ڕوداوەكانی پشت كشانەوەی یەكگرتوو لە حكومەت

یەكگرتوی ئیسلامی لە تاقیكردنەوە قورسەكەدا بەسەركەوتویی هاتە دەرەوە

ڕوداوەكانی پشت كشانەوەی یەكگرتوو لە حكومەت

1490 خوێندراوەتەوە

لەژیانی حیزبایەتیدا چەند وێستگەیەكی بڕیاردان هەن كە لەوانەیە بۆ دەیان ساڵ كاریگەری لەسەر رەوتی روداوەكانی دوای خۆی جێبهێڵێت، هەندێ‌ حیزب لەكاتی گونجاودا ناتوانن ئەو بڕیارە پێویستە بدەن و لە رەوتی روداوەكان دوردەكەونەوە، هەندێكی دیكەشیان پرۆسەی بڕیار وەرگرتنەكە دەبێتە دێوەزمیەك بۆی و حیزبەكە توشی لەتبون و دابەشبونی قوڵ دەكات.

لەناو ئەم بژاردانەدا یەكگرتوو بەسەركەوتووی لەم تونێلە دەربازی بوو. هەرچەندە بڕیارەكەی درەنگ كەوت و بەوەش هەندێ‌ رەخنەی هاتە سەر، بەڵام بەدەستهێنانی كۆدەنگی بۆ بڕیارەكە لەوە گرنگتربوو.

،،

لە بنەرەتدا دانانی 20 ڕۆژ وەك دوا وادە بۆ كشانەوە بە كۆمەڵێك مەرجی تەعجیزییەوە بۆ حكومەت، ئامانجەكەی بەهانە هێنانەوە نەبوو بۆ مانەوە لە حكومەت و دودڵێش نەبوو لەوەی بكشێنەوە باشە یان نا؟ بەڵكو ئامانجە راستەقینەكەی خۆشكردنی زەمینەی ناوخۆیی حیزب بوو بۆ بڕیاری كشانەوە و نەمانی هیچ بەهانەیەك بوو بۆ مانەوە لە حكومەتدا.

بابەتی كشانەوە لە حكومەت بەنیسبەتی یەكگرتوەوە جیاوازبوو لە گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی. بزوتنەوەی گۆڕان دوای دەركردنی وەزیرەكانی هیچ بەهانەیەكی نەمابوو بۆ مانەوە لە حكومەت، هەرخۆی بە كردەیش لە حكومەتدا نەمابوو، تەنها ئەیویست تەسلیمی ئەجێندای پارتی نەبێت و لەوكاتەدا نەگشێتەوە كە پارتی حەزدەكات بكشێتەوە.

كۆمەڵی ئیسلامیش دەمێكە حساباتی خۆی لەگەڵ پارتی ساف كردووە و بۆئەوەی هەڵوێست بۆخۆی تۆمار بكات، دەمێكە دەیەوێت لە حكومەتەكەی یەكێتی و پارتی بكشێتەوە، لە كشانەوەشی لە حكومەت شتێكی ئەوتۆی نییە لەدەستی بدات.

بۆ یەكگرتوو، هەڵوێستەكە قورستر بوو، چونكە لە چەندین لاوە لەژێر فشاردابوو. لەلایەكەوە لەژێر فشاری كۆمەڵ و گۆڕاندابوو كە داوایاندەكرد بكشێتەوە و مانەوەی یەكگرتویان لە حكومەتەكە وەك خاڵی نەنگی نەبونی جورئەتی سیاسی لێكدەدایەوە دوای هاتنەدەرەوەی خۆیان، هەروەها لەلایەكی دیكەش ئەبوایە حسابی بۆ رای سەركردایەتی حیزبەكەی كردایە لە ناوچەی بادینان كە پێیان وابوو نابێت یەكگرتوو شوێن هاشوهوشی فەیسبوك و رای گۆڕان و كۆمەڵ بكەوێت، لەكاتێكدا تیغی گۆڕان و كۆمەڵ لەسەریان كەمتر بەئازار نەبوو لە تیغی یەكێتی و پارتی.

لەلایەكی دیكەشەوە یەكگرتوو لەژێر فشاری گەورەی رێكخستنەكانیدابوە لە پارێزگای سلێمانی بە قیادە و قەواعیدەوە. ئەوان بە ئاشكرا ئەیانوت پێیان خۆش نییە وێنەی یەكگرتوو لە پاڵ وێنەی دەسەڵاتدا بێت دوای ئەوەی گۆڕان و كۆمەڵ لێی كشانەوە. هەروەها ئەیانوت ئەركی یەكگرتوو نییە ئۆباڵی شكستەكانی حكومەت لە ئەستۆ بگرێت و شانبداتە بەر قەڵای گەندەڵی 26 ساڵی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی.

هەموو ئەوانە بەهانەی گەورەبون بۆئەوەی یەكگرتوو لە حكومەت بكشێتەوە، بەڵام ئایا بەسانایی دەتیتوانی ئەو بڕیارە تێپەڕێنێت و بڕیارێكی لەوجۆرە بدات؟

یەكگرتوو دەبوو سەرە رای ئەوەی كەنیەتی تەڵاقدانی حكومەتی هێنابوو، بەجۆرێك بكشێتەوە كە كێشەیەكی ناوخۆیی بۆ دروست نەكات و كشانەوەی نەبێتە ئاگرێك لە ماڵەكی خۆیدا.

،،

یەكگرتوو سەركەوتووبوو لەوەی ئەو تیرەی دەیهاوێت سەردڵی خۆی نەپێكێت، چونكە لە 16ی مانگدا توانی بە كۆدەنگی سەركردایەتی بە بڕیاری كشانەوە لە حكومەت بێتە دەرەوە.ئەمەش خاڵە جەوهەریەكەبوو بە نیسبەتی یەكگرتوەوە.

بەڕونی مەبەستمە باسی رەچاوكردنی بیرو ڕا و دۆخی یەكگرتوو لە بادینان بكەم كە هەم رای جیاوازیان هەیە و هەمیش نایانەوێت خۆیان بخەنە بەردەم شەلاقی پارتی.

ئەوەی كە یەكگرتوو كردی لە 20 ڕۆژ لەمەوپێش بە دروستی لە 14 ی دیسەمبەری ساڵی رابردوو یاریەكی عاقڵانەبوو.

لە بنەرەتدا دانانی 20 ڕۆژ وەك دوا وادە بۆ كشانەوە بە كۆمەڵێك مەرجی تەعجیزییەوە بۆ حكومەت، ئامانجەكەی بەهانە هێنانەوە نەبوو بۆ مانەوە لە حكومەت و دودڵێش نەبوو لەوەی بكشێنەوە باشە یان نا؟ بەڵكو ئامانجە راستەقینەكەی خۆشكردنی زەمینەی ناوخۆیی حیزب بوو بۆ بڕیاری كشانەوە و نەمانی هیچ بەهانەیەك بوو بۆ مانەوە لە حكومەتدا.

یەكگرتوو سەركەوتووبوو لەوەی ئەو تیرەی دەیهاوێت سەردڵی خۆی نەپێكێت، چونكە لە 16ی مانگدا توانی بە كۆدەنگی سەركردایەتی بە بڕیاری كشانەوە لە حكومەت بێتە دەرەوە.ئەمەش خاڵە جەوهەریەكەبوو بە نیسبەتی یەكگرتوەوە.

لەوانەیە لەچەند ساڵی رابردودا ئەمە قورسترین وێستگەی سیاسی بێت كە یەكگرتوو بە كۆدەنگیەوە نەك بە زۆرینە لێی هاتبێتە دەرەوە.

ئێستا دوای هاتنەدەرەوە لە حكومەت دەبێت یەكگرتوو بەرچاوی ڕون بێت بۆ داهاتوو چ هەنگاوێكی سیاسی دیكە هەڵدەگرێت.
چونكە بەتەنها كشانەوە لە حكومەت بەس نییە، بەڵكو دەبێت پلانی بۆ ئەوەش هەبێت دوای ئەوەی لە حكومەت دەكشێتەوە چی دەكات

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری