هەڵبژاردن؛ هیوایەکی ناچاری

هەڵبژاردن؛ هیوایەکی ناچاری

1035 خوێندراوەتەوە




بەبیرەوەری سیاسی و بەتۆماری مێژوویی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن لەوەها ژینگەیەکدا کە ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؛ هەڵبژاردن دابڕانی مێژوویی و بازدانی گەورەی لەهیچ کۆمەڵگایەکی ڕۆژهەڵاتیدا نەکردووە. بەڵکو هیوایەکی ناچارییە بۆ گۆڕانکاری. بەڵام لەدواجاریشدا هیوایەکی مایەپوچ بووە.


ئەزموونەکانی هەڵبژاردن لەکۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا جگە لەکردەیەکی ترادیسیۆنی و دیماکۆچییەت هیچیتر نەبووە. وەک بینراوە هەموو هەڵبژاردنەکان ڕێژەی سەروو 99%یان تێپەڕاندووە بەڵام هیچیان بەرهەمی بڕیاری عەقڵ و بڕیاری ئازادانەی تاک نەبووە. تەنانەت بەدواین هەڵبژاردنی سەدام حسێنی سەرۆکی عێراقیشەوە بەچەند مانگێک پێش ڕوخاندنی دەسەڵاتەکەی لە2003دا کە ڕێژەی 99.99%ی دەنگی دەنگدەرانی! بەدەست هێنا.


ئەم مایە پوچبوونە لەکردەی هەڵبژاردندا درێژبووەتەوە بەدرێژایی تەمەنی نەوەیەک کە بنەماڵەی سەرۆک و کوڕە میرو شازادەکانی ئەم ژینگە ڕۆژهەڵاتییەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەخوێندنەوەو تێنەگەشتن لەپرۆسەیەکی لەم شێوەیە لەمێنتاڵێتی تاکدا. تاکو توانای بیرکردنەوەی تاک هەڵنەکشێتە سەرەوەو هەڵبژاردن تەنها گۆڕانی هەیکەلی دەسەڵات بێت بەچەند وەجهێکی نوێ؛ ئەم مایەپوچبوونەیش بەردەوام دەبێت.

لەوێنە گشتییەکەی ناوچەکەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق لەمێژووی دوورو نزیکدا، وێنەیەکە چەندە لەپێش چاوو لەهزردا دووربخرێتەوە بۆ یەکەم دەسەڵاتدارێتی بەعس لەعێراق!و چەندە نزیک بکرێتەوە بۆ ناو سەدەی بیست و یەک و ساڵی 2018، شتێک لەڕووخساری ئەم وێنە گشتییە تێکناچێت و ئەوەی لەدووریدا دەبینرێت لەنزیکیشدا هەمان شت دەبینرێتەوەو دەناسرێتەوە کە پرۆسەیەکی دەقگرتووی تێپەڕبووە بەبێ گۆڕانکاری بەسەر لۆژیک و عەقڵی بەڕێوەبەری نوخبەی سیاسیدا.


هیچ کاتێک لەم ژینگە سیاسییەدا کە ناوی عێراقەو کوردستانیش بەشێکە لێی. هەڵبژاردن نەیتوانیوە بیری نوێ و عەقڵی ماستەرمێند بەرهەمبهێنێت، بەپێچەوانەوە هەمیشە گۆڕانکارییەکە لەهەیکەلی حکومەت و دەستەبژێری سیاسیدابووە. ئەم دەستەبژێرەیش مادام لەهەناوی حیزبێکی سیاسییەوە هاتووە، هەمیشەیش هەڵگری یەک جۆر لەبیرکردنەوەو خەون بووە، کە ئەویش ڕازیکردنی حزبە.


مایەپووچی ئەم هیوایە لەوەدا دەردەکەوێت کردەیەکی دووبارەیە بەهەمان فۆرم و هۆیەکانی پێنج دەیەی ڕابردوو. پێچەوانەی هەموو کردەی هەڵبژاردن لەتەواوی دنیادا کە ئەوە هەڵبژاردن نییە هەندێک ڕوخساری سیاسی سەردەخات و هەندێکیتر دێنێتەخوار، بەڵکو ئەوە عەقڵ و هوشیاری تاکە دەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردن دەستکاری بکات و گۆڕانکاری لەئەنجامدا بکات.


لەهەڵبژاردنی پێشووی ئەمریکادا، ویلایەتی فۆرجینیا سەرکەوتنی هیلاری کلینتۆنی گۆڕی بۆ سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ. ئەمەیە هوشیاری تاک کە زۆرجار بەسەرکێشی یان موجازەفە ناودەبرێت و لەدەرەوەی تێگەشتنی باوی کۆمەڵگە دەنگ دەدەن. هەر ئەمەیشە وایکردووە لەهەڵبژاردنەکاندا بەفۆرجینیا دەگوترێت "ویلایەتی جۆلانێ"؛ واتە هوشیاری تاک دەتوانێت سەرکەوتنی کاندیدەکان لەلایەکەوە بگوێزێتەوە بۆ لایەکیتر.


لەسەر ئاستی ئەوروپایش، هەر لەسەرەتای شۆڕشی فەرنسی 1789ەوە بڕیاری تاک و کۆمەڵگە خرایە سەرەوەی هەموو شتێک و "ڤۆڵتێرو کانت ــ بەجیاوازی پاش و پێشی ڕۆژگاری تەمەنیان"یشەوە پێیانوابوو دەبێت شۆڕش لەهزرو بیری تاکەکاندا بکرێت بۆئەوەی خۆیان بیربکەنەوەو بڕیار بدەن نەک کڵێسا لەبری ئەوان بیربکاتەوەو بڕیاربدات.
بۆیە لەدواجاردا دەگوترا "ئیشی ئەم دوو فەیلەسوفە شۆڕشی هزر بووە".


لەبارامبەریشدا لەناو هەموو ئەو ڕەخنانەیشدا لەئەم شۆڕشە ڕۆشنگەرییە دەگیرێت و بڕیاری ئازادانەی تاک دەکاتە سێنتەر بۆ هەموو شتێک. "ڕێجی دۆبڕێ"ی فەرەنسی دەڵێت "شۆڕشی ڕۆشنگەری، مرۆڤی خستۆتە جێگای یەزدان". واتە ئیتر تاک و بڕیاری تاک هەموو شتێکەو تاک خودی خۆیەتی نەک کەسیتر!.


لەکردەیەکی وەک هەڵبژاردنداو لەنێوان دوو حەقلی تەجروبەیی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، بۆماندەردەکەوێت بڕیاری تاک چەندە کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە.
لەئەمریکاو ئەوروپادا تاکەکان ئەنجام یەکلایی دەکەنەوەو جۆلانێ بەپرۆسەکەوە دەکەن و هیچ کاندیدێک تاکۆتایی هەڵبژاردن لەسەرکەوتنی خۆی دڵنیانییە. بەڵام لەڕۆژهەڵاتدا ئەگەر تاکەکان دەنگیش نەدەن ئەوا ئەنجام ڕوونەو ڕێژەی دەنگدەر نزیکەی 70% بۆ سەرەوەیەو ڕوونیشە کێ براوە دەبێت.
وەک چۆن لەئێستاوە دەگوترێت "حەیدەر عەبادی" ویلایەتی دووەمیش دەباتەوە.


لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە، لەژینگەی سیاسی ڕۆژهەڵاتدا، هەڵبژاردن پرۆژەیەک نییە بۆ دروستکردنی بڕیاری تاک و گۆڕانی هزری و سیاسی کۆمەڵگە. بەڵکو هیوایەکی ناچارییەو بوونی لەنەبوونی باشترە.

 

author photo

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد ـ نوسەر

ئەزموونی 14ساڵ کاری ڕاگەیاندن لە ڕاگەیاندنی بینراو و بیسراودا