لە پشتی پەردەوە چی دەگوزەرێت؟

لە پشتی پەردەوە چی دەگوزەرێت؟

1385 خوێندراوەتەوە


پێش چەند ڕۆژێك لە پێگە كۆمەڵایەتییەكانەوە وێنەیەك بڵاو كرایەوە كە تێیدا دوو پەرلەمانتار، كۆ بوونەتەوە. ئەو وێنەیە لێكدانەوەی زۆری بۆ كرا. دواتر هەردوو پەرلەمانتار لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەیان بە ڕاستی و دروستیی كۆبوونەوەكەیان دا. ئەو كۆبوونەوەیە گەلێك ئاماژەی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە و مەترسییەكی زۆریشی لێ چاوەڕوان دەكرێت. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی پێ بكەم لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا كۆیان دەكەمەوە:


1- هەردوو پەرلەمانتار گەیشتوون بەو ڕاستییە كە دادگان ناتوانن كێشەكان یەكلا بكەنەوە، چونكە دادگاكان نە لە ڕابوردودا سەربەخۆ بوون، نە ئێستایش بە دواوە سەربەخۆ دەبن. هەر بۆیە چیی دیكە هیچ ئومێدێك بە دەسەڵاتیی دادوەری نەماوە و تەنها چارە پەنا بردنە بۆ بەرپرسە سەربازییەكان و دەبێت بەهێز كێشەكان یەكلا بكرێنەوە، ئەمەش مەترسییەكی گەورەی لێ چاوەڕوان دەكرێت. لە داهاتوودا پێ دەچێت هاوشێوەی باشووری سودان هەر ناوچەیەك لە لایەن بەرپرسێكی سەربازییەوە بە ڕێوە ببرێت، هەموو ئومێدەكان ببن بە سەرابێك و گەورەترین كارەساتیی مرۆییشی لێ بكەوێتەوە.


2- پارتەكانی هەردوو پەرلەمانتار، كۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان، توانای چارەسەركردنی كێشەكانیان نەبووە و نابێت، ئەو دوو پارتە لە ڕابردودا دەیانویست لەڕێی خەباتی مەدەنییەوە قەیرانەكان تێپەڕێنن، بەڵام درەنگ هەستیان كرد كە لەم مەملەكەتدا تەنها چەك سەروەرە و لێدوانەكەی مەلا بەختیاریش پێش چەند ڕۆژێك "لە بەرئەوەی ئێمە چەكمان هەیە بەیەك كورسیی پەرلەمانیشەوە وڵات بەڕێوە دەبەین،" بەتەواوی خەباتیی مەدەنیی لەم هەرێمەدا ئیفلیج كرد.
3- لە ئێستا بەدواوە دەبێت لەڕێی بەرپرسەكانەوە گەندەڵییەكان چارەسەر بكرێن. لە كۆڕ و كۆبوونەوەی بەرپرسەكانی نەیاری دەسەڵاتدا، بەتایبەتیش لە زۆنی سەوز، ئاماژە بە بابەتی هەستیار دەكرێت. بەرپرسەكان خۆیان بەزەبری هێز گەندەڵییان دەكرد، ئێستایش دەبێت هەر لە ڕێی لولەی تفەنگەكانی خۆیانەوە قەیرانەكان چارەسەر بكرێن.


4- ئەو دوو پەرلەمانتارە ئومێدێكیان بە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی پارتەكانیان نەماوە، لە ڕابردودا زۆرجار لە ڕێی كەناڵەكانی خۆیانەوە بابەتە هەستیارەكانیان دەجوڵاند، بەڵام هەر لە سەرەتاوە گوللەی "تۆپخانەكانیان" بە هەوادا دەچوو، درەنگ هەستیان بەو ڕاستییە كرد كە ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵكاران بە چەك دەكرێت نەك بە لێدوان و دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندان.


5- هەردوو پارتی فەرمانڕەوا، یەكێتی و پارتی، دەمێكە بەزۆرینە دەسەڵاتیان بە ڕێوە بردووە، هەر دەبێت لە ڕێی زۆرینە و هاوپەیمانێتیی پارتەكانەوە ئەو دەسەڵاتەیان لێ بسێنرێتەوە و گەلەكۆمەیان لێ بكرێت، چیی تر گۆڕان و كۆمەڵ بەتەنها و بەبێ هێزی سەربازی توانای بەرگەگرتنی بارودۆخەكەیان نەماوە، خەونەكانیان بوون بە سەراب و هەوڵەكانیان بێهودە دەرچوون، ئومێدی لایەنگرانیشیان ڕەووینەوە. پێ دەچێت لایەنگرانیان پەیتا پەیتا سەنگەر بگوزانەوە و ئومێد بە نەیارە چەكدارەكان هەڵچنن. درەنگ هەستیان كرد سەرجەم خەبات و هەوڵەكانی هەموو پارتە بێچەكەكان گەیشتوون بە بنبەست و تەنها لەنێو بازنەیەكدا دەخولێنەوە.


6- بەرپرسە سەربازییەكان بە درێژاییی ساڵانی ڕابردوو بێدەربەست بوون چی لە گۆڕەپانە سیاسییەكەدا دەگوزەرێت، هەمیشە ئەوان لە دۆڵێك بوون و كۆی كۆمەڵگایش لە دۆڵێكی تر. لەبەر ئەوەی زۆرینەیان نەخوێندەوار بوون، هەمیشە دەبێت بۆ كۆكردنەوەی زانیارییەكان و خستنە ڕووی گەندەڵییەكان چاویان لە دەستی خوێندەوارەكان بێت. جگە لەوەیش زۆرینەیان توانی نووسینەوەی تەنها دیڕێكیان نییە. دواجار دەبێت چاوی تیژی خوێندەوارەكان دەستی ئەوان بجوڵێنێت.


لە كۆتاییدا ئەوەی ماوەتەوە ئاماژەی پێ بكرێت ئەوەیە كە بە گوزەری زەمان هێدی هێدی ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتداران دەردەكەوێت. ئەوانەیش خەونیان بە چێكردنی فەرهەنگستانێكەوە بونیاد دەنا، دەبێت خەونەكانیان بتارێنن، چونكە لولەی تفەنگەكان وا كەم كەم گەرم دەبن و ئاگری شەڕێك لە گزنگەوە بە ڕێ كەوتووە.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ئینگلیزی

وەرگێڕ و ڕۆژنامەنوس