كێ بانگی دواخستنی هەڵبژاردن دەدات ؟

سەعدی ئەحمەد پیرە: هەموو لایەنەكان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژادنن

كێ بانگی دواخستنی هەڵبژاردن دەدات ؟

1475 خوێندراوەتەوە

 لە هەموو شوێنێك باسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت، ئەم پرسە بووەتە بابەتی مشتومر لای هەموو حزبە سیاسییەكان بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە كەچی هیچ لایەك تائێستا ناوێرێت بە ئاشكرا داوا یان پشتیوانی خۆی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بكات.

 
ئەوەی هەمووان چاوەرێی دەكەن ئەوەیە، لایەنێك پێ بەجەرگی خۆیدا بنێت و بە راشكاوی داوای دواخستنی هەڵبژاردن بكات، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش دەڵێت:"هیچ لایەنێك دژی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن نییە، بەڵام ناوێرن بیڵێن و ئەگەر هەڵبژاردنیش نەكرێت دونیا كاول نابێت."

 

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی

 

 

،،

هەرچەندە یەكێتی ئامادەكاریی كردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەڵام ئەگەر لایەنەكان داوای ئەوە بكەن هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا نەكرێت ئەوا یەكێتی دژی ئەو داوایە ناوەستێتەوە و پێی باش دەبێت كە دوابخرێت.

 

 

" نابێت حزبەكان چاوەروانی حكومەت بكەن، دوای بخات"

 
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە دیپلۆماتیك مەگەزینی وت:" هەڵبژاردن بریاری لێدراوە و كاتێكی بۆ دانراوە كە رۆژی 30ی ئەیلولە، بەڵام ئەگەر حزبەكان بە یەكێتیشەوە پێیان باش بێت هەڵبژاردن لە ئێستادا نەكرێت ئەوا نابێت چاوەروانی حكومەت بكەن و وابزانن حكومەت دوای دەخات بەڵكو دەبێت كۆببنەوە و رێكبكەون تا هەڵبژاردن دوا بخەن".

 
سەعدی ئەحمەد دەشڵێت:" هەرچەندە یەكێتی ئامادەكاریی كردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەڵام ئەگەر لایەنەكان داوای ئەوە بكەن هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا نەكرێت ئەوا یەكێتی دژی ئەو داوایە ناوەستێتەوە و پێی باش دەبێت كە دوابخرێت".

 

"هیچ لایەنێك دژی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن نییە"


سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەكان لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەوەی بە دیپلۆماتیك مەگەزین راگەیاند، نیگەرانە لەوەی كە هەموو لایەنەكان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندان بەڵام كەس بە راشكاوی ئەمە بۆ رایگشتی ئاشكرا ناكات هەر بۆیە دەڵێت:" ئەوەندەی من ئاگادار بم تائێستا هیچ لایەنێك بە فەرمی و نافەرمی دژی ئەوە نەوەستاوەتەوە كە هەڵبژاردن دوا بكەوێت".

 
سەبارەت بە رای حزبەكەی باس لەوە دەكات یەكێتی خۆی ئامادەكردووە بۆ هەڵبژاردن و لیستی كاندیدەكانی ناردووە بۆ كۆمسیۆن و ئەندامەكانیشی ئامادەن، بەڵام ئەوەش دەڵێت كە " ئەگەر یەكێتی پێی باشە هەڵبژاردن دوا بكەوێت با نەیشارێتەوە و ئاشكرا بیڵێت".

 

،،

هەركەسێك بەرژەوەندی ئابوریی و سیاسیی لەوەدایە كە نەكرێت با ئاشكرای بكات و هەركەسێكیش بەرژەوەندی لەوەدایە بكرێت با بەهەمان شێوە بەهەمووانی بڵێت و نەیشارێتەوە.

 

"لەگەڵ پارتی باسمان لە دواخستن كردووە"


وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی وتی:" من نازانم پارتی چی دەڵێت بەڵام ئەوە قسەیەكی راست نییە هەركەس بڵێت هەڵبژاردن دوا بخرێت واتە لاوازە و هەركەسیش بڵێت دوا نەكەوێت واتە بەهێزە، ئەمە شتێكی عەشایەری و دواكەوتووییە، لە كۆمەڵگادا پێی دەوترێت بە ڕوودا كەوتووە و بووە بەقسەی خۆیەوە".

 
دەشڵێت:"هەركەسێك بەرژەوەندی ئابوریی و سیاسیی لەوەدایە كە نەكرێت با ئاشكرای بكات و هەركەسێكیش بەرژەوەندی لەوەدایە بكرێت با بەهەمان شێوە بەهەمووانی بڵێت و نەیشارێتەوە".
سەعدی پیرە ئەوەش ناشارێتەوە كە لە رابردوودا و لە كۆبوونەوەی هەفتانەشیان لەگەڵ پارتی باسیان لە هەڵبژاردن و دواخستنی كردووە.

 

 

 

"بەدیلی هەڵبژاردن هەر هەڵبژاردنە"


سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی بە دیپلۆماتیك مەگەزین وت:" نابێت لە هەموو شتێكدا خۆمان بە ئەوروپا بەراورد بكەین و لاسایی ئەوان بكەینەوە شتێكی خراپە، بۆیە ئاساییە چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن نەكرێت و دوا بخرێت".

 

،،

دەكرێت لەرێگەی زیادكردنی چەند وەزارەتێك و رێككەوتن لە پەرلەمان لایەنەكان رێكبكەون و حكومەت بەرێوەبەرن تا هەڵبژاردن دەكرێت.

 

 
لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە بەدیلی هەڵبژاردن هەر هەڵبژاردنە ئەگەر شەش مانگی دیكە یاخو ساڵێكی دیكەش بێت، بەڵام نایشارێتەوە دەبێت تا هەڵبژاردنی دواخراو دەكرێت لایەنەكان لەسەر حكومەت و پەرلەمان رێك بكەون.

 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی دیپلۆماتیك مەگەزین كە پێشنیار كراوە گۆران بگەرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ئەگەری ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن سەعدی ئەحمەد پیرە وتی:" من ئاگاداری پێشنیارێكی لەم بابەتە نیم، بەڵام دەكرێت لەرێگەی زیادكردنی چەند وەزارەتێك و رێككەوتن لە پەرلەمان لایەنەكان رێكبكەون و حكومەت بەرێوەبەرن تا هەڵبژاردن دەكرێت".

 

 
"ئەگەر لایەنە نارازییەكان نەیەن ئێمە دەچین"


سەبارەت بە ئەنجامدانی دیالۆگێكی نیشتمان لە نێوان لایەنە نارازییەكان لە لایەك و یەكێتی و پارتی لەلایەكی دیكەوە، سەعدی ئەحمەد پیرە كۆتا كۆبوونەوەی نارازییەكان لە گردی زەرگەتە و پێشنیاركردنی كۆبوونەوەیەكی فراوان لەنێوان هەموواندا بەشتێكی باش دەزانێت و دەست خۆشیان لێ دەكات و دەڵێت:" ئەگەر ئەوانیش نەیەن ئاساییە ئێمە (یەكێتی) بچین بۆ لایان و وتوێژ بكەین بەتایبەت لەبارەی رۆیشتمان بۆ بەغداد."


خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان نزیكەی ساڵێك بەسەر وادەی یاسایی ئەنجامدانی تێپەریووە، كۆمسیۆنیش رۆژی 30ی ئەیلولی داهاتووی بۆ ئەو هەڵبژاردنە دیاری كردووە و ئەمرۆش ناوی كاندیدی لایەنەكانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان