خۆپیشاندانەكانی باشوور و ناوەڕاست لە تای تەرەزووی حكومەتدا

خۆپیشاندانەكانی باشوور و ناوەڕاست لە تای تەرەزووی حكومەتدا

574 خوێندراوەتەوە

لە دوای هەڵبژاردنەكانی مانگی مایسی 2018 چاودێران پێیان وابوو كە هەندێك لە كێشەكانی عێراق چارەسەر دەبێت، بەتایبەت كە ئەم هەڵبژاردنە دوای سەركەوتن بوو بەسەر گروپی داعشدا، بەڵام خۆپیشاندانەكانی باشوور و سەرهەڵدانەوەی گروپی داعش چەند پرسیارێكی جدی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، كە بۆچی عێراق نەك ناتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵكو قەیران بە قەیران چارەسەر دەكات و مامەڵەیەكی یەكسان لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ناوەڕاست و باشووردا ناكات؟


عێراق دوای ساڵی 2003 هیچ كات ئارامی بە خۆیەوە نەدیووە، جارو بار بە شێوەیەكی ڕێژەیی و لە مەودای كەمدا ئەو ئارامیە بینراوە، ناوچە سونیەكان لە كانوونی دووەمی ساڵی 2013ەوە خۆپیشاندان دژی حكومەتی بەغداد ئەنجام دەدەن، سوننەكان دژی پەراوێزخستن و كەمی خزمەتگوزاری و نەبوونی ئاسایش و تایفی بوونی حكومەت و ئازادكردنی زیندانیەكان و دامەزراندنی هەرێمێكی سونە و هەڵوەشاندنەوەی مادەی(4) ی تیرۆر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام حكومەت وەڵامێكی ئەوتۆی نەدانەوە، بۆیە پێكدادانی چەكداری بەدوای خۆیدا هێنا.

،،

حكومەت لە نێوان خۆپیشاندانەكانی باشوور و ناوەڕاستدا،دەبینین كە حكومەتی عیراق وەك حكومەتی سەرجەم هاوڵاتیان مامەڵە ناكات ،چونكە پێشتر داوای سوننەكانی پشتگوێ خست و بە پلانی دەرەكی و سیاسی ناوزەندی كردن، هەر بەمەشەوە نەوەستا، بەڵكو بۆ كۆتایی هاتنی خۆپیشاندانەكان هێزی بەكارهێنا و بیری لە جێبەجێ كردنی داوای خۆپیشاندەران نەكردەوە


دوای بێدەنگ بوونی سوننەكان، ناوچە شیعییەكانی بەسرە و میسان و ونەجەف و كەربەلا دژی كەمی خزمەتگوزاری وەك ئاو و كارەبا و بێ‌ كاری ناڕەزایەتیان دەربِری،بە سەیركردنی مامەڵەی حكومەت لە نێوان خۆپیشاندانەكانی باشوور و ناوەڕاستدا،دەبینین كە حكومەتی عیراق وەك حكومەتی سەرجەم هاوڵاتیان مامەڵە ناكات ،چونكە پێشتر داوای سوننەكانی پشتگوێ خست و بە پلانی دەرەكی و سیاسی ناوزەندی كردن، هەر بەمەشەوە نەوەستا، بەڵكو بۆ كۆتایی هاتنی خۆپیشاندانەكان هێزی بەكارهێنا و بیری لە جێبەجێ كردنی داوای خۆپیشاندەران نەكردەوە، بەڵام لە بەرامبەردا هەر زوو بە دەم داوای خۆپیشاندەرانی ناوچە شیعەكانیدا چوو، بەشێوەیەك حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانی دژی داعش لە برۆكسل بوو، بەپەلە خۆی گەیاندە بەسرە ، بە گەیشتنی بە شارەكە بۆ ئارام كردنەوەی دۆخەكە چەند بڕیارێكی بەپەلەی دەركرد، لەوانە بری 3.5 ملیار دیناری عیًَراقی بۆ ئاو و كارەبا تەرخان كرد، هەروەها بریاری دا 10 هەزار بێ‌ كاری شارەكە بەسەر كەرتەكانی حكومەت و كۆمپانیا نەوتیەكاندا دابمەزرێنێت ، هەروەها حكومەت ناوی كۆمپانیای نەوتی باشوری گۆڕی بۆ كۆمپانیای نەوتی بەسرە، ئەم ڕێكارانە وەك وەڵامێكی بە پەلەی خۆپیشاندەران بوو، ڕاستە هاوڵاتیانی بەسرە بە دەست كەمی خزمەتگوزاری و هەژاریەوە دەناڵێنن و پێویستە خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكرێت، بەتایبەت كە لە %80ی نەوتی عێراق لەو پارێزگایەدا بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام خۆ دۆخی ناوچە سونییەكان لە دۆخی ئەوان باشتر نیە.

دەتوانرا بیر لە جێبەجێ كردنی هەندێك لە داواكانیان بكرێتەوە، هەر هیچ نەبێت لەكاتی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكاندا، رێگری بكرێت لە تاڵانكاری شارەكانیان و تائیفیانە سەیریان نەكرێت، حكومەت وەك حكومەتێكی نیشتیمانی و هاوڵاتی بوون مامەڵەی لەگەڵدا بكردنایە، بەمەش لە رشووی ئەمنیەوە ئارامی بۆ ناوچە سونییەكان دەگەڕایەوە،هەروەها لە ڕووی ئابوریەوە ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ ئەو ناوچانە دابین بكرایە زۆر كەمتر دەبوو لەو بڕە پارەیەی كە بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان و شەڕی داعش بەكاری هێنا،لە ڕووی دیموكراسی و مافی مرۆڤیشەوە ئەوەندە نەدەكەوتە بەردەم ڕەخنەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.

ئەم جۆرە مامەڵەی حكومەت لەگەڵ خۆپشاندانەكان و بەردەوامی پشتگوێ خستنی ناوچە سونییەكان، سەرهەڵدانی گروپی داعشی بەدوای خۆیدا هێنا،بەشێویەك كاتێك داعش موسڵی كۆنترۆڵا كرد، هاوڵاتیانی شارەكە پێشوازیان لەو گروپە كرد، چونكە لە مامەڵەی خراپی حكومەت و گروپە شیعیەكان بێزار بووبون، بۆیە چاودێرانی بارودۆخی عێراق پێیان وایە كە مامەڵەی تائیفیانەی حكومەتی ناوەند عێراقی توشی نائارامی و داڕمانی ئابوری كردۆتەوە.

،،

ئەم جۆرە مامەڵەی حكومەت لەگەڵ پێكهاتەكانی عێراقدا، هەرگیز عێراق ناگەیەنێتە كەناری ئارامی، بەڵكو لە كێشەیەكەوە بۆ كێشەیەكی تری دەبات، تواناو ووزەی عێراقیش لاواز دەكات و چارەنوسی حكومەت و گەل بە نادیاری دەهێڵێتەوە


لەكۆتاییدا گەر مامەڵەی حكومەتی عێراق لە ماوەی 15 ساڵی حومڕانیدا بخەینا تای تەرازووە، دەبین كە بە شێوەیەكی نایەكسان هەڵسوكەوتی لەگەڵ ئەم دوو ناوچەیەدا كردوە، بە شێوەیەك دەتوانین بڵێین خۆپیشاندانی سوننە و شیعەكان ، ئەوەی سەلماند كە حكومەتی عێراق، حكومەتێكی تائیفیە و مەزهەبی شیعەگەری بەسەریدا زاڵە، ناتوانێت حكومەتی سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق بێت ، بەڵكو بەشێوەیەكی تائیقی و بیری سیاسی مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیانی عێراقدا دەكات، ناوچە سونییەكان بە بیانووی تیرۆر پشتگوێ دەخات و دواتریش بە بیانوی پاك كردنەوەیان لە تیرۆر تاڵانیان دەكات.


ئەم جۆرە مامەڵەی حكومەت لەگەڵ پێكهاتەكانی عێراقدا، هەرگیز عێراق ناگەیەنێتە كەناری ئارامی، بەڵكو لە كێشەیەكەوە بۆ كێشەیەكی تری دەبات، تواناو ووزەی عێراقیش لاواز دەكات و چارەنوسی حكومەت و گەل بە نادیاری دەهێڵێتەوە، بەشێوەیەك كەس ناتوانێت پێشبینی داهاتووی ئەم وڵاتە بكات و ئومێدێك بۆ ڕزگاربوون لە كێشە سیاسی و ئابووری و كۆمەلایەتی وئاینیەكان هەڵبچنێت.

 

author photo

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی

ئەزمونی پێنج ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕان