فەیلەسوفى  خوێناوی

لە هەرجێگایەك برنارد لیڤی هەبیت شەڕ لەوێیە

فەیلەسوفى خوێناوی

1377 خوێندراوەتەوە

هەرچەندە ئەو خۆی بە فەیلەسوفی مرۆڤدۆست و ئازادی و مافەكانی مرۆڤ دەزانێت ، بەڵام نەیارەكانی دەڵێن لەهەر جێگایەك برنارد لیڤی لێبوو نیشانەی ئەوەیە لەو شوێنە لافاوی خوێن هەڵدەستێت.

برنارد هنری لیڤی كە لەناوەندی ڕۆشنبیری فەرەنسیدا لە گروپی بیرمەندانی "فەرەنسییە نوێیەكان" ناسراوە، یەكێكە لە ئاڵۆزترین كەسایەتیەكان لەسەر ئاستی جیهاندا. كە لە توانایدایە بەچەند روخسارێكی تەواو جیاوازەوە دەربكەوێت.

برنارد لیڤی لە یەك كاتدا فەیلەسوفێكی ملیۆنێری فەرەنسییە، لەدیوێكی دیكەیدا دەرهێنەر و سینەماكار و لە روخسارێكی دیكەیشیدا رۆژنامەوان و لەهەمان كاتدا كارەكتەرێكی سیاسی گرنگیشە.

فەیلەسوفە چەپەكان لە فەرەنسا لە نمونەی دۆلۆز و ریمون ئارون بە توندی دژی ئەوەن كە برنارد لیڤی بە فەیلەسوف ناوببرێت. جارێكیان دۆلۆز لەبارەی برنارد لیڤیەوە نوسیبوی" برنارد فێڵی فەلسەفەیە".

لیڤی لە بنەماڵەیەكی جولەكەی جەزائیری لەساڵی 1948 لەدایك بووە. دوای لەدایكبونی خێزانەكەی گواستویانەتەوە بۆ فەرەنسا و بوە بەهاوڵاتیەكی فەرەنسی.

بەهۆی پێگەی خێزانەكەیەوە توانیویەتی لە زانكۆ باڵاكانی فەرەنسا بخوێنێت و بەو هۆیەوە تێكەڵاوی كایەی ڕۆشنبیريی بوە.

دواتر لەساڵی 1971 وەك پەیامنێری جەنگ لە بەنگلادیش كاری كردوە لە گەرمەی شەڕی نێوان بەنگلادیش و پاكستان.

لە هەشتاكان چۆتە ئەفغانستان و پەیوەندی لەگەڵ چەكدارە جیهادیەكانی ئەفغانستان بەتایبەتی ئەحمەد شا مەسعود دروستكردووە.

،،

لیڤی لە جیهاندا دۆست و دوژمنی زۆری هەیە ، هەندێك بە "دڵەئازاكە"ی ئەوروپا و هەندێكی دیكە وەك باوكی فیتنە سەیری دەكەن

لە نەوەدەكاندا چۆتە بۆسنە و پشتگیری سەربەخۆیی بۆسنەی كردوە، دواتریش لە شەڕی نێوان كۆسۆڤۆ و یوگوسلافیا ئامادەیی هەبوە كە تیایدا ناتۆ 90 ڕۆژ بۆمبارنی یۆگوسلافیای كرد.

لە 2008 پشتگیری بۆ شۆڕشی سەوزی ئێران دەربڕی و پشتیوانی خۆپیشاندانی شارە گەورەكانی ئێرانی كرد.

لە ساڵی 2011 و لە شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبیدا وەك كارەكته رێكی بەهێز بەشداری مەیدانی لە شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی كردوە بەتایبەتی لە میسرو لیبیا.هاوكاری لۆجستی و سیاسی و سەربازی بۆ شۆڕشگێڕەكان پەیداكردووە.

لە جیهانی ئیسلامیدا وابڵاوە كە ئەندامی ئەنجومەنی زایۆنیستی جیهانییە و لە تەلئەبیبیش پەیمانگایەكی فەلسەفی دامەزراندوە بەناوی(لیڤانیس). جارێكیش لە مەیدانی تەحریری میسرەوە ئاماژەی بەوە كردوە كە لەبەرنامەیدایە خۆی بۆ سەرۆكی ئیسرائیل هەڵبژێرێت.

برنارد لیڤی لە ناوەندی رۆشنبیری فەرەنسا بە فەیلەسوفە نمایشكارەكە ناسراوە، بیرمەندە جدیەكان بە گاڵتەوە باس لەوە دەكەن لە هەر جێگایەكی جیهان كێشەیەك هەبێت برنارد خۆی تێ‌ فڕێدەدات و خۆی دەكات بە بابەت تیایدا بۆ ئەوەی وەك پاڵەوانی ڕوداوەكان دەربكەوێت.

تەنانەتە یەكێك لە ڕۆژنامەنوسە فەرەنسیەكان بەناوی (فلیب كوهین) كتیبێكی لەسەر ژیانی برنارد لیڤی نوسیوە بەناوی ( بۆمبەكە،روی شاراوەی لۆمۆند) تەواوی كتێبەكە ئاماژەیە بەوەی كە برنارد كەسێكی فریودەرەو قسەكانی و كردەوەكانی یەك ناگرنەوە بەدوای بونە پالەوانەوەیە.

لە كێشەكانی ساڵی 2014 لە نێوان ئۆكراین و روسیا لایەنگری كیف ی كرد و دژی روسیا وەستایەوە. روسەكان زۆر پەستن پێی و بە " فەیلەسوفی خوێناوی" ناوی دەبەن و ئەوان ئەو ناوەیان بەسەردا بڕیوە.

لەگەڵ دەوڵەتی سعودیەش نێوانی باش نییە، جارێكیان لەبارەی ئەو وڵاتەوە بانگەشەی ئەوەی دەستپێكرد كە بۆ لاوازكردنی تیرۆر دەبێت سعودیە لاواز بكرێت و سنوری بۆ دابنرێت.

هەرچەندە لە بەهاری عەرەبیدا لە ئیخوانەكانی میسر و لیبیا نزیك بویەوە، بەڵام بەگشتی بۆچونێكی توندڕەوانەی هەیە لەسەر ئیسلام و بە فیكرێكی شمولی دەزانێت كە دەبێت بە مەدەنی بكرێت و سنوردار بكرێت، و لە كاتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندنی جیهانی ئیسلامی دژ بە كاریكاتێرەكان لەسەر پێغەمبەری ئیسلام برنارد لەگەڵ سەلمان ڕوشدی بەیاننامەیەكیان لەدژی ئەو ناڕەزایەتیانە بڵاوكردەوە وئەوكارەیان بەڕێگری لە ئازادی ئاینی وەسفكرد. تەنانەت لەبارەی حیجابەوە لە یەكێك لە كتێبەكانیدا بە دەق دەڵێت" لەبەركردنی حیجاب لەلایەن ئافرەتانی مسوڵمانەوە، وەك ئەوە وایە ئافرەتەكە بانگەشەی بەرامبەر بكات بۆ تەعدالێكردنی"

لیڤی لە جیهاندا دۆست و دوژمنی زۆری هەیە ، هەندێك بە "دڵەئازاكە"ی ئەوروپا و هەندێكی دیكە وەك باوكی فیتنە سەیری دەكەن. بەڵام ئەگەر ئەم دوو وەسفە زیادە ڕۆیشی تێدابێت ئەوەی كە فاكتە و نكوڵی لێنەكراوە ئەوەیە كە لیڤی لە هەرشوێنێك بوبێت لەو جێگەیە خوێنڕشتن و كاولكاری ڕویداوە. ئایا ئەمە سوتفەبوە و لە نەگبەتی ئەوە یان وەك نەیارەكانی دەڵێن نوێنەری زیۆنیزمە بۆ هەڵگیرساندنی فتیلەی ئاگرەكان.

دەركەوتنی لیڤی لە كوردستان بۆ یەكمجار لە شەڕی داعش بوو كە بە هاوكاری وەزارەتی پێشمەرگە فیلمێكی سینەمایی لەسەر پێشمەرگە دروستكرد

لە كۆتا ڕۆژەكانی بانگەشەی ڕیفراندۆم و لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیشدا جارێكی دیكە برنارد لیڤی دەركەوتەوە، ئەم دەركەوتنەشی وایكرد میدیا جیهانیەكان تیشكی بخەنە سەر و پرسیاری هۆكاری بونی ئەم كارەكتەرە ئاڵۆزە بكەن لە كوردستان.

ئێستا برنارد لیڤی لە كوردستانە و لە تەنیشتی بارزانیەوە دادەنیشێت. ئایا بونی ئەم پیاوە لەپاڵ سیاسی و جەنراڵە خانەنشینكراوەكانی دیكەی وەك كۆشنەر و گارنە و پیتەر گالبرێس كە بەدەوری بارزانیەوەن چ ڕۆڵێك دەگێڕێت.

ئایا بونی برنارد نیشانەی وەیشومەی شەڕە یان لێرەیە بۆ ئاشتی و ئازادی؟

لە هەمان كاتدا بونی برنارد كێشە بۆ دۆستەكانی ئێستای ریفراندۆمیش دروست دەكات چونكە هەردوو وڵاتی روسیا و سعودییە خۆشحاڵ نین بە بونی ئەم میوانە لە كۆشكەكەی بارزانیدا.

*فەیلەسوفی خوێناوی: ناونیشانێكە كە كەناڵی rt ی روسى بۆ برنارد لیڤی بەكاریهێناوە لە بەرواری 13/1/2016

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری