کاپیتالیزم و وەرزش

کاپیتالیزم و وەرزش

363 خوێندراوەتەوە


ڕزگار عومەر

نەك تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە سەرئاستی جیهاندا ڕەخنەگرتن لە دیوە تاریکەکانی وەرزش دەتخاتە بەر نەفرەت و بێزاری جەماوەری وەرزشی، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جەماوەری وەرزش لە ڕووی باوەڕ بەوەرزش و لەزەتەکانی وای لێکردووە، وەکو جەماوەرێکی نیمچە ئاینی خۆی نمایش بکات. وەرزش بڕیاربوو ببێتە هاندەرێك لە بنیات نانی جۆرێك لە هونەری یاری بە تایبەتی یاریە بە کۆمەڵەکان و داهێنان لە ئاستی تاك و تیم. زووتر ؛ لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست و دوای کۆتایی جەنگی دووەمی وەرزش وەکو کایەیەکی ڕەمزی لە ئاشتەوایی جیهانی پێناسە دەکرا.

هەندێك ئەو دەمی تموحیان قوڵتر بوو وەکو کلتور تەنانەت وەکو "زمانێکی جیهانی" چەشنی مۆسیقا مامەڵەیان لە گەڵ دەکرد. بەڵام ؛ لە کۆتایی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو تا ئەمڕۆ، ساڵ لە دوای ساڵ بە کاڵا کردنی سەرجەم چالاکی و داهێنانە جەستەیی و هونەری و فیکری مرۆڤایەتی دەتوێتەوە لە بەردەم داگیرکردنی لۆژیکی بازاڕو چاوچنۆکی سیستەم. ڕەخنەگرتن و پرەنسیب وەرگرتن دژ بە ڕەگەزپەرستی و فاشیزم و توندڕەوی لە کایەی وەرزشدا بۆیە لە ئەوپەڕی هێزی خۆی دایە چونکە ئەو کەڤەرە کلتوریە جیهانیە زووتر وەرزشی بەڕێوەدەبرد چیتر جێگای نەما لە نێو دارستانی کڕین وفرۆشتندا.

ئەگەر سەیری داتای ژمارە ١ بکەین دەبینین لەم ١٢ ساڵەی دوایدا ٤٤.٤ ملیار قازانجی بواری وەرزش زیادی کردوەو لە ساڵی ٢٠١٧ گەیشتۆتە نزیکەی ٩١ ملیار دۆلار، بەڵام بە هەمان هێڵی هاوتەریب نەخۆشیەکان و ڕوداوەکانی ڕەگەزپەرستی وڕاستڕەوی و قومارکردن زیادی کردووە کە هەندێ سەرچاوە بە بەراورد کردن لە گەڵ ساڵی ٢٠٠٠ ئەم زیادەیە بە ٢٠٠% دەخەمڵێنن.


هەر بوارێک دەگری لە دونیا سیستەمی سەرمایە دەستی بۆ دەبات و بە دوای قازانجە بە هەر نرخێك بێت. هەموو دەزانین شەڕەکانی دونیا، کۆمەڵکوژیەکان و مۆتیڤێکی ئابوری و بەرژوەندێکی تیا هەبووە نەك تەنیا لە ڕوودانی بەڵکو لە درێژخایەنی و دووبارەبوونەوەیان. ئەم سیستەمە دێ لە زمانی سیاسیەکان و دام ودەزگاکانی هەمیشە خۆی بەفریاد ڕەس دەزانێ و خۆی ئەرکی موبادەرە کردن لە ئەستۆ دەگرێ.

بەشێكی زۆر لە خەڵك سەرسام وشاگەشکەیە بەو هونەری موبادەرەو لە ئەستۆ گرتنە بەشێکیشی تەواو دڵنیایە کە ئەمە درێژە پێدانی هەمان هەژموونی ئابوریە بەڵام لە رێگای پێچاو پێچ ومەکری ئایدیۆلۆژی. ئێمە دەبینین دەزگا جیهانیەکان کۆنگرە دەکەن لەسەر مەترسی ژینگە، لەسەر بازرگانی کردن بە مرۆڤ وکۆیلەتی، لەسەربزنسی پۆرنۆگرافی و مادە هۆشبەرەکان بەڵام هەر ئەو سیستەمە جێگایەکی کردۆتەوە کە هەموو ئەو چالاکیانە پارەیەك بخاتەوە نێوە بازنە هاتوچۆی قازانج و کاش لە جیهاندا، بنواڕە داتای ژمارە ٢.


سروشتی سەرمایەداری بە جۆرێکە کە هیچ "بەهایەك" بە فەرمی نازانێت بێجگە لە بەهای "قازانج". مەیدانەکانی قازانج لە لۆژیکی ئەو سیستەمە نە سنوردارە نە کۆتایی هەیە، وەکو ماشێنێکی ئەفسانەییە هەموو شتێك لە شێوەو بەهای خۆی دەگۆڕێ و دەهاڕێ دەیکا بە پارەو قازانج. بزنسەکانی سەرمایەگوزاری پەل دەهاوێ بۆ زۆر مەیدان کە جەماوەری ئاسایی نە تاقەتی هەبە بەدواچوونی بۆ بکات و نە خواستی هەیە بۆ تێگەیشتن لە بەشێك لە تاریکی ئەو دونیایەی ئەو سیستەمە دروستی کردووە.

جەماوەری وەرزشی گرنگە دان بەو ڕاستیە دابنێت، کە ئاکاری وەرزش وئەخلاق و کلتوری وەرزش بەمانا مرۆڤایەتیەکەی بەهای زۆری لە دەست داوەو ئەوانەی ئەمڕۆ وەرزش بەڕێوەدەبەن (فیفا وەك نموونە-بڕوانە داتای ژمارە ٣) پڕ نین لە ڕوانگەی دروست بۆ ژیان بۆ ماناو ڕەهەندە ئۆرگینالەکەی وەرزش بەڵکو تەنیا بە شوێن قازانج و فراوان کردنی بازاڕی بێ دڵن.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك