حزبی کوردیی لەبەردەم دابڕانی مۆراڵ دا

حزبی کوردیی لەبەردەم دابڕانی مۆراڵ دا

479 خوێندراوەتەوە

 چارەكە سەدەیەکە، ژیانی سیاسی دونیای ئێمە ڕووبەڕووی دابڕانێکی مۆڕاڵی و فیکری و مەعریفی قوڵ بۆتەوە، نەک ھەرئەمە بەڵکو بەرەو ئاستێکی نزمی کۆمیدی دابەزیوە، ھەرچەندە چەمکی شەرم لەفەرھەنگی ئێمەدا زیاتر بۆپانتایە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەھێنرێت، بەڵام لەم ئێستایەدا سیاسەت بەکۆمەڵێک ئامرازی سەیر بەستراوەتەوە بەدونیای مەجازیەیەوە، بەجۆرێک ئایدۆلۆژیای سیاسی بەتەواوی دابەزیوە بۆ ڕووبەرە گشتیەکان و ڕووبەرە کۆمەڵایەتیەکان، لەدواجاردا شەرمی سیاسی شێوازێکی دیکەی ئەم کۆمیدیایەیە کە ئەم ئەزموونە خوڵقاندویەتی.

 

بەپێی کەلتوری سیاسی و سیستەمی دیموکراسی دونیای نوێ، ھەروەھا لەناو ئەندێشەو فەلسەفەی سیاسیدا مرۆڤ سێنتەرو ئامانجی باڵایە، کۆی شتەکانی دیکە "سیاسەت، ئاین، زانست....ھتد" وەسیلەو ئامرازن و دەبێ بچنەوە خزمەتی ئەو ئامانجە باڵاكە كە مرۆڤە.

وەکچۆن سیاسەت، بریتیە لە ھونەری باڵا و ئەخلاق و بەرپرسیارێتی، ھەروەھا وەگەرخستنی تواناکانە بۆ بەدیھێنانی پێداویستە گشتیەکان بەباشترین شێواز، کە مرۆڤ تیایدا مومارەسەی ئازادیەکانی خۆی دەکات وەک بکەرێکی سۆسیۆلۆژی و عەقڵانی، لەم نیگایەوە سیاسەت ئامرازێکی گرنگە و دووبارە دەچێتەوە خزمەتی مرۆڤ کە ئامانجە باڵاکەیە.

 

کاتێک ئەم ئاستە لە تێور بەراورد دەکەین بە "ئامانجی سیاسی"و کرداری گروپە سیاسیەکانی کۆمەڵگەی کوردی تێدەگەین چ دابڕانێکی ئەخلاقی سیاسی و چ کۆمیدیایەکی ئیتیکی ھەیە لەناو دونیای ئەم پەیوەندیەدا.

بەھۆی غیابی ھوشیاری ئەم نوخبەیە ھەست بەو بەرپرسیارێتیە ئەخلاقی و شەرمە گەورەیە ناکەن.، لێرەوە لێکدابڕانێکی فیکری و مەعریفی و ئەخلاقی قوڵ  لەناو پڕۆسەی سیاسی دونیای ئێمەدا پەیدادەبێت، بەجۆرێک ئەمە کاریگەری گەورەی ھەبووە لەسەر شکستی پڕۆسەی سیاسی و لەدواجاردا بۆتە ھۆی شکستی سیستەمی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کەلتوری و....ھتد

،،

لێکدابڕانێکی فیکری و مەعریفی و ئەخلاقی قوڵ  لەناو پڕۆسەی سیاسی دونیای ئێمەدا پەیدادەبێت، بەجۆرێک ئەمە کاریگەری گەورەی ھەبووە لەسەر شکستی پڕۆسەی سیاسی و لەدواجاردا بۆتە ھۆی شکستی سیستەمی ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کەلتوری و....

 

ئەم شکستە فکری و مەعریفەییە لە ھەندێ ئاستی "پڕاکتیک"دا بەجۆرێکە کە ڕاستەوخۆ دەبێتەوە دژ لەگەڵ ئاستی پڕۆگرام و بنەماو ڕێبازی "تیۆری" خودی پڕۆژە و پرەنسیپی گروپە سیاسیەکە خۆی. ئەم دابڕانە شەرمھێنە چەندین ئاریشەی سیاسی و مۆڕاڵی و مەعریفی بەدوای خۆیدا دێنێ..

بۆ نموونە: حزب ھەیە شیوعییەو ئەندامانی نوێژە بارانە دەکەن، سۆسیالیستەکان بەشداری مەولودی پێغەمبەر دەکەن، حزب ھەیە سۆشیاڵ دیموکراتە و بەرگەی یەک ڕەخنەی ئەکادیمی و لۆژیکی ناگرێت.

حزب ھەیە ھەڵگری پڕۆژەی دیموکراتیە، بەڵام یەک قفڵێ گەورەی لە گەورەترین دەسەڵاتی تەشریعی و یاسایی و دیموکراسی داوە کە پەرلەمانی کوردستانە.

لەناو پارتەکانی ئیسلامی سیاسی و کۆی حیزبەکانی دیکەش ئەم شکستەی نێوان تیۆر و پڕاکتیک بە ئاشکرا دەبینرێ. ئەم دابڕانە وەکو ئەوە وایە( کەسێک فیمینست بێ لەھەمانکاتدا ژنکوژ بێ)

 

سەرەڕای ئەمانە، کاتێک دەسەڵاتی سیاسی ڕووبەڕوی دابڕانی مۆڕاڵی دەبێت و مەعریفە و فیکر وەلادەنێ. کاتێک لەناو حیزب دیالۆگ و گفتوگۆو توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی نامێنێ، بەناچاری پەنا بۆ ڕێگاکانی دیسپلین و سزا دەبات، ئەندێشەی سیستەمێکی فاشی و ڕیشەکانی سیستەمی دیکتاتۆری (totalitarianism) جێگای دەگرێتەوە.

،،

کاتێک دەسەڵاتی سیاسی ڕووبەڕوی دابڕانی مۆڕاڵی دەبێت و مەعریفە و فیکر وەلادەنێ. کاتێک لەناو حیزب دیالۆگ و گفتوگۆو توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی نامێنێ، بەناچاری پەنا بۆ ڕێگاکانی دیسپلین و سزا دەبات، ئەندێشەی سیستەمێکی فاشی و ڕیشەکانی سیستەمی دیکتاتۆری (totalitarianism) جێگای دەگرێتەوە.

بەبڕوای نیکۆلا ماکیاڤیلی ئیتاڵی ئەم تایپە لە گروپ و نوخبەی سیاسی باوەڕی بە بەکارھێنانی گشت ڕێبازێکە بۆ مانەوەو درێژەپێدانی دەسەڵاتی خۆی، لەوانە ( فەلسەفەی ئەخلاق، ئایین، ھێزو سوپا، پیلان و خەڵاتاندن و فێڵ، درۆ و بەرتیل و جاسوسی، خۆسەپاندن....ھتد).

زۆرجار پڕاکتیکی ئەم تایپەی دەسەڵات بۆ خۆسەلماندن و تۆقاندن کۆنتڕۆڵکردنی کۆی کایەکانی کۆمەڵگە پەنا بۆ دەزگاو سیستەم و زانست و پەروەردەو ئەکادیمیاو سۆسیۆلۆجیا دەبات و دەیخاتە خزمەتی ئامانجی خۆیەوە.

    

بۆ تێپەڕاندنی ئەم شەرم و گاڵتەجاڕیە گەورەیەی ڕووبەڕوی دونیای سیاسی ئێمە بۆتەوە، بۆ گێڕانەوەی بەھاو ئیعتبار بۆ ژیانی سیاسی و ئینسانی ناو ئەم ڕووبەرە، بۆ ئاشتکردنەوەی پرەنسیپ و بەھا باڵاکان بەیەکتر. پێویستە ڕیشەکانی ئەم مۆدێلەی حیزب و نوخبەی سیاسی لەھەموو پانتایەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و...ھتد دەربھێنرێت، کاربکرێ بۆ خەڵقاندنی مۆدێل و پەروەردەیەکی سیاسی نوێ، کە لەدواجاردا کاریگەری لەسەر گۆڕانێکی بنچینەیی کۆی کایە و سیستەمەکانی دیکەی کۆمەڵگەی کوردی دروست بکات.

 

author photo

نوسەر

بەكالۆریۆس لە كۆمەڵناسی