە نێودەوڵەتیەكان و ڕۆژئاواییەكان بوە بە گشتی ، بۆ ئەوەی پێیان بڵێن كە دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا دیموكراسی بەرقەرارە و ئەنجام دانی هەلبژاردنیشیان كردۆتە بەڵگە بۆ ئەو مەبەستە .


راستە لە دوای راپەڕینەوە كۆمەڵێك پارتی سیاسی هەبوون، بەڵام ئەم پارتانە لەلایەن دەسەلاتەوە وەك بە شێك لە بنەماكانی دیموكراسی دانیان پێدا نەنراوە و بەشداری بریاری سیاسیان نەكردوە و خاوەنی هیچ مافێكی دەستوری نەبوون ، بەڵكو زۆر جار وەك شەرعیەت پێدانی دەەسەلاتی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا كردوون و لە هەڵبژاردنەكاندا رێگەی بەشداری كردنیان پێداون لە جیاتی ئەوەی ریگەیان پێبدرێت وەك ئۆپۆزسیۆنێكی كارا ڕۆڵی خویان هەبیت، بە پێچەوانەی ئەمەوە بە ناوی حكومەتی تەوافوقیەوە بەشداریان لە حكومەتە یەك لە دوا یەكەكان پێكراوە و كراونە بەشێك لە ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەی كە لە هەرێمی كوردستاندا درێژەیان هەبوە، بەم هۆیەشەوە ئەم پارتە سیاسیانە نەیانتوانیوە ببنە نوێنەری راستە قینەی دەنگە نارازیەكان بۆ چاكسازی سیستەمی حكومرانی و نەهێشتنی گەندەڵی. بەم هۆیەشەوە رۆژ بە رۆژ جەماوەریان كەم بوە و لێان بی هیوا بوون .


لە دوایەمین هەڵبژاردنیشدا كە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام درا ،دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی دوایەمین پەیامی خۆیان دا بە جەماوەری ناڕازی و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان كە ئەویش ئەوەبوو لەمەو بەدوا نابێت بە هیوای ئەوەبن ئەم دوو پارتە لە رێگەی هەڵبژارندنەوە كورسیەكانی خۆیان بە جێ‌ بهێلن ، ئەوان ئامادەن پەنا بۆ هەمو هۆكارێك بەرن لە پێناو مانەوەیان لە دەسەڵاتدا ، دەست خستنە ناو ئەنجامی هەلبژاردنەكان و بێ‌ نرح كردنی هەڵوێستی خەڵك و پارتە سیاسیەكان ئەو راستیە ی سەلماند كە ئەوان خاوەنی سەرچاوەكانی هێزی سەربازی و ئابورین و هەر ئەو دو هێزە ش كاریگەری لەسەر دیاری كردنی جۆری دەسەڵات هەیە و ئەوان ئەگەر یەك كورسیش بهێنن دەسەڵات چوڵ ناكەن . لە كاتێكدا كە دەسەڵات ئەم پەیامەی دایە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و جەماوەری ناڕازی ئایا پلانی ئەم پارتانە چیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەڕلەمانی كوردستان؟ چونكە ئەگەر بەهەمان شێوازی تقلیدی پێشو بچنەوە هەڵبژاردن ، دڵنیابن كە ڕو بەروی پیلانی تازەتر دەبنەوەو جەماوەر زیاتر لێیان بێ‌ هیوا دەبێت و دەنگەكانیان زیاتر كەم دەكات و ئەگەری ئەوەش هەیە هەندێ‌ پارتی سیاسی بنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە یان وەك دوكانێكی سیاسی بۆ كاری بزنس بمێننەوە .


ئەگەر ئەم پارتە سیاسیانە دەیانەوێت ئەو بارو دۆخە ناهەموارەی پێشو تێ‌ بپەڕێنن و ببنەوە جێگەی متمانەی جەماوەر و هێزێكی كاریگەر لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستاندا ، پێویستە بە پلانێكی ستراتیژی نوێوە بەشداری هەڵبژاردنەكانی داهاتوی هەری|ێمی كوردوستان بكەن ، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بازنەی بەرژەوەندیە بچوكەكان تێ‌ بپەڕێنن و لەسەر ئاستێكی باڵای گشتی نیشتمانی و نەتەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخە نوێ كەدا بكەن ، بۆ ئەم مەبەستەش بزوتنەوەی گۆران وەك گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن بەرپرسیارێتی گەورەی دەكەوێتە سەرشان ، چونكە ئەویش پاش مەرگی كاك نەوشیروان ئەو هێزە گەورە كاریزمییەی نەماوە و ئەگەر رابەرایەتی ئۆپۆزسیۆن نەكات بە پلانێكی نوێوە ناتوانێت لە ئایندەدا وەك هێزێكی گەورەی سیاسی بمێنێتەوە .


دەبێت هەمو هێزەسیاسیەكانی دەرەوەی دەسەڵات ئەو راستیە بزانن كە هەلبَژاردنی داهاتوی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستاندا ،چارەنوس ساز و یەك لا كەرەوەیە بۆ مانەوە یان كۆتایی ئۆپۆزسیۆن ، ئەو چارەنوسەش جۆری ئەو پلانە دیاری دەكات كە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان پێی دەچنە هەڵبژاردنەوە ، سەركەوتن لە قۆناغی داهاتوشدا پێویستی بە وەرچەرخان و رەخنە لە خۆگرتن و دانانی پلانی نوێیە بۆ داهاتوو، ئەگەر بە وجۆرەش نەكەن ئەوا متمانەی جەماوەر زیاتر لە دەست دەدن و ئەو هێزە سیاسیە نابن كە ببنە جێگەی هیوای خەڵك و شەقامی ناڕازی، ئەو هەنگاوەش سەرەتا بە بڕیارێكی ئازایانە دەبێت بە دروستكردنی بەرەیەكلی سیاسی بەهێز كە لە بەرامبەر دەسەڵاتەگەندەڵەكەی هەرێمدا بوەستێتەوەو رابەرایەتی جەماوەری نا ڕازی بكات.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك