میراتی سیاسی و كاریگەری لەسەر دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگا

میراتی سیاسی و كاریگەری لەسەر دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگا

807 خوێندراوەتەوە


لەئێستادا سیستمی پاشایەتی و گواستنەوەی دەسەڵاتی شانشینی لەباوكەوە بۆ كوڕ نمونەی لەجیهاندا كەمبوەتەوە، لەبەرامبەردا نمونەی گواستنەوەی میراتی سیاسی لەناو پارت و رژێمە سیاسییەكاندا لەدەركەوتن و هەڵكشاندایە كە مەترسییەكانی بۆسەر دیموكراسی و دەسەڵاتی خەڵك هیچی كەمترنیە لەمەترسییەكانی سیستمی پاشایەتی و دەسەڵاتی قۆرغكاری بنەماڵەیی.


ئەگەرچی چەمكی بەبنەماڵەكردن و بەكارهێنانی میراتی سیاسی دوو چەمكی جیاوازن و لەدوو فۆرمی جیاوازدا خۆیان بەرجەستەدەكەن، بەڵام لەجەوهەردا هەمان مەرامیان هەیە كە سودوەرگرتنە لەپێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی باوانیان بۆ قۆرغكاری و مەرامی تایبەتی، هەردوو چەمكەكەش لەبنەڕەتدا پێچەوانەی بنەماكانی دیموكراسین، چونكە لەم حاڵەتانەدا هەمیشە پاسێكی زیاتر دەدرێتە میراتگرە سیاسییەكان و هەمان دەرفەتی یەكسانیش بۆ ئەوانی تر نابێت.
نمونەی ئەمجۆرە لەمیرات تەنها دەسەڵاتە ئۆتۆكراتییەكانی نەگرتۆتەوە، بەڵكو وڵاتانی دیموكراسی وەك هندستان و ئەمەریكا و بەشێك لە ئەوروپاشی تەنیوە.

،،

ئەگەرچی چەمكی بەبنەماڵەكردن و بەكارهێنانی میراتی سیاسی دوو چەمكی جیاوازن و لەدوو فۆرمی جیاوازدا خۆیان بەرجەستەدەكەن، بەڵام لەجەوهەردا هەمان مەرامیان هەیە كە سودوەرگرتنە لەپێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی باوانیان بۆ قۆرغكاری و مەرامی تایبەتی

بۆ وێنە، بنەماڵەی ( ئیندیرا غاندی) یەكەم سەرۆك وەزیرانی ژن لەهندستان ئەمڕۆ بەشێكی زۆر لە نەوە و كوڕەزاو كچەزاكانی بارگاوی بوون بەمیراتە سیاسی و دەسەڵاتخوازییەكەی نەنكیان و تا ئێستاش سود لەو باكگراوەندە سیاسییە وەردەگرن و بەهۆیەوە چەندین ساڵە سەرۆكایەتی كۆنگرێسی نیشتیمانی ئەو وڵاتەیان داگیركردووە. جگەلەوەی (ئیندیرا غاندی ) خۆی بۆ ماوەی زیاتر لە 15 ساڵ و لەدوو خولدا سەرۆك وەزیران بوو تا تیرۆركرا، هاوكات (راجیڤ غاندی) كوڕیشی شەشەمین سەرۆك وەزیرانی هندستان بووە لەنێوان ساڵانی 1984 بۆ 1989 ، بەهەمان شێوە (سۆنیا غاندی) هاوسەری( راجیڤ غاندی) بەكاریگەری میراتی سیاسی نەنكی هاوسەرەكەی بووە سەرۆكی كۆنگرێسی نیشتیمانی هندستان، بەهەمان شێوە (پریانكا غاندی) كچی راجیڤ غاندی ئێستا یەكێكە لە سیاسییە بەناوبانگەكانی هندستان و ئامادەی وەرگرتنی هەموو پۆستێكی حكومییە، لەو لاشەوە (راهول غاندی) برای ئێستا سەرۆكی كۆنگرێسی نیشتیمانی هندستانە و پێشتریش چەندین پۆستی حكومی و حزبی وەرگرتووە.

لەپاكستانیش بەهەمان شێوە، میراتی سیاسی خەریكە جێگە بە دیموكراسی و هەڵبژاردنی ئازادانە لێژدەكات، (بیلەوال بۆتۆی) تەمەن 23 ساڵ كوڕی سەرۆكی ئێستای پاكستان و سەرۆك وەزیرانی پێشوو (بینازیر بۆتۆ ) یە و لەهەمان كاتدا كچەزای سەرۆك وەزیرانێكی پێشوتری پاكستانیشە، ئێستا وەك سەرۆكی (پارتی خەڵك) لەپاكستان خۆیدەناسێنێ و یەكێكە لەفیگەرە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە كە پەیوەندی باشی لەگەڵ خێزانی غاندی لەهندستان هەیە.

،،

ژمارەیەكی زۆر لەكوڕ و نەوەی بۆش بونەتە خاوەن پلەو پۆستی حكومی لەئەمەریكادا و بەشێك لەرەخنەگرانی سیاسیش پێیانوایە میراتی سیاسی كاریگەری لەسەر هێنانە پێشەوەی نەوەكانی بۆش هەبوو

بۆشی باوک و بۆشی کور ، چلویەکەمین و چلوسێیەمین سەرۆکەکانی ئەمریکاCaption


لە ئەمەریكاش بنەماڵەی (بۆش) نمونەی ئەو میراتە سیاسییەن كە بەرای شیكەرەوە سیاسییەكان كاریگەری خۆیان بەسەر دەنگدەران و تەنانەت نوخبەی سیاسیشەوە جێهێشتووە. ( جۆرج دەبلیو بۆش)ی چل و سێیەمین سەرۆكی ئەمەریكا كوڕی (جۆرج بۆش)ی باوك بوو كە چلویەكەمین سەرۆكی ئەمەریكا بوو، ژمارەیەكی زۆر لەكوڕ و نەوەی بۆش بونەتە خاوەن پلەو پۆستی حكومی لەئەمەریكادا و بەشێك لەرەخنەگرانی سیاسیش پێیانوایە میراتی سیاسی كاریگەری لەسەر هێنانە پێشەوەی نەوەكانی بۆش هەبووە. برا بچوكەكەی جۆرج دەبلیو بۆش كە ناوی ( جێب بۆش)ە، وەك نمونەیەكی تر، لەنێوان ساڵانی 1999 بۆ 2007 حاكمی ویلایەتی فلۆریدا بووە و لەهەڵبژاردنەكانی 2016 ی ئەمەریكاشدا كاندیدی سەرۆكایەتی كۆمارییەكان بووە.


لەحزبی دیموكراتەكانی ئەمەریكاش، بنەماڵەی ( جۆن كەنەدی) كاریگەری میراتی سیاسییان جێهێشتووە و بەسود وەرگرتن لێی چەندین نەوەی ئەو بنەماڵەیە بونەتە خاوەن پلەو پۆست لەئەمەریكادا.


لەهەرێمی كوردستانیش، بەمدواییانە میراتی سیاسی تەنگی بە پرۆسەی دیموكراسی (لانیكەم لەناو حزبە سیاسییەكاندا) هەلچنیوە. جگەلە پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەرلەسەرەتای تەمەنی حزبەكە و لەوجودی مەلا مستەفای بارزانیدا ئارەزووی بەبنەماڵەكردنی حزبەكەیان نەشاردۆتەوە، بەمدواییانە و بەتایبەتی لەناو حزبە بەناو چەپ و دیموكراتیخوازەكانیشدا كاریگەری میراتی سیاسی بەئاشكرا لەهەڵكشاندا بووە. جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هێشتا خۆی لەژیاندا بوو خێزانەكەی سودیان لەو میراتە سیاسسە بینی بۆ وەرگرتنی پلەو پۆستە حزبی و حكومییەكان.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، خێزانی تاڵەبانی جگەلەوەی ئەندامی مەتەبی سیاسی بوو، هاوكات تەواوی دارایی یەكێتیشی لەدەستدا بوو، بەهۆیەشەوە بووە كاریگەرترین ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی لەو كاتانەی كە مام جەلال سەرۆكی كۆماری عێراق بوو، هاوكات بەهەمان كاریگەری میراتی سیاسی، رێگە بۆ هاتنە پێشەوەی قوباد تاڵەبانی خۆش بوو پۆستی نوێنەری حكومەتی هەرێم لەئەمەریكا و دواتریش جێگری سەرۆك وەزیرانی پێدرا، كوڕە گەورەكەشی ( پاڤێڵ تاڵەبانی) ئێستا زیاتر لەهەر سەركردەیەكی یەكێتی كاریگەری لەسەر سیاسەتی حزبەكە هەیە و چەندین جار وەك سكرتێر و خاوەنی یەكێتی قسەی كردووە، هەریەك لەئاراس شێخ جەنگی و لاهور تاڵەبانی برازاشی جگەلەوەی سەركردایەتی كاریگەرترین هێزە چەكدارەكانی ناو یەكێتی دەكەن، هاوكات لەبریاری سیاسی حزبەكەشدا بەشدارن و كاریگەری زۆریان بەسەر حكومەت و حزبیشەوە هەیە.

،،

ئەو كاتانەی كە مام جەلال سەرۆكی كۆماری عێراق بوو، هاوكات بەهەمان كاریگەری میراتی سیاسی، رێگە بۆ هاتنە پێشەوەی قوباد تاڵەبانی خۆش بوو پۆستی نوێنەری حكومەتی هەرێم لەئەمەریكا و دواتریش جێگری سەرۆك وەزیرانی پێدرا، كوڕە گەورەكەشی ( پاڤێڵ تاڵەبانی) ئێستا زیاتر لەهەر سەركردەیەكی یەكێتی كاریگەری لەسەر سیاسەتی حزبەكە هەیە و چەندین جار وەك سكرتێر و خاوەنی یەكێتی قسەی كردووە.

هەردوو کوڕەکەی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشوتری عێراق ، قوباد تاڵەبانی و باڤڵ تاڵەبانی


محەمەدی حاجی مەحمود لەحزبی سۆسیالستی دیموكراتی كوردستان، برایەكی و كوڕێكی هێنرانە پێشەوە و بوونە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و پۆستی ئەندامێتی پەرلەمانیش بەهەمان كاریگەری میراتە سیاسییەكە بۆ برایەكی پچڕاند. لەبزوتنەوەی ئیسلامیش، نەوەكانی شێخ عەبدول عەزیز، بەهەمان كاریگەری میراتی سیاسی، تا ئێستا سەرۆكایەتی حزبەكە و پۆستە گرنگەكانی ئەو حزبەیان لەدەستی خۆیاندا هێشتۆتەوە.


چوار لێكدانەوە بۆ دروستكردنی كاریگەری میراتی سیاسی دەكرێت، ئەوانیش:


یەكەم، كاریگەری جیناتییە، ئەم لێكدانەوەیە پێیوایە ئارەزووی سیاسەتكردن و دەسەڵاتخوازی بەشێكە لەكاریگەری بۆماوەیی و پەیوەندی خێزانی و لەخوێندا دەگوازرێتەوە، هەرچەندە تا ئێستا توێژینەوەیەكی زانستی راستی گواستنەوەی كاریگەری جیناتی بۆ سیاسەت نەسەلماندووە، بەڵام زانستی پزیشكی كاریگەری بۆماوەیی بەسەر بەشێك لەئارەزووە و تواناكانی مرۆڤەوە سەلماندووە، ئەم لێكدانەوەیە پشتی پێنابەسترێت بۆ دڵنیابوون لەهەمان توانا و ئارەزوو و دڵسۆزی میراتگر.


دووەم، كاریگەری ژینگەی سیاسی، ئەو منداڵانەی كە لەژینگەیەكی سیاسی یان راستر بڵێین لەماڵی سەركردەیەكی سیاسیدا گەورەدەبن بەشێوەیەكی راستەخۆ بارگاوی دەبن بە بابەت و پرسە سیاسییەكان و دەكەونە ژێر كاریگەری باسو خواسەكانی سیاسەت و دەسەڵاتخوازی، ئەم لێكدانەوەیە ئەگەری راستی لەلێكدانەوەی یەكەم زیاترە.


سێیەم، رەخساندنی دەرفەتی زیاتر، منداڵ و نەوەی سەركردە سیاسییەكان هەمیشە بەكاریگەری ئەزمون و شارەزایی باو باپیرانیان دەرفەتی بەشداری سیاسی و پەروەردەیی و بزنس و تێكەڵاوبونی دەسەڵاتیان زیاترە لەمنداڵانی دیكە، بەوەش زووتر دەكەونە ژێر كاریگەری میراتی سیاسی. لێكۆڵینەوەی بایۆگرافی سیاسییەكاریگەرەكانی جیهان ئەوەی سەلماندووە كە ئەم لێكدانەوەیە بەهێزترین لێكدانەوەیە بۆ دروستكردنی كاریگەری میراتی سیاسی لەسەر نەوەكان.


چوارەم، دەكەونە ژێر كاریگەری كەسانی ترەوە، ئەم لێكدانەوەیە دەلێت " نەوەی سەركردەكان مەرج نیە هەمان تواناو لێهاتوویی باوانیان هەبێت ، یان خۆشیان ئارەزووی سیاسەتكردن ناكەن و لەژینگە سیاسییەكەشیاندا بارگاوی نەبون بە پرسە سیاسییەكان، بەڵكو پارتە سیاسییەكان و كەسانی بەرژەوەندیخواز لەدەوروبەریان، بەمەبەستی سودوەرگرتن لەپێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتییان و دوور لەهەر توانا و خواستێكی مۆڕاڵی هانی نەوەی سەركردەكان دەدەن و پاڵپشتییان دەكەن خۆیان بهاوێژنە ناو دەسەڵات و كایەی سیاسییەوە.

،،

 نمونەی كاریگەری میراتی سیاسی لەهەرێمی كوردستان فێری كردوین كە ئەم فۆرمە لەمیراتگیریی، جگەلە رێگایەك بۆ چونە دەسەڵات، هاوكات رێگە بۆ مانەوەی زیاتری نایاسایی لەدەسەڵاتدا خۆشدەكات تا دەگاتە دروستبوونی ئارەزوی بەدیكتاتۆر بوون


مەترسی ئەمجۆرە لەمیرات بۆ پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگا لەوەوە سەرچاوەدەگرێت كە زۆر جار پێگەی خێزانی نەوەی سەركردە سیاسییەكان هاوڵایتان و كۆمەڵگا لەخشتە دەبات و لەبری كاركردن بۆ هێنانە پێشەوەی خوێنی تازە و رەخساندنی دەرفەتی یەكسان، پارتە سیاسییەكان زیاتر گرنگی بەنەوەی سەركردە كاریزماكان دەدەن. ئەوەش سەردەكێشێت بۆ بێنرخكردنی پرۆسەی دیموكراسی و بێئومێدكردنی مرۆڤە بەتواناكانی لەدەرەوەی نوخبەی سیاسی. زۆر جار روویداوە، نەوەی سەركردە سیاسییە بلیمەتەكان ناوبانگ و باكگراوەندی سیاسی خۆیان لەهەڵبژاردنە نیشتیمانییەكان و لە ركابەری كوڕو كچە هەژارەكان بەكارهێناوە و دواجار بەهۆیەوە پۆستێكی حزبی یان حكومی رادەستی نەوەیەك كراوە كە هەمان دڵسۆزی و لێهاتوویی باوانی نەبووە.


هاوكات، نمونەی كاریگەری میراتی سیاسی لەهەرێمی كوردستان فێری كردوین كە ئەم فۆرمە لەمیراتگیریی، جگەلە رێگایەك بۆ چونە دەسەڵات، هاوكات رێگە بۆ مانەوەی زیاتری نایاسایی لەدەسەڵاتدا خۆشدەكات تا دەگاتە دروستبوونی ئارەزوی بەدیكتاتۆر بوون، چونكە نەوەی سەركردە كاریزماكان، بەتایبەتی لەو كۆمەڵگایانەی بەدامەزراوەیی نەكراون، شەرعیەتی خەبات و ماندوبونی باو و باپیرانیان وەك قەڵغانێك بەدەوری خۆیان و بۆ شەرعاندنی مانەوەیان بەكاردەهێنن.

 

author photo

ماستەر لە كارگێری كار

بەكالۆریۆس لە زمانی ئینگلیزی

ئەندامی ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان