كودەتای پاش مردن

كودەتای پاش مردن

1040 خوێندراوەتەوە

كودەتا دەستەواژەیەكی سیاسی سەربازییە بەواتای قڵپكردنەوەی دەسەڵاتێك دێت لەڕێگای هێزو چەكەوە لەماوەیەكی كەمدا، قڵپكردنەوەی ئێستا و سڕینەوەی رابردوو بەشێكن لەمەهامی كودەتاچییەكان. زۆر جار كودەتا لەلایەن كەسانی دەوروبەری سەرۆك و خاوەن دەسەڵاتەوە ئەنجامدەدرێت لەهەمان پارتی سیاسی یان هەمان خێزان و بنەماڵە. ئەوەی رێگا بۆ كودەتا خۆشدەكان نزیكی و متمانەی كودەتاچییەكانە لەدەسەڵاتە بەئامانجكراوەكانەوە.


كودەتای پاش مردن، سڕینەوەی رابردووی كەسێك یان گروپێك یان حزبێكی سیاسییە بەماوەیەكی كەم و لەلایەن ئەو كەسانەی كە خۆیان بەمیراتگری ئەو رێباز و دەسەڵاتە سیاسییە دەزانن. گۆڕینی رێبازی سیاسی و فكری كەسێكە لەلایەن كەسانی متمانە پێكراوی دەوروبەری خۆیان كە شوێنكەوتەی هەمان رێبازی سیاسی و فكرین. ئەم قڵپكردنەوەیە ئەگەر لەكودەتای ئاسایدا بریتیبێت لەقڵپكردنەوەی ئێستا، ئەوا لەكودەتای پاش مردندا بریتییە لەقڵپكردنەوەی رابردوو. لەرێبازی سیاسی و فكریدا، كودەتا پێچەوانەكردنەوەی پرنسیپەكانی ئەو رێبازە فكرییەیە لەلایەن میراتگرە فكری و سیاسییەكانەوە. شێواندنی ئامانجە سیاسی و فكرییەكانە لەبۆتەی مەرامە تایبەت و كەسییەكاندا.

،،

كودەتای پاش مردن، سڕینەوەی رابردووی كەسێك یان گروپێك یان حزبێكی سیاسییە بەماوەیەكی كەم و لەلایەن ئەو كەسانەی كە خۆیان بەمیراتگری ئەو رێباز و دەسەڵاتە سیاسییە دەزانن. گۆڕینی رێبازی سیاسی و فكری كەسێكە لەلایەن كەسانی متمانە پێكراوی دەوروبەری خۆیان كە شوێنكەوتەی هەمان رێبازی سیاسی و فكرین


شێواندنی رابردوو تەنها بەو كەسانە دەكرێت كە كەسایەتی و شێوازی هەڵسوكەوتیان بەجۆرێك لەجۆرەكان دەبەسترێتەوە بە كەسی كودەتا لێكراوەوە.
باربارا تەكمان، مێژوو نوسی بەناوبانگی ئەمەریكی دەلێت " ئامانجی هەموو كودەتایەك بۆ ئەوەیە بەرگێكی یاسایی بپۆشێت " واتە هەموو كودەتایەك لینكێكی یاسایی هەیە كە ئەنجامدەرانی پێدەبەسترێتەوە. بەتایبەتی لەكودەتای پاش مردندا ئەو لینكە یاسایی و میراتگیرییە هێڵێ پەیوەندی نێوان كودەتاچی و كودەتا لێكراو دیاریدەكات.


هەروەك ئێدواردۆ گالیانۆ دەڵێت " زۆربەی شەڕ و كودەتا سەربازییەكان بەناوی دیموكراسییەوە لەدژی دیموكراسی دەكرێن " كودەتای پاش مردنیش لەحزبی سیاسیدا بەناوی پاراستنی نەریتی سیاسی و بەردەوامی رێبازە سیاسییەكەوە لەدژی خودی ئەو رێبازە سیاسییە ئەنجامدەدرێت.


لەچوارچێوەی خێزانی و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیشدا بەناوی جێبەجێكردنی وەسێتنامە و خواستەكانی كەسێكەوە زۆر جار كەسە نزیكەكانی خۆی كودەتا بەسەر بیرو هزر و شێوازی هەڵسوكەوتی ئەو كەسەدا دەكەن و رێك پێچەوانەی خواستەكانی دەجوڵێنەوە.


بۆ نمونە كودەتای پاش مردن بەسەر شاعیرێكدا ئەوكاتەیە كە بەرهەمەكانی لەناوببرێن یان بەناوی كەسێكی دیكەوە بڵاوبكرێنەوە.


بۆ مامۆستایەكی ئاینی كودەتای پاش مردنی ئەوەیە نەوەكانی دژی بنەماكانی ئاین بجوڵێنەوە، پەیڕەوی ئەو رێبازە نەكەن كە باوكیان ئامۆژگاری خەڵكی لەسەر كردووە یان بەناوی ئەوەوە سازش لەسەر مەبادیئە دینییەكان بكەن.

،،

ئێدواردۆ گالیانۆ دەڵێت " زۆربەی شەڕ و كودەتا سەربازییەكان بەناوی دیموكراسییەوە لەدژی دیموكراسی دەكرێن " كودەتای پاش مردنیش لەحزبی سیاسیدا بەناوی پاراستنی نەریتی سیاسی و بەردەوامی رێبازە سیاسییەكەوە لەدژی خودی ئەو رێبازە سیاسییە ئەنجامدەدرێت.


بۆ سیاسییەكی دیموكراسی خواز و پێشكەوتوو، كودەتای پاش مردن ئەوەیە نەوەكانی یان هاورێبازەكانی پێچەوانەی نەریتە سیاسییەكانی رەفتاربكەن، بەناوی ئەوەوە چیرۆك و بەزموبالۆرەی دژە دیموكراسی بگێڕنەوە، بنەما فكرییەكانی قڵبكەنەوە و رابردووی سیاسی لەگۆڕبنێن، هەنگاوێك بنێن كە ئەو لەژیانی خۆیدا دژی وەستاوەتەوە.


لێرەدا مەبەستمە بڵێم، لەكودەتای پاش مردندا ئەوەی بە كەسە نزیكەكان و هاو رێباز و هاوسەنگەرەكان دەكرێت بەخەڵكی تر ناكرێت، چونكە لانیكەم ئەگەر ئەو كەسانە نەبن هەر جۆرە هەڵسوكەوتێكی تر لەسەر كەسی كۆچكردو ناكەوێت و كاریگەری لەسەر رابردووی نابێت.

 

author photo

ماستەر لە كارگێری كار

بەكالۆریۆس لە زمانی ئینگلیزی

ئەندامی ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان